Oct 2, 2013

چەواشەی هەواڵی هاوسەرگیری له گەل گوێدرێژێک

زۆربەی راگەیاندنه چاو له دەمەکانی باشووری کوردستان که هەندێکیان چاویان له هەواڵسازه فارسەکانه، ئەوا ئەم جارەش له هەنگاوێکی نایابدا، دوای ساڵێک تێپەڕ بوون به سەر هەواڵێکی چەواشەکراوی "دەزگای هەواڵسازی فارس نیوز"، ئەمانیش بێ هیچ بنەمایەک و بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک له هەواڵەکه، وەریانگێڕاوەته سەر زمانی کوردی. دەقی هەواڵەکەش وەها دادەڕێژن که خوێنەر بێ ئیرادە کرتەی له سەر بکات. پێش هەموو شتێک پێویسته ئەم دەزگا رووخێنەر و چەواشەکارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانه بناسین:

کورتەیەک له سەر دەزگای هەواڵسازی فارس نیوز (سەرچاوە: ویکیپێدیا)
ئەم دەزگایه پارە و بودجەی ساڵانەی له لایەن سپای پاسدارانەوە دابین دەکرێ و بەرپرسەکانیشی هەموویان سەر به سپان. ئەم دەزگایه به تەواوەتی بووەتە مەکۆیەکی چەواشەکردنی هەواڵ و وێنه و راستییەکان. وەک زەقترین چەواشەکارییەکانی دەکرێ ئاماژه بەم هەواڵه ساختەچیانەیان بدرێت:

دەسبەسەرکردنی حەوت سەربازی ئامریکایی له لایەن ئێرانەوە
دەسبەسەر کردنی باڵوێزی سویسرا له ئێران
تەقینەوەی بۆمب له سەر رێگای تێپەڕبوونی ئەحمەدی نیژاد
بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازی چوار قۆڵی رووسیا و چین و ئێران و سووریا
بەڕێوەچوونی یاری دووگۆڵی نێوان ئێران و بەرازیل له لەندەن

و هەر وەها دەیان هەواڵ و دەیان وێنەی دەسکاری کراوی دیکه، مێژووی رەشی ئەم دەزگا هەواڵنێریه پڕ له درۆ و دەلەسەی ئێرانەی خەمڵاندوە. تا رادەیەک که خودی وەزارەتی ئیتلاعات بە دەس چەواشەکارییەکانی ئەم دەزگا هەوالسازیە وەدەنگ هاتوە و وەزیری ئیتلاعات سکاڵای یاسایی لە سەر ئەم دەزگایه تۆمار کردوە. (سەرچاوه: دویچەوله)

با بێینه سەر باسی هەواڵه چەواشەکراوەکەی ئەمجارەیان:
ئەم گوێدرێژه ناوی "مونالیزا"یه و به تێکەڵ کردنی تۆمی کەر و گۆڕەکەر بوە به رێبواری ئەم دونیایه. ئەو خانمەی خاوەنیشی ناوی (Mara Baygulova)یه و گۆرانی بێژی ناسراوی ئۆپرایه، به رێکەوت ئەم حەیوانه دەگمەنەی له مەزرایەکدا دۆزیەوە و ناوی لێنا "مونالیزا". به بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی له دایک بوونی کورەکەی پێشکەشی ئەوەی کردوه و وەک ئاژەڵێکی خۆماڵی ماوەی ١٣ ساڵه له گەل ئەم بنەماڵەیه ژیان دەکات. (تا ساڵی ٢٠١٢)

به وتەی ئاژەڵناسان زۆربەی Zonkey (گۆڕەکەر- کەر)ەکان له باخچەی ئاژەڵان ژیان دەکەن، بەڵام لە بەر ئەوەی کەر و گۆڕەکەر حەزیان به جووت بوونی یەکتر نییه، به شێوەی دەسکرد دەیان هێننه دونیاوە.

مونالیزا، شکڵ و هەیبەتی زیاتر له کەر دەچێ. بەڵام هەندێ جۆگەلەی رەش و سپی له سەر گوێ و یاڵ و پشتی سمەکانی و بەتایبەتی چالاک و بزۆز بوونی بوەتە هۆی ئەوەی له باقی گوێدرێژەکانی دیکه جیاوازی هەبێ.

"مارا" دەڵێت: مونالیزا زۆر ئازایه و بەردەوام پێی خۆشه وەک ئەسپ غار بدات.


ئیتر هیچ باس و خواستێک سەبارەت به عەشق و خۆشەویستی و هاوسەرگیری له ئارەدا نییه و له هەمووی گرینگتر، ئەم گوێدرێژه ماکەرە بۆیه ناویشیان ناوه مونالیزا.(کرته بکه بۆ سەرچاوەی هەواڵەکه)

بەڵام بیر و بۆچوونی کاربەدەستانی هەواڵسازی فارس نیوز که هەڵقوڵاوی ئایدیا و مەکتەبێکی دۆگمه و هەموو شتێک پێوەند دەدەنەوە به لاخواری ناوکی ئینسانەوە و وادەزانن مرۆڤی رۆژئاوایی و به تایبەتی ئامریکایی بەس لاخوارووی پشتێنی ئیش دەکات و ئیتر هەست و مرۆڤایەتی و عەقڵ و بیرکردنەوەی نییه.. ئەمەش به رێگایەک دەزانن و هەوڵ دەدەن بۆ دووبەرەکی و داپاچینی زیاتری وڵاتی ئامریکا و به ناپاک و بێ ئەخلاق ناوزەدی دەکەن.


لەم ناوەشدا ماڵپەڕه کوردییەکانی وەک: (سایتی سبەی، هەواڵنێت، پێنووسەکان) دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر ئەم هەواڵه له ئارشیڤی سایتی فارس نیوز دەردەهێنن و بێ هیچ لێکۆڵینەوەک له سەر ئەساسی هەواڵەکه، وەریدەگێڕنه سەر زمانی کوردی و خوێنەری چاو له دەمی کوردیش له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شێری دەکات و دەس دەکات به تف و لەعنەت کردنی ئامریکا و پێکهاتەی سەرمایەداری و داپڵۆساندنی کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان.


پرسیار ئەوەیه به له بەر چاو گرتنی بنەما ئەخلاقی و ئایدیاییەکانی دەسەڵاتە ئیسلامییەکان ئایا مارە به جاش، سیغە کردن، منداڵ مارە بڕینی سەر لانکه (تەنانەت خومینیش فتوایشی لەم بارەوە داوە)، و دەیان دیاردەی قیزەونی دیکه بێ ئەخلاقییه یان ئاژەڵ پەروەردە کردن؟؟
ئەرێ میدیای کوردی تا کەی ناتوانێ سەر به خۆ بێت و خۆی دوور بگرێ له لاسایی کردنەوە؟