Oct 14, 2020

چارەنووسی «بۆبۆ» گۆڕدرا

Bobo
مێژوو باس لەوە دەکات گوایە ناسرالدین شای ئێران به هۆی خۆشەویستی پڕ له مەکر و ریای ماستاوچییان پەنای به خۆشەویستی پشیلەیەک بردوە که زیاتر لە هەموو ژن و خزمەتکارانی خۆشیویستوە. ئەم پشیلەیە که ناوی «بەبری خان» بوو کاتی مردنی ناسرەدین شای تووشی گێژاوی خەمۆکی کردوە.. ئەو ڕۆژەی که ئێمەش له بۆبۆ جیا بووینەوە و کۆتاییمان هێنا به ژیانی پێنج ساڵەی پێکەوە ژیان، ڕێک خۆم وەک ناسرەدین شا هاته پێش چاو. 

له گەل بۆبۆ بیرەوەری خۆشمان هەیە، زۆر شتی لێوە فێر بووم.. ئەڵبەت تا فێر بووین چۆناوچۆن له یەکتر تێبگەین قیر وتی چەق.. زۆرمان خۆشدەویست، زۆری خۆشدەویستین.. بەڵام له کۆتاییدا ناچار بووین بیسپێرین به بنەماڵەیەکی دیکه. هەرچەند جێگه و ڕێگای ئێستای چەند قات باشترە تا ئەوەی لای ئێمه بوو.. ئێستا له گەل هاوڕیی نۆیی وەک قووڵە ئەسپ و پشیله و له مەزرای ئاوەداندا دەژیەت و ئێمەش بەو شتانه زامی ئەم دابڕانه هەتوان دەکەین.. 

هیوادارم ئەو کەسانەی که خۆیان به ئەشرەفی مەخلووقات دەزانن واز بێنن لەو لووت بەرزییە و تاپڕەکانیان دانێن، دەرزی ژەهراوییان دانێن، واز له زەبر و زەنگ و گڵاو گڵاوێن دژی ئاژەڵان بێنن.. پشیله و سەگ دوو هاوڕێی مرۆڤن که تا مرۆڤ بمێنێ هەر له ژینگەی مرۆڤ دەژیین..

پێویستە بڵێم؛ سەگ و پشیله ئەتوانن کاریگەری تەواوییان هەبێ له سەر شێوازی پەروەردە و هەڵسووکەوتی منداڵان.. باشترین هاوڕێن بۆ منداڵی ساوا و مندالان به جوانترین و نەرم و نیانترین جۆری پەروەردە ئاشنا ئەکەن.. هەرچەندە که خۆشەویستی جوانترین هەستی هاوبەشی مرۆڤ و ئاژەڵانه، بەڵام هاوکات گەورەترین بەڵایە که بزمارەڕێژی دەروون دەکات.. 

له گەل ژیلوان بە کوڵ فرمێسکمان بۆ ئەم دابڕانه داڕشت و به نیسبەت خۆمەوە هەتا بمێنم خۆشەویستیی «بۆبۆ» له بیر ناکەم.

Ich vermisse dich, Bobo