Nov 4, 2020

تەشقەڵه بکەن به مردن یان مردن بکەن به تەشقەڵه

(بەشی هەوەڵ)

تەنزی ڕۆحیانەتی شاد

 

ئەمڕۆژانه که مەرگ و میر کوشت و بڕ و داکەوتن و نەخۆشی وەها پەرەی سەندوە که ئیتر مردوو به مردوو ئەڵێ تۆزێ ڕێ چۆڵ کە بۆ منیش.. ترس له مردن زۆربەی خەڵکی کردوەته کون، دەی تا ڕۆحمان شاد نەبوە و فاتێحایەک نەبوە به قوربانمان با ئێمەش تۆزێک پێی ڕابورین.

 



جاران کابرا ئەڕۆشته حەج کفنێکی به ئاوی زەمزم ئاوپرژێن دەکرد و وەسیەتی دەکرد که هەر کات مرد بەو کفنه دایپۆشن و له فڵانه شوێن بینێژن که باوباپیرانی لەوێن. ئەوا تازە کۆرۆنا وەهای کردوە که ئیتر ئەم جۆرە وەسیەتانه باوی نەماوە.. کەس نازانێ کەی لار ئەبیتەوە و کەی ئەتبەن به بیانووی داودەرمان، گەورچیله و دڵ و جەرگەکەت دەردێنن و ئەیفرۆشن و دواتر ئەڵێن نابێ لێی نزیک ببنەوە، خەتەرە.. یەعنی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەهای کردوە جاران خەڵکی له مردوو ئەترسان ئێستا له خاوەن مردووش. هەر بۆیه سەرخۆشی بوە به کورته نامەیەک یان کابرا زۆر دەس بنێ له ماڵ خۆیەوە تەلەفۆنێ ئەکات و تەواو.. جا بۆ مردنێکی به پۆز و فیز باشتره تۆیش هەر لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانه هەندێ پۆز کۆ کەیتەوە تا کوو مردنەکەت له سەردەمی دیجیتاڵ و له دونیای ئەنتەرنێتدا به ئاخرین وێرژێنی کەڵه مەرگی مۆدێڕن، ئاپدەیت کرابێت

 

وێنەی جوان و قۆز بگره. له خۆتەوە بچۆ لای مل ئەستوورێک، کاربەدەسێ ڕاوەسته گوایه ئەو هاتوە بۆ دیدارت.. یان پارە سەرف بکە با به فۆتۆشاپ ملی تۆ بخەنه جێگا ملی کەسێک که نزیکه لەو.. هەروەها له گەڵ چوار کاناڵی تێلگرامی و یوتیوبی گرێبەست بنووسه که پەخشی راستەوخۆ له نەخۆشی تا مردنت بۆ بگوازنەوە. جیا لەوەش چله و ساڵوەگەڕیت بۆ بگێڕن به هاشتەگی گەرم و گووڕ نەک به خورما و حەڵوای گەرم. پێش مردنت بۆ ئەوەی بزانی پێشوازی له مردنت چۆن ئەکرێ، با دەنگۆیەک بڵاو بکەنەوە گوایە دوایین کۆچت کردوە. جا بۆت دەر ئەکەوێ خەڵکی چۆن ئەتکەن به فس فس پاڵەوان

هەوڵ بدە دوایین هەناسەکانت بخە شەو و ڕۆژی جومعه. یەعنی ئەگەر بۆت ئەکرێ هەر هەناسە مەدە که ئەگەر لەو شەووڕۆژەدا بمریت ئیتر نێوەی رێگای ناو و ناوبانگت بڕیوە و خەڵکی بۆیان مسۆگەر ئەبێ که چەندە ڕوو له خوا بوویت که ئەم ڕۆژە موبارەکەت به نەسیب بووە. ئەگەر ناو و ناوبانگی باشت بۆ دەرنەچوو، هەوڵ بدە ناووناتۆرە به جێ بهێڵه. هەر دووکی هەر ناوبانگه..

  

له حیزبەکان با کەس و ناسیاوت هەبێ و لێیان ڕاسپێره هەر کە مردی بتکەن به پاڵەوانی شۆڕش و خەبات و بەردەوام ئەو هاشتەگه گەرم بکەنەوە بۆت: «حەیف ڕۆشتی و ڕزگاری کوردستانت نەبینی!» بەسەرهاتی سەیر و سەمرت لێ باس بکەن گوایه هێری پۆتێرێ بوویت بۆ خۆت.. 

 

ژنان له بیریان نەچێ پێش باوکیان نەمرن ئەگینا مناڵەکانیان له میرات و شت بێ بەش ئەبن. لەو کاتانه بنەماڵەی فوول سووسیالیست دەبنه مەلای دوانزە عیلم و وەک عەشیرەیی خۆیان دەنوێنن. هەر بۆیه بۆ ئەوەی ژنێک له میرات بێبەش بکەن ئەگەر نەخۆش بێ هەوڵ ئەدەن به تەواوی تواناوە بیکوژن، تەنانەت له شێخ و مەشایەخیش کەڵک وەر دەگرن.

هەر کات به ژنێکی نەخۆشیان وت: خوا ئیمانت بدا، ئەوە یەعنی خوا بتکوژێ.. خواوڕاسان کەمپینیک ساز بکە به هاشتەگی: «نا بۆ مردنی زۆرەملی». بخە ڕێگا..

بەڵام ئەگەر چارت نەبوو و ئەبێ هەر پێش باوکت (به دیدار حق بشتابی) ئەوە بزانه که دواتر به پێی شەرع مامەڵه له گەل مناڵەکانت ئەکەن و ئەڵێن که شەرع ئەڵێ ناتکەوێ.. با سووسیالیست و بەرابەری خواز بووبن و کاتی خۆیی هەر به پەت زەوییان به ئەربابەکان بەش کرد بێ.. ئەوە نایخوا، بەرژەوەندی هەموو شتێ دەخوا.. 

 

له کۆتاییدا پێویسته پیپسییەک بۆ خۆم هەڵپچڕم که به قەدەر لوقمانی حەکیم و بگرە بڕێ زیاتر پەند و تەنزم پێیه، تەنانەت تەنزی بڤەش ئەوە تۆزێک خاترم گرتوون جا هیوادارم هەموومان به رووسوورانه و سەردەمیانه بمرین..


 له بەشی دووهەمدا وەسییەتنامەی خۆمتان بۆ ئاشکرا دەکەم. ئێوەش فریا کەون تەشقەڵه بکەن به مردن یان مردن بکەن به تەشقەڵه هەر کامیتان پێکرا..

. 

kurdish# #adnan_honarvar @honarvar18