Aug 25, 2006

دیپلۆماسیێه‌کی خۆڕایی

تۆپ باران کردنی سنووره‌ ده‌سکرده‌کانی کوردستان له‌ لایان وڵاتانی دراوسێ؛ دیپلۆماسیێه‌کی خۆڕایی و هه‌رزانی بۆ کوردی لێ که‌وته‌وه‌. به‌م تۆپ باران کردنه‌ پارله‌مانی کوردستان ده‌چێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌چێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.. هه‌ر فیشه‌کێکی تورکی که‌ روو له‌ کوردستان ده‌کات یه‌ک راست به‌ ناخی ئاواته‌کانی کوردیه‌وه‌ ده‌نێ که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ خوێنی بۆ ده‌ڕێژێ‌.. یه‌عنی به‌م گه‌له‌ کۆمه‌کیه‌ که‌ له‌ کوردانی باشوور ده‌کرێت بۆ زه‌خت خستنه‌ سه‌ر ئۆپۆزسیونی کوردی په‌یمانی 1937ی سه‌عد ئاباد نۆێ ده‌کاته‌وه‌..
سه‌دان ساڵه‌ ئه‌زموونی کێشانی دیوار له‌ بین نه‌ته‌وه‌یه‌ک تاقی کراوه‌ته‌وه‌ وه‌ک دیواره‌ به‌ناو بانگه‌که‌ی به‌رلین. که‌ دوو دونیای رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوایی له‌ یه‌کتر جیا ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م سنوور کێشانه‌ که‌ به‌ سه‌دان هه‌زار سه‌رباز و پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر چاوه‌دێری ده‌کرا ... له‌ به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی پۆڵایینی جه‌ماوه‌ر ملی که‌چ کرد...و دیواری به‌رلین رووخا و رۆژهه‌لات و رۆژئاوا ئاشتیان بویه‌وه‌...
به‌ڵام ئه‌وا له‌ سه‌ده‌ی 21دا وڵاتانی دۆست و براده‌ری سرکردایه‌تیه‌ سیاسیه‌کان خه‌ریکن یارمه‌تی دوژمنی جه‌ماوه‌ری کوردی ده‌ده‌ن، بۆ کێشانی دیوارێک له‌ بینی کورده‌کاندا .. 

Aug 19, 2006

ته‌ڵاقه‌که‌ی شرێک

ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ وبلاگی "قوڵته‌"دا بڵاو کردبویه‌وه‌... به‌ڵام نازانم قوڵته‌ی ئازیز تووشی چ کێشه‌یه‌ک هاتوه‌ !!!!! وا دیاره‌ هه‌ر نه‌مابێ ؟؟؟؟هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌م لێرا داناوه‌ حه‌یفم لێهات بابه‌ته‌که‌ لێرا درێژه‌ پێ نه‌ده‌م ...‌


 "شرێک " ته‌ڵاقی که‌وتوه‌!!!!!
ئه‌مڕۆ "شرێک " گه‌ڕایه‌وه‌  بۆ ماڵ به "ڤیونا"ی ووت :
تۆ ده‌بێ بچیته‌وه‌ ماڵی بابت.
ڤیونا: ئاخر بۆ؟
شرێک: بۆی ناوێ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ل که‌ره‌که‌ گره‌ومان کرد که‌ من ده‌توانم ئه‌و درخته‌ له‌ بیخ هه‌ڵ که‌نم، که‌ر وتی ناتووانی .
من گووتم سێ ته‌لاقه‌م که‌وتبێ ده‌توانم .
‌ که‌ چووینه‌ نزیکیه‌؛ زانیم داره‌که چه‌نده‌ ئه‌ستووره‌، و من پێی ناوێرم ناچار له‌ به‌ر ته‌ڵاقه‌که‌م بازێک زۆرم لێ کرد بازێک خستم به‌م بار و به‌و بارا به‌ڵام هه‌ر بۆم نه‌کرا.

ڤیونا به‌ دوو ده‌ست کێشای به‌ سه‌ر خۆی دا و وتی:
 ده‌زانی چ قوڕێکت بۆ گرتینه‌وه!!‌ من وام بیستوه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ڵاقی پیاوێک بکه‌وێت ده‌بێ ژنه‌که‌ی ماره‌ به‌ جاش بکرێته‌وه‌ ........ یه‌عنی ئێستا من ده‌بێ ماره‌ بکرێم بۆ پیاوێکی تر و شه‌وێک له‌ لای بخه‌وم ؛ و هتد...
_) یه‌عنی ده‌بێ ئه‌و کاره‌شت له‌ گه‌ڵ بکات .
_)ئه‌دی....
_) ده‌ی با به‌ که‌س نه‌ڵێین و ئێمه‌ هه‌ر وا خه‌ریکی‌ ژیانی خۆمان بین. خۆ که‌س نازانێ.......
_) نه‌ .. نه‌ نه‌ ..نه‌ نابێ قه‌د شتی وا نه‌ڵێیت. ئاخر ئه‌مانه‌ مه‌سائلی نامووسین..
_) ده‌ی باشه‌ با بڵێین به خاتوو نامووس بۆمان چاره‌ سه‌ر ده‌کات تۆ ناڵێیت ئه‌مانه‌ مه‌سائلی نامووسین..
_)به ئه‌و ناکرێ ئه‌و خۆیی نامووسی پیاوێکی تره‌ .. پیاوه‌که‌ی به ئه‌و سووێند ده‌خوات....ده‌بێ چاره‌سه‌رێکی بۆ بکه‌ین و چاکی بکه‌ینه‌وه‌...
_) ده‌ی باشه‌ بچین بۆ لای دوکتۆر قوڵته‌ ....
_) به‌ ئه‌ویش ناکرێ خۆ ته‌ڵاق که‌وتن نه‌خۆشی نیه‌ ..ئه‌بێ بچین بۆ لای مه‌لای مه‌زبووره‌.. ده‌بێ من ماره‌ بکاته‌وه‌ بۆ که‌سێکی تر خوا بکات چارمین نه‌بێ ئه‌گینا ته‌ڵاقم ناداته‌وه‌ ..
_) یه‌عنی ده‌شتوانێ ته‌ڵاقیشت نه‌دات و بۆ هه‌میشه‌ له‌ لای ئه‌و بیت ...
_) ئه‌دی ... به‌ڵام من ده‌ڵێم با که‌س نه‌زانێ رۆژێک بڵێین به "حاجی له‌ق له‌ق " یان "ده‌روێش ئه‌وڕه‌حمان " که‌ ئه‌م کار‌مانه‌ بۆ بکه‌ن.... ئاخر ئه‌مان ئه‌وه‌نده‌ پیاوه‌تییان لێ ناییه‌ت، که‌ بتوانن من لای خۆیان راگرن .. هه‌ر بۆیه‌ سبه‌ی پاره‌یه‌کیشیان پێ ده‌ده‌ین و ....

له‌م کاته‌دا شرێک سوور بوویه‌وه‌‌ و ره‌گی غیره‌تی جووڵا و قیڕاندی!!!! ده‌بێ پاره‌شیان بده‌ینێ ... لاوانه‌یشه‌ دوایی کاره‌که‌یان ده‌بێ ئه‌م لا و ئه‌و لایان ماچ بکه‌م و ماندوو نه‌بوونیان لێ بکه‌م ....
من که‌ قه‌د رازی نابم شتی وا به ده‌ستی خۆم به سه‌ر ژنم دا بهێننن ....تۆش ئه‌گه‌ر پێت ناخۆشه‌ دانیشی بڕۆره‌وه‌ بۆ ماڵی باوکت تا خۆم چاره‌ سه‌ری بکه‌م  .


جارێ ڤیونا تۆراوه‌ بزانین شرێک چ چاره‌یه‌کی بۆ په‌یدا ده‌کات ... چاوه‌ڕوان بن.

Aug 8, 2006

بزاڤی وبلاگ نووسین

له‌وانه‌یه‌ تا ئیستا هاوڕێیانی "په‌یڤ" به مێشکیاندا هاتبێت که‌ بۆچی کورده‌گیان ده‌ستی له‌ نووسین و به‌ڕۆژ کردنی بلۆگه‌که‌ی به‌رداوه‌؟؟؟؟!!!!
ئه‌وه‌ی راستی بێت؛ هه‌ر جاره‌ که‌ دێمه‌ پشت کیبورد و کامپیوتره‌که‌م و بمهه‌وێت بنووسم؛ ناتوانم، بۆم ناییه‌ت، نه‌ک ئه‌وه‌ی چۆڕاییم تیا نه‌مابێ و دوا وشه‌م هه‌ڵڕژانبێ.. نه‌!!
ئه‌وه‌ی راستی بێت له‌م ماوه‌ی پێشوه‌دا ئه‌وه‌نده‌ زه‌خت و دڵه‌ڕاوکی له‌ سه‌رمان زۆر بوو ،، که‌ نه‌ ته‌نیا من به‌ڵکوو زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌یانناسم، ئه‌وانیش وه‌ک منیان لێ هاتبوو.. ئه‌ویش به‌ بۆنه‌ی ده‌رچوونی بڕیاڕی له‌ ناکاوی سێداره‌ بۆ عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور و هیوا بوتیمار .. هه‌ر رۆژێک تێپه‌ڕ ده‌بوو بڕیاری ده‌زگیرکردنی چالاکڤانانی مه‌دنی و رۆشن بیران له‌ زیاد بوون دا بوو.. هه‌واڵ ده‌هات هیوا نادری گیراوه‌ بهزاد کوردستانی ده‌س به‌ سه‌ر کراوه‌، دانیال ئیمانی گیراوه‌، ئازاد خوانچه‌زه‌ڕیان راو ناوه‌.... و ده‌یان که‌سی دیکه‌ که‌ به‌ نهێنی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کراوه‌.. کۆڵبه‌ره‌کان ده‌کوژرێن؟؟؟ ته‌قه‌ له‌ ماشینه‌کان ده‌کرێ ؟؟!! ئیتر له‌ شارێکی بچووکی وه‌ک مه‌ریوان دا گرتن و کوشتن و لێدان بوه‌ته‌ شتێکی ئاسایی......
ئه‌مه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌

له‌ لایه‌کی تریشيوه‌ کاتێ ده‌مهه‌ویست بنووسم له‌ گه‌ل خۆم ده‌مگووت که‌ نه‌کا ئه‌م نووسراوه‌یه‌ که‌ ده‌ینووسم هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ پێی ده‌ڵێن "تشویش اذهان عمومی" یا هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ پێی ده‌ڵێن "تبلیغ علیه‌ امنیت ملی" 

جیا له‌ ده‌سگیر کردن و بڕیاری سێداره‌ ده‌رکردن... ئه‌وه‌ته‌ ماوه‌یه‌که‌ تۆپ بارانکردنی ناوچه‌ سنووریه‌کان ده‌ستی پێ کردوه‌ .. به‌ بیانووی مانۆڕه‌وه‌ دارستانه‌کان ده‌سوتێنرێن!!! هه‌ر وه‌ها ده‌نگۆیی کێشانی دیوار هه‌یه‌ له‌ سه‌ر سنووره‌کان.. 

له‌ لایه‌کی ئه‌و لا تریشه‌وه‌... که‌م کردنی خێرایی ئه‌نترنێت و به‌ربه‌ست لێدانی په‌یتا په‌یتای مه‌ڵپه‌ڕه‌کان و له‌ ئاکامدا دانی پاره‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌نترنێت و تلیفون.. به‌ تێکڕایی ده‌ستیان ناوه‌ته‌ ناقی من و په‌یڤی ئازیز.... به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی که‌ ته‌واوی ئه‌م کۆست و ته‌گه‌رانه‌ ناتوانن من له‌ بزاڤی وبلاگ نووسین بگێڕنه‌وه‌....

Jul 24, 2006

سانسۆڕ و خۆ سانسۆڕی خوشکی چکۆله ی ئینکیزاسیونه


سانسۆڕ چیه‌؟

سانسۆڕ به‌ کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێک یا خۆ ڕێکخراوێکی ته‌ئسیردانه‌ر، یا خۆ سیسته‌مێکی یاسایی ده‌کوترێت که‌ ناوه‌رۆکی بڵاوکراوه‌ێک کۆنتڕۆڵ بکه‌ن، یا گوتارێکی نابه‌دڵ ونه‌خوازراو بخه‌نه‌ ژێر فشار و یا ئه‌وه‌ی که‌ هه‌مو حه‌ول و ته‌قه‌لاێک بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌س نوسراوه‌ یا بیروبڕوا یا گوتارێکی خوازراو بڵاو بکریته‌وه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ سانسۆریان ده‌خرێنه‌ سه‌ر زۆرتر هه‌واله‌کان، بۆچونه‌ هونه‌ریه‌کان و بیر و بڕوا سیاسی و ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیه‌‌کان و هتد له‌ خۆ ده‌گرن.

له‌ هێندێک له‌ وڵاته‌ دێمۆکڕات و ئازاده‌کانی جیهان به‌ تایبه‌ت ئوروپایه‌کان سانسۆر قه‌ده‌غه‌یه‌ و وه‌ک به‌ندێکی یاسایی له‌ ناو یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵاته‌کانیان داندراوه‌ و حکومه‌تی یاسامه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ پشتیوانی و گاڕانتی و زه‌مانه‌تی نه‌بونی سانسۆڕ له‌ وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن. بۆ نمونه‌ له‌ وڵاتی ئاڵمان مافی ده‌ربڕینی بیر و بڕوا و هاوکات قه‌ده‌غه‌ بونی سانسۆڕ به‌ پێی ئاڕتیکێڵی 5 له‌ به‌ندی 1ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌و وڵاته زه‌مانه‌ت کراوه‌ و ئه‌و به‌نده‌ له‌ کتێبی یاسای ئاڵماندا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ هاتوه‌ و ده‌ڵێ:

" هه‌مو که‌س ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ که‌، بیر و بڕوای خۆی چ به‌ گوتار چ به‌ نوسراوه و چ به‌ وێنه‌ ده‌رببڕێت و له‌ ناو کۆمه‌ڵگاشدا بڵاوی بکاته‌وه‌ و له‌ ڕێگای هه‌مو سه‌رچاوه‌ێکی باوه‌ڕ پێکراو به‌ بێ هیچ به‌رگریلیکردنێک مه‌علومات بۆ خۆی وه‌رگڕێت و که‌ڵکیان لێ ببینێت. ئازادی بڵاوکراوه و بڵاوکه‌ره‌وه‌‌ (مه‌تبوعات یا پرێسه‌) و ئازادی هه‌واڵنێری له‌ ڕێگای میدیاکان و فیلمه‌وه‌ به‌ هه‌مو تاکێک ده‌درێت. هیج جۆره‌ سانسۆڕێک له‌م بوارانه‌دا ڕێگای پێنادرێت."    له‌ وڵاتێکی ئازاد یا خۆ نیوه‌ ئازاد هیچ نه‌بیت ڕێگا به‌ پێش سانسۆر نادرێت، (نمونه‌ی پێش سانسۆڕ‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ئێران پێی ده‌ڵێن ئیڕشادی ئیسلامی یا خۆ گوزینێش،) واته‌ هیچکه‌س له‌ خۆڕا و له‌ پێش ئه‌وه‌ی که‌ شتێک بڵاو بکاته‌وه‌ یا قسه‌ێک بکات یا فیلمێک و کاریکاتۆڕێک بلاو بکاته‌وه‌، به‌رگیری لی ناکه‌ن، به‌ڵام هه‌مو که‌س ده‌بیت له‌ به‌رابه‌ر یاسا دا به‌رپرسیار بێت و ئه‌و شته‌ی که‌ دژی یاسا بێت واته‌‌ ئیهانه‌ت به‌ که‌سێک یا کۆمه‌ڵێک یا دینێک و هتد بکات، بۆخۆی بڵاوی نه‌کاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دوای بڵاو بونه‌وه‌ یاساێکیان هه‌یه‌ به‌ ناوی دوای سانسۆر و له‌م کاته‌دایه‌ که‌ یه‌خه‌ی خاوه‌ن بڵاو کراوه‌که‌ ده‌گرن و لێپڕسینه‌وه‌ی لێ ده‌که‌ن که‌ بۆچی به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا جوڵاوه‌ته‌وه‌ و بابه‌تی دژی یاسایی بڵاو کردۆته‌وه‌ و له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌ پیی ڕاده‌ی خراپی ئه‌و بابه‌ته‌ و ڕاده‌ و ڕێژه‌ی بڵاو بونه‌وه‌ی و به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ دادگاێک سزای ده‌ده‌ن. (ڕه‌خنه‌ به‌ هیچ شێوه‌ێک لێپڕسینه‌وه‌ی نیه‌، مه‌گه‌ر تۆمه‌تی ناڕاست بێت یا خۆ له‌ عورفی نوسین چوبێته‌ ده‌ر). دیاره‌ زۆر که‌م پێش دێت که‌ که‌سێک به‌ یاسا بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئازادی له‌م وڵاتانه‌ زۆر به‌ربڵاوه‌ و شعوری گشتیش زۆر به‌رزه‌ و خه‌ڵک یا نوسه‌ر یا کاریکاتۆریست یا هه‌ر که‌سێکیتر ئه‌وه‌نده‌ ئازادیان پێدراوه‌ که‌ تا مه‌رزی سوری یاسا ده‌چنه‌ پێش، به‌ڵام که‌متر له‌ مه‌رزه‌ سوره‌که‌ ده‌په‌ڕنه‌وه‌. جار و بار له‌ سه‌ر نه‌مانی خه‌ته‌ سوره‌که‌ش قسه‌ زۆر ده‌کرێت و کێشه‌ دروست ده‌بیت که‌ له‌م حاله‌ته‌دا دادگای باڵا یا حکومه‌ت ته‌داخول ده‌که‌ن. بۆ نمونه‌‌ پارێکه‌ له‌ دانمارک و دواتر له‌ چه‌ند وڵاتی ئوروپاییتر له‌وانه‌ فه‌رانسا و بلژیک و ئاڵمان و چه‌ند وڵاتی تریش به‌ هۆی کێبه‌رکێی کاریکاتۆری که‌ له‌ سه‌ر موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانه‌کان به‌ڕێوه‌ چو و ناڕه‌زایه‌تی زۆربه‌ی حکومه‌ت و گروپه‌‌ ئیسلامیه‌کانی به‌دواوه‌ بو، یاسا هیچ لیپرسینه‌وه‌ێکی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی ئه‌م کێبه‌رکێیه‌، یا خۆ کاریکاتۆریسته‌کان یا خۆ ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی که‌ کاریکاتۆڕه‌کانیان بڵاویان کردبوه نه‌کرد و به‌ ناوی ئازادی ڕا ده‌ر بڕین و زه‌مانه‌تی قه‌ده‌غه‌بونی سانسۆڕ، له‌ گوڵ کاڵتریان پی نه‌وتن. هێندێک که‌س پێیان وابو که‌ لێپڕسراوه‌کانی ئه‌و کاره‌ ده‌بێت به‌ یاسا بسپێردرێن چونکو له‌ خه‌تی سور لایانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئیهانه‌تیان به‌ یه‌ک میلیارد موسوڵمان کردوه‌، به‌ڵام که‌سانیکیتریش وتیان که‌ کاریکاتۆریست له‌ وڵاتی خۆی شۆخی به‌ گه‌وره‌ترین پیاو یا ژنی حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی یا خۆ پاپی کلیسا ده‌کات و یاسا یه‌خه‌ی ناگرێت، ده‌با موسوڵمانه‌کانیش فێر ببن ڕێز له‌ ئازادی بیر و ڕا ده‌ربڕین بگرن. به‌ جۆرێک که‌ له‌ ئاڵمان ئه‌نگێلا مێڕکێل سه‌دری ئه‌عزه‌م ده‌خاڵه‌تی کرد و به‌ توندی پشتیوانی له‌ بڵاو بونه‌وه‌ی کاریکاتۆره‌کان و ده‌ربڕینی ئازادی بیر و بڕوا و قه‌ڵم کرد و دژی سانسۆڕ له‌ وڵاته‌که‌ی ڕاوه‌ستا.  ئینکیزاسیۆن چیه‌ و له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌؟ئینکیزاسیۆن وشه‌ێکی لاتینیه‌ که‌ به‌ مانای پشکنین دێت و من باس‌ له‌ مانا عامیه‌که‌ی واته‌ پشکنینی بیر و باوه‌ڕ ده‌که‌م. ئینکیزاسیۆن به‌ فۆڕمی دادگایکردنه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ده‌کوترێت که به‌ پیی شه‌ڕعی مه‌سیحی کاتولیکی، مرۆڤ دادگایی و تاوانبار ده‌کران و به‌ خراپترین و ناشیرینترین شێوه‌ مرۆڤه‌کانیان دوای حوکمی دادگای کاتۆلیکی ده‌کوشت. ئه‌وان هه‌روه‌ها مه‌سیحیه‌ ڕێفۆڕمخوازه‌کان و هه‌روه‌ها بیرجیاوازان و پیاوه‌ زاناکان بۆ وێنه‌ گالیله‌یان حوکم ده‌دان و داوایان لێده‌کردن که‌ تۆبه‌ بکه‌ن یا خۆ له‌ بیر و بڕوا و وته‌کانیان پاشگه‌ست ببنه‌وه‌. هه‌ر که‌س تۆبه‌ی کردبایه‌ نه‌یان ده‌کوشت، به‌ڵکو سزای که‌متر له‌ مردنیان ده‌دایه‌! ئه‌گه‌ر چی ئه‌م دادگایانه‌ له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له‌ ئوروپا سه‌ریان هه‌ڵدا و به‌ دوا ئه‌ودا ڕینێسانس (ڕێنێسانس وشه‌ێکی فه‌ڕانسه‌ویه‌ و به‌ مانای له‌ دایک بونه‌وه‌ی نوێ یا دوباره‌ له‌دایکبونه‌وه‌ دێت) و ده‌وره‌ی ڕۆشنگه‌ری و مۆدێڕنیزم سه‌ری هه‌ڵدا و ئوروپا ئه‌مڕۆکه‌ به‌م شێوه‌ی ئێستا ده‌ژی که‌ سانسۆر به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ دادگایانه‌ هه‌ر ئێستا له ئێران، عه‌ره‌بستانی سعودی و وڵاته‌ موسوڵمانه‌کانیتر به‌رده‌وامن و له‌ ژێر ناوی ئایین کۆلکه‌ مه‌لاێک حوکمی شه‌ڕعی بۆ به‌شه‌ری هاونه‌وعی خۆی به‌س له‌ به‌ر خاتری ده‌ربڕینی بیر و بڕوا، ده‌بڕێته‌وه و له‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و بڕینی قامکی ده‌سته‌وه‌ تا ته‌واوی ده‌ست و بڕینی سه‌ر و شه‌لاق و سه‌نگسار و هه‌ڵواسین واته‌ ئێعدام به‌ ته‌نافی دار‌ مه‌حکومیان ده‌که‌ن‌! بۆ مه‌علوماتی زۆرتر تکایه‌ سه‌ردانیکی ئێران یا خۆ عه‌ره‌بستان بکه‌ن و بیر و بڕواتان ده‌رببڕن!!یۆهان نێسترۆی، یاریکه‌ری به‌ناوبانگی شانۆ له‌ شاری وین پێته‌ختی‌ ئوتریش که‌ له‌ ساڵه‌کانی 1801-1862 ژیاوه‌ وتویه‌تی:" سانسۆڕ لاوترینی ئه‌و دو خوشکه‌ خراپه‌کاره‌یه‌، خوشکه‌ به‌ ته‌مه‌نترینه‌که ناوی ئینکیزاسیۆنه‌" واته‌ دو خوشکی خراپه‌کار هه‌ن، که‌ گه‌وره‌که‌یان ئینکیزاسیون یانی گه‌ڕانی بیر و باوه‌ڕی مرۆڤ و خوشکه‌ چکۆله‌که‌یان سانسۆڕه‌، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ێنێت که‌ سانسۆڕ فۆرمێکی خاوتری ئینکیزاسیونه‌.

سانسۆڕ له‌ ناو کورد دا و چه‌ند ورده‌ گله‌یێکسانسۆڕ له‌ ناو ئێمه‌دا کورد وته‌نی له‌ خوا به‌زیا بێت زۆر باشه‌! ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ که‌ که‌م و کوری تێدا نیه‌! له‌ لایکه‌وه‌ که‌س ناوێرێت بابه‌تیک بڵاو بکاته‌وه‌، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بیت ڕه‌خنه‌ له‌ که‌س نه‌گریت و دژی که‌س نه‌نوسیت، چونکو بێ یه‌ک و دو به دوژمنایه‌تی چاوی لێده‌کریت و سانسۆڕ ده‌کرێت، دوهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ به‌س ده‌بێت تاریف و ته‌مجید له‌ به‌رانبه‌ره‌که‌ی بکرێت و به‌ شاخ و باڵیاندا هه‌ڵبدرێت، جا ئه‌مه‌ بیشک باشه‌ و بڵاویش ده‌کریته‌وه‌!
له‌ لایکی تره‌وه نوسه‌ر یا خۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ له‌سه‌ر بابه‌تێک شتێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ له‌ گه‌ل ڕه‌خنه‌ی توندی خۆشیدا که‌ ده‌یگرێت، با ئیهانه‌ت و ته‌وهین به‌ به‌رانبه‌ره‌که‌ی خۆی نه‌کات، ڕه‌خنه‌ ته‌وهین و شتی نا ڕاست نیه‌ به‌ڵکو ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی بیر و بۆچون یا خۆ کرده‌وه‌ێکی به‌رانبه‌ره‌که‌ته‌، جا ئه‌و به‌رانبه‌ره‌ حیزبێک بێت یا خۆ حکومه‌تیک یا کارێکی هونه‌ری یا سیاسی یا خۆ کلیسا و مزگه‌وت و دێڕ و ئه‌مانه‌ بێت.جاری واشه‌ مرۆڤ تاریفی شتێک یا خه‌تیک ده‌کات، به‌ڵام ئه‌م تاریفه‌ ئه‌گه‌ر باشیش بێت، هێندێک که‌س ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ دڵیان نیه‌ و له‌ ئاکامدا ده‌سبه‌جی سانسۆڕی ده‌که‌ن‌ و بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر سانسۆڕچی ماڵپه‌ڕێکی ئینتێڕنێتی هه‌بێت یا که‌ناڵێکی تلویزیۆنی و یا ڕادیو، له‌وی بڵاوی ناکاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شته‌که‌ی پی مه‌نتقیش بێت باسی ناکات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ته‌که‌ی خۆی ده‌چێته‌ ژیر پڕسیار، که‌ ئه‌مه‌ به‌س دوگماتیزم ده‌گه‌ینێت و نیشان ده‌دات که ئه‌و خه‌ته‌ی ئه‌و ئه‌مڕۆیی نیه‌ و پێویستی به‌ ئاڵ و گۆڕه‌‌. به‌ بڕوای من هه‌مو شتێک ئال و گۆڕی به‌سه‌ردا دێت و ده‌بێت دایمه‌ن باوه‌ش به‌ره‌و ئاڵ و گۆڕ ئاوه‌ڵه‌ بێت. ئایینی ئیسلامی توندڕه‌و و یه‌هودی توندڕه‌و هیچ ئاڵو گۆڕێکیان له‌ گه‌ڵ چونه‌پیشه‌وه‌ی مروڤ به‌ خۆیاندا پێک نه‌هیناوه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆکه‌ کێشه‌یان هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ شته‌ نوێکاندا. هاوکات مارکسیسته‌کانیش که‌ من پێم وایه‌ ده‌بیت هه‌ڵگری نویترین بیر و باوه‌ڕه‌کان و ئینسانیترین باوه‌ڕه‌کان بن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ترسی به‌رچه‌سپ خواردن هیج ئاڵ و گۆڕێکیان نه‌کردوه‌، له‌ ڕه‌وتی ئاڵ و گۆڕه‌کان وه‌دوا که‌وتون. ئه‌وه‌تا ئه‌مرۆکه‌ له‌ نه‌بونی چه‌پدا سه‌رمایه‌داری و پارلمانتاریزمی کاپیتالیستی خۆی وه‌ک ئالتیرناتیڤێکی به‌ هێز ده‌رخستوه‌ و بته‌وێ و نه‌ته‌وێت کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی له‌ ده‌وری خۆی کۆ کردۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌تا به‌رینترین ئازادی و دیمۆکڕاسی سه‌رمایه‌داریان پێک هێناوه‌ و پشتیوانی له‌ قه‌ده‌غه‌ بونی سانسۆر به‌ هه‌ر شکڵێک ده‌که‌ن. هاوکات چه‌وساندنه‌وه‌ی مۆدێڕن و کۆلۆنیالیزه‌ کردن و دابه‌ش کردنی جیهانیش هه‌ر به‌رده‌وامه و چه‌پ هێنده‌ بێ هێزه‌ ده‌نگی به‌ هیچ کوی ناگات، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئاڵ و گۆره‌کان نه‌هاتونه‌ته‌ پێش و ئێستاش حازر نین ئاڵ و گۆر بکه‌ن. بۆ نمونه‌ ئیمه‌ له‌ کوردستان گه‌وره‌ترین کێشه‌مان نه‌بونی سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه‌‌، بۆ حه‌ڵی ئه‌م کێشه‌، هیندێک له‌ حیزبه‌کان به‌ ته‌مان کورد به‌ خواستی حیزبه‌کانی خۆیان به‌رنه‌ ناو ئالیانسێکی نه‌خوازراوه‌وه‌ به‌ ناوی فێدڕالیزمی ئێڕانی! کێشه‌که‌ به‌مه‌ نه‌ ته‌نیا حه‌ل نابێت، به‌ڵکو عێڕاقیزه‌ی ده‌کات، بۆیه‌ هه‌لی ڕه‌خساو و هه‌ڵکه‌وتو بۆ کورد ده‌بیت به‌ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی کۆتایی پێ بێت و ئاپاڕتایدی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕزگاری ده‌بێت‌! ئالێره‌دایه‌ که‌ حیزبی به‌ که‌ڵک بۆ گه‌لی کورد ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵده‌کات و خه‌ڵک شوێن ئه‌م شیعاره‌ ستڕاتیژیه‌ گرنگه‌ ده‌که‌ون، نه‌ک مانه‌وه‌ به‌ زۆر له‌ چوار چێوه‌ی ئێڕاندا.   ‌  با بێمه‌وه‌ سه‌ر سانسۆڕ: سایتێکی سه‌ر به‌ حیزبیکی کوردی ڕاست، باسێکی کرێکاری و مارکسیستی بڵاو ناکاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی خۆشی به‌ شیعار پشتیوانی له‌ مافی ئه‌و کرێکاره‌ هه‌ژاره‌ ده‌کات یا خۆ ده‌زانیت که‌ چه‌وساندنه‌وه کاریکی دژی مرۆڤانه‌یه‌ و له‌ ئازادی و دیمۆکڕاسی به‌دوره‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ حیزبیکی چه‌پ ئه‌م باسانه‌ ده‌کات، ئه‌و بڵاوی ناکاته‌وه، ئه‌مه‌ نا دیمۆکڕات بون و نا هه‌مه‌ چه‌شن بون ده‌گه‌ێنێت‌!!سایتیکی سه‌ر به‌ حیزبێکی کوردی چه‌پ، باسیکی نه‌ته‌وایه‌تی، ئه‌گه‌ر چی خۆشی به‌ پشتیوانی مافی نه‌ته‌وه‌کان ده‌زانێت و له‌م باره‌وه‌ تێئۆری هه‌یه بلاوی ناکاته‌وه‌‌، هه‌روه‌ها نوسین له‌ سه‌ر سیسته‌می دێمۆکڕاسی رۆژئاوایی که‌ زۆر خاڵی باش و به‌ که‌ڵک و ئینسانی تێدایه‌، بلاو ناکاته‌وه‌، چونکو ده‌ترسێت حیزبه‌ هاوخه‌ته‌کانی خۆی به‌رچه‌سپی سازشکار یا خۆ ڕویزیونیست و لیبڕاڵی و ناسیونالیستی و ئه‌مانه‌ی لێبده‌ن. ئه‌م نمونانه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ێنن که‌ حیزبه‌ چه‌پ و ڕاسته‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بیریان ته‌سکه‌ و چاولیکه‌ری له‌ یه‌کتر ده‌کن و وه‌ک حیزبی مودێڕن هه‌لس و که‌وت له‌گه‌ڵ یه‌کتر و کۆمه‌ڵگا و ده‌وره‌ و زه‌مانه‌ی ئێستای خۆیان ناکه‌ن. ڕۆشنبیر و سیاسه‌توانی کورد پێویسته خۆی حیرفه‌یی کاته‌وه‌، خۆی ئه‌مرۆیی بکاته‌وه‌، ئاڵ و گۆر له‌ خۆیدا پیک بێنێت، زیندو بێته‌وه‌، ته‌پ و تۆزی کۆن له‌ خۆی ده‌رکات و کای کۆن له‌مه‌ زیاتر به‌ با نه‌کات، ده‌وره‌ی سه‌رۆکایه‌تی مه‌رزدار بکات و سه‌رۆک نه‌بێته‌ خاوه‌نی حیزب، به‌ڵکو دوای ده‌وره‌که‌ی خۆی یا له‌ حیزبه‌که‌یدا درێژه‌ به‌ کار بات، یا ببێته‌ موشاوێر و یا خۆی بخاته‌ پشوی ته‌واو بونی کار (بازنشه‌ست بێت). هاوکات حیزب واز له خۆ گه‌وره‌ بینین بێنێت و ئه‌وه‌نده‌ بێت که‌ هه‌یه‌ و دایمه‌ حه‌ول بات که‌ گه‌وره‌تر و جه‌ماوه‌ریتر ببێته‌وه‌. واز له‌ سانسۆر بێنێت و هه‌مو بیر و باوه‌ڕێک بڵاو بکا‌ته‌وه‌ و پێویست و حه‌یاتیه‌ که‌ ئاڵ و گۆڕیش له‌ خۆیاندا پیک بێنن‌. ‌رۆژنامه‌وانی ئازاد ده‌بیت ببێته‌ باو له‌ کوردستان و له‌ پیشدا پێویسته‌ که‌ حیزبه‌کان و ڕۆشنبیران ئه‌مه‌ بکه‌ن، با خه‌ڵکیش دوایان که‌ون. په‌ره‌ به‌ ئازادی بده‌ن و له‌ عه‌ینی حاڵدا گوێ له‌ بیری جیاواز و دژی خۆشیان بگرن و بیبیستن و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ دوژمنایه‌تی ناکه‌ن، وڵامی خۆیانی بخه‌نه‌ پاڵ و دڵنیابن که‌ خه‌ڵک مه‌نتقیترین وڵام هه‌ڵدابژێرن. دێمۆکڕاسی به‌ شیعار پێک نایات، به‌ڵکو به‌م کرده‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێک دێت، هه‌ر که‌س یا هه‌ر حیزبێک ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و هێندێک خاڵی گرنگیتریش ڕه‌چاو بکات، ئه‌وه‌ دێمۆکڕاته‌ و به‌ دلنیایه‌وه‌ به‌رینترین کۆمه‌ڵ و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک له‌ ده‌وری ئه‌و کۆ ده‌بنه‌وه،‌ نه‌ک حیزبێک که‌ پشتیوانی له‌ به‌رینترین دێمۆکڕاسی له‌ شیعاردا ده‌کات، به‌ڵام له‌ کرده‌وه‌دا به‌س خۆی قه‌بوڵه‌ و حازر نیه‌ بڵاو کراوه‌یک که‌ دژی خۆی بێت بڵاوی ‌کاته‌وه و ‌سانسۆڕ بکاته‌ کاری ڕۆژانه‌ی خۆی و به‌م شێوه به‌ حیسابی خۆی چاوی کۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێت‌! دیاره‌ کۆمه‌ڵگا به‌مه‌ چاوی نابه‌سترێت، چاو له‌ خه‌ڵکی کوردی بنده‌ستی ئێران بکه‌ن، سه‌ره‌ڕای به‌رینترین سانسۆڕ و خه‌فه‌قان و جیاوازی و ئاپارتاید و خنکاندنی ئازادی، به‌ڵام هه‌مو شتیک ده‌زانن و ده‌بیستن و چاوه‌ڕێی کرده‌وه‌ی دروستی حیزبه‌کانن و ئاماده‌ی به‌ڕێوه‌ بردنی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و دێمۆکڕاتی نه‌ته‌وه‌یین و‌ ئیتر له‌مه‌ به‌ دوا ناچنه‌ ژیر هیج به‌ره‌یکی ژێرده‌سته‌ی ئێرانی و به‌ حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت ڕازی نابن. ئه‌وان مافی چاره‌ی خۆ نوسین، واته‌ حه‌قی هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه‌ و حازر نابن هیچ که‌س و هیچ حیزبێک و هیچ نه‌سیحه‌تکه‌رێکی فارس ڕێگای فیدڕالیزمی ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئیرانیان نیشان بدات، ئه‌وان خۆیان ده‌زانن چیان ده‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا ویستویانه‌، سه‌ربه‌خۆیی و حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی!
ئه‌یوب ڕه‌حمانی
rahmayub@yahoo.de
5ی پوشپه‌ڕی 2706

Jul 19, 2006

ئه‌مه‌ش له‌ عه‌ره‌بێکی‌ هه‌ست ناسک


با هه‌ر بڵێین سه‌دام دیکتاتۆر بوه‌ و خه‌ڵک بێزی لێ ده‌که‌ن. به گوێره‌ی هه‌واڵی الشرق الاوسط "مه‌نسوور الشێیبانی" شاعیری سعوودی له‌ "ره‌غد" کچی دیکتاتۆری پێشووی عێراق خوازبێنی کردوه‌.



جائه‌م شاعیره‌ عه‌قڵ بۆگه‌نه‌ سێ خه‌ونی خۆیی له‌م پێوه‌ندی ژن و مێردایه‌تیانه دا به‌م چه‌شنه‌ ده‌خاته‌ روو . ئه‌م شاعیره‌ ده‌ڵێیت هیوام ئه‌وه‌یه‌ کاتێ که ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی ئێمه‌ سه‌ری گرت!!!!! سێ منداڵم لێی بێت. یه‌کێکیان عێراق ئازاد بکات. ئه‌وی دیکه‌یه‌ن فه‌له‌ستین ئازاد بکات. ئه‌وی دیکه‌یشیان ببێته‌ خزمه‌تکاری ملک عه‌بدوڵا پادشای عه‌ربستان.



ئه‌مه‌ش له‌ رۆشن بیره‌ عه‌ره‌به‌کانیش که‌ ده‌یان هه‌وێت چاره‌نووسی منداڵه‌کانیان خۆیان دابینی بکه‌ن.... و به‌س بۆ شه‌ڕاشۆیی به‌خاوه‌نیان ده‌که‌ن. خۆ له‌ مه‌یاندا به هه‌ڵه‌ی نه‌گووتوه‌ که‌ تا ده‌ییان کوڕ و کوڕه‌زای عه‌ره‌ب بێته‌ سه‌ر گۆیی زه‌وی........ هێشتا نه‌ک عێراق و فه‌له‌ستین به‌ڵکو ته‌واوی موسڵمانان هه‌ر وه‌ها له‌ ژێر چه‌تری چه‌وسانه‌وی بۆگه‌نی خۆیاندا رۆژ ڕه‌شیه‌کانیان ده‌بژێرن.



له‌ سه‌ده‌ی 21دا رۆشن بیرێکی عه‌ره‌ب ده‌یهه‌وێت منداڵه‌که‌ی بکات به خزمه‌تکاری پادشای عه‌ربستان. زینده‌ به‌ چاڵ کردنی منداڵانیان هه‌ر درێژی هه‌یه‌. یان لانی که‌م؛ له‌ خۆێنی گه‌مژه‌ییان دا هه‌ر ماوه‌.

Jul 9, 2006

شانازی به‌ رابردوو‌


له نێو ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ موسڵمانه‌کان دا هه‌موویان شانازیان به‌ رابردویانه‌وه‌یه‌ و که‌س ناڵێ ئه‌ی ئه‌مڕۆ چیمان بۆ مێژوو جێ هێشتوه؟؟؟؟؟؟‌
ته‌واوی موسڵمانان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که شوێن بیرۆکه‌ی دونیا ئاخر و قبر و قیامه‌ت که‌وتوون؛ ئیتر شوێن پێشکه‌وتن و زانیاری و زانست ناکه‌ون . بۆیه‌ له‌ سه‌ده‌ی پازده‌ به‌م لاوه‌ له نێو موسڵمان دا به‌ ده‌گمه‌ن که‌سانێک هه‌ڵکه‌وتبن که داهێنه‌ر و خاوه‌ن بیرۆکه‌یه‌ک بن که له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا کاریگه‌ریان بو بێت .
فارسه‌کان  هه‌ر ده‌ڵێن ئه‌بوو عه‌لی سینا و رازی و ملا صدرا  و ………..
کورده‌کانیش شانازی به‌که‌سانێکه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هیچیان بۆ کورد نه‌کردوه‌ وه‌ک سه‌لاح الدین ئه‌یووبی و که‌ریم خانی زه‌ند و موزه‌فه‌ر په‌رته‌و ماه‌ و....

به‌رده‌وام موسڵمانه‌کان له دروشم دا خۆیان ده‌پارێزن له ‌غه‌یره‌ موسڵمان و پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌لایان دا بچێت و یان شوێن خوو ره‌وشتی ئه‌وان بکه‌وێت ئه‌وا کافر بوه‌ و جێگای جه‌هه‌نه‌مه‌ .
 به‌ڵام خۆ موسڵمانان بیریان له‌وه‌ نه‌کردوه‌ته‌ه‌و که ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و غیره‌ موسڵمانانه نه‌بوایه‌ن؛ ئێمه‌مانان ناوی کامپیوتریشمان نه‌ده‌بیست ره‌نگی گلۆپ و وزه‌ی کاره‌بامان نه‌ده‌بینی ، ده‌نگی رادیو و ته‌له‌فیزیونمان نه‌ده‌بیست......
که‌ئه‌و ‌(با بڵێین )غه‌یره‌ موسڵمانانه‌!!!!!!! شتێک ئه‌دۆزنه‌وه‌ یان داهێنانێک ده‌که‌ن  موسڵمانان ده‌ڵێین ئه‌وه‌ خۆ له‌ ناو قورعانه‌که‌ی خۆمان دا ئاماژه‌ی پێ دراوه‌ !!!!!!!!  
ده‌ی با ئاماژه‌ی پێ درابێت مه‌رج ئه‌وه‌یه‌ چاوی دیتن و عه‌قڵی داهێنانمان  ببێت .
 به‌داخه‌وه‌ ته‌نیا شتێک که‌ ئێستا له‌ ئیسلام ماوه‌ته‌وه‌ ؛ سه‌ربڕین و ئاواره‌یی و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ناو خۆیی ئیسلام و شه‌ڕ و کوشتاری عومه‌رییه‌کان و عه‌لییه‌کانه ....

Jun 23, 2006

رۆژێکی شاد بۆ منداڵان

 
ئه‌مڕۆ منداڵانی مه‌ریوانی رۆژیکی پر له‌ شادی و پێکه‌نین ، پڕ له کۆلاره‌ و تیزان و هه‌ڵپه‌ڕکێ و سروودیان تێپه‌ڕاند .
بۆ ماوه‌ی چوار کاتژمێر منداڵان رۆژێکی پڕ له گه‌مه‌ و کایه‌ و خۆشییان له‌ گه‌ل باوکان و دایکان و به‌شداربوان تێپه‌راند.

ناوه‌ندی لایه‌نگری له‌ مافی منداڵان لقی مه‌ریوان به هاوکاری باخچه‌ساوایه‌کانی شار و هه‌روه‌ها به‌به‌شداری خه‌ڵکی شار  به‌م چالاکیه‌ هه‌ڵسابوون .
به‌و هیوایه‌ که سه‌رجه‌م منداڵانی جیهان به گشتی و منداڵانی کوردستان ‌ به‌تایبه‌تی ؛ ئاسۆیی هیوا و ئاواته‌کانیان به‌رو تۆبه‌ نه‌ڕوات.
و هه‌مووان دژی به توند وتیژی دژ به منداڵان،رابوه‌ستین .

" مه رگی باڵنده مه رگی فڕين نيه"

  به‌داخه‌وه ديسان ژيانی ژنێک به تراژديای مه‌رگ و ئێشقدا كۆتايی پێهات. كچێكي 17 ساڵان به تاوانی پساندنی زنجيری سوننه‌ت و مه‌زهه‌ب له مه‌عبه‌دی كۆنه‌په‌رستیدا قوربانی كرا.
   ديسان په‌نجه‌ی جه‌لادی شه‌ره‌ف به خوێنی ژنێك سوور بوو كه ويستی له بازنه‌ی ياسا كۆن و دياریكراوه‌كان ده‌رباز بێت.
 مه‌رگي دڵته‌زێنی (دوعا) به رِاستی رووداوێكی ناله‌بار و سه‌ير بوو، واته په‌لامارێكی دڕندانه به‌سه‌ر ژنێكدا به بيانووی پاراستنی شه‌ره‌ف.
      ئه‌و كاره‌ســاته له حاڵێكدا روویداوه كه حكوومه‌تــی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌هێزكردنی بزاڤی به‌رانبه‌ری خوازانه‌ی ژنان پشتگيریی ئابووری و مه‌عنه‌ویی رێكخراوه‌كان، چالاكـــان و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ناوچه‌كانی تر ده‌كات.
       (دوعا) له‌كاتێكدا به‌ردباران كرا و ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ر خاك و به‌ردی شه‌قامه‌كاندا كێشرا كه هێشتا بڕيارنامه‌ی كۆنفرانسی جيهانیی ژنانی كورد له هه‌ولێر له‌سه‌ر سايته‌كاندايه و هێشتا به‌شداربوان ماندوويه‌تیی سه‌فه‌ريان پێیه.
ئه‌م جه‌نايه‌ته زايه‌ڵه‌ی مه‌ترسيیه‌كـی گه‌وره‌يه كه‌ له گوێی مــرۆڤی روشنبير و ئـازادیخــوازدا ده‌زرنگێته‌وه تا به شێوه‌يه‌كی راديكال و به‌ربڵاو دژ به ياسا كــۆن و نالــه‌باره‌كان بوه‌ستن و لــه
كۆمه‌ڵگادا بزووتنه‌وه‌يه‌كی گشتی سازكه‌ن.
 خه‌باتی به‌رهه‌ڵستانه و رِاوه‌ستان به‌رانبه‌ر به قانـوونه نووسراو و نه‌نووسراوه دواكه‌وتوه‌‌كان ئه‌ركی هه‌موو ئينسانێكی ئازاديخوازه، كه ئه‌م راستيه به جه‌ماوه‌ر بسه‌لمێنين، ژن ئامراز و مڵكی پياو نيه و هه‌ردووكيان مافی يه‌كسانی بنه‌ماڵه‌يی و كۆمه‌ڵايه‌تييان هه‌يه.
له كۆتاييدا ژنانی نووسه‌ری كورد چاوه‌رِوانی سزادانی تاوانبارانی ئه‌م كاره‌ســاته نائينسانيه و ده‌ركردنی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ به‌رگــری كردن له په‌ره‌پێدانی كوشتنی ژن به بيانووی پاراستنـی شه‌ره‌ف ده‌كه‌ن:

به‌ڕێز سه‌رۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆکی پارله‌مانی كوردستان
به‌ڕێز وه‌زیری رۆشنبيری كوردستان
 به‌ڕێز وه‌زیری دادی كوردستان
 به‌ڕێز وه‌زیری مافی مروڤی كوردستان
 سه‌رجه‌م ده‌زگا رِاگه‌ياندنه‌كان
سه‌رجه‌م رێكخراوه مه‌ده‌نيه‌كان


                    سه‌رۆکی كۆميته‌ی ژنانی نووسه‌ری پێنی كوردی
                                      سيمين چايچی

Jun 22, 2006

به‌یاننامه‌ی پارله‌مانی کردستان سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی"دوعا"و 24ی ئێزیدی دیكه‌

په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی (یه‌كشه‌ممه‌) به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد، له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداریدا له‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌دا له‌لایه‌ن دوژمن و ناحه‌زانه‌وه‌ و داوای له‌سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كان كرد، كه‌ به‌ هوشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:    
   له‌م ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی دوای رِووداوی شه‌هیدكردنی خاتوو دوعا له‌گوندی "به‌هزان" ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی "باشیكا" كه‌ زۆر نامرۆییانه‌ به‌پیلانی دوژمنان و به‌ده‌ستی ژماره‌یه‌ك تاوانكار ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ ئه‌نجام درابوو، چه‌ندین لێكدانه‌وه‌و گفتوگۆ له‌ناو چین و تویژه‌كانی كوردستان بلاَوبۆوه‌و زۆر گیرِانه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ش خۆی خزانده‌ نێو جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌ ئامانجی چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و له‌به‌ین بردنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌قامگیریه‌ بی وێنه‌یه‌ی، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ پیاده‌ی ده‌كات، كه‌ هه‌موو دیموكراتیخواز و ئاشتیخوازیكی ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ گه‌واهی ئه‌و راستیه‌ ده‌ده‌ن.
ئیمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێشتر به‌ تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌مان كردوه‌و به‌ كارێكی دوور له‌به‌ها مرۆیی و ئاینیه‌كانمان ناوزه‌دكرد، ئیستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ و كرده‌وه‌ی شه‌هیدكردنی 24 كوردی ئیزیدی و هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی نامرۆیی دژ به‌ هه‌ر كه‌سیك بیت، ئیدانه‌ و مه‌حكوم ده‌كه‌ین كه‌ ئامانجیان به‌ ته‌نها نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌و تێكدانی ره‌وشی ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیانی نیوان كوردی ئێزیدی و كوردی موسوڵمانی كوردستانه‌ و هه‌وڵیكی تری ناحه‌زانه‌ بۆ كۆسپ نانه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان كه‌ شنگال و شێخان و باشیكا و ناوچه‌كانی تری ئێزیدی نشین ده‌گریته‌وه‌.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌ داوا له‌ریزداران زانایانی ئاینی ئیسلامی و ریش سپی و پیاو ماقوڵ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هه‌موو ئازادیخوازیكی ئه‌م كوردستانه‌ ده‌كه‌ین به‌ هوشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه‌ بكه‌ن تاوه‌كوو هیچ جۆره‌ گیره‌ شێوینێك نه‌توانی درز بخاته‌ نێو برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌زاران ساڵه‌ی پیكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌و ئاینزاكانی كوردستان و هه‌موومان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویست به‌رامبه‌ر دوژمنانی ئه‌زموونه‌كه‌مان بوه‌ستینه‌وه‌و كار بۆ ئاوه‌دانكردن و خۆشگوزه‌رانی هاوولاَتیانی كوردستان بكه‌ین، به‌هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌و پیكهاته‌كانیانه‌وه‌.
له‌كوردستان دا هه‌میشه‌ یاسا سه‌روه‌ره‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژ به‌ یاسا و به‌ها مرۆیی و ئاینیه‌كان ده‌جوڵینه‌وه‌و ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه‌، له‌ سزای یاسایی ده‌ربازیان نابێت و به‌سزای خۆیان ده‌گه‌ن.
بژی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایین و پێكهاته‌كانی كوردستان

                                دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی
                      جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
          29/4/2007