Aug 30, 2017
لێدوان بۆ رووداو
Aug 25, 2017
ئاوڕێك له خاڵه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران
نووسینی: عه‌دنان هونه‌روه‌ر
١. له هه‌رێمی كوردستان ماڵپه‌ڕه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك (توییته‌ر، یوتیووب، فه‌یس بووك) به‌ربه‌ست و فیلته‌ری له سه‌ر نییه. كه‌چی له ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌مووی ئه‌وانه داخراون و خه‌ڵكی ئه‌بێ به فیلته‌رشكێن ده‌ستیان بگاتێ.
٢. له هه‌رێمی كوردستان حیجاب به زۆره ملی نییه به‌ڵكوو له ده‌ستی تاكه‌كان یان له سه‌ر ده‌ستی بنه‌ماڵه‌كان دایه. كه‌چی له ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، بێ حیجاب هاتنه ده‌ره‌وه‌ت به‌رانبه‌ره له گه‌ل گرتن و ئه‌شكه‌نجه.
٣. له هه‌رێمی كوردستان تاكسی بۆ یه‌ك كه‌سه‌و له ئێران بۆ چوار كه‌سه.
٤. له هه‌رێمی كوردستان سزای سێداره له سه‌ر شه‌قامه‌كان بوونی نییه. به‌ڵام له كۆماری ئیسلامی ئێران په‌تی سێداره وه‌ك ته‌زبێح له سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌ڵی ئه‌ده‌ن و كه‌سیش فزه‌ی نایه‌ت چوونكا دیكتاتۆر ئاگاداره.
٥. له هه‌رێمی كوردستان خێرایی ئه‌نته‌رنێت چه‌ند قاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانه.
٦. له هه‌رێمی كوردستان سیستمی فره حیزبی بوونی هه‌یه، له كۆماری ئیسلامی ئێران حیزب به‌س حیزب الله رێبه‌ر ته‌نیا روح الله (خومه‌ینی)
٧. له هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری زیاتر هه‌یه بۆ خوێندن و بڕینی قۆناغه‌كانی زانست. له وڵاتی ژێر چه‌پۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران خوێندن هیچ كه ئه‌سته‌مه به‌ڵكوو هه‌ندێك وانه‌یان هه‌ر لابردوه و هه‌ر زۆر به ئاسانیش ئه‌توانن قوتابی له زانكۆ ده‌ركه‌ن یان بیخه‌نه به‌ندیخانه‌وه.
٨. له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نواعی مودێل ماشینی باش و لۆكس هه‌یه و زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌كانیش هه‌یانه. به‌ڵام خه‌ڵكی ژیرده‌سته‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له ماشێنی درووستكراوی ناوخۆ زیاتر كه له په‌نجا ساڵ له‌وه پێش پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆی به خۆوه نه‌بینیوه، چاویان به هیچ ناكه‌وێ.
٩. له هه‌رێمی كوردستان پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ زۆر زه‌ق نیین. كه‌چی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ساڵانه به ده‌یان جار گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران كه به‌ڵكوو تۆزێك له رێژه‌ی زیندانی و ئه‌شكه‌نجه و سێداره‌ی كه‌م بكاته‌وه.
١٠. له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بردنی كۆنسێرت و تۆماری سی_دی بۆ گۆرانیبێژان زۆر ئاسانه. به‌ڵام له ژێر چكمه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌بردنی كۆنسێرت و ده‌ركردنی سی_دی، حه‌رامه.
١١. له هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بۆ له چاپدانی كتێب یان سازكردنی فیلم زۆر ئاسانه. كه‌چی له كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا وه‌ك بێستوون كون كردنه.
١٢. تا ئێستا هیچ ده‌رو دراوسێیه‌كی هه‌رێمی كوردستان گله‌یی و گازنده‌یان نه‌كردوه گوایه هه‌رێم خه‌ریكی گێره شێونی وڵاته‌كه‌یانه. كه‌چی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام خه‌ریكی گێره شێونی له وڵاتانی ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن و عه‌ره‌بستان و لوبنان و سوریا و ئێراق و هه‌رێمی كوردستانه و به‌تایبه‌تی له هه‌وڵی له ناوبردنی ئیسراییله.
١٣. له هه‌رێمی كوردستان زۆر به راشكاوانه ئه‌توانی له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان یان له ته‌له‌ڤزیون رای خۆت ده‌ببڕی. به‌ڵام له كۆماری ئیسلامی ئێران ڕاده‌بڕیین و زمان بڕین پێكه‌وه‌ن.
١٤. له هه‌رێمی كوردستان حكومه‌ت هه‌وڵی بووژاندنه‌وه‌ی دار و دره‌خت و له‌وه‌ڕگه‌كان ده‌دا، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ئێران به بیانووی گه‌ڕان به دوای پێشمه‌رگه و گه‌ریلاكاندا، دارستانه‌كان ده‌سووتێنێ.
١٥. له هه‌رێمی كوردستان كه‌ماییه‌تی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان زۆر به جوانی رێزیان لێده‌گیرێ به‌ڵام له كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و كه‌ماییه‌تیانه نابوود ئه‌كرێن یان به ته‌واوه‌تی ئه‌خرێنه په‌راوێزه‌وه. وه‌ك به‌هاییه‌كان و جووله‌كه‌كان و كورد و به‌لووچه‌كان و هتد.
١٦. له هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكی زیاتر براده‌ر و دۆست و هاوڕێن و ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌ر به حیزبێك یان سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بێ كابرا،(وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن) ئه‌توانێ حه‌سابی قۆنه‌ریشی بۆ نه‌كات. به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ئێران خه‌ڵكی ئێرانی وه‌ها په‌روه‌رده كردوه كه هه‌موو به‌رانبه‌ر به ده‌روجیران و ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر به براكه‌یشی دڵڕه‌ش بێت و به‌رده‌وام له بیری ئه‌وه دان كه نه‌كا فڵانی داوێكی بۆ بته‌نێ. هه‌روه‌ها قه‌د ناتوانی ته‌نانه‌ت حیساب بۆ منداڵی كابرایه‌كی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات (جاش) نه‌كه‌یت.
١٧. له هه‌رێمی كوردستان به‌رتیل خواردن له ئاستی كۆماری ئیسلامی ئێران كه خاوه‌نی رێژه‌یه‌كی باڵای ئه‌م بواره‌یه، كه‌متره.
١٨. له هه‌رێمی كوردستان كۆڵبه‌ری سه‌ر سنوور بوونی نییه، ئه‌گه‌ر هه‌بێ كۆڵبه‌ران ناكوژرێن. به‌ڵام له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانه به سه‌دان كۆڵبه‌ر ئه‌كه‌ونه بۆسه‌ی هێزه‌كانی نیزامی و ئه‌كووژرێن.
١٩. بوونی تیرۆر له هه‌رێمی كوردستان زۆر ده‌گمه‌نه به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانه پاره و بودجه‌ی تایبه‌تی ته‌رخان ده‌كات بۆ تیرۆری كه‌ساییه‌تیه به ناوبانگه‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كه تارا بێ و نیشته‌جێی تاراوگه‌ش بێ.
٢٠. له هه‌رێمی كوردستان دانانی سه‌ته‌لایت ئازاده كه‌چی له كۆماری ئیسلامی ئێران قه‌ده‌غه‌یه و خه‌ڵكی هه‌ر به دزی و فزی دایده‌نێن.
٢١. له هه‌رێمی كوردستان گێڕانی ئاهه‌نگ و بۆنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك نه‌ورۆز جێگای شانازییه. به‌ڵام له سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا گێڕانی وه‌ها بۆنه‌گه‌لیك، گرفتاری به دواوه‌یه.
٢٢. له هه‌رێمی كوردستان كڕین و فرۆشتن و خواردنه‌وه‌ی مه‌شرووب ئازاده، به‌ڵام له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران خواردنه‌وه‌ی شتی وه‌ها به‌رانبه‌ره له گه‌ل ئه‌زیه‌ت و ئازار و زیندان.
٢٣. له هه‌رێمی كوردستان پیاسه‌كردن و دانیشتنی كچان و كوڕان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه رێگه‌ی لێنه‌گیراوه. كه‌چی له وڵاتی ژێر چه‌پۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران دایه‌ره‌یه‌ك به ناوی گه‌شتی ئیرشاد دانراوه كه توندوتیژانه خه‌ریكی جێ به جێ كردنی حوكمێكه به ناوی: امر بالمعروف و نه‌ی عن المنكر
٢٤. له هه‌رێمی كوردستان كار ئاسانی كراوه بۆ وه‌رزشوانه‌كان و رۆشتنی كچان بۆ وه‌رزشگاكان، به‌ڵام بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران رۆشتنی كچان بۆ وه‌رزشگاكان هێڵی سووره و هه‌روه‌ها وه‌رزشوانه‌كانیش نابێ هامبازی وه‌رزشوانی ئیسراییلی ببنه‌وه.
٢٥. له هه‌رێمی كوردستان هه‌موو جۆره فیلم و زنجیره دراماییه‌ك بێ هیچ بڕین و لكاندنێك پیشان ده‌درێ. كه‌چی سانسۆر و بڕینی فیلمه ده‌ركییه‌كان به ته‌واوه‌تی باڵی كێشاوه به سه‌ر ته‌له‌ڤزیونه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا.
٢٦. له هه‌رێمی كوردستان گه‌نده‌ڵی و خزم و خزمالێ زۆره به‌ڵام له چاو كۆماری ئیسلامی ئێران و به میلیارد میلیار دزینی پاره تا ده‌گاته دزینی ده‌كه‌ڵی نه‌وت و ئاسه‌واره مێژووییه‌كان، وه‌ك دڵۆپێكه له زه‌ریا.
٢٧. له هه‌رێمی كوردستان رێكخراوه‌كان پاره‌ی بۆ دابیین ئه‌كرێت. له ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا رێكخراوه‌كان به هێز و وره و پاره‌ی ئه‌ندامیه‌تی ئه‌ندامان به‌ڕێ ئه‌چێ و هه‌ر كاتیش ده‌میان گه‌رم بێت به بیانوویه‌ك یان ئه‌یبه‌ستن یان ئه‌یسووتێنن.
٢٨. له هه‌رێمی كوردستان هه‌لی كار زیاتره تا راده‌یه‌ك زۆربه‌ی كرێكارانی ده‌ره‌كی له وڵاتانی به‌نگلادێش و نیپاڵ و چین و هه‌روه‌ها باقی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان روویان له هه‌رێم كردوه. له وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران رێژه‌ی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار ئه‌كرێ بڵێم سفره.
٢٩. له هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كی كه‌متر له تووش بووان به ماده هۆشبه‌ره‌كان به دی ده‌كرێ، به‌ڵام حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران جیا له‌وه‌ی رێخۆشكه‌ره بۆ بازرگانی ده‌ره‌كی به موخه‌ده‌رات، له هه‌مان كاتدا رێژه‌ییه‌كی یه‌كجار فراوان له تووش بوان به هه‌موو ماده‌سڕكه‌رێك له ناو خه‌ڵكی به دی ده‌كرێ.
٣٠. له هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی فه‌قیری و ده‌سته‌نگی به نیسبه‌ت زۆر كه‌متره له چاو خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران تا راده‌یه‌ك له‌شفرۆشی بۆ دابین كردنی ژه‌مه نانێك بوه‌ته دیارده.
٣١. له هه‌رێمی كوردستان منداڵان كه‌متر ئیش ده‌كه‌ن یان له سه‌ر شه‌قامه‌كان وێڵن نیین بۆ دابینی بژیوی ژیانیان. به‌ڵام حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران خه‌ڵكی وه‌ها برسی راگرتوه كه منداڵانیش ناچارن بۆ ده‌رهێنانی بژیوی رۆژانه‌یان له شه‌قامه‌كان بسووڕێنه‌وه ماشین خاوێن بكه‌نه‌وه یان فاڵ بفرۆشن.
* سه‌رسام بوون به وڵاتانی داگیركه‌ر خۆسووك كردنه.
فرانكفۆرت/25.08.2017
...............................
ئه‌م بابه‌ته هه‌روه‌ها له ماڵپه‌ڕی رۆژی كورد دابه‌زیوه.
Jul 11, 2017
خودا خودامه
ئیمکانی نییه له گەل کوردێک چوار قسە بکەیت و ئەم دەستە وشانە یەک یان هەر هەموویان خۆیان نەخزانبێتە نێو دیالۆگتانەوە: خوا کەریمه، خوا گەورەیه، انشاالله، ماشاالله، سبحان الله، به ئەسحاب، به قورعان، به نان و دۆ، بە تەڵاقم، بەم تەحامه، به تەمای خواین، خوا له پشتی بێ، خوا شیفای بدات، خوا عافووی بکات، موحتاجین به دۆعا، دۆعای خاس خوا بێ، نەوەڵلا، بەرێوەڵلا، خوا دەس گرێ بە باڵتۆ، خوا ئه‌زانێ، خوا شوکر، له خوا به زیاد بێ، خوایه به گوناحی نەنووسی، خواحافیزت بێ، خوات له گەڵ بێ، خودا خودامه.
(خودی خودایش ھێندە ناوی خۆی بە کار ناھێنێ کە کوردە حەیاتەکە ئاوا دەسڕێژی پێ ئەکا)
Jul 10, 2017
كورد چی بكات؟
#كورد زۆر خۆی به موقه‌ده‌س و پاك و بێگه‌رد ئه‌زانێ. هه‌ر ئه‌م خۆ به ته‌واو زانیینه سه‌رچاوی كۆڵێك نه‌هامه‌تین.. جا ئه‌گه‌ر رۆژێك بێت و مردوه كاریزماكان نه‌مان، دڵسۆزانی كوردستان زۆر بوون، هێڵه‌سووره‌كان شكان و تابۆكان باریان كرد، ده‌مارگرژی خۆی له خۆ‌یا نامێنێ، ئه‌م ده‌مار ئه‌ستوور بوونه ده‌ردێكی پیسه له سه‌ره‌تان و ئایدز پیستره..
دواتر ئه‌گه‌ر تۆزێك بایه‌خدرا به عیلم و سه‌نعه‌ت و به كتێب و به ره‌خنه و رێزگیرا له ژینگه و منداڵ و ئاژه‌ڵ، ئه‌و رۆژه ده‌سپێكی ژیانێكی نۆێیه بۆ كورد. تا ئه‌و كاتیش هیچ نه‌بێ ٢٠٠ ساڵ رێگامان ماوه بیبڕین، ئه‌گه‌ر هیچ كام له‌وانه‌تان پێ جێ به جێ نابێ، خه‌وتن باشترین خزمه‌ته، هیج نه‌بێ زه‌ره‌رتان نابێ..
Jun 4, 2017
پەنابەرێکی تێهەڵدراو
عەدنان هونەروەر
به دەم بیرکردنەوە و وتوویرە و بۆڵەبۆڵەوە سەرم کاژی خستوە. هەر دەڵێم: باشە بۆ خۆم خستە گەل ئەو کابرایە و هاتمە ئێرە. نازانم بۆ لەو وڵاتە خۆشە دانەنیشتم؟ من وامزانی بۆ سەفەرێک دەچین و بە زووترین کات وەک باقی سەفەرەکانی دیکە دەگەڕێینەوە. کەچی سەفەر یەکجاری بوو. خۆ نەمزانی ئەم کابرایە ئاوای لێدێ و ئیتر نامناسێتەوە! شەوی پێش سەفەر گوێم لێی بوو کە لە گەل ژنە ئۆکراینییەکەی بە شەڕ هات و هەندێک قسە و مسەیان کرد. هەندێ تەلەفۆن و تەلەفوونکاری کرد و جانتای پێچایەوە و چەند ڕۆژ دواتر وێڕای دوو برادەری دیکەی هاتین بۆ سەفەر. من و هاوڕێیەکیشم هاتین لە گەلیان. لە فڕۆکەخانە لە یەکتر جیا بووینەوە به دەم ماڵئاواییەوە وتیان: دەی دواتر ئاگامان لە یەکتر دەبێت.
جەماعەتێک زۆر هاتبوون بۆ پێشوازیمان. بەڵام هەر لە فڕۆکەخانە هەستم کرد کە ئەم پێشوازیکەرانە بە چاوێکی زۆر سووک و سەلیم سەیری من ئەکەن. سرتە و پچەیان ئەکرد. وتم دەی هیچ نییە، سەفەرێکە و تەواو ئەبێ. باوەڕ ئەکەن بیکەن، نایکەن ئەوە ئاو چیا‌و! هەر لە هەفتەی یەکەم بە دەستی ئەم کابرا، ئەم هاوڕێ و هاوسەفەر و هاونەفەسەم به بەر چاو بنەماڵە و خزمانی، لێدانم خوارد. ئێستاشی لە گەل بێ ناچێتە مێشکمەوە که ئەو بوو بێ ئەو شەقانەی تێهەڵدام. ئەمه ئەو کابرا نەرم و نیانەکەی جاران بوو؟ بەلامەوە سەیر بوو. پێشتر لە لای خۆی ئەیخەواندم، خواردنی بۆ ئامادە ئەکردم. یاری و پیاسەکردنیش با بوەستێ، بەڵام ئێستا لێدان، شەق، ئاخر بۆ؟! پاشی شەقخواردن ناچار لە سووچێک بۆی دانیشتم و سەرم داخست و هیچم نەوت. دواتر هات و بۆق ملی گرتم و بە شەقێک تووڕی دامە دەرەوە. دیسان مێشوولەی پرسیار ویزەی کرد بۆ لام: ئاخر بۆ؟!
تۆزێک دڵخۆشی خۆمم دایەوە چی بکەم عادەتم کردبوو بەم پیاوە و هەر ئەویشم دەناسی لەم تاراوگەیەدا. ناچار لە نزیک ماڵیان لە سووچێک بۆی هەڵتروشکام بەڵکوو بەیانی بیبینم و بمباتەوە.
بەیانی بینیم.
وەستا.
وتم ئیتر تەواوە دڵم بە دەست هێنایەوە. چاوم بڕیە نێو چاوانی. خۆم ئامادە کرد بۆ ئامێز و دەست لە ملان و ئاشت بوونەوە. بەڵام نازانم چی به مێشکیدا هات که لە پڕ ڕووی وەرگەڕاندەوە وەک بڵێیت کەی تۆم دیوە کەی ئەتناسم کەی کەی کەی؟! ڕێگای خۆی گرتە بەر ئەمجارە بە هەنگاوی قایمتر و منیش به دواییدا و لە دڵمدا هەر دەمگوت حەی حەی حەی!
ئاغام ڕۆیشت و منیش دوای کەوتم. لە پڕ لە دەرگایەکی گەورە و ئاسنین خۆی کرد بە خانوویەکی گەورەدا. منیش سەرم داخست و چوومە ژوورەوە. جا هەر چوونە ژوورەوەم بینی بەڵام ئێستاش نازانم چۆناوچۆن دەرپەڕیمە دەرەوە. وامزانی ناو جەهەننەم کەوتووم. ئەو ڕۆژە بە تەواوی ڕۆژی ڕەشی من بوو. کاتی نوێژی جومعە بوو و ماڵەکەش مزگەوتیان پێ دەگوت. جا کاکە گیان وە دوام کەوتن وە دار، وە ئاسن، وە لەقە. منیش لە حەیبەتا خۆم گەیاندە لای ئاغام بەڵکوو ئەو بەرگرییەکم لێ بکات و لێم نەدەن کەچی ئەویش لە گەل جەماعەت شەقێکی چاکی تێ هەڵدام و ئیتر زانییم ئەم کابرایە منی وێڵ کردووە. خەڵکیش بە هات و هاوار بانگیان لە یەکتر دەکرد نەهێڵن بڕواتە ژوورەوە، تەواو مزگەوتەکەی گڵاو کرد. منیش کونە مشکم لێ بوو بە قەیسری و بۆ کونێک ئەگەڕام دەرچمە دەرەوە. دوای لێدانێکی باش و تف و لەعنەت کردنم بە سەر و گوێلاکی خوێناوییەوە، هاتمە دەرەوە. ئەو کەسانەی کە شەقیان تێ هەڵدا بووم و کوتەک بە دەس نەبوون، ئەوانم بێبەری کرد لە خێر و بێری ئەو جومعەیە. چونکا ناچار بوون بچنەوە و گڵاوی من لە خۆیان دەر بکەن.
ڕۆژێکی گەرمی هاوین به کۆڵێک خوری خەریک بوو ئەکووڵام. به ناچار پەنام بردە بەر سێبەری ماشینێک. ئێستا زستانه و خۆری تیژی هاوین ملی لار کردوە. بەڵام هێشتا جێگا پێ لاقەی ئەو شۆفێر ماشێنە کە لە سێبەری ماشینەکەیدا ڕاکشابووم بە لای ڕانمەوە دیارە. هەڵبەت نەک بڵێم ئەوە یەکەم جار بووە بەر پێ لاقە کەوتووم و باسی دەکەم. بە سەری ئێوە نەبێت بە سەری ئاوسی خۆم، دەیان جار ئەم لاشە ناسک و نازدارەم بۆەتە ئامانجی کاراتابازی و لە بریتی کیسە بۆکس بە کاریان هێناوم. چ بکەم وتم با تۆزێک خۆم لە هەتاو بشارمەوە. نەمزانی ئاوا بە دڵڕەقییەوە شەقتڕێن دەبم. تکایە هیچ دڵتان بۆم نەسووتێت و نەبێتە کەباب، خۆشتان لەوانەیە بە من یان بە یەکێ لە هاوڕەگەزەکانم خۆتان فێری کاراتا کرد بێ.
ئای..ی جا ناوی کەبابم هێنا ئێستا کە بۆی پاڵ کەوتووم ئەوا بە نێو خانەکانی مێشکمدا ناو و یاد و بۆنی دێت و دەڕوات و لەرزانه دەکات. هەتا ئەو ڕۆژەی کە گڵێک دێت بە سەرمدا یان دەبمە خۆراکی مار و مێرو، ئەو بۆنەم لە بیر ناچێت کە هەر تامم نەکرد. لەوەتەی هاتوومەتە ئەم جەحەندەمە دڵم وا بە کەبابێکەوە بەڵام هیچ کە دەستم ناکەوێت بەڵکوو هەر جارە لە بەر دەم کەبابخانەکانیشدا وەستابم و بۆنێکم کرد بێ بە دووکەڵەکەیەوە، یان شەقتڕێن کراوم، یان ڕەجم. هەر نازانم ئەو بەردانە چۆناوچۆن ئەیخەن؟ وەک تەرزە بە سەرمدا دەبارێ و تەزووی بە لەشمدا دەهێنا و جا نەمدەزانی هەڵبێم یان ئاوڕ بۆ دواوە بدەمەوە؟ وام لێ هاتووە بە تەواوەتی عادەتم کردوە بەم شەقستانە. تەواو ڕاهاتووم بەم شەق تێ هەڵدان و بەردباران کردنە. هیچم لە دەست نایە، تەواو تەواو بێ دەسەڵاتم. من ئەو خەڵکەم خۆش دەوێت ڕقم لە کەسیان نییە، بەڵام نازانم ئەوان بۆ هێندە لە ئاستی من دڵڕەقن. دەستیان دەشۆن، دەسنوێژ دەگرن، کەچی دەروونیان ناشۆن بەڵکوو تۆزێک مێهرەبان بن.
بەرەبەرە بۆم دەرکەوت کە یاسا و ڕێسای باوی ئەم وڵاتە وەهایە کە ئەبێ لە لاکۆڵانان بخەوم و ئیتر جێگام سەر مۆبیل و قەنەفەی گەرم و نەرم نییە. خواردن بە شەڕە سەگ پەیدا دەبێ. تازه ئەوە ڕۆیی پێیان دەکووتم ئەوە بخۆ، یان یانکرد بە دەمەوە، یادی ئەو ڕۆژگارە زێڕینانه ڕۆشتبوه مۆزەخانەی حەز و خولیاکانم. هەر سەگێ ئەگەر لە گەڕەکێکی ئەولاتر بڕۆیشتایەتە گەڕەکێکی دیکەی شار، ئەگەر خەڵکی کاریان پێی نەبووایە، لە دەستی سەگانی دیکە قوتاربوونی ئەستەم بوو. ئیتر ژیانمان دەفرۆشت بۆ کڕینی نانێ، ورکە نانێکی دەستی کەسێک. ڕەحم و بەزەیی بە مسقاڵ بوونی نەبوو بۆمان. سەگم دەبینی ئاوی کوڵاتوویان به سەریا کردبوو، دەیان سەگ و پشیله بەر ئوتومبیل دەکەوتن، به منداڵی گوێیان دەبڕن، ئەیانبەن بۆ شەڕە سەگ، نازانم ئێرە کوێیه. لە بیرمە ڕۆژێک منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان ویستی بۆ لام بێ، منیش زۆرم پێ خۆش بوو، کەچی هەر کە دایکی زانی، بەردێکی حەواڵە کردم و ئەویشی گرتە نێۆ باوەش و لە هەمان کاتیش‌دا زیلەیەکیشی لێ دا. ژیانێکی دڵڕەق و سیخناخ لەم وڵاته جمەی دێ. گەر ناوی بگۆڕدرێت بە شەقستان، هیچ نەبێ بۆ ئێمە پڕ بە پێستیەتی.
ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دوای پیاسە و گەڕان بە دوای شتێک کە بیخۆم و نەتۆپم لە برسا، بە ڕێکەوت چیکۆی هاوڕێم بینی. لە ناو فڕۆکە پێکەوە بووین. لە ماڵێکی خۆش و باڵابەرز و پڕ لە گوڵ و ڕێحان هاتە دەرەوە لە گەل خاوەنەکەی. زۆرم پێ خۆش بوو. لە پەنایەک خۆم مت کرد تا گەڕانەوە بۆ ماڵ. لە نێو باخەکەیاندا لە ناکاو چاوی بە من کەوت، سەرەتا نەیناسیم، بۆیە دەستی بە حەپەحەپ کرد. لە کونی دارتێلی ماڵە خۆشە ڤیلاییەکەیان بۆنی دەمی یەکترمان کرد. زۆر سەری سووڕ ما. وتی: ئەرێ باشە بۆ وات لێهاتووە، بۆ وا کز و لەڕ و لاواز و پڕ برینی؟ منیش دەستم بە گریان کرد و بۆم باس کرد کە حال وەها و وەزع ئاوەها. وتی خەمت نەبێ من لێرەم تۆش لە سووچێکی ئەو لای سەرەوە دانیشە و بۆ هیچ کوێ مەڕۆ، من هەر جارەو شتێک لە بەشەکەی خۆم لا دەدەم و لە کونی دارتێلەکەوە ئەیکەم بە دەمتەوە.
باش بوو ژیانێکی مەمرە و مەژی و کۆپینیم بەڕێ دەکرد. خۆراکی بۆ دەهێنام و تەنانەت کابرایەکی نیپاڵیش لەو ڤیلایە ئیشی دەکرد ئەویش پارتیبازییەکی بۆ دەکردم و ئاگای لێم بوو. هەرچەند بۆ من لە چاو جارانم ببووم بە پاشا، بەڵام چیکۆ هەر بۆڵەی دەهات و هەر دەیگوت: نازانم کەی دەڕۆینەوە کوڵام لە ناو ئەم تەپ‌وتۆز و گەرمایەدا. حەح‌ح
مانگ ڕابورد و گەرما خۆی لێژ کردەوە و ئەوانیش کەوتنە خۆیان کە بگەڕێنەوە بۆ فینلاند و منیش چاوەڕوانی ژیانی تەم گرتووم بووم. ڕۆژانە لە گەل هاوڕێکەم قسە و باسمان تاوتوێ دەکرد و هەواڵە گەرمەکانی بە پەلە بۆ دەگواستمەوە. ڕۆژێک باسی ئەوەی کرد گوایە خاوەنەکەی ئەو پەیوەندی کردووە بە بنەماڵەی خاوەنەکەی منەوە و ئەوانیش بە شانازییەوە پێیان وتوە کە ئاغاکەی من ڕۆیشتووە بۆ جیهاد. چیکۆ ڕێنوێنی دەکردم کە نەگەڕێمەوە بۆ شار. وتی: شارەوان و فەرمانبەرەکانی بە تەواوەتی کەوتوونەتە ناو شار هەر سەگێک ببینن ئەیکوژن و ئەیخەنە زبڵدانەوە. وتی: بچۆ بۆ لادێکان بیستوومە ئەوان بە ڕەحەم و بەزیی‌ترن. بەڵکوو لە گەل شوانێک ڕێکەوتی ئەو دەم پاسەوانی چاک بە بۆ مەڕ و ماڵاتیان. چەند ڕۆژ دواتر ئەوان ڕۆیشتنەوە و سەد خۆزگەم پێ خواست کە لەم کاولستانە، لەم شەقستانە نەجاتی دەبێت..
کەوتمە ڕێ بەرەو لادێکان. یەکەم ڕۆژی زستان بەفرێکی زۆر باریبوو. خەڵکێکی زۆر تەموورەیان بەستبوو بۆ خووگەراو. بەرازی داماو بە دەیان سەگ گەمارۆ درا و بە تاپڕ شوێنی کەوتن و دوای ماندوو کردنی، بە خاکەناز و کوتەک سەریان پان کردەوە. لە دڵ خۆمدا وتم، ئەمانە گوندنشینەکانن کە ڕەحم و بەزەیی لە دەروونیاندا گڕی بەستووە؟!
شەو خۆم کرد بە گوندێکدا و بەرەبەیان لە گەل قووقەی کەڵەشێر سەگانی دیکەی ئاوایی هرووژمیان هێنایە سەرم. چەند کەسێک لەوێدا بوون ئەوانیش بە بەرد و بە دار یارمەتی سەگەکانیان ئەدا بەڵکوو ڕێ و ڕەسمی کەوڵ کردنم تەواو بێ، بەڵام نازانم چۆن بوو سەگەکان وازیان لێ هێنام. لەو هێرشە دڕندانەیەدا لا گوێیەکەم شڕ بوو و قاچێکیشم شکا و ئیتر ئێستا بە تەواوەتی شەل و کەڕ لە سەر یەکێ لە سەلوێنکەکانی ئاوایی بۆی داکەوتووم. ئەوە دوو ڕۆژە تەنانەت ئاویشم نەخواردووەتەوە. تاجێک بەفر بە سەرمەوەیە و تەنانەت ناتوانم خۆیشم بتەکێنم، ئەوا بۆنی کەبابەکەش کە هەر نەمخوارد خرووکەی لووتم ئەدا.
پیاویان بە کرێ گرتە بە تاپڕ سەگ بکوژێ. هاتوون بۆ سەر ئەم سەلوێنکەی که منیش لێی پاڵ کەوتووم، لە جێگای خۆم ناجووڵێم. سەگانی هاوسێ و دراوسێ هەر کامیان ئەجووڵێن فیشەکێکی بەر دەکەوێ و بە دەم قرووسکە قرووسکەوە پەل کێشی ناو گەڵابەی تراکتۆریان دەکەن. بەردەوام هەر خۆزگە دەخوازم فیشەکێکم پێوە بنێن با هیچ نەبێ ببمە ڕسق و ڕۆزی بۆ منداڵانی ئەو پیاوەی کە ئەمکوژێ. لانیکەم حەسرەتی حەمام کردن و ڕێز و حورمەتێک و نان و خوان و کەبابێک و یاری تۆپانێ و دەستێکی مێهرەبانی بۆ هەمیشە لە سەرم دەڕەوێتەوە. چاوم نووقاندووە و دڵم توند توند لێ دەدات بەڵام ورەم بەرزە بۆ مەرگ و بۆ ڕزگاری.
فرانکفۆرت 2017-06-03
May 1, 2017
شۆڕشگێڕانی شۆرا
++ وتی: کورە نەوەڵا مەگەر رەنگ بۆنی درۆ و ریا و موخلیسم موخلیسم و واین له خزمەتانای گرتبێ.
+وتم: چۆناوچۆن؟ چ باسە؟
++وتی: کورە ئەوە ئیتر هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکانە و هەمووی به جلی کوردی و به حەماسەتەوە خەریکن خەڵک پەل کێش دەکەن بۆ لای خۆیان. هەموو بوونەته دوکتور و موهەندیس. تا دوێنێ هیچ هونەرێکیان نەبوو، بەڵام ئەوا ئێستا باسی تێزەکەیان دەکەن له فڵانه زانکۆ و له هەمان کاتیش‌دا قەسەمی هەوەڵ و ئاخریشیان به گۆڕی شەهیدانه. هەر چی رێگایانه له خەڵکی گرتوە سەر بکەی به هەر شوێنێکدا حەتم لووتت ئەتەقێ به لووتی یەکێکیانەوە. له مال دادەنیشیت و کارت پێیان نابێ، کەچی ناو عەنتەرنێتیشیان پڕ کردوە له تێلگرام و ئینستاگرام بگرە تا فەیس بووق و باقی کون و قوژبنەکانی دیکه.
+وتم: دەی به تەمای چ بکەی دەنگیان پێدەدەی؟
++وتی: جا مەگەر شێت بووم دەنگ به درۆزن و ریاباز و ماستاوچی بدەم؟
Apr 30, 2017
نەکا، نەکا
Apr 10, 2017
چیرۆکی سۆزانەکان
ئیتر دوای هەندێ دوکتور چوون و شکایەت کردن، گۆشەگیری ماڵەوە بووم و نه زانییم فیمینیزم چییه و نه زانکۆچوونم به کەڵکم هات و هەر بۆیه ئێستا که ئەم دێڕانه دەنووسم لەوپەڕی نائۆمێدی و ناحەزیدا بۆی پاڵ کەوتووم و یەک رێگایش دەگرمه بەر و خۆم له دار ئەدەم با کۆتایی ژیانم بێ. هەر چەند زۆر بێزم دەکرد تەنانەت له بیرۆکەیەکیشی، بەڵام ئێستا بێز له سێبەرەکەم دەکەم. چاک دەزانم جیلوەی جوانیم نەماوە تا کەسێ خۆشی بوێم، با پیاوە فی‌می نزمەکانیش باش بزانن که رۆژێ کوشتەی مینیژووپ بوون و رۆژێ گیرۆدەی شەدە، ژن له کۆمەڵەگادا بوونی نییه تا مافی هەبێ ئەگەر بوون به دوو ژن لەوانەیە حیسابی نەفەریان بۆ بکەن.
من چیرۆکی هەزاران سۆزان بووم لەم وڵاته قژسووتاوەدا.. بای
Feb 13, 2017
شوخی با دامنەی سعدی شیرازی
عدنان هنرور |