Jun 23, 2006

رۆژێکی شاد بۆ منداڵان

 
ئه‌مڕۆ منداڵانی مه‌ریوانی رۆژیکی پر له‌ شادی و پێکه‌نین ، پڕ له کۆلاره‌ و تیزان و هه‌ڵپه‌ڕکێ و سروودیان تێپه‌ڕاند .
بۆ ماوه‌ی چوار کاتژمێر منداڵان رۆژێکی پڕ له گه‌مه‌ و کایه‌ و خۆشییان له‌ گه‌ل باوکان و دایکان و به‌شداربوان تێپه‌راند.

ناوه‌ندی لایه‌نگری له‌ مافی منداڵان لقی مه‌ریوان به هاوکاری باخچه‌ساوایه‌کانی شار و هه‌روه‌ها به‌به‌شداری خه‌ڵکی شار  به‌م چالاکیه‌ هه‌ڵسابوون .
به‌و هیوایه‌ که سه‌رجه‌م منداڵانی جیهان به گشتی و منداڵانی کوردستان ‌ به‌تایبه‌تی ؛ ئاسۆیی هیوا و ئاواته‌کانیان به‌رو تۆبه‌ نه‌ڕوات.
و هه‌مووان دژی به توند وتیژی دژ به منداڵان،رابوه‌ستین .

" مه رگی باڵنده مه رگی فڕين نيه"

  به‌داخه‌وه ديسان ژيانی ژنێک به تراژديای مه‌رگ و ئێشقدا كۆتايی پێهات. كچێكي 17 ساڵان به تاوانی پساندنی زنجيری سوننه‌ت و مه‌زهه‌ب له مه‌عبه‌دی كۆنه‌په‌رستیدا قوربانی كرا.
   ديسان په‌نجه‌ی جه‌لادی شه‌ره‌ف به خوێنی ژنێك سوور بوو كه ويستی له بازنه‌ی ياسا كۆن و دياریكراوه‌كان ده‌رباز بێت.
 مه‌رگي دڵته‌زێنی (دوعا) به رِاستی رووداوێكی ناله‌بار و سه‌ير بوو، واته په‌لامارێكی دڕندانه به‌سه‌ر ژنێكدا به بيانووی پاراستنی شه‌ره‌ف.
      ئه‌و كاره‌ســاته له حاڵێكدا روویداوه كه حكوومه‌تــی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌هێزكردنی بزاڤی به‌رانبه‌ری خوازانه‌ی ژنان پشتگيریی ئابووری و مه‌عنه‌ویی رێكخراوه‌كان، چالاكـــان و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ناوچه‌كانی تر ده‌كات.
       (دوعا) له‌كاتێكدا به‌ردباران كرا و ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ر خاك و به‌ردی شه‌قامه‌كاندا كێشرا كه هێشتا بڕيارنامه‌ی كۆنفرانسی جيهانیی ژنانی كورد له هه‌ولێر له‌سه‌ر سايته‌كاندايه و هێشتا به‌شداربوان ماندوويه‌تیی سه‌فه‌ريان پێیه.
ئه‌م جه‌نايه‌ته زايه‌ڵه‌ی مه‌ترسيیه‌كـی گه‌وره‌يه كه‌ له گوێی مــرۆڤی روشنبير و ئـازادیخــوازدا ده‌زرنگێته‌وه تا به شێوه‌يه‌كی راديكال و به‌ربڵاو دژ به ياسا كــۆن و نالــه‌باره‌كان بوه‌ستن و لــه
كۆمه‌ڵگادا بزووتنه‌وه‌يه‌كی گشتی سازكه‌ن.
 خه‌باتی به‌رهه‌ڵستانه و رِاوه‌ستان به‌رانبه‌ر به قانـوونه نووسراو و نه‌نووسراوه دواكه‌وتوه‌‌كان ئه‌ركی هه‌موو ئينسانێكی ئازاديخوازه، كه ئه‌م راستيه به جه‌ماوه‌ر بسه‌لمێنين، ژن ئامراز و مڵكی پياو نيه و هه‌ردووكيان مافی يه‌كسانی بنه‌ماڵه‌يی و كۆمه‌ڵايه‌تييان هه‌يه.
له كۆتاييدا ژنانی نووسه‌ری كورد چاوه‌رِوانی سزادانی تاوانبارانی ئه‌م كاره‌ســاته نائينسانيه و ده‌ركردنی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ به‌رگــری كردن له په‌ره‌پێدانی كوشتنی ژن به بيانووی پاراستنـی شه‌ره‌ف ده‌كه‌ن:

به‌ڕێز سه‌رۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆکی پارله‌مانی كوردستان
به‌ڕێز وه‌زیری رۆشنبيری كوردستان
 به‌ڕێز وه‌زیری دادی كوردستان
 به‌ڕێز وه‌زیری مافی مروڤی كوردستان
 سه‌رجه‌م ده‌زگا رِاگه‌ياندنه‌كان
سه‌رجه‌م رێكخراوه مه‌ده‌نيه‌كان


                    سه‌رۆکی كۆميته‌ی ژنانی نووسه‌ری پێنی كوردی
                                      سيمين چايچی

Jun 22, 2006

به‌یاننامه‌ی پارله‌مانی کردستان سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی"دوعا"و 24ی ئێزیدی دیكه‌

په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی (یه‌كشه‌ممه‌) به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد، له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداریدا له‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌دا له‌لایه‌ن دوژمن و ناحه‌زانه‌وه‌ و داوای له‌سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كان كرد، كه‌ به‌ هوشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:    
   له‌م ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌تی دوای رِووداوی شه‌هیدكردنی خاتوو دوعا له‌گوندی "به‌هزان" ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی "باشیكا" كه‌ زۆر نامرۆییانه‌ به‌پیلانی دوژمنان و به‌ده‌ستی ژماره‌یه‌ك تاوانكار ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ ئه‌نجام درابوو، چه‌ندین لێكدانه‌وه‌و گفتوگۆ له‌ناو چین و تویژه‌كانی كوردستان بلاَوبۆوه‌و زۆر گیرِانه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ش خۆی خزانده‌ نێو جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌ ئامانجی چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و له‌به‌ین بردنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌قامگیریه‌ بی وێنه‌یه‌ی، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ پیاده‌ی ده‌كات، كه‌ هه‌موو دیموكراتیخواز و ئاشتیخوازیكی ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ گه‌واهی ئه‌و راستیه‌ ده‌ده‌ن.
ئیمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێشتر به‌ تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌مان كردوه‌و به‌ كارێكی دوور له‌به‌ها مرۆیی و ئاینیه‌كانمان ناوزه‌دكرد، ئیستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ و كرده‌وه‌ی شه‌هیدكردنی 24 كوردی ئیزیدی و هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی نامرۆیی دژ به‌ هه‌ر كه‌سیك بیت، ئیدانه‌ و مه‌حكوم ده‌كه‌ین كه‌ ئامانجیان به‌ ته‌نها نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌و تێكدانی ره‌وشی ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیانی نیوان كوردی ئێزیدی و كوردی موسوڵمانی كوردستانه‌ و هه‌وڵیكی تری ناحه‌زانه‌ بۆ كۆسپ نانه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان كه‌ شنگال و شێخان و باشیكا و ناوچه‌كانی تری ئێزیدی نشین ده‌گریته‌وه‌.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌ داوا له‌ریزداران زانایانی ئاینی ئیسلامی و ریش سپی و پیاو ماقوڵ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هه‌موو ئازادیخوازیكی ئه‌م كوردستانه‌ ده‌كه‌ین به‌ هوشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه‌ بكه‌ن تاوه‌كوو هیچ جۆره‌ گیره‌ شێوینێك نه‌توانی درز بخاته‌ نێو برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌زاران ساڵه‌ی پیكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌و ئاینزاكانی كوردستان و هه‌موومان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویست به‌رامبه‌ر دوژمنانی ئه‌زموونه‌كه‌مان بوه‌ستینه‌وه‌و كار بۆ ئاوه‌دانكردن و خۆشگوزه‌رانی هاوولاَتیانی كوردستان بكه‌ین، به‌هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌و پیكهاته‌كانیانه‌وه‌.
له‌كوردستان دا هه‌میشه‌ یاسا سه‌روه‌ره‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژ به‌ یاسا و به‌ها مرۆیی و ئاینیه‌كان ده‌جوڵینه‌وه‌و ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه‌، له‌ سزای یاسایی ده‌ربازیان نابێت و به‌سزای خۆیان ده‌گه‌ن.
بژی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایین و پێكهاته‌كانی كوردستان

                                دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی
                      جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
          29/4/2007

Jun 21, 2006

هونه‌ری که‌ریم گیان!!!!!!!!!!!!!


له‌ پڕ دا تووڕه‌ بوو، له‌ پڕ ده‌نگێک بازار ده‌شڵه‌ژێنێ، ئاده‌ی زووکه‌ن کۆیی که‌نه‌وه‌ وا هات، ئه‌م ده‌سفرۆش به‌ویی که‌ییان: ده‌ی زووکه‌ن.. زوو.. ئه‌وا هێنای .. ده‌نگه‌که‌ نزیکتر و نزیکتر ده‌بیته‌‌و ..
 نه‌ یه‌ک جار نه‌ ده‌ییان جار هه‌وره‌ بروسکه‌ دڵی ده‌سفرۆشه‌کان و وه‌رزێڕه‌کان و کڵاش له‌ پێکانی دا‌خورپاند. هه‌ورێکی به‌ په‌له‌ی‌ هێنا،رۆژ رۆژی 7ی پووشپه‌ڕه‌ خه‌ڵکی ئاره‌ق ده‌سڕن، گه‌رمای هاوینه‌ و وه‌رزی ئاو سارد خواردنه‌وه‌......
به‌ڵێ...  باسی ئه‌مرۆ و دوێنێتان بۆده‌که‌م، هه‌ورێکی چڕ ئاسمانی شاریی مه‌ریوانی داگرت، بارانێکی به‌ خووڕ و بێ پشوو بۆ ماوه‌یه‌ک ژیانی خه‌ڵکی شڵه‌ژاند.
له‌ نێو بازاڕدا له‌ ته‌نیشت پیاوێکی به ساڵا چوو دا وه‌ستابووم  باران و لافاو و ئاسمان وخه‌ڵکیمان سه‌یر ده‌کرد که‌ به‌ موباییل فیلمییان هه‌ڵده‌گرت.
ده‌یگووت: "باهه‌ر بڵێین ئه‌مه‌ هه‌وایی به‌حریه‌، با هه‌ر گوو بخۆن هه‌موویی هونه‌ری که‌ریم گیانه"‌(مه‌به‌ستی له‌ که‌ریم خوایه‌)... دوایی ماوه‌یه‌ک بۆڵه‌یه‌کی لێوه‌ده‌هات: "ئه‌وا هه‌ر ده‌مویست یونجه‌که‌م به‌ ده‌زگا بدوورم .. زه‌ره‌ری چاکی لێدایین .. قه‌ینا که‌ریم گیان هه‌ر خۆت باشی لێده‌زانی"!!!!!!!!!!!!

Jun 16, 2006

مان گرتنی مامۆستایان له‌ شاری مه‌ریوان

م دوازدهم اردیبهشت 1386


به‌ بۆنه‌ی رۆژی مامۆستا له‌ ئێران دا؛ مامۆستایانی زۆربه‌ی شاره‌کانی ئێران ده‌ستیان دایه‌ مان گرتنێکی هێمنانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ .

هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ له‌ شاری مه‌ریوانیش مامۆستایان،ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن له به‌رده‌م ئیداره‌ی فیرکردن و بارهێنانی ئه‌م شاره‌ .
ئه‌م مانگرتنه‌ کاتژمێر 9ی سه‌ر له‌به‌یانی ده‌ستی پێکرد تا کاتژمێر 12 درێژه‌ی هه‌بوو .

له ئاکام دا یه‌کێک له مامۆستایان بڕیارنامه‌‌یه‌کی له‌ 13 به‌ندداخۆێنده‌وه‌ که مامۆستایان به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان، پێشوازیان له‌ یه‌ک به‌یه‌کی به‌نده‌کان ده‌کرد .
ئه‌مه‌ش ده‌قه‌ی بڕیارنامه‌که‌: 
  1. ئازادکرانی مامۆستایانی گیراو
  2. ڕاگرتنی بڕیاری ده‌رکردن و دوورخستنه‌وه‌ی مامۆستایان
  3. ڕێگه‌دان بۆ دامه‌زراندنی پێکهێنانی شۆڕایی سینفی مامۆستایان له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
  4. گۆرینی فاکته‌ره‌کان و شێوازی هه‌ڵبژاردنی مامۆستایی نموونه‌
  5. هه‌لبژارده کردنی به‌رپرسان و مودیرانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی
  6. پێکهێنانی بانکی فه‌رهه‌نگیان
  7. کۆتایی هێنان به که‌‌ش و هه‌ای پۆلیسی و ده‌رچوونی هێزه‌کانی ئاسایشی له چوارچێوه‌ی خوێندگا و ئیداره‌
  8. لابردنی قه‌ده‌غه‌یی وتووێژ له‌گه‌ڵ مێدیاکان
  9. تێکه‌ڵ کردنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و زانستی باڵا
  10. به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌می یه‌کگرتوو و هاوشێوه‌ی مووچه
  11. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ندی 13ی یاسایی کێشه‌‌ی ئیداری
  12. ناڕه‌زایه‌تی نیشاندان له‌به‌رانبه‌ر سووکایه‌تی به تاقمێک له هاوکارانی مامۆستا له لایه‌ن کۆمیته‌ی سووته‌مه‌نی شارستانی مه‌ریوان
  13. ئاماده‌بوونی بێ یه‌ک و دووی هاوکارانی مامۆستا له به‌رانبه‌ر پارله‌مانی ئێران له ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 18ی بانه‌مه‌ڕی 
    1386
     

Jun 13, 2006

که‌مپینی جیهانی دژ به‌ ڕه‌شه‌کوژی

که‌مپینی جیهانی دژ به‌ ڕه‌شه‌کوژی
و به‌رده‌باران کردنی ژنان
له‌ کوردستان! 
به‌ردبارانکردنی "دۆعـــا" ئه‌و کچه‌ گه‌نجه‌ی که‌ ته‌نها تاوانی ئه‌وه‌ بوو خۆشه‌ویستی کرد!!
له‌ناوه‌ڕاستی شارۆچکه‌ی به‌عشیقه‌و به‌به‌رچاوی سه‌دان که‌سه‌وه‌، و له‌سه‌ر تاوانی خۆشه‌ویستی"دۆعـــا" تا مردن به‌ردبارانکرا.  

"دۆعـــا"، کچه‌ گه‌نجێکی ته‌مه‌ن 17 ساڵانه‌ بوو ، و له‌ خێزانێکی یه‌زیدییه‌، کاتێک په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ کوڕه‌ موسڵمانێکی عه‌ره‌بدا ئاشکرا ده‌بێت، له‌ رۆژی 7ی مایسی 2007 دا له‌لایه‌ن چه‌ند پیاوێکی یه‌زیدیه‌وه په‌لکێش ده‌کرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی خۆی و له‌ناو کۆمه‌ڵێک له‌ دانیشتوانی شارۆچکه‌ی به‌عشیقه‌ و  به‌ به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتداران و ‌ به‌ هاوکاریی پۆلیسی شارۆچکه‌که‌ تا مردن به‌ردباران ده‌کرێت. ‌

ئاشکرایه‌ که‌ ژنان له‌ کوردستان و له‌ عێراقدا له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌دان و ئه‌و بره‌ مافه‌ ڕوکه‌شیه‌ی که‌ هه‌یانه‌ زۆر سنورداره، و له‌ زۆر بواردا له‌ پاشکۆیه‌تی زیاتر نیه‌.

کوشتن، خۆکوژی و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان بووته‌ نه‌ریتێکی ڕۆژانه‌ له‌هه‌رێمی کوردستاندا،  ئه‌گه‌ر چی له‌م جۆره‌ تاوانانه (به‌ردبارانکردن)‌ له‌ کوردستاندا دیارده‌یه‌کی تازه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ‌ خۆی له‌ خۆیدا دیارده‌یه‌کی ترسناکمان نیشان ده‌دات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌ش و هه‌وای سیاسی و یاسای و کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر له‌باره‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌، بۆ نمونه‌ له‌م تاوانه‌دا ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ک هه‌ر به‌ریان نه‌گرت له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه‌ به‌ڵکو ڕێخۆشکه‌ر و هاوکار بوون ، ته‌نانه‌ت بکوژانی ئه‌م کیژه‌ 17 ساڵانه‌یه‌ تا ئێستاش ئازادن!

حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ نیه‌ یان ناتوانێت ژنان بپارێزێت له‌ چه‌وسانه‌وه‌ به‌ یاسا یان سزادانی تاوانباران، ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ که‌ هه‌زاران ژن به‌ تاوانی " کوشتنی ناموسه‌وه‌ ببنه‌ قوربانی و‌ به‌م پێیه‌ش توندوتیژی له‌دژی ژنان له‌به‌ر ئه‌نجامی ئه‌م کولتوره‌ پاتریاریکی ودینیانه‌وه‌ زیادی کردووه‌.

ئێمه‌ به‌تووندی ئه‌م تاوانه‌ به‌ربه‌ریانه‌یه‌ ڕیسوا ده‌که‌ین و داوا له‌ گشت ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی، ڕێکخراوه‌ ڕامیاری و جه‌ماوه‌ریه‌کانی کوردستان، که‌سایه‌تی و چالاکه‌کانی مافی مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و جیهان ده‌که‌ین ئه‌م تاوانه‌ ڕیسوا بکه‌ن و بێده‌نگ نه‌بن له‌ ئاستیدا.

شه‌رمه‌زاریه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که‌له‌ سه‌ده‌ی بیست ویه‌کدا، به‌رۆژی ڕوناک تاوانی وای تیا ئه‌نجام بدرێت. له‌مه‌ش واوه‌تر ئه‌م تاوانه‌ شه‌رمه‌زاریه‌که‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ناتوانێت ژنان له‌ ده‌ستی ئه‌م کاره‌ نامرۆڤایه‌تی یانه‌دا بپارێزێت.

به‌ردبارانکردنی "دۆعـــا"، پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ کوشتنی ناڕه‌وا و هه‌ڵسوکه‌وتی نامرۆڤایه‌تیانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ کوردستاندا.

ئێمه‌ ده‌سه‌لاتدارانی ئێستای کوردستان به‌ به‌رپرس ده‌زانین له‌و جۆره‌ تاوانانه‌ و خه‌مساردی ده‌سه‌ڵات ڕێ خۆشکه‌ره‌ بۆ دوباره‌بونه‌وه‌یان، پاراستنی ژیانی ئافره‌تانی کوردستان له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستاندایه‌ و پێویسته‌ یاسای تایبه‌ت هه‌بێت بۆ پاراستنی سه‌رجه‌م مافه‌کانی ئافره‌ت له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا.

ئێمه‌ ئیمزاکه‌رانی خواره‌وه‌ داوا ده‌که‌ین:
-  پێویسته‌ له‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،‌ تاوانبارانی ئه‌م تاوانه‌ بداته‌ دادگاو به‌سزای خۆیان بگه‌یه‌نرێن.
-  پیویسته‌ له‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یاسای تایبه‌ت دژ به‌ ڕه شه کوژی و و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان دابنێت ، و سزا بۆ تاوانباران دابنێ په یڕه وی لیبکر‌ێت.

- بۆ ڕێگرتن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌ به‌ربه‌ریانه‌یه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا، پێویسته سزا به دژ ی  تاوانی‌ به‌ردبارانکردن دابنریێت.


- هۆزان محمود، نوێنه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ڕێکخراوی ئازادی ژن و هاوئاهه‌نگکه‌ری که‌مپینه‌که.‌
- ڕێگا ڕؤوف، نوسه‌رو هه‌ڵسوڕاوی مافه‌کانی ژنان و هاوئاهه‌نگکه‌ری که‌مپینه‌که
- یه‌نار محمد، سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژن
- سه‌میره‌ محمد، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ژنانه‌ی "ڕاسان"  له‌ کوردستان
ستيڤان شه‌مزينانی – سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی نێوه‌ند
- ئارام علي، به‌رێوه‌به‌ری سایتی بۆ پێشه‌وه‌
- به‌کر ئه‌حمه‌د "ئاسۆ"، شاعیرو نووسه‌ر
- دلێر کۆڵنه‌ده‌ر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی چاک
- عمر فارس به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی کوردستان نێت
- دینا نامی، که‌مپینی جیهانی دژ به‌ کوشتنی ناموسی
- امل الماس، ده‌سته‌ی ژنانی عێراقی/یۆتۆبۆرگ، سوید
- نوێنه‌رایه‌تی کوردستانی یه‌کێتی شوراو نه‌قابه‌ کرێکارییه‌کان
- چرۆ سابیر، به‌ڕیوه‌به‌ری  ڕێکخراوی "ڕاسان" له‌ کوردستان
هانا شوان ، رۆژنا مه‌نووس و هه‌لسوراو ی مافی ژنان-
- حمزه‌ عبد، مه‌ڵبه‌ندی کولتووری عێراقی له‌شاری یۆتۆبۆرگی سوید




بۆ په‌یوه‌ستبوون به‌م که‌مپینه‌وه‌ یان پیشاندانی هاوپشتیت تکایه‌ په‌یوه‌ندی بکه‌ به‌:

هۆزان محمود         hozan73@yahoo.co.uk
ڕێگا رؤوف              rega_rauf@yahoo.com

بۆ پاڵپشتی و لایه‌نگری له‌م كه‌مپینه‌ تكایه‌ كلیكی ئێره‌ بكه‌و ناوی خۆت تۆمار بکه:

Jun 9, 2006

نامه‌یه‌کی کراوه


بۆ به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود بارزانی!
بۆ ڕۆشنبیرانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و نه‌ترس!
بۆ ته‌واوی ڕێکخراوه‌کانی لایه‌نگری مافی ژنان و مافی ئینسان!
بۆ گشت ئینسانی کورد به هه‌ر دین و ئایین و بێرێک که دژ به
وه‌حشیگه‌ری ڕاده‌وه‌ستێ!

ئه‌گه‌ر ئینسان له پێناو عه‌شقدا شه‌هید نه‌بێ و هاوڕێی ئاشقان نه‌بێ، کوا ده‌توانێ داواکاری مافی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لێکی ئه‌نفالکراو بێ؟
دیتنی کوشتنی کچێکی 17ساڵه له ناوچه‌یه‌کی سه‌ر به موسڵ به ویدئۆ له‌سه‌ر سایته‌کان وه‌ک بۆمه‌له‌رزه سه‌رزه‌مینی ڕوحی هه‌ر ئینسانێکی وه‌فادار به عه‌شق و مێهربانی ده‌له‌رزێنێ. زۆرم بیرکرده‌وه که ئایا ئه‌و نامه‌یه‌ بنوسم یا نا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام به‌و ئاکامه گه‌یشتم که ئه‌گه‌ڕ له ساتێکی وادا وه‌ک ئینسان ده‌نگ هه‌ڵنه‌بڕم، مردنم باشتره.

به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان!
قه‌ت له‌بریم ناچی ساڵی 1991 که له شاری کابۆل بووم،تاڵه‌بانه‌کان ده‌هاتنه ناو شار و به شمشیر سه‌ری خه‌ڵکیان به ڕاوه‌ستان لێده‌دا و جه‌‌سته‌‌ی ئینسانه‌که چه‌ند میتر دوای سه‌رلێدان ده‌ڕۆیشت و تاله‌‌بانه‌کان له ده‌وری ڕاده‌وه‌ستان و پێده‌که‌نین و پێیان ده‌کوت: "رقص مرده"، واته‌ سه‌مای مردوو!

ئه‌و کرداره‌ له موسڵ بێ یان هه‌ر شوێنێکی‌تر عێراق (مادام که‌ ئێستا کورد به‌سه‌ریداسه‌پاوه که به‌شێکه بێ له عێراقی فێدرال) وه‌ک دیارده‌یه‌کی کولتوری کاتێک ده‌یان که‌سی وه‌حشی کۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیاری مه‌رگی ئینسانێک ده‌ده‌ن، چه‌ند پرسی سه‌رکی دێنێته ئارا: سنووری وه‌حشیگه‌رێتی له ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا تاکوێ د‌ڕوا؟ ئایا له‌ناو هه‌‌ر تاکێکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیدا، تاڵه‌بانێک نیه؟ بۆ حکومه‌تی کوردستان و یان عێراق پارێزه‌ری ژیانی ئه‌و کچه‌ نه‌بووه؟ ئه‌و پۆلیسانه‌ی که ئه‌رکی ئه‌مانه‌تداری و ڕاگرتنی ئاسایشی خه‌ڵکیان پێ‌ئه‌سپێردراوه بۆ ئه‌و کچه‌‌یان له ژێر ده‌ستی ئه‌و قاتڵانه ڕزگار نه‌کرد؟
کوشتن و جوانه‌مه‌رگ کردنی دوعا، هه‌وڵ کاره‌سات و ئاخر کاره‌سات نییه. ڕۆژانه به ده‌یان ژن و کچ ده‌کوژڕێن و خۆده‌سوتێنن و له هه‌ر چوار پاڕچه‌ی کوردستان ژنان هه‌وه‌ڵ که‌سانێکن که مافیان له‌ ژێر پێ‌ده‌ندرێ. ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالار و دواکه‌وتوو بۆ دووباره‌ به‌ڕهه‌مهێنانی خۆی به‌رده‌وام په‌لاماری ژنان ده‌دا و پێ له هه‌موو یاساکان ده‌نێ. به‌ڵام داخه‌که‌م ئه‌م جاره‌یان شێوه‌ی کوشتنه‌که‌، ته‌نیا قه‌ره له‌ قه‌ره‌ی سه‌نگساره‌کانی ڕژیمی جمهوری ئیسلامی ده‌دا و ئه‌و دیمه‌نانه‌ ته‌نیا له ناو تاڵه‌بانه‌‌کاندا ده‌بیندرێ.
دیتنی ئه‌و کاره‌ساته له موسڵ بێ یان له هه‌ر شوێنێکی‌تری عێڕاق،  ده‌بێ حکومه‌تی کوردی هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر بگرێ. به‌ بلۆک و به‌رد و شه‌ق له جه‌سته‌ و سه‌ری ئینسانێک دان و ئه‌نجن ئه‌نجکردنی، هه‌مووی قاره‌مانێتی ئه‌و پیاوانه‌یه که که‌سایه‌تی خۆیان له کوشتنی ئه‌و منداڵه‌‌ بێده‌ره‌تانه‌ دا ده‌بینن. ئه‌و به ناو قاره‌مانه که‌له‌پوکانه له بیریان ده‌چێ که دوعا به پێی قانونی وڵاتانی پێشکه‌وتوو منداڵه‌ و خۆ ئه‌گه‌ر منداڵیش نه‌با هه‌ر جنایه‌ته که ده‌رهه‌قی ئه‌نجام درا. ئه‌و پیاوه‌ به درۆ قاره‌مان و به‌شه‌ڕه‌فانه، هه‌موو شه‌ڕه‌فی خۆیان له کوشتنی ئینسانێک دا ده‌بینن که پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌ گه‌ڵ که‌سێک بووه که هاوئایینی عه‌شیره‌که‌ی نه‌بووه، به‌ڵام نا زۆر به هه‌ڵه‌دا ده‌چین ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و کاره‌ساته ته‌نیا له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی نێوان دین و عه‌شیره‌ته‌کان دا ببینین. کوشتنی ژنان له ناو هه‌موو ئاینه‌کان و قه‌ومه‌کان دا ده‌بیندرێ و ناکرێ ئه‌مه به ئایین و گرووپێک ببه‌ستینه‌وه. ئه‌و دیارده‌یه بۆ وێنه‌ له ناو ئیسلامیه‌کان، زه‌رده‌شتیه‌کان، مه‌سیحیه‌کان و هیندیه‌کان، کورد، عه‌ره‌ب، تورک، فارس و هه‌مووی ناوچه‌ی ڕۆژ‌‌‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت ئیسپانیاو ئیتالیا ده‌بیندرێ. جه‌سته‌ی ژن ئه‌و سه‌نته‌ره‌یه که ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالار تێیدا خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه و به وه‌حشیه‌تی خۆی ئینسانه‌کان ده‌ترسێنی و کۆنترۆلی روح و جه‌سته‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگا ده‌کا.

به‌ڕێزم!
پرسیار ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد بۆ گۆڕانی نۆڕم و نه‌ریته‌کان تا کوێ پشتیوانی له ژنان ده‌کا ؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێ ده‌سته‌وه‌ستان ڕاوه‌ستێ و چاولێکه‌ری حوکمه‌کانی عه‌شیره‌‌کان بێ؟ ڕاسته گۆڕانی نۆڕمه‌کانی کۆمه‌ڵگا، کات و پلانی ده‌یان ساڵه‌ی ده‌وێ، به‌ڵام ڕۆڵی به ناو ڕۆشنبیران و حکومه‌ت ئه‌گه‌ر پاراستنی مافی ئینسانێکی 17 ساله‌ نه‌بێ، ئه‌دی ده‌بێ چی‌بێ؟ ده‌شزانین که گرفتی نێوان ئاینه‌کان و عه‌‌‌شیره‌کان، گرفتێکی ده‌سه‌ڵاتی کوردیشه، به‌ڵام ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، پاراستنی یاسا‌ و دابینکردنی مافی ئینسانه‌کانه، سه‌ره‌ڕای هه‌ر جۆره بیرو ئایینێک و ئه‌وه‌ش ده‌بێ له‌سه‌ره‌وه‌ی یاسای خێڵ و عه‌شیره‌کان‌ بێ.
به‌داخه‌وه نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ که زۆر پیاوی ناو دام و ده‌زگای سیاسه‌تی کوردی و ناو حیزبه‌کان خۆیان هه‌وه‌ڵ که‌سانن که ڕۆژانه پێ له مافه‌کانی ژنان ده‌نێن. که‌م نین ئه‌و پیاوانه‌ی که له ناو خۆدی حیزبه‌کان چه‌ند ژنیان هه‌یه و ژن بۆ ئه‌وان له ته‌نیا که‌ره‌سته‌یه‌کی سکسی زیاتر نییه.

به‌رێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان!
من به حه‌ق پێموایه ناسیونالیزمی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان له سه‌ر شانی ژنی کورد هه‌ڵگیراوه‌ (به هه‌ر ئاینێک که په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن به ئه‌یزیدی، ئیسلام، مه‌سیحی و زه‌رده‌شتی ...) و ژنی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان ته‌نیا یاریده‌ده‌ری شۆڕشی کورد نه‌بووه، به‌ڵکو ‌به‌ردی بناخه‌ی ئه‌و خه‌‌باته‌ بووه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی کورد، هه‌ر بۆیه ده‌بێ هه‌موو ژنانی کورد به هه‌ر ئایینێک که هه‌یانه مافیان له کوردستان بپارێزدرێت.
ناخوازم هه‌موو خه‌تاکان بخه‌مه سه‌ر حکومه‌ت چونکه کۆبوونه‌وه‌ی ده‌یان ئینسانی بێ هه‌ستی نه‌زان و که‌له‌پووک که به به‌رد و شه‌ق له‌ سه‌ری کچێکی 17ساڵه‌‌ ده‌ده‌ن دیارده‌یه‌کی کولتوریه که‌ ده‌بێ ده‌یان ساڵ کاری بناخه‌یی و سیستیماتیکی بۆ بکه‌رێت تا بنه‌بڕ بێ، به‌ڵام ڕۆڵی ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌کانی ده‌توانێ خاڵێ وه‌رسووڕان و یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و کولتوره.

له‌وه زیاتر کاتی به‌ڕێزتان ناگرم و پێموایه هیچ باسێکی تێئوریکیش له‌و ساته‌دا به‌ده‌ردناخوا، که مه‌ڕگێکی له‌م چه‌شنه هه‌موو تێئورێک ده‌خاته‌ ژێر ڕکێف و ئینسان ده‌حه‌به‌سێ. ته‌نیا وه‌ک نووسه‌رێکی کوردێک و لایه‌نگرێکی مافی ژنان له وڵاتی غه‌ریب‌ڕا، له جه‌نابت وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان داوی هه‌ڵوێست ده‌که‌م. هه‌روه‌ها داوای پرسینه‌وه‌ی له ئاسایشی موسڵ و سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م که ئه‌و جنایه‌ته‌یان خۆڵقاندووه گه‌رچی ده‌زانم کاتێکی ئه‌سته‌مه و زۆر ده‌ستی نه‌دیار ده‌خوازێ کوردستان بشێوێنێ و هێزه‌کانی تێرۆریستیش په‌ره‌ به‌م کردارانه‌ ده‌ده‌ن. بڕیاری هۆشمه‌ندانه‌ی به‌ڕێزت و پشتیوانی ئێوه له مافه‌کانی ژنان ده‌توانێ پێشی کاره‌ساتی‌تر بگری.
له ئاخردا به‌ دوعای جوانه‌مه‌ره‌‌گ ده‌ڵێم ئارام بخه‌وه کچم، به‌ڵکو شه‌هیدبوونی تۆی ئازیز، گیانی هه‌زاران کچی‌تر نه‌جات بدا. خه‌وی خێرت بێ کچم.
هه‌روه‌ها داوا له هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی ئینساندۆست، پاڕڵمانی کوردستان و ته‌واوی دام و ده‌زگای کوردی و ڕۆشنبیران ده‌که‌م که پشتی ئه‌و نامه‌یه‌ بگرن بۆ دانانی یاسایه‌ک که پێشی کرداری ناشایستی له‌و چه‌شنه له ژێر ناوی ئایین و دین و عه‌شیره بگیردرێت.

وێڕای سپاس و ڕ
ێزم
شه‌هلا ده‌باغی، ستۆکۆڵم 24 ئاپریل 2007
Shahld2004@yahoo.se

منیش له‌ سه‌ر شه‌هید کردنه‌که‌ى (دوعا) قسه‌م هه‌یه‌

د. ف.م.گوڵپی
له‌ سه‌رده‌مى خه‌باتى چه‌کداریدا، براده‌رێکى پێشمه‌رگه‌م هه‌بوو، ئه‌ندامى کومه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى کوردستان بوو وخۆى به‌ مارکسیستێه‌کى ته‌واو ده‌زانى، ئه‌یوت من له‌ تێروانینمدا له‌ سه‌ر هه‌موو چه‌مک و دیارده‌کان مارکسیم، به‌ڵام ده‌رباره‌ى کێشه‌ى ماف و ئازادى ژن مارکسى نیم. ئه‌و براده‌ره‌ى من کادرێکى ناسراوى ئه‌و کاته‌ و ئێسته‌ى(ینک)ه‌، پیاوێکى دڵسۆز و ساده‌یه‌، له‌ دڵسۆزى و ساده‌یى خۆیه‌وه‌ ناخى خۆى بۆ من و بۆ براده‌رانى تر واڵا ده‌کرد. له‌و کاته‌وه‌ زۆر قسه‌ هه‌ن له‌ بیرچوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ى ئه‌و براده‌ره‌م له‌ بیرنه‌کردووه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ بۆیه‌ هێنده‌ کاریگه‌رى له‌ سه‌رم دانا،  پێم وابوو ئه‌وه‌ى ئه‌و باسى کردووه‌ راستیه‌که‌ و دیارده‌یه‌کى گشتیه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ کام له‌ حزبه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ زهنیه‌ت و پراکتێکى ئه‌ندام و کادره‌کانى خۆیان ده‌رباره‌ى کێشه‌ى ژن بگۆڕن، ئه‌گه‌ر چى حزبه‌ کوردستانیه‌کان به‌ لێدوان و به‌ نوسین خۆیان به‌ پێشکه‌وتوخواز و ئازاد و دیموکرات ناساندووه‌، به‌ڵام به‌ پراکتیکى کاتێک کێشه‌یه‌کى کومه‌ڵایه‌تى-ره‌گه‌زیان به‌روه‌روبۆته‌وه‌، وه‌ک سه‌رۆک خێڵ و مه‌لا و قه‌شه‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌. بۆیه‌ له‌ راستیدا ته‌نها ئه‌و براده‌ره‌ى من بۆچونى له‌ سه‌ر کێشه‌ى ژن وانه‌بوو، به‌ڵکوو ئه‌ندام و کادر و سه‌رکرده‌کانى حزبه‌ مارکسى و کولکه‌ مارکسیه‌کانى ئه‌و کات و ئه‌مرۆش، ئه‌ندام و کادر و سه‌رکرده‌کانى حزبه‌ کۆلکه‌ علمانى و دیموکراته‌کانى ئه‌مرۆش، هه‌ر وه‌ک ئه‌و براده‌ره‌ى من له‌ سه‌ر بابه‌تى ماف و ئازادى ژن بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و بریار ئه‌ده‌ن و هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، به‌ڵام جیاوازى نێوان ئه‌و براده‌ره‌ى من و ئه‌وانى تر(کادر ..) ئه‌وه‌یه‌، براده‌ره‌که‌م مرۆڤێکى ساده‌یه‌ و دڵى بىَ گرێیه‌ و هه‌ر تێروانینێکى هه‌بێت لاى دۆسته‌کانى باسى ده‌کات، ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ش به‌ درکاندنى راستیه‌کان سوود به‌ خۆیان و به‌ کومه‌ڵگاکه‌یان ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌ندام و کادرو به‌رپرسه‌کانى ترى حزب و ئه‌ده‌بیاتى حزب، که‌سانى ساده‌ نین و دڵیان چه‌ندان گرێکوێره‌ى تێدایه‌، ناخیان بۆ که‌س واڵا ناکه‌ن و له‌گه‌ڵ کومه‌ڵگاکانى خۆشیاندا کراوه‌ نین، نه‌ک هه‌ر سوودیان بۆ خۆیان و کومه‌ڵگاکه‌یان نیه‌، به‌ڵکوو به‌رده‌وام کێشه‌ کومه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌روه‌ ئاسته‌نگى و بنبه‌ست بوون ده‌به‌ن.

 مه‌به‌ستم له‌ هێنانه‌وه‌ى ئه‌م یاده‌وه‌ریه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌ نێوان قسه‌کانى ساڵانى هه‌شتاکانى ئه‌و براده‌ره‌م و شه‌هیکردنى ساڵانى دوو هه‌زاره‌کانى (دوعا)دا درووست بکه‌م. ئه‌گه‌ر چى وا خه‌ریکه‌ نزیکه‌ى بیست و دوو ساڵ به‌سه‌ر قسه‌ى براده‌ره‌که‌مدا تێپه‌ڕده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ شه‌هیدکردنى !! ئه‌و کچه‌ بىَ تاوانه‌دا بینیم، ئه‌وه‌ نیشانده‌دات که‌ به‌رپرسانى حزبه‌ دیموکرات و سوسیاڵ دیموکراته‌کان، به‌رپرسه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و رێکخراوه‌کانى کومه‌ڵگاى مه‌ده‌نى، به‌رپرسه‌کانى رێکخراوه‌کانى داکۆکیکه‌رى ماف و ئازادى ژن، هه‌ر هه‌موویان ده‌رباره‌ى چه‌مک و دیارده‌ سیاسى و کومه‌ڵایه‌تی و ره‌گه‌زیه‌کان!!(جه‌نده‌ریه‌کان!!) خۆیان به‌ دیموکرات و پێشکه‌وتوخواز ده‌زانن، به‌ڵام ده‌رباره‌ى ماف و ئازادى ژن هه‌ر هه‌موویان تا ئه‌مرۆش وه‌ک ئه‌وکاته‌ى براده‌ره‌که‌ى من وان(له‌ هه‌موو شتێکدا مارکسین بێجگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى ژندا)، له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازیدا که‌ ئه‌وان تا ئه‌مرۆش هێنده‌ى ئه‌وکاته‌ى براده‌ره‌که‌ى من ئازا و دڵپاک نین تا بتوانن بڕوا و هه‌ڵوێستى خۆیان له‌ سه‌ر چه‌مکى ئازادى ژن ئاشکرا بکه‌ن. هه‌ڵسووکه‌وتى وه‌حشیانه‌ى خێل و ئایین له‌گه‌ڵ دوعا، پشتیوانى ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسووکه‌وتانه‌، ده‌مامکى ڕووى کۆنه‌په‌رستانه‌ى به‌رپرسانى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و دادوه‌رى وحزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانى داماڵى و پێى وتن، له‌ سه‌ر بابه‌تى ماف و ئازادیه‌کانى ژنان ئێوه‌ هه‌ڵگرى چه‌مکى ئازادى و دیموکراتى نین، شه‌هیدکردنى دوعا پێی وتن له‌ سه‌ر ماف و ئازادى ژن، تێڕوانینتان وه‌ک تێروانینى راهیبه‌کانى سۆمه‌ر و سه‌ره‌ک خێڵه‌کانى بیابانى عه‌ره‌ب و رابه‌رانى ئاینه‌ تاک خوداییه‌کان وایه‌ .