Jun 25, 2013

سەعید نەجاڕی / "ئاسۆ"

شاعیر و نووسەری کورد مامۆستا سەعید نەجاڕی، ناسراو به "ئاسۆ"، له ساڵی ١٣٣٥ هەتاوی له گوندی "سەرئاوقامیش" سەر به ناوچەی بۆکان له دایک بوە. خوێندنی سەرەتایی له گوندەکەی خۆیان تەواو کردوە و بۆ درێژەی خوێندنی رۆشتوەتە شارەکانی سەقز و بۆکان. دواتر بوە به مامۆستای قوتابخانه و له هەمان کات دا بەکالرێوسی له زانکۆی ورمێ تەواو کرد و دواتریش بۆ وەرگرتنی ماستەری رۆشتوەتە زانکۆی تەورێز. هەنووکه مامۆستا ئاسۆ پاش خانوونشینی وەک مامۆستای زانکۆکانی بۆکان و مەهاباد خەریکی وانە کوتنەوەیه.

بەرهەمەکانی مامۆستا ئاسۆ
1.      گەزیزە (دەفتەرە شێعرێک)
2.      تەوژمی خەیاڵ (دەفتەرە شێعرێک)
3.      شرۆڤەی دیوانی مسباح‌ئەلدین ئەدەب
4.      وەرگێڕانی "ناڵەی جوودایی"
5.      رێبوار – رۆمان
6.      چەند گەڵایەک به دەم باوە (کۆی وتار و شێعرە ئامۆژگارییەکان)
7.      له قەڵاوە بۆ قەڵا (سەفەرنامه)
8.      شرۆڤەی دیوانی وەفایی
9.      کوردانی پارسی وێژ

مامۆستا ئاسۆ و کوردەگیان

Jun 23, 2013

گورچیلەمان ڕۆ!

له کۆنەوە تا ئەمڕۆ، تێر کردنی زگی ژن و منداڵ بوەتە گرفتی بەشێک له خەڵکی دانیشتووی ئێران.. بۆ ئەم تێر کردنەش، دەیان دیاردە سەری هەڵداوە و دەیان شتی ناخۆش بونەته دیاردە.. یەک لەوانە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلەیه. لەم ناوەشدا (بێ هیچ قسە و باسێک) دەوڵەت بەرپرسی سەرەکییه له پەرەپێدانی ئەم گەرمه بازاڕە تا رادەیەک نرخی هەر یەک گورچیله گەیشتوەته ٣٠ میلیون تمەن.

 ئەم بڕە زۆرە بەردانەی که دەیبینن، بەردی ناو گورچیلەی خاڵۆم بوە که توانیویانه به نەشتەرگەرییەک دەریان بهێنن.. تەنانەت بۆ منداڵەکەیشی له تەمەنی سێ ساڵیدا ناچار بوون نەشتەرگەری گورچیلەی بۆ بکەن و بەردی گورچیلەی ئەویش دەربێنن.. جا ئەگەر ئاو پاک بێت و به شێوەیەکی گونجاو زێرئابەکان تێکەڵی ئاوی خواردنەوە نەبن، ئەوا ئەم هەموو بەردەش له گورچیلەدا دروست نابێ و بازاڕی گورچیله کڕین و گورچیله فرۆشتن نابێته بازاڕی مریشک فرۆشتن.

بەرپرسانی دەوڵەت، کاتی هەڵبژاردن بۆ سواڵی دەنگ له تارانەوە خۆیان ئەگەیەنه شارە کوردیەکان، دەی فەرموون خزمەتگوزارییەکیش هەڵڕێژن؟ کەی ئەتانەوێ چاوێک بخشێنن به باری تەندرووستی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگا لێقۆماوە؟