Feb 10, 2021

قەلبی من به دەنگی لەیلا فەریقی

ناوی هۆنراوە: قەلبی من

هۆنەر: سامی عەوداڵ

 

ئاوازدانەر: تاهیر تۆفێق

وتنەوەی: لەیلا فەیقی

 

قەلبی من گەر چەشنی لالە بێتو نەوتی تێبکەن 
ئاگری دوژمن بێتە گیانم وەک چرا، من پێ بکەن
شەق شەقی کەن گۆشت و ئێسقان یەک بە یەک خوێی تێبکەن 

بێ ترس من دێمە مەیدان حوکمە ئازادیم دەوێ 
گەر نەسووتێم و نەخنکێم چۆن هەژارم سەرکەوێ؟ 

نەچمە ناو جەرگەی هەژار و شان بە شانی وەک برا
روح و لاشەم ئیش نەکا بۆ میللەتێکی حەق خورا 

بۆ شەوی پڕ ترس و تاریک من نەسووتێم وەک چرا 

کۆمەڵی دامای هەژاران چۆن دەبینن بچنە پێش؟ 
لێم گەڕێن من با بسووتێم ببمە خاک و خۆڵەمێش

ببمە خاک و خۆڵەمێش تاکو هەژارم پێ بگا 
با بسووتێم بەڵکو گەنج و لاوەکانم تێ بگا 
بێتە مەیدان خوێن بریژێ تا حەقی پێ بگا 

تا بزانێ غەرقی خوێنە کێ هەقی وی خواردووە؟ 
با لە بۆ هەق خوێن بڕێژێ دەرچێ دوژمن، تازووە

تا له ناو میللەت نەمینێ فەکری ئینسانی دەنی

نەک له ناو مێشک بمینێ ببته مادەیی بۆگەنی

شەعبی چاکی پێ نەخۆش بێ بێته حاڵی مردنی

خۆشه مردن بۆ بەڵای وا هیچ و پووچ و پڕ خەتەر

نەک بژی عامی به برسیی و رووت و قووت و دەردەسەر
(سامی) قوربانی گەلت بە قەت مەژی بەو زیللەتە 
هەر کەسێ بمرێ لە رێگای نیشتمان و میللەتا 
نامری هەردەم دەمینێ چونکە خاوەن غیرەتە 
خۆت بە قوربانی گەلت کە، فەرزە قوربانی لە بۆ 
نیشتمانی حووڕ و سەربەت ئوممەتێکی سەربەخۆ