May 15, 2006

چه‌ند به‌ندێک له سه‌ر بابه‌تێکی ئه‌حمه‌د شه‌ریفی له‌ سیروان دا


له‌ ژماره‌ی430ی رۆژنامه‌ی سیروان دا که‌ ئه‌م حه‌وته‌یه‌ ده‌ر چووه‌ ؛  بابه‌تێک به ناوی "که‌ناڵه‌ هه‌وایه‌‌کانی تلویزیۆن و به‌ره‌ی نۆی و داهاتووی کورد"  له‌ نووسینی "ئه‌حمه‌د شه‌ریفی" بڵاو کراه‌وته‌وه .‌
که گوایه‌ "ئه‌م کاناڵانه‌ له جیاتی فه‌رهه‌نگ سازی و په‌ره‌دان و راگرتن و رێز له فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و مۆسیقا،جلک و پۆشاک،داب و نه‌ریت و که‌له‌پووری کوردی،زۆرتر به داخه‌وه‌ روویان له لاسایی کردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ هه‌نده‌ری هه‌یه‌".

چه‌ند به‌ندێک وه‌ک تێبینی و ره‌خنه‌ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌نووسم :
  1. پێش هه‌موو شتێک حه‌وتوونامه‌ی "سیروان" که‌ 430 ژماره‌ی ده‌رچوه‌ وه‌ک سیروانی ساڵانی پێش نه‌ماوه‌‌ که‌ پڕ بوو له‌ بابه‌ت و نووسراوه‌ی باش باش. ته‌نانه‌ت بۆ یادی به‌رز و پیرۆزی ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی که 109 ساڵی تێپه‌ڕاندوه‌،پیرۆزباییه‌کی وشک و خاڵیشیان دانه‌ناوه‌ .
  2. نووسه‌ر له سه‌ره‌تای بابه‌ته‌که‌دا کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ناوه‌ته‌ ژێر چه‌پۆکی خێڵاتی بوون و ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که‌ ته‌نانه‌ت شاره‌کانی ‌ بێ سه‌وادن یان کوردی نه‌زانن. نازانم له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌،و ئه‌م ئامار و سه‌رژمێریانه‌ی که‌ ئاماژه‌ی پێ‌ داوه‌ له‌وانه‌یه‌ هی ساڵه‌کانی هه‌شتاکانی زایینی بێت که‌ ده‌ڵێت "وڵاتی ئامریکا 3 کاناڵی هه‌وایی هه‌یه‌ ". چوونکا ئه‌و کتێبه‌یی که‌ وه‌ک سه‌ر چاوه‌ی ئه‌م ئامارانه‌ که‌ڵکی لێ وه‌ر گرتووه‌ ؛ساڵی 78ی هه‌تاوی یانێ 8 ساڵ پێش ئیستا له چاپ دراوه‌.و که‌س نازانێت نووسه‌ره‌که‌ی چه‌ند ساڵ پێش ئه‌و ساڵه‌یی که‌ به فارسی له‌ چاپ دراوه‌‌، نووسیبێتی .
  3. نووسه‌ر خۆیی به‌ لایه‌نگری که‌له‌پوور و زمانی کوردی ده‌زانێت که‌چی له‌ نووسراوه‌که‌ی دا راسته‌وخۆ ده‌یان وشه‌ی بیانی و ده‌ره‌کی هێناوه‌. وه‌ک "رسانه،دیداری،شنیداری،فراگیر،برنامه‌ریزی،بی بندوباری، هدف،...... هتد".
  4. له به‌شێکی دیکه‌ی نووسراوه‌که‌دا ئه‌م ره‌سته‌یه‌ نووسراوه " ئه‌گه‌ر به‌شی خه‌به‌ر و ده‌نگووباس و وتووێژان له‌وان کاناڵان وه‌لانرێن ئایا چی یان ده‌مێنێته‌وه‌؟" .... ئه‌گه‌ر سه‌یری کاناڵه‌کان بکه‌ین بێجگه‌ له‌ کاناڵه‌ عه‌یب و شووره‌یه‌کان کام کاناڵ به‌شی هه‌واڵ و ده‌نگووباس و وتوووێژیان نیه‌ . ئیستا بڵێین ئه‌وانه‌ "ده‌ره‌کین و بێگانه‌ن" خۆ ئه‌م کاناڵانه‌ی ئێرانیش هه‌ر نیو کات ژمێر یان هه‌ر چه‌ند کاتژمێرێک ده‌نگ و باس و وتوێژ یان گریان فرمێسکێک ده‌که‌ن به‌ قوڕگی خه‌ڵکی دا. نازانم شین و گریان له که‌له‌پووری کام نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی دایه‌....
  5. به‌شێکی دیکه‌ی بابه‌ته‌که‌‌ باسی "فه‌رهه‌نگی خۆیان " ده‌کات و ده‌ڵێت "زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان به زۆربه‌ی زمانه‌کان به‌ سه‌رانسه‌ری دونیا راده‌گه‌یه‌نن و هه‌ر چی بڵاویده‌که‌نه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی فه‌رهه‌نگ و داب ونه‌ریتی خۆیانه و به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌ڕیزی تایبه‌ته‌".  ‌ من که تێناگه‌م ‌ مه‌به‌ستی له‌ "فه‌رهه‌نگی خۆیان" کام "خۆیانه‌". (له‌وانه‌یه‌ نووسه‌ر خۆیی به فارس بزانێت!!!!!!!!!!) یان ده‌ڵێت"زۆربه‌ی زمانه‌کان". بێجگه‌ له فارسی و عه‌ربی و توورکی که‌ زمانی داگیرکه‌رانی کوردستانن و دایان سه‌پاندووه‌ به سه‌رمان دا به کام زمانی تر به‌رنامه‌ یان هه‌واڵ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ .
6.     به‌شێکی دیکه‌ی بابه‌ته‌که‌ی ته‌رخانی کردوه‌ به ره‌خنه‌ له‌ کلیپه‌ کوردیه‌کان که گوایه‌ سینگ و مه‌مکی رووت و لاق و رانی قووت تێکه‌ل به گۆرانیه‌کان کراوه‌ و ئه‌مانه‌ به لاسایی کردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی بێ سه‌رو به‌ری بێ به‌ندووباری داده‌نێ !!!!!!!!!!!!! به‌ڵام ئه‌م ئازیزه‌ وا ده‌زانێ،کورد له باقی نه‌ته‌وه‌کانی دونیا جیاوازتره‌ و له به‌هه‌شته‌وه‌ هاتوه‌ و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ له جه‌هه‌نه‌مه‌وه‌ هاتوۆن !!!!!!!! جا خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ک له کلیپه‌کانیش دا نه‌بێ ئه‌وا لاوان په‌نا ده‌به‌نه‌ کاناڵه‌ عه‌ره‌بی و توورکیه‌کان و سه‌یری پاو پووزی رووت و کوڵمی نه‌خشاو ده‌که‌ن. ئه‌م جاره‌یان ئیتر وشه‌ کوردیه‌کان و سیا چه‌مانێ و لاوک و حه‌یرانه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌تیو تر ده‌بن.
7.     نووسه‌ر له په‌راوێزی بابه‌ته‌که‌ دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که "ناوی 1000ده‌سگاو مه‌قاماتی کوردی و... نزیک 200 به‌یت به زاراوه‌ گه‌لی جور به‌ جوری کوردی هه‌یه‌ ".  باشه‌ ئه‌ی جه‌نابی شه‌ریفی بۆ خۆتان ده‌ست به‌ بڵاوکردنی ئه‌م که‌له‌پووره‌ی کوردیه‌ ناکه‌ن و ئه‌م شتانه‌تان لای خۆتان به‌ند کردوه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌ ته‌مایی ته‌له‌فیزیۆنی سنه‌ یان کرماشان بیت که‌ پێشتر رادیۆکانی ئه‌م ناوه‌ندانه‌ ببوه‌ ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌ویی گۆرانیه‌کانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک . 

له ئاکام دا ده‌بێ بڵێم که هه‌ر چه‌نده‌ کاناڵه‌ئاسمانیه‌ کوردیه‌کان بی ره‌خنه‌ نین. و ئه‌وانیش زۆرتر له خزمه‌تی به‌ر‌ژه‌وه‌ندی حیزبی دان، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی کورد.
ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی وه‌لانێن کێ پاره‌ی ئه‌م کاناڵانه‌ دابین ده‌کات. له وانه‌یه‌ بڵێت خه‌ڵکی هه‌ژار و بێ ده‌ره‌تان و خێڵاتی .
جا ئه‌گه‌ر کورد حیزبایه‌تی نه‌کردایه‌ و ئیشی نه‌ته‌وه‌یی بکردایه‌ خۆ ئه‌مه‌ بار و دۆخی نه‌‌ئه‌بوو.  

May 9, 2006

داوای لێبوردن


 :
له ته‌واوی خوێنه‌رانی ئازیزی په‌یـڤ که له ماوه‌ی پشووی نه‌ورۆز دا ده‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌ ،و ده‌ست خاڵی ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ داوای لێبوردن ده‌که‌م .
بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ له‌ گه‌ل که‌ژان و ژیلوان خه‌ریکی پشوو و گه‌ڕان و سه‌فه‌ر بووین. ئه‌ڵبه‌ت له‌ بیرم نه‌چووه‌ که‌ پیرۆزبایی ساڵی نوێ بکه‌م له هه‌ڤاڵانی په‌یڤ . به‌ڵام چوونکا له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ پیرۆزبایی نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ !!!!!! ئیتر با له‌م دونیا جیاوازه‌دا ، که جیاوازیه‌کی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ل دونیای ده‌ره‌وه‌ . با لانی که‌م له‌گه‌ل خۆم و هاوڕێیانم درۆ نه‌که‌م و پیرۆزباییه‌کیان لێ بکه‌م ، که له ناخی دڵمه‌وه‌ نایه‌ت .

تاکوو ئه‌م کورده‌ ره‌نجه‌ڕۆیه‌ ژێر چه‌پۆک بێت و تاکاتێ نه‌زانم جیاوازی ئه‌مساڵ و پار و ساڵی داهاتوومان چیه‌ . قه‌د به مێشک و هه‌ستم دا نایه‌ت که پیرۆزباییه‌کی وشک و خاڵیش؛ ته‌نانه‌ت له‌ خۆیشم بکه‌م .

Apr 29, 2006

به‌فر و باران ئیراده‌ی خه‌ڵک پووچه‌ڵ ناکات .


گـه‌لێ گـریاوه‌ شارێ بۆ مـه‌زارێ
ئه‌بێ شینی چلۆن بێ مه‌رگی شارێ
 
له ساڵیادی کیمیا باران کردنی هه‌ڵه‌بجه‌ دا ئه‌مرۆ هه‌ینی 16ی مارس رێکه‌وتی 25ی ره‌شه‌مه‌ی 2706ی کوردی له شاری مه‌ریوان رێپێوانێکی هێمنانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و خۆشه‌ ویستی به‌رانبه‌ر به‌ شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی خوێناوی‌ به‌رێوه‌ چوو .
ئه‌م رێپێوانه‌ که‌ له‌ کاتژمێر 11:31 ‌به‌کاتی هه‌ڵه‌بجه‌ یانێ کاتی کیمیاباران کردنه‌که‌ی ساڵی 1988 له سه‌ر به‌ربه‌ستی ئاوه‌که‌ی زرێبار به گرتنی یه‌ک خولوک بێده‌نگی ده‌ستی پێ کرد ، و تا به‌رانبه‌ر زانکۆی مه‌ریوان درێژه‌ی هه‌بوو . ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م رێپێوانه‌ له لایه‌ن هیچ رێکخراوه‌ یان که‌سانێکه‌وه‌ رێک نه‌خرابوو . به‌ڵكوو به‌ ئیراده‌ی پڕ له هه‌ست و مروڤ دوستانه‌ی به‌شداربوون به‌ڕیوه‌ چوو . بۆیه‌ به‌شداربوون توانیان رێگای چوار کیلومه‌تری له ژێر به‌فر و بارانێکی زستانه‌دا ببڕن .

چرکه‌ساته‌کانی ماڵاوایی کۆچ و غه‌در



شانزه‌ی مارسی هه‌موو ساڵێک رێکه‌وته‌ له‌گه‌ل کیمیاباران کردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ . ساڵی 1988 و 89 ناخۆشترین ساڵانێک بوون که له مێژووی کورد دا خۆی ده‌رخستووه‌ و له دڵی هه‌مووکوردان دا تامی ئازارێکی خنکێنه‌ره‌ری‌ له گه‌ل خۆیی هێناوه‌ . لووتکه‌ی جه‌نایه‌تی عه‌ره‌به‌ پێ په‌تیه‌کان بوو که له درێژه‌ی شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال دا ده‌یان کرد . به ته‌واوی کوردستان زریکاندی .
 لا‌یه‌نگرانی ماڤی مرۆڤ ئه‌و ده‌م و ته‌نانه‌ت ئیستاش چاویان کوێر بوو بوو ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ورچێک له دوورترین شوێنی ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا له ئه‌فریقا بێت یان له‌ نیوزیلند نه‌خۆش بکه‌ویت ته‌واوی ئاژانسه‌کانی راگه‌یاندن به کامێراوه‌ له سه‌ری ئاماده‌ن و ده‌قه‌ به ده‌قه‌ی بارودۆخه‌که‌ی ورچه‌که‌ به دونیا راده‌گه‌یه‌نن به‌ڵام پێنج هه‌زار مرۆڤ له ژن و منداڵ و ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵه‌کانی کوردستان له چرکه‌ ساتێک دا خه‌ڵتان خۆێن ده‌کرێن که‌چی که‌س نه‌یگووت ئه‌وه‌ کوردان بۆ به‌هار ناکه‌ن . ته‌واوی زل هێزانی جیهان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له 40میلیون مرۆڤ دا نابینن  وا دیاره‌ جوغرافیای ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی  40میلیون که‌سیه‌ بۆ زل هێزان له ئاستێکی خواردایه‌ که به‌و جۆره‌ چاو له‌و جینایه‌ته‌ ژینوسایده‌ ده‌نووقێنن .
له‌و رۆژه‌دا ، له‌و برینه‌دا ، گه‌ڵاکان رژان فرمێسکه‌کان قه‌تیس مان ، کۆچ و غه‌در له یه‌ک سات دا هاتن پێنج هه‌زار که‌س بوون به قوربانی سیاسه‌ته‌ شووینیسته‌کانی عه‌ره‌به‌داگیرکه‌ره‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی دراوسێکان .


زامی ‌هه‌له‌بجه‌ ، بۆ کوردان ته‌نانه‌ت به سێداره‌دانی سه‌دام ساڕێژ نه‌بووه‌!!!! چوونکا ئه‌م سێداره‌دانه به‌س له سه‌ر دوجه‌ییل بو . و سه‌دامیش له‌گه‌ل خۆیی کۆڵێک نهێنی برده‌ ژێر خاکه‌وه‌ .  

هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌ فه‌رهه‌نگێگ که هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان وه‌ک ئازارێک سه‌یری ده‌که‌ن. ئه‌م کاره‌ساته‌ دژه‌ مرۆڤایه‌تیه‌ له بیر و هزر و هه‌ستی شاعیران و هونه‌رمه‌ندان و مێژوونووسانی کورد دا سه‌دان له‌ته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی خوێناوی‌ ، سه‌دان فرمێسک و ئازار و ژانی لێ که‌وتووه‌ته‌وه‌ .
هه‌ناسه‌ی کۆچ و غه‌دری سه‌ده‌ی بیسته‌م ته‌نانه‌ت  دوابه‌دوای تێپه‌ڕبوونی 16 ساڵ به‌ سه‌ر نیمچه‌ خودموختاری و نیمچه‌ فیدڕاڵیه‌که‌ی باشووری کوردستان قوڵایی زامه‌ بڕوا پێ نه‌کراوه‌کانی کولانده‌وه‌‌ ؛ که خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵی پار مۆنۆمێنتی یادواره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان ئاگر تێبه‌ردا . ئاگر تێبه‌ردانی ئه‌م مۆنۆمێنته‌ له لایه‌ن گرووپێکی هه‌ڵخڕاو یان خه‌ڵکی تووڕه‌ به ده‌ستی گه‌نده‌ڵی ئیداریه‌وه‌ چرکه‌ساته‌کانی ماڵاوایی کۆچ و غه‌دری هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌کرده‌وه‌ .    

Apr 25, 2006

که‌ره‌که‌ مه‌مره‌ به‌هاره‌ ......


ئه‌مڕۆ له شاری مه‌ریوان بڕیار وه‌ها بوو که له زانکۆی په‌یام نووری ئه‌م شاره‌دا ؛ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی زگماکیه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ساز بکرێت . ( هه‌ر چه‌نده‌ له ماوه‌که‌ی خۆیی یه‌عنی رۆژی جیهانی زمانی زگماکی ماوه‌یه‌ک تێ په‌ڕ بووه‌ ) . به‌ڵام ئه‌م جاره‌ش به‌ڵێنه‌ هیچ و پووچه‌کانی کاربه‌ده‌ستان گوڵی کرد  .
کاتێ که میوانان له دوور و نزیکه‌وه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ پێش زانکۆ به‌ ده‌رگایه‌کی داخراوو رووبه‌ڕوو ده‌بوونه‌وه‌ ، و ده‌بایه‌ یه‌که‌ یه‌که‌ له‌ پشت دیواره‌که‌وه‌ بچوونایه‌ته‌ ناو حه‌وشه‌که‌وه‌ .
دواتر زانیمان که کاربه‌ده‌ستانی زانکۆ خوێندکارانیان ترساندوه‌ که ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆبوونه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن ؛ ئه‌وا پۆلیسی فریا که‌ووتن (110) تان بۆ بانگ ده‌که‌ن .

                                                        *     *     *
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ که 8 ی مارس رۆژی جیهانی ژنانه !! خوێندکارانی زانکۆ  هه‌وڵیان دا که بۆ رێز گرتن له پله‌ و پایه‌ی ژنان کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ساز بکه‌ن که‌چی زۆر ماقووڵانه‌ جوابیان کردون !!!!!! که ئه‌گه‌ر خوا رێکی خست ئه‌وا به‌هار له یه‌که‌م مانگی دا ده‌تووانن کۆبوونه‌وه‌که‌تان ساز بکه‌ن .
ده‌ی کورد ناهه‌قیه‌ بڵێت : (که‌ره‌که‌ مه‌مره‌ به‌هاره‌        چووزه‌ی که‌ما دیاره‌) 

Apr 19, 2006

ئاخۆ که‌سێک بێت...


 

ئاخۆ که‌سێک بێت...
یارمه‌تیم بدات ئه‌م به‌رده‌ی ژێرم بۆ لا ببات ...

Apr 14, 2006

له خوا به‌زیاد بێ !!!!!!!


رۆژانه ده‌یان هه‌واڵی ناخۆش و دڵته‌زێن کاریگه‌ری راسته‌وخۆ ده‌کات له‌ سه‌ر باری ده‌روونی خه‌ڵکی ئێران . تا راده‌یه‌ک که زۆربه‌ی خه‌ڵکی له‌ دڵه‌راوکێ و خمۆکی دا ژیان ده‌به‌نه‌ سه‌ر .
چاو له‌م هه‌واڵانه‌ بگره‌ . به‌م بارودۆخه‌ خۆشه‌ وه‌ که له تاریف کردن نایه‌ .

* رێكخراوی كوردی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ئێران ئاشكرایكرد، به‌رپرسانی وڵات‌ به‌ناوی پرۆسه‌ی "پاكسازی "له‌ده‌زگا حكومییه‌كاندا، بڕیاریانداوه‌ 1510 مامۆستای كورد له‌سه‌ركاره‌كانیان لابه‌رن.
رۆژنامه‌ی "ئیعتیمادی میللی" چاپی تاران بڵاویكرده‌وه‌، رێكخراوی كوردی مافه‌كانی مرۆڤ له‌به‌یاننامه‌یه‌ك دا ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و مامۆستایانه ‌‌و ناونیشانه‌كانیانی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاری له‌سه‌ركارلابردنیان بۆ ده‌ركراوه‌.
به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ش ده‌كات به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌ره‌وه‌ده‌ی كوردستانی ئێران له‌سه‌ر فه‌رمانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ركردووه‌‌ و هۆكاری ئه‌وبڕیاره‌شی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ ره‌وشی ئه‌منی.
  
خوا لامان به‌یت تا به‌یانی دڵه‌ ته‌پێمه‌‌ . جا وا منیش نه‌که‌وتمه‌ به‌ر ئه‌م شاڵاوه‌ . ئه‌ی 1510 مامۆستای دیکه‌ چاره‌نووسیان ده‌بێ چی بێت .

** له پێشنیاری بودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئێراندا كه مانگێكی‌تر ده‌س پێده‌كات، نرخی لیترێك به‌نزین 150 تمه‌ن پێشنیار كراوه و به‌م نرخه‌ش له ساڵی داهاتوودا به‌نزین نزیک دووقات گرانتر ده‌بێت.
به وته‌ی هه‌واڵنێره‌کانی ئێران له دوای په‌سه‌ند كردنی نرخی دیاری كراو له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، به‌نزینخانه‌كانی ئێران به نرخی نێوده‌وڵه‌تی به‌نزین به خه‌ڵك ده‌فرۆشن و ده‌وڵه‌ت یارمه‌تی (یارانه )له سه‌ر كڕینی به‌نزین هه‌ڵده‌گرێت. هه‌تا ئێستا له به‌نزین خانه‌كانی ئێران نرخی هه‌ر لیتر به‌نزین 80 تمه‌ن بوو كه نرخی پێشنیار كراو نزیک دووقاتی نرخی ئێستایه.

ده‌ی با هه‌موومان ده‌س به‌رزکه‌ینه‌وه‌ و بپاڕێنه‌وه‌ که‌ خوا به‌زیادی که‌ی !!!!!! ئه‌گه‌ر دووسه‌ت تمه‌ن بوایه‌ چیمان بکردایه‌ .

Apr 9, 2006

رۆژی جیهانی زمانی زگماکی .


"ئاخۆ مه‌لی کام کوێستان باڵه‌نده‌ی کام دارستان
به‌ زمانی خۆیی ناخوێنێ بۆ خۆیی په‌ل ناوه‌شێنێ "
رۆژی 21 ی فێوریه‌ی هه‌موو ساڵێک رۆژی جیهانی زمانی زگماکیه .

ته‌نیا ده‌ڵێم ئه‌م رۆژه‌ له‌ ته‌واوی گه‌لانی دونیا ، که‌ به زمانی خۆیان بیرده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌ستی خۆیان ده‌رده‌بڕن پیرۆز بێ .

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ !!!!!!!!!!!!
 هیچ نه‌ڵێت ...

Apr 6, 2006

هه‌واڵێکی ئه‌ده‌بی


ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی – ئه‌ده‌بی مه‌ریوان رۆژی پێنج شه‌ممه رێکه‌وتی 6/4/2006 ئێواره‌ شێعرێک بۆ شاعیران و چیروک نووسانی مه‌ریوانی له هۆڵی گشتی فه‌رهه‌نگی – هونه‌ری به‌ڕێو برد . له‌م کۆڕه‌ دا شاعیران و چیروک نووسانی لاو له کوڕان و کچان ده‌ستیان دایه‌ خۆێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانیان .

به‌ڵام خۆزگا ئه‌و شاعیر و چیروک نووسانه‌ که زه‌حمه‌تیان به‌رخۆیان دابوو و هه‌ریه‌ک به‌رهه‌مێک یا کو دوو به‌رهه‌میان ده‌خۆێنده‌وه‌ . گوێگران و هۆگرانی راسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی گوێان لێ بگرتایه‌؛ نه‌ک جه‌ماعه‌تێک که ته‌نانه‌ت کوردیشیان نه‌ده‌‌زانی و ته‌نیا بۆ پارازیت خستن و قسه‌ی زل زل هاتبوون.