Apr 30, 2017

نەکا، نەکا


تا له ناوخۆ بووین دەسەڵاتی جاش پەروەری کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران، وەها پەروەردەی کردین که گومانمان له هەموو شت و هەموو کەس هەبێ.. ئەمانوت نەکا گیرۆدەی گوزینش و حەراسەت و ئیتلاعەت بین. تەنانەت ئەو کەسانەی که بوێرانە ئیشێکیان دەکرد هەر گومانمان هەبوو لەوانیش که نەکا ئەمەش داوێک بێت بۆمان.. نەکا تەلەفۆنمان له ژێر چاوەدێری بێت، نەکا عەنتەرنێتمان له بەر دەستیاندا بێ و دواتر بیکەن به پەروەندە بۆمان.. ئاخری بەرەیەک درووست بوو که تەواو قانیع بوون به کۆپین و به یارانه و تەواو پڕ گومان.
ئێستا چاک دڵنیام که دەسەڵاتی فڕووفیشاڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئاوێکیان پێ گەرم ناکرێ و تەنیا هەوڵیان دزی و ئیختلاس و گەندەڵییه و تا سەر ئێسقان له خەڵکی ئەترسن و گەورەترین دوژمنیشیان عەنتەرنێته.

Apr 10, 2017

چیرۆکی سۆزانەکان


تەنزی فی‌می‌ نزمی تاریک ..... عەدنان هونەروەر
                              

هەر ڕیک لەو کاتەدا له گەل ئەنجوومەنی ژنان ئاشنا بوو که ئەنجوومەن شەقی برد بوو و ببوو به دوو باڵەوە. یەعنی له ناو ئەنجوومەنێکی یازدە کەسیدا گرووپێک پەیدا ببوو که رۆڵی ئۆپۆزیسیونیان دەگێڕا و به راست و به چەپ بەردەوام دژ و دژبەر بوون. هەر کەس رێی بکەوتایتە ئەنجوومەن سەرۆکی فراکسیونی ئۆپۆزسیونی ناو ئەنجوومەن جەنابی فەوزیه خانم، تەواوی هەوڵی خۆی دەخسته گەڕ بۆ ئەوەی رایکێشێت به لای خۆیدا و باڵەکەی خۆی بکاته شاباڵ. جەنابی فەوزیه هەر ئەو رۆژه ئاگاداری کوون و قووژبنی ماڵی سۆزان بوو. سۆزان کچێکی تەمەن 20 ساڵان بوو، باڵابەرز و چاو کەژاڵ و نەخشین بوو. له هەمان کاتیشدا هەندێ سادە و دڵنەرم بوو. فەوزیه خانم کێشایه قەراخەوە و پێی وت هاتوویت ببیته ئەندام؟
-          وتی: بەڵێ
-          دەی وەرە با فۆڕمت بدەمێ و خۆیشم یارمەتیت ئەدەم تا پڕی کەیتەوە.

فۆڕم پڕ کرایەوە و له سەر مێزی بەڕیوەبەر دانرا. ئەوە مانای ئەوە بوو که جەنابی بەڕێوەبەر کار و باری ئەندامی تازە تەواو بکه.
خۆیشی سۆزانی راکێشا دەرەوە تاکوو بزانێ چ باسە..
 ئەویش یەغانی دڵی کردەوە و وتی: کورە نازانم چیت بۆ باس کەم.
فەوزییه یارمەتیدا و وتی: باسی بنەماڵەت. باسی دایکتم بۆ بکه. بەڵام وەرە با پیاسەیەکی ناو شاریش بکەین، دەی..
 هەندێ که پێکەوە خۆیی بوونەوە. سۆزان وتی: دایکم ژنێکی سادە و ساکار و دڵ فراوان و زۆرە بەچه. ھەرچی ئەکات ھەر مێینەی ئەبێ، ھەر باوکم خۆی ئەکات بە پەستووەکەدا ھەموو کچەکان ئەزانیین چ باسە. باوکم بێ یەک و دوو ئەسپی خۆی تاو ئەدا و تا ئەسپەکەی ماندوو دەبێ، ئێمە لە ژێر پێخەفە پێنج قۆڵێەکەمان کە ھەر ساڵەو خوشکێکی پێ زیاد دەبێ، له دڵی خۆماندا دۆعا دەکەین بۆ دایکمان کە بەشکوو برایەکمان بۆ درووس کات. چوونکا باوکم تەڵاقی خستوە ئەمجارە ئەگەر دایکم کوڕی نەبێ، ژن دێنێت بە سەریا ئەگەر ژنیش نەیەنێت ئیتر حەتمەن ئه‌م تەڵاق ئەدات.
 فەوزییه شل شل گوێی هەڵخستبوو بۆ سۆزان و جار و باریش مۆبایلەکەی چێک دەکرد که مەسێجی بۆ دەهات و سۆزانیش که ئەیزانی گوێیەک هەیه خۆی بۆی شل کردوە، دیسانەوە درێژەی پێدا و وتی:
خولاسە ئەم مانگە بەردەوام خەریکین چێشتی باش باش ساز دەکەین بۆ باوکمان، خواردنەوە و چەرەساتیش لە دەم خۆمان ئەگرینەوە بۆ ئەو، تا کوو بەڵکوو برایەکمان بێت و ببێته شوانمان و دواتر بە ساقەی گوونەکەی بیین.
 ئەمەی که وت تۆزێک بزە گرتی بەڵام فەوزییه نەیدەویست پۆرتی خۆی بشکێنێ وەک بڵێی به خرتوومی فیل دیلەکانێی کردبێ هەر بۆیه پێنەکەنی. بەڵام هەر وتی دەی نەتانکوتوە به دایکتان که خەتای تۆ نییه؟ سۆزان تۆزێک بای کردە قولی خۆی و وتی کورە جا نەمانوتوە خۆ حاڵی نابێ. ئه‌وه هیچ که من زانکۆم خوێندوە، باقی خوشکەکانیشم یەک لە قاتی ھەوەڵ و ئەوانی دیکەش لە نھۆمی خوارتری خوێندندان و بەردەوام وتوومانه بە دایکم دایە گیان; کوڕ نەبوونت پێوەندی بە تۆوە نییە خەتای کرۆمۆزۆمی ئێگریکی باوکمانە کە نییەتی.. بەڵام دایکمان ھێندە ترساوە لە ھەوێ و له تەڵاق، ھیچ ئەو قسانەی بە گوێیدا ناچێ.. تەنانەت نموونەی هاوڕێیەکم بۆ باس کردوە و وتوومه: نازانم تۆ کوڕت بۆ چییه، تۆ نازانی لەیلای هاوڕێم چۆن ئەسیری ئەو برایانەی بوە. نازانی چۆناوچۆن خستوویانەته ژێر کامێرای چاوەدێری خۆیان و ناتوانێ بجووڵێتەوە.. ئیتر کوڕت بۆ چییه که ئێمەش ببستێتەوە؟

لەم باسی هاوڕێی تازەیەیدا، فەوزییه وەک بڵێی سیگناڵی تازەی بۆ هاتوە داوای لێکرد هەندێک باسی ئەویشی بۆ بکات. ئەمیش سادە و ساکار وتی:
ئەم هاوڕێمه ناوی لەیلایه و له زانکۆ ناسیوومه. رۆژێک له رۆژان باسی نەبوونی نێرینە، وەک برام بۆ کرد و دڵەڕاوکێیەکانم بۆی درکاند. کەچی ئەو باسی تاقانە بوونی خۆی کرد کە چۆناوچۆن بە دەستی سێ براکەیەوە دەچەوسێتەوە. بە تایبەت کاتێ باسی ئەوەی کرد کە تەنانەت لە گەڵیشی دێن بۆ زانکۆ وەک ئێسکۆرت و بادیگارد ئاگایان لێیەتی، تەواو ناو زگم قرچەی لێھەڵسا. یان کە باسی چێکی موبایلەکەی دەکرد، ئیتر بە تەواوەتی بۆکڕووزم لێوەهات.

لەم قسەو باسانەدا بوون کە میناخانم گەیشت پێیان. بۆ ئەویش نیوە چڵ باسێکیان کرد بەڵام ھەر نەیھیشت تەواوی کەن، ئەو دەستی کرد بە زەم کردنی پیاوان.
مینا خانم پەنجا ساڵ بەرەو ژوور بوو و زۆر له بینین و ئاشنا بوونی له گەل سۆزان هەستی به کەیف خۆشی کرد. ئەو  به رێکەوت لە گەل ئەنجوومەنی ژنان و ئەدەبیاتی فمینیستییه‌كی ره‌ق و دژە پیاو ئاشنا ببوو. ھێندەش زیادەڕەویی کردبوو کە دوای سێ بووک و دوو زاوا و کۆڵێک کچەزا و کوڕەزا تەڵاقی وەرگرتبوو. لە سێزدە ساڵیدا مێردی کردبوو بە کوڕەکەی دراوسێیان و ئیتر پێکەوە رۆشتبوون بۆ کوورەخانە و بەردەوام خەریکی کرێکاری ببوو تا ئەوەی سێھەم منداڵی بوو و پاشتر پشتی بە زەحمەت راست دەبوویەوە. مێردەکەی به ناچاری و به قەرز و قۆڵه لە شار نیوەماڵیکی کڕیبوو و پاشتر مێرد بوو بە کرێکارو ئەویش بوو بە ژنی ماڵەوە. بە بۆنەی ئەوی لە شارەکانی دیکە رۆشتبوون بۆ کوورەخانە، ناو لێبردن له‌و شارانه تاقه‌ پۆزی بوو كه عەرزی دەدڕی.
له گەل سۆزان و فەوزییه کاتێ پیاسەی ناوشاریان دەکرد، به دەم زەم کردنەوە، نەیتوانی ئەوە بشارێتەوە که خۆشترین کاتی ژیانی هەر ئەو سەردمی کۆڵانی ماچان بوو، کاتی داڵان و ماچی تاریکی و لە ناکاو زریکاندنی له بیر نەدەچووەوە.
هەر چەند فتێڵەی ژیانی له کز بووندا بوو، بەڵام سەرۆکی فراکسیونی ئۆپۆزسیون خۆش بێ، جار و بار دەیکردە فشە لێی و له بیری دەبردەوە و ئەویش هاوشانی سەرۆک دەستیان دەکردوە به بەرد تێگرتن له پیاوان.   
فەوزییه بۆ ئەوەی مەوزووعەکەی له بیر باتەوە وتی: پیاو ھەر بۆ ئەوە دەبێ ماشینت تێکچێت بە تایبەت تایەکەی و سەرما و سۆڵەش بێ و تۆ لە نێۆ ماشین دانیشیت و ئەو تایەت بۆ بگۆڕێ و دواتر کە ئیشەکەی بە جوانی کرد، ھۆڕینێکی بۆ لێدەی و بڕۆی. درێژەی پێدا و وتی پیاو ئەگەر ئاڵتوون بکڕێ بۆ ژنی، بیباتە سەفەر، ئەوە ژنەکەی باش بزانێت کە مێردەکەی خەریکە خەیانەتی پێدەکات. ژن ئاڵتوونی بۆ چییە؟ جل و بەرگی بۆ چییە؟ پیاو کەوەتە ھەڵە و ھەرزەیی ئیتر دەست دەکات بە کڕینی ئەم شتانە.
سۆزانیش وتی جا ئەگەر نەیکڕێ، ئەمجارە دەڵێن ھیچ بۆ ژن و مناڵی ناکات. ژن و منداڵی وێڵ کردوە و خەریکە ھەڵە و ھەرزەییە.
مینا وتی پیاو ھەر چی بکات ھەموو ئیشەکانی هەر قۆڕە.
 جا مینا و فەوزییه کەوتنه چەلەحانێ و یەکتر تەحویل گرتن و پیاو له عەرزدان.
سۆزان له بەینی قسەکانیاندا ناوبڕێکی دەس کەوت و خێرا وتی: بۆیه سەردانی رێكخراوی ژنانم کردوە که ئەگەر دایکم تەڵاق درا هەر هیچ نەبێ هەندێ له گەل مافی ژنان و ئەو شتانەی که ئەیکەوێ ئاشنا بم، یان هیچ نەبێ به یارمه‌تی ئه‌نجوومه‌ن، وەکیل و پارێزەرێکی بۆ دابین بکەم.
بەڵام مەخابن هیچ کۆمێنتێک نەکەوته ژێر ئەو قسەی سۆزانه که عەسڵ و ئەساس و مەبەستی رۆشتنی بۆ ئەو ناوەندە بوو. ناچار ھەر بێدەنگ بوو و سەیری ئەوانی دەکرد. چه‌لەحانێ تەواو بوو لێک جودا بوونەوە و رۆشتنەوە بۆ ماڵ. بەڵام پێش جودا بوونەوە داوای شومارە موبایلیان له سۆزان کرد و ئەوانیش ئادرەسی کمپینێکێان به ناوی یەک میلیون ئیمزا بۆ گۆڕینی یاسای دژه ژنانیان پێدا که له ناو عەنتەرنێتدا بیدۆزێتەوە و ئیمزایەکی پیاساوێت.

سۆزان لە ماڵەوە ھەر لە بیری قسە و باسی ئەمڕۆی مینا و فەوزییەدا بوو. مینا ژنێکی زەعیف و کورتە باڵا و بە دوور لە خشڵ و خۆڕازاندنەوە بوو. بیری هەر چەخماخەی دەکرد که بۆچی مینا ھێندە رەش بینە بە پیاوان!
بەڵام فەوزییه هیچ که هەندێ سینگ و بەرۆکی دەردەخست یەعنی پیاوانم بۆ گرینگ نییه یان خەڵکی چ دەڵێن سەبارەت به لچک و سەرپۆشەکەم با بڵێن. سەر و بنی قسەیشی هەر ئەوە بوو که ژن نابێ ببێته ئامێرێک بۆ رابواردنی پیاو. ژن کاڵا و شت و مەک نییه. بەڵام خۆی وەها لووتی قنج کردبووەوە به نەشتەرگەری و عەمەلیاتی کەپۆ تاشین، کوونی لووتی ببوە لووله زۆپا و سینگی پلاستیک و قوونی باغەیی بۆ خۆی ساز کرد بوو. لێوی هێندە قنج و خڕ کردبوو نەتدەزانی لێوە یان کوولەکەیه.
هەندێ له قسەکانی که مێشکی سۆزانی پێ گرنج گرنج کرد، ئەمانه بوون: ژیان بە ژنەوە بەستراوە. ژنان سەرچاوەکەی ژیانن. ھەندێک کەسیش سەرکەوتنی پیاو دەبەستنەوە بە پشتگیری ژنێک. بەھەشت لە ژێر پێی دادەنێن و لە ھەمان کاتیشدا ھەم حەوای فێڵ بازە و ھەم خاوەنی مەکری ژنانە.

رۆژان و ساڵان رابرد. هاوڕێی هەرە باشی سۆزان ببوە دەفتەرێک و پێنووسێک که رۆژانه یادەوەرییەکانی تێیدا دەنووسی. له بەشێک له دەفتەری یادەوەرییەکانییدا نووسیبووی:
چەند جاریک دایکم و باوکم بە مەیلی گەرمترەوە ئێمە لە ماڵ نەئەبووین پێوەندیان ساز دەکرد، دواتر دایکمان وەک ھەواڵی دڵخۆشکەر دەیکووت که حەزی له شتی مزرە، حەزی چووەتە ترشیات، یەعنی ئاگادار بن  هاوماڵی تازە بەڕێوەیە. ئێمەی پێ دڵخۆش دەکرد و ئێمەش ھەر یەکەوە و بە نەوعێک بسکەمان دەھات.
بەڵام نازانم بۆ چی بۆ من گرینگ نەبوو که برامان هەبێ یان نا! نازانم کاریگەری ئەو چەند جارە بوو که ئامشۆی ئەنجوومەنم کرد یان چیرۆكی ژیانی لەیلای هاوڕێم بوو.

له بەشێکی دیکەی دەفتەرەکەیدا ئەنجوومەنی بەم شێوە وەسف کرد بوو:
 ئەنجوومەن کتێبخانەیەکی هەبوو که بەس یەک ژنم ئەبینی دەستیان دەداتێ و جار و بار کۆڵنجیان دەشکێنێ و شتێ دەخوێنێتەوە. ئەم باڵ له ترسی ئەو باڵ هەر ئاوڕیان له کێشەی ژنان نەدەدایەوە. کەسێک بهاتبایتە ئەنجوومەن و داوای رێژەی خۆسووتاندنی ژنان و هۆکارەکانی بکردایه، هیچ سەرچاوەیەک له بەردەستدا نەبوو. ئەندامان بەرەبەرە زیادی دەکرد به تایبەت پیاوان زیاتر چالاک تر بوون و بەردەوام باسی فمینیستی له سەر دەم و فڵچیان بوو. هەمیشە چەپڵەیان ئەتەقاند بۆ ئەو ژنانەی وا بوێرانه ئەتوانن تابۆ بهاڕن و سونەت بزماررێژ کەن و ئەگەر کچەکان بهاتبایەن جگەرەیەکیان له گەل پیاوەکان بکردایه به دووکەل، زیاتر چەپڵەریزان دەکران. بەڵام هیچ کام لەو پیاوه چەپڵەلێدەرانه هیچ کات ژنی خۆیان یان خوشکی خۆیان نەدەهینا بۆ ناو ئەم کۆڕه به ناو فیمینیستیانه.
ھەمیشە بیرم لێ دەکردەوە کە فیمینیزم یەعنی چی؟ کورد له کامه گۆشەیدا بۆی نووستووە و پرخە پرخی دی؟

له دوا لاپەڕی دەفتەرەکەیدا نووسیبووی: منێک که بەردەوام شانەی دڵم شیلەی خستبوو جوان و شۆخ و شەنگ بووم و ھەر لە زانکۆ دەیان کوڕ شومارەیان بۆ دەھاویشتم و داوای شومارەی موبایلیان لێدەکردم. بە راستی وەک چیڵێکی خاس دەیان ژەرەژم ھێنابوە قاسپه و دەیان کەس هەر به چاو لێکردن له چاو و روومەتی سوورم ببوونه شاعیر، کاتێ دەچوومە شایی و زەماوەند، هەر بە لەرزانەم و شکۆی خرینگە خرینگ، شایی و بەزمی ھەڵپەڕکێکەرانم ھەڵدەپەڕاند.
دەیان کوڕ و پیاو بە لاتاو و تانە و تەشەرەوە، باسی جوانییەکەیان دەکردم. بەڵام چی بکەم هەندێ لووتم بەرەو بەرزایی دەکشا و زانکۆ و ئەنجوومەن چوونم فۆڕمی مێشکی ئاڵۆزاندبووم. رۆژێک له رۆژان ئەو کوڕەی که سەوز دەبوو له بەر پێمدا و هەر دەیکووت: ئەبێ له گەلی بچمە سەر قەرار و منیش چڵمم  پێدا نه‌ده‌ساوی تا بگات به‌وه‌ی خۆشم بوێ، له گەل ماتۆڕسوارێکی دیکه له نزیکمەوە فیشقەیەکی پاشاند له روومەتم و بۆ هەمیشە چاوێک و نیوەی روومەتم سووتا. دواتر زانییم تێزابیان پێدا کردووم.
ئیتر دوای هەندێ دوکتور چوون و شکایەت کردن، گۆشەگیری ماڵەوە بووم و نه زانییم فیمینیزم چییه و نه زانکۆچوونم به کەڵکم هات و هەر بۆیه ئێستا که ئەم دێڕانه دەنووسم لەوپەڕی نائۆمێدی و ناحەزیدا بۆی پاڵ کەوتووم و یەک رێگایش دەگرمه بەر و خۆم له دار ئەدەم با کۆتایی ژیانم بێ. هەر چەند زۆر بێزم دەکرد تەنانەت له بیرۆکەیەکیشی، بەڵام ئێستا بێز له سێبەرەکەم دەکەم. چاک دەزانم جیلوەی جوانیم نەماوە تا کەسێ خۆشی بوێم، با پیاوە فی‌می ‌نزمەکانیش باش بزانن که رۆژێ کوشتەی مینیژووپ بوون و رۆژێ گیرۆدەی شەدە، ژن له کۆمەڵەگادا بوونی نییه تا مافی هەبێ ئەگەر بوون به دوو ژن لەوانەیە حیسابی نەفەریان بۆ بکەن. 
من چیرۆکی هەزاران سۆزان بووم لەم وڵاته قژسووتاوەدا..  بای