Feb 21, 2013

"کورد" بۆ زمانەکەی ئەشێ چی بکات؟ ... ن: مەسعوود فەتحی

٢ی رەشەمە رۆژی جیهانی زمانی زگماکیە و وەک هەمیشەیش حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی راگەیاندراویک ئەم ڕۆژەیان پیرۆز کرد و هاوکات باسیان لەوە کرد کە پێوسیتە نەتەوەکانی ئێران، بە تایبەت نەتەوەی کورد مافی خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان هەبێ. 
ئەوەی راستی بێ ئەمە کەمترین کاری مومکینە لەم پەیوەندیەدا کە حیزبەکانی کوردستان هەموو ساڵێک بە ناوی ئەرکی نەتەوەیی دەیکەن، کە تەنانەت ڕۆژنامەنووسێکیش ئەو کارەی بۆ دەکرێ. پێوستە کورد بە پانتایی جوغرافیای کوردستان خەبات بکا بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە هێزێکی کاریگەر و فاکتەرێکی گرینگ لە ناوچە و جیهان و له‌ هەرکام لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیر کردوە.

 بەڵام بەداخەوە ئەو ئاواتە لە مێژینەی گەلی کورد لە لایەن بزووتنەوەی کوردەوە بایه‌خی پێویستی پێنه‌دراوه‌ و وادیارە لە سەردەمی راگەیاندنیشدا بزووتنەوەی کورد ناتوانێ یەکگرتووییەکی نەتەوەیی دروست بکا، یان پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو پێک بێنێ بە مەبەستی لێک نزیکبوونەوە و یەکانگیرکردنی بزاڤی نەتەوەکەمان. بە تایبەت لە مەڕ پرس‌گەلێکی لەم چەشنە کە پیوەندی بە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە هەیە.
 واتە لە بۆنەگەلێکی بەم جورەدا دەکرا کوردەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان وێرای دروستکردنی هاوئاهەنگیەکی نەتەوەیی، کورده‌کانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیان هێنابایەتە سەرشەقام وسەرنجی جیهانیان بۆ لای دۆزی ڕەوای گەلەکەمان راکێشابا.

 یان دەکرا لە ڕۆژی جیهانی رێزگرتن لە زمان زگماکیدا حیزب و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کورد بە نووسینی نامەیەک بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە، وەبیری سەرۆک و ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان خستبایه‌وه‌ که گەلی کوردە کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە کە سەرەڕای ئەوەی داواکاریەکانیشی لە چوارچێوەی جاڕنامەی گەردونی و کونوانسیونە نێونەتەوەیەکانی مافی مرۆڤ دایە، بەڵام هەمیشە مافە ڕەواکانی ئەم گەلە دەبنە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی زلهێزانی جیهانی و ناوچەیی.

 هەرلە بنەڕەتیشدا پێویستە کورد وەک نەتەوەیەکی ستەم لێکراو به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام قسه‌کانی خۆی ئاراسته‌ی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بکا. بەداخەوە هەر وەک ئاماژەی پێدرا گەلی کورد هەتا ئێستا نەیتوانیوە خەباتی رەوای خۆی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا لێک نزیک بکاتەوە و ئەم ئەرکە هەر لە ئێستاوە بە نه‌وه‌کانی داهاتووی کورد سپێردراوە. هەر بۆیەش دەمهەوێ بە بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی زگماکییه‌وه‌ به‌ کورتی ئاماژە بە پێویستی ئه‌نجامدانی چالاکی هاوبه‌شی حیزبەکانی رۆژهه‌ڵات بکەم. 
پێوەندی گرتن بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە چەندین سۆنگه‌یه‌که‌وه‌ پڕبایه‌خه‌:
١- پرستیژێکی سەردەمیانە بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی دیموکراتیکی گەلەکەمان ده‌دا و هه‌روه‌ها بەو چالاکیانە، کورد سەرەکیترین مەرجەعی پیوەندیدار بە پرسی نەتەوەکانی جیهان واته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان بە سەردەکاتەوە، هاوکات دەتوانێ هەنگاوێکی جددی بێ بۆ زیاتر بە جیهانی کردنی پرسی کورد. 
٢- کۆماری ئیسلامی چ لە نێو خۆی وڵات و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە گەل قەیرانی جددی بەرەوڕوو بۆتەوە و سەرهەڵدانەکانی دوای هه‌ڵبژاردنی خوڵی ده‌یه‌می سه‌رۆککۆماری و کونفرانسەکانی ستۆکهۆڵم و ئاڵمان و... ئاماژە بەوە دەدەن کە پرسی دروستبوونی ئاڵتێرناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی جددیتر لە هەمیشەیە، هەربۆیەش کورد دەبی ئامادەیی تەواوی له‌ کاتی گۆڕانکارییه‌کان هەبێ ، چوونکه‌ پێدەچێ شێئۆنیزمی فارس و بەگشتی ناوەندگەراکانی ئێرانی مل بە مافی نەتەوایەتی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد نەدەن.

٣-دەلاقەیەک بۆ کاری هاوبەشی حیزبەکانی کوردستان دەکاتەوە، ساڵانێکە پێویستی گەورەی بزووتنەوەی کورد پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی یان هه‌بوونی پلاتفۆرمێکی یەکگرتووە ، ئەمەش لە لایەن میدیا و راگەیاندنە حیزبیەکانەوە بەردەوام دێتە بەر باس، بەڵام بە داخەوە بیرۆکەی تەسکی حیزبایەتی و پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و تاکه‌که‌سه‌کان و... هەتا ئێستا نەیانهێشتووە لەم پەیوەندیەدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبگیرێ و ئەم پێویستیە تەنیا لە ئاستی پڕووپاگەندەی حیزبیدا ماوەتەوە کە ئەمەش ڕاستەوخۆ ته‌مرینی دێموکراسی و دێمۆکراتیزە بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستۆته‌ ژێر پرسیار و یەک لە ئاکامەکانیشی ئەوەیە کە فاکتەری کورد لە لای ناوەندگەراکانی ئێرانی قورسایی خۆی نەماوە. هەر بۆیە لە ئێستاوە ئەزموونی کاری هاوبەش پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە.

٤- کارگەلێکی لەم چەشنە لە بۆنەگەلی نیونەتەوەییدا چاوەروانی حیزبەکان دەباتە خانەی چاوەروانیەکی چالاکەوە. سالانێکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆکاری تایبەتی وەکوو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان یان پەرەدان بە خەباتی مەدەنی و کەمکردنەوەی خەباتی چەکداری وهتد، لە خه‌وێکی گران و له‌ بێ چالاکییه‌کی ته‌واودا، نووقم بوونه‌ واتە لە باشووری کوردستان چاوه‌روانی بووه‌ته‌ ئیستراتژی و چاره‌نووسیان.

ئەوەی هەتا ئێستا ڕێگر بووە لە بەردەم کاری هاوبەشی حیزبەکان، ناکۆکی حیزبی و کێشەگەلێکن کە کاتی خۆی تەنیا بەشێک لە کێشەی نێوخۆیی حێزبێک یان دوو حیزب بوون! که کاری هاوبەشی وەک بۆنەی زمانی زگماکی ئەتوانی وەک خاڵێکی هاوبەش زیاتر لێکیان نزیک بکاتەوە.

1 comment:

  1. کاکە بە رای من ناوی ئەم نوسراوە ئەبێ شتێ تر بوایە..
    کاک مەسعود ھیچ نەوتراوە بۆ زمان ئەبێ چ بکرێ!؟
    بەلام بە جوانی ھوی ئەوەی کە بۆ تا ئیستە ھیچ نەکراوە شی کردوە... ئەھاااااا ناوەکەی باشتر وابو ئەمە بێ..
    بۆ تائیستە بو زمانی کوردی ھیچ نەگراوە!؟
    سپاس کاک عەدنان و مەسعودی بەریز

    ReplyDelete

په‌یڤێـک بپه‌یڤێنــه