Dec 16, 2008

ئه‌م هه‌شتی مارس تا ئه‌و هه‌شتی مارس پیرۆزباییه‌ک و ئیتر هیچ .....

بۆنه‌کان ، به‌ تایبه‌ت بۆنه‌ی هه‌شتی مارس ؛ رۆژی جیهانی ژنان هه‌لێکه‌ بۆ قۆزتنه‌وه‌ و ده‌سته‌به‌ر کردنی ئازادی و مافه‌کانی ئافره‌تان له‌م سه‌رده‌مه‌ دا ..که مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵێ 1908 به مان گرتنی ئافره‌تانی کارگای چنینی شاری نیویورک ده‌ستی پێکرد . دوا به دوای ئه‌م مانگرتنه‌ له ساڵی 1910 به‌دواوه‌وه‌ ئه‌م رۆژه‌ به ناوی رۆژی جیهانی ژنان ناو زه‌د کرا .
ئێستا له ته‌واوی جیهان دا هه‌وڵ ده‌درێ بۆ سڕینه‌وه‌ی مافه‌ زاڵه‌کانی پیاو سالاری که به ناوی دینه‌وه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا (ژنان) به کاری ده‌هێنن ..
له‌ دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 له عێراق به گشتی و له کوردوستان به تایبه‌تی ، سه‌ره‌ڕای ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌کی زۆر ، به ته‌واوی هه‌وڵێکی چڕ و پڕ هاته‌ ئاراوه‌ بۆ ساز کردنی وڵاتێکی دیموکراتیک و شارستانیانه ...  که‌چی رۆژ له‌ دوای رۆژ خه‌ڵکی هه‌ستیان به بۆشاییه‌ک ده‌کرد و به‌رده‌وام خۆزگه‌یان ده‌خوارد بۆ گه‌ڕانه‌وی بار و دۆخی به‌عس و جه‌نابی سه‌دام حوسین !!!
کلتووری به‌عسی به ده‌یان ساڵ خه‌ڵکی چه‌وسانده‌وه‌ و ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ش له‌ ناو خوێنی خه‌ڵک دا ریشه‌ی داکووتا و ئێستا به ته‌واوی خه‌ڵکی جیا له‌وه‌ی خۆیان حه‌ز له‌ دیکتاتۆریه‌ت ده‌که‌ن ؛ به‌ڵکوو خۆشیان پێیان خۆشه‌ دیکتاتۆرێکی بالا ده‌ستیان هه‌بێ ...
گرووپه‌ ئیسلامیه‌کان (زرقاوی ، انصارالسنة ، القاعده‌ و ...) تۆقاندن و ترساندن و ته‌قینه‌وه‌ و کوشتار و سه‌ربڕین سه‌ری هه‌ڵدا ... شێوه‌ زاره‌کی و قسه‌ی سه‌رکۆڵانان گۆڕا بۆ ئه‌م وشانه‌ (جیهاد و محاربه‌ و قوربانی و به‌هه‌شت و جه‌حه‌نه‌م)...
ئاکامی ئه‌م تووند و تیژیانه گه‌شته‌ ئاستێک که‌ رۆشنبیران و لاوان به رێژه‌یه‌کی به‌رچاو وڵات به‌ده‌ر بوون . گه‌نده‌ڵی ئیداری و سیاسی و ئابووری په‌ره‌ی سه‌ند . منداڵان و ژنان یه‌که‌م قوربانی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ بوون . منداڵانی سه‌رشه‌قام و هه‌تیو زیادی کرد . بێوه‌ژن و ژنانی بی خان و لان به رێژه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کرد . تا گه‌یشته‌ ئاستێک ، وڵاتێک که‌ هه‌مووان دڵیان پێ خۆش کردبوو ، به ناوی گه‌نده‌ڵترین وڵاتی جیهان ناسرا . بوو به وڵاتێک مه‌کۆی خه‌مان . کانگای چه‌وساندنه‌وه‌ . بوو به مه‌یدانی کێ به‌ر کێی وڵاتانی زل هێز و گرووپه‌ ئیسلامیه‌کان . له‌ لایه‌کی دیکه‌ش وڵاتانی دراوسێ که هه‌ستیان به ئازارێکی تاقه‌ت پڕووکێن ده‌کرد ، ده‌ستیان دایه‌ ، ده‌ستێوه‌ردان و گێره‌ شێوێنی ...
ئێستا ئه‌م وڵاته‌ ( به‌تایبه‌ت رووی قسه‌م به‌شی کوردوستانه‌که‌یه‌تی) بووه‌ به وڵاتێکی فره‌ حیزبی ، فره‌ نه‌ته‌وه‌یی ، فره‌ رێکخراوه‌یی ، فره‌ چاپه‌مه‌نی ، فره‌ میدیایی ، فره‌ به‌رپرسایه‌تی ، و فره‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و فره‌ کۆیلایه‌تی ....... هتد . به‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ وڵاتانی دیکه‌وه‌ کۆیله‌ و که‌نیزک روویان هێنا له کوردوستان.. وڵاتێک که‌ پێشتر پێشمه‌رگه‌ و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کان ، خۆێنیان بۆ خه‌ڵات کرد بوو .. ئه‌مجاره‌ ئه‌مانیش ده‌ستیان دایه‌ ئه‌نفال کردنی ژنان و لاوانی عه‌رب و ئه‌فریقایی و فلیپینی ... ئیتر ئێستا له‌ ماڵه‌کان به ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو کۆیله‌ و که‌نیزک به‌دی ده‌کرێ و رۆژ له‌ دوای رۆژ نه‌ریت و کلتووری کۆنی عه‌ره‌به‌ پێپه‌تیه‌کانی هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ پێش ئێستا ده‌بووژێته‌وه‌.. لووتکه‌ی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌سه‌ند کردنی یاسای فره‌ژنی له‌ په‌رله‌مانی کوردوستان دا !!!!
ئیتر سه‌رهه‌ڵدانی بانده‌کانی گه‌نده‌ڵی و کڕێن و فرۆشتنی و به کرێ دانی ژنان به تایبه‌تی به ده‌ستی به‌رپرسانه‌وه‌ ، لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ با بوه‌ستێت‌..
تووند و تیژی دژ به ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر په‌ره‌ی سه‌ند.. خۆسووتاندن ، خۆ کوشتن ، یان کوشتن به بیانووی نامووس و پارێزگاری له‌ مرۆڤێک که‌ ده‌بێ خۆیی به نامووسی مرۆڤێکی تر و خودایه‌کی تر به ناوی پیاو بزانێ ؛ رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌ره‌و لووتکه‌ هه‌نگاو هه‌ڵێنێ...
ئه‌وا ئێستا رۆژی جیهانی ژنانه و مانۆڕی میدیاکان بۆ پیرۆزبایی و باس کردن له‌م رۆژه‌ مێژوویه‌ ده‌ستی پێ کردوه‌ .. ده‌س بۆ ده‌می هه‌ر به‌رپرسێک یان هه‌ر که‌سی مه‌دنی ده‌به‌یت ئه‌م رۆژه‌ پیرۆز ده‌کات و بۆنه‌ ده‌گێڕن و نووقلانه‌ و گوڵ و جێژنانه‌ دا به‌ش ده‌که‌ن .. ته‌واوی ئه‌م مانۆڕانه‌ بۆ دڵخۆشکردن و له‌ خشته‌ بردنی ژنانه .. که‌ به‌م گۆڵ و شیرینیانه پێیان بڵێن تۆ هه‌ر بن ده‌ست و ژێر ده‌سته‌که‌ی خۆمی .. تۆ مانای ژیانی به‌ڵام ژیانی ژێر ده‌سته‌یی و کۆیلایه‌تی ... تۆ مانی شه‌یتان و ناپاکی و گه‌نده‌ڵیت و من مانای خودایی و سه‌روه‌ری و پاکیم ...
ئه‌م هه‌شتی مارس تا ئه‌و هه‌شتی مارس پیرۆزباییه‌ک و ئیتر هیچ .....
ئاخر خۆ خڵه‌تاندن تا که‌ی ! ؟ تا که‌ی ! ؟ تا که‌ی ! ؟ تا که‌ی ! ؟ تا که‌ی ! ؟ تا که‌ی ! ؟ تا که‌ی ! ؟

Aug 31, 2008

ئاوڕێک له حه‌وته‌مین مێهره‌جانی شانۆی کوردی

رۆژی 25/8/2008 له‌ ورمێوه‌ رۆشتین بۆ سه‌قز، بۆ به‌شداری له‌ حه‌وته‌مین مێهره‌جانی شانۆی کوردی.......
وه‌ک پێشتریش رۆشتبوومه فستیواله‌کان ده‌مزانی چونکا ژنان بۆڵه‌ بۆڵی زۆر ده‌که‌ن باشترین شوێنیان بۆ دابین ده‌که‌ن و ئێمه‌ش کولانه‌یه‌کمان بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌.. جا هه‌ر وه‌هاش بوو.. ژنانیان برده‌ هوتێل و پیاوانیشیان برده‌ قوتابخانه‌یه‌ک.. هه‌ر له‌ شه‌وی هه‌وه‌ڵ تا ئاخری فستیواله‌که‌ که‌ سێ رۆژی خایاند له‌ گه‌ل گرووپه‌که‌ی ورمێ شێوم ده‌خوارد و ده‌ڕۆشتمه‌وه‌ بۆ لای براده‌رانم له‌ نێو شاری سه‌قز .. چوونکا تاقه‌تی جگه‌ره‌ له‌مژینی ئه‌وان و تا سێ و چواری شه‌و نه‌خه‌وتن و خه‌ریکی پاسوور و هیندێ شتی قۆڕی دیکه‌م نه‌بوو بۆیه‌ هه‌ڵاتم..

له‌ شاره‌که‌نی سه‌قز و مه‌هاباد و بۆکان و ورمێ و دێهلۆران و قووچان گرووپه‌ شانۆیه‌کان به‌شداریان کردبوو..
من کارم به‌وه‌ نیه‌ کێ به یه‌که‌م ئه‌کته‌ر ده‌رچوو، کێ به یه‌که‌م ده‌رهێنه‌ر ده‌رچووو هتـ..د..

ئه‌و شتانه‌ی به لامه‌وه‌ سه‌رنج راکێش بوون بۆتانی باس ده‌که‌م و به‌س:
ناو بژیوانان سێ که‌س بوون . دووانیان کرماشانی و یه‌کێکیان مه‌هابادی. دڵنیام ئه‌و ده‌قه‌ شانۆیانه که به سۆرانیه‌کی تۆخ و تا راده‌یه‌کیش موکری پێشکه‌ش ده‌کرا ئه‌و ناو بژیوانه کرماشانیانه لێی تێ نه‌گه‌شتوون .. چوونکا به‌رده‌وامیش به فارسی قسه‌یان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت دوو وشه‌ی زاراوه‌ی خۆیانم لێ نه‌بیستن..
 ......
ده‌قی شانۆی قووچان هه‌ر فارسی بوو.. ئیتر نازانم چۆن ده‌توانین بڵێین هاوزمانانمان له قووچان و خوراسان!!! له‌وانه‌یه‌ هاودڵمان بن به‌ڵام هاوزمان؛ چێ عه‌رز که‌م..
......
کابرایه‌کی مه‌ستیان دانا بوو بۆ وه‌ک پێی ده‌ڵێن 'ئینتزامات'ی ده‌رگای هات و چۆی ژنان که‌ بوو به بایس ئه‌وه‌ هه‌رایه‌ک و ته‌شقه‌ڵه‌یه‌ک ساز بکات..
......
له‌ رۆژی کۆتایی فستیواله‌که‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری فستیواله‌که‌ قسه‌یه‌کی دۆڕاند که‌ دڵنیام له‌ ده‌می هه‌ڵخزا!! کوتی جه‌نابی 'نه‌جار'پارێزگاری کوردستان 12 میلیون تمه‌نی خه‌ڵاتی فستیواله‌که‌ کردوه‌.. ئیتر له‌ بیری چووبوه‌وه‌‌ شوورای شار و فه‌رمانداری و ئیرشاد ئیسلامی چه‌نده‌ی دیکه‌یان پاره‌ داوه‌ به‌م فستیواله‌.. چوونکا له‌ ئێرانا ئه‌م جۆره‌ پووڵانه‌ هه‌ر له‌ ژێر لچه‌وه‌ ده‌خورێ و ئیتر که‌س به که‌س نیه‌.. ئه‌م هه‌موو پاره‌یانه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو له‌ قووتابخانه‌ی خۆڕایی ده‌یانخه‌واندین و له‌ ناحه‌زترین ریستوران دا خۆراکیان ده‌داینێ؟؟؟
......
'محمد علی کشاورز' ئه‌کته‌ری به‌ ناو بانگی سینه‌مای ئێران به‌شدار بوو به‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ زنجیره‌ی 'پدرسالار' به‌شداری کردبوو هه‌ر بانگیان لێ ده‌کرد 'پدرسالار عزیز'هه‌رچی وه‌ها بانگیان ده‌کرد ، وام ده‌زانی گه‌له‌ شه‌ق له‌ من ده‌که‌ن ..
......
ئه‌م سێ رۆژه‌ ده‌سکه‌وتی باشی بۆ من هه‌بوو ؛ زیاتر گه‌ل هونه‌ری شانۆ و سیناریو و ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنا‌ن دا ئاشنا بووم ..

Aug 12, 2008

سمیناری " فه‌رهه‌نگ نووسی له‌ زمانی كوردیدا"

                                                  سمیناری فه‌رهنگ نووسی       دوایین مۆڵه‌ت بۆ ناردنی وتار 24ی گه‌لاوێژی 1387ی هه‌تاوی (2008.08.15)ه‌. سمیناره‌كه‌ ڕۆژی 8ی خه‌رمانانی 1387 (2008.08.29) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت..
                 ناونیشانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سمینار
 - كوردستان، مه‌ریوان، كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی ـ هونه‌ری، ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی ـ ئه‌ده‌بیی مه‌ریوان.
   ته‌له‌فوون: +98 875 330 11 54  (كاتی پێوه‌ندیگرتن: هه‌موو ڕۆژ 4 تا 7ی پاش نیوه‌ڕۆ)
   فاكس:      +98 875 330 11 55
 - ناونیشانی پۆستی بۆ ناردنی وتاره‌كان: مه‌ریوان, سندوقی پۆستی 187 ، ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی ـ ئه‌ده‌بیی مه‌ریوان.
 - ناونیشانی وێبلاگی سمینار:    www.ferheng.blogfa.com
-  ناونیشانی پۆستی ئه‌لكترۆنی (ئیمه‌یل): ferheng.info@gmail.com                                                                                 
                                                                                              وێبلاگی سمینار

Apr 25, 2008

عه‌تا نه‌هایی: من چیرۆکنووسێکی کوردم.

 
عه‌تا نه‌هایی: من چیرۆکنووسێکی کوردم. ئه‌مه‌ له هه‌مان کاتدا که خۆناساندنێکی کورت و ساده‌یه‌، باری به‌رپرسیایه‌تییه‌کی قورس و گرانیشه‌، به‌رپرسیایه‌تییه‌کی به‌رامبه‌ر خۆم، وه‌ک مرۆڤێک که‌ قه‌راره‌ جاریک بژیم و حه‌زده‌که‌م له‌م ماوه‌ی کورته‌ی ژیانمدا به‌رامبه‌ر به بڕیاری سه‌خت و دژواری داهێنان و نووسین و گێڕانه‌وه‌، به‌رامبه‌ر به‌ بیر و ئه‌ندێشه‌ و خه‌م ، داڵغه‌  و پرسیاره‌کانم. به‌رامبه‌ر به خه‌ون و روئیا و فه‌نتازییه‌کانم وه‌فادار بم .

له‌هه‌مان کاتیشدا به‌رپرسیایه‌تییه‌ک به‌رامبه‌ر به‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیم . به‌رامبه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌ که کێشه‌ و گرفت ناته‌بایی و ناته‌واییه‌کانی، کێشه‌ و گرفتی منه . به‌رامبه‌ر به‌و مێژووه‌ که مێژووی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای باب و باپیرانی من و مێژووی هه‌وڵ و تێکۆشانی منه به‌رامبه‌ر به........ .

کاک عه‌تا له‌ ساڵی 1339ی هه‌تاوی له شاری بانه‌ له دایک بووه .
بنه‌ماڵه‌یان چوار که‌س بوون. دایکی کاک عه‌تا وه‌ک له نووسراوه‌کانی دا ده‌رده‌که‌وێت کاریگه‌ریه‌کی زۆری له سه‌ر داناوه‌، تا راده‌یه‌ک له رۆمانی "گوڵی شۆڕان" به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئاوڕی له ژیانی دایکی و فرمێسکه‌ شاراوه‌کانی داوه‌ته‌وه‌ .
کاک عه‌تا شانزه‌ ساڵان بووه‌، که وه‌رده‌گیرێ بۆ په‌یمانگای مامۆستایان (دانشسه‌رای سه‌ره‌تایی)به بڕوای خۆیی ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاو بوه‌ بۆ ده‌رچوون له جه‌غزی بازنه‌ی باوکی و نیزامی باوکایه‌تی..

وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێ داوه‌ :" من له خه‌ڵوه‌تی به ڕواڵه‌ت سارد و سڕی شه‌وان و رۆژانی ده‌هه‌ی سێیه‌می ته‌مه‌نم ، له ناو قه‌ره‌باڵغی ده‌یان و سه‌دان که‌سی زهنی که هه‌ر کامیان بۆ خۆیان که‌س یان کۆمه‌ڵه‌ که‌سێکی واقعی ده‌وروبه‌ریشم بوون و به‌رۆکیان ده‌گرتم که ژیان و سه‌ربوورده‌یان بگێڕمه‌وه‌، یه‌که‌م چیرۆکه‌کانم نووسی".
یه‌که‌م چیرۆکی به ناوی "دوو که‌ڕه‌ت دوو" بوه‌ که تا کوو ئێستا وه‌ک زۆر چیرۆکی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بڵاوی نکردوه‌ته‌وه‌ .

به‌رهه‌مه‌کانی کاک عه‌تا بریتین له‌مانه‌:
  1. به‌رهه‌مه‌ رۆمانه‌کان : گوڵی شۆڕان . باڵنده‌کانی ده‌م با
  2. به‌رهه‌مه‌ چیرۆکه‌کان : زریکه . ته‌نگانه . ئه‌و باڵنده‌ برینداره‌ که منم

به هۆی ئه‌و ناحه‌زی و ناته‌واوی و ره‌شاییانه‌ی ژیانی ده‌وروبه‌ری که‌ گه‌مه‌ی تێدا کردوه‌ و مه‌ینه‌ت و تاریکی له نووسراوه‌کانی به‌دی ده‌کرێ که وه‌ک خۆیی ده‌ڵێ به نووسه‌رێکی تاڵ و ره‌شبین و ته‌نانه‌ت نه‌یهیلستم تاوانبار کراوه‌!! وڵامی ئه‌م که‌سانه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ داوه‌ته‌وه‌" من نامهه‌وێ خه‌یانه‌ت له‌ خۆم و که‌سانی ده‌وروبه‌رم و مێژووی پڕ له‌نامورادی نه‌ته‌وه‌که‌م بکه‌م. ناتوانم و راستیه‌که‌شی بڵێم نازانم" .
دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێ:" چیرۆک نووس داهاته‌ی جیهانی ، چیرۆکه‌که‌یه‌تی. من وه‌ک ته‌جروبه و ئه‌زموونی خۆم ، چاک یان خراپ ، سه‌رکه‌وتوو یان تێکشکاو، به هۆی گێڕانه‌وه‌کانمه‌وه‌ خۆم ده‌ناسم و له خۆم و خه‌م و خۆزگه و داڵغه‌کانم ده‌گه‌م. من به هۆی چیرۆکه‌کانمه‌وه‌ خۆم و مرۆڤه‌کانی ده‌ور و به‌رم ، دۆخ و سه‌رده‌مه‌که‌م که‌شف ده‌که‌م . له زۆربه‌ی کاره‌که‌مه‌کانمدا که‌سێک له دووره‌وه‌ ، له شوێنێکی دیار و نه‌دیاره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، تا شوناسی پارچه‌ پارچه بووی خۆی کۆ بکاته‌وه‌ . کێم ؟ چیم به سه‌رهاتوه‌؟ به‌ره‌و کۆی ده‌چم؟خه‌م و داڵغه‌ی ده‌سته‌ به‌ر کردنی شووناس ، خه‌م و داڵغه‌ی درووست کردنی بوون. خه‌م و داڵغه‌ی دروست کردنی بوون ، خه‌م و داڵغه‌ی وڵام دانه‌وه‌ به‌و پرسیارانه قورس و گرانه.....".
کاک عه‌تا له‌ ئاخری نووسراوه‌که‌ی دا که بۆ به‌رنامه‌ی سۆمه‌ر پراترا (وته‌بێژی هاوینه‌)ی رادیوی ده‌وڵه‌تی سوید نووسیوه‌؛ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که پێی خۆشه‌ باس له زۆر بابه‌تی تر بکات که رۆژێک ده‌بێت بیانڵێته‌وه‌ . ئه‌ویش ئاوڕدانه‌وه‌ له خه‌مێکی قووڵی تر که خه‌می ژنانه...
 ئه‌م چه‌مکه‌ش به‌وه‌ ده‌زانێ که گه‌ڕان له شوین که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی قووڵایی خه‌م و ئازاره‌کانی ژن به به‌شێک ده‌زانێ له ته‌جره‌به‌ی گه‌ڕان له شوین که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆیی..
هه‌روه‌ها داستانی ئه‌و هه‌وڵه نه‌زۆکانه شه‌رمه‌زار ده‌کات که پیاوان زۆرترین هه‌وڵ بۆ سه‌رکوتکردنی لایه‌نی رۆح و ژنانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها زۆرترین هه‌وڵیش بۆ سه‌رکوتکردنی لایه‌نی پیاوانه‌ی ژنه‌کان ده‌ده‌ن. له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌ دا ، باس له‌ نگریسترین سیسته‌می که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌کات که ژنان تێیدا مل کز و شه‌رمن نین . و به‌ خۆسووتاندنێک ته‌سلیم نه‌بوونیان به راستیه‌ تاڵه‌کان ده‌بینێت و به هێمای راسان و به‌رخۆدان و به‌رگری ده‌زانێت .
.....................................
کورده گیان: هیوادارم که‌سانی وه‌کا کاک عه‌تای خاون بیر و قه‌ڵه‌م پانتایی ئه‌م کوردستانه ره‌نگینه‌ به‌ره‌و ، دونیایه‌کی پر له ئاشتی و ته‌بایی و خۆشه‌ویستی مرۆڤه‌کان به‌رن.


Apr 16, 2008

مامۆستا عه‌تا نه‌هایی

هەر چەند ئەمڕۆ بۆ ئەوە دەبێ بڵێت شاری بانه وەک شارێکی وڵاتی چینه‌. به رادەیەک‌ که‌ل و په‌لی چینی تێدایه‌ که‌ هه‌ست ده‌که‌یت وه‌کوو کوردێک نامۆ بویت له‌ ناو ئه‌م هه‌موو شت و مەکەی به‌سه‌رت‌دا رژاوه‌.. ئەڵبەت خۆ خراپیش نییه چونکا له لایه‌کیشه‌وه‌ گیرفانی خه‌ڵکی لیپاو لیپی پاره‌ کردوه‌!.
 بۆ من شاری بانه‌، به‌رده‌وام ده‌مخاته‌وه‌ بیری چیرۆک نووسی بانه‌یی کاک عه‌تا نه‌هایی و فستیوالی چیرۆک نووسان و کۆمه‌ڵێک دۆستانی زۆر به‌ئه‌مه‌گم..

کاک عه‌تا نه‌هایی پیاوێکی ره‌زاسووک و خوێنگه‌رم و قسه‌ خۆش هاته‌ به‌رچاوم به دونیایه‌ک نهێنی که‌ له‌ ناخیدا حه‌شاریدا بوو و په‌یتا په‌یتا جگه‌ریه‌کی ده‌کرد به‌ سه‌ریانا.. زۆر خۆماڵیانه و کۆردانه پێشوازیی لێ کردین.
سه‌باره‌ت به‌ ته‌نز لێم پرسی که بۆ چی کورد ته‌نز نووسی به توانای نیه‌؟ وتی:" ته‌نز له‌ خۆیا نووسراوه‌یه‌کی مودێڕنه‌ و هی کۆمه‌ڵگایه‌کی مودێڕنه‌. ئه‌ڵبه‌ت نکوولی ناکرێ له‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ی‌ کورد ده‌ست بکه‌یت به‌ بن باخه‌ڵی هه‌ر پیاو یان ژنێکی به‌ته‌مه‌ن ده‌یان به‌سه‌رهاتی ته‌نز و قسه‌ی نه‌سه‌ق دەدۆزیتەوە. به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت کورد هێشتا نه‌گەیشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ بتوانێ له‌ گه‌ل ته‌نزدا پێک بێت. جگه‌ له‌ "رشته‌ی مرواری" مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی و "چێشتی مجێور" ئه‌ویش تا راده‌یه‌ک ئەتوانی بڵێی تەنزن. ‌ ئیتر شتێکی وه‌هامان نیه‌ بتوانین په‌نجه‌ی بۆ درێژ بکه‌ین. ده‌بێ کورد ئاستی ره‌خنه‌ی بباته‌ سه‌ه‌روه‌ و به‌رده‌وام به چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ چاو له‌ ژیان بکات. ئیتر خۆیی له‌ خۆ ڕا ته‌نز و ته‌نزکار سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن."

ئه‌م به‌رکووڵه‌م دانا (ده‌متان نه‌سووتێ) هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ پۆسته‌کانی داهاتووم دا به تێر و ته‌سه‌لی ژیان نامه‌ی کاک عه‌تای نه‌هایی باس بکه‌م.
...................................................................

زانیاری زیاتر له سەر مامۆستا عەتا نەهایی لێـــرە ببینه.