Aug 31, 2008

ئاوڕێک له حه‌وته‌مین مێهره‌جانی شانۆی کوردی

رۆژی 25/8/2008 له‌ ورمێوه‌ رۆشتین بۆ سه‌قز، بۆ به‌شداری له‌ حه‌وته‌مین مێهره‌جانی شانۆی کوردی.......
وه‌ک پێشتریش رۆشتبوومه فستیواله‌کان ده‌مزانی چونکا ژنان بۆڵه‌ بۆڵی زۆر ده‌که‌ن باشترین شوێنیان بۆ دابین ده‌که‌ن و ئێمه‌ش کولانه‌یه‌کمان بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌.. جا هه‌ر وه‌هاش بوو.. ژنانیان برده‌ هوتێل و پیاوانیشیان برده‌ قوتابخانه‌یه‌ک.. هه‌ر له‌ شه‌وی هه‌وه‌ڵ تا ئاخری فستیواله‌که‌ که‌ سێ رۆژی خایاند له‌ گه‌ل گرووپه‌که‌ی ورمێ شێوم ده‌خوارد و ده‌ڕۆشتمه‌وه‌ بۆ لای براده‌رانم له‌ نێو شاری سه‌قز .. چوونکا تاقه‌تی جگه‌ره‌ له‌مژینی ئه‌وان و تا سێ و چواری شه‌و نه‌خه‌وتن و خه‌ریکی پاسوور و هیندێ شتی قۆڕی دیکه‌م نه‌بوو بۆیه‌ هه‌ڵاتم..

له‌ شاره‌که‌نی سه‌قز و مه‌هاباد و بۆکان و ورمێ و دێهلۆران و قووچان گرووپه‌ شانۆیه‌کان به‌شداریان کردبوو..
من کارم به‌وه‌ نیه‌ کێ به یه‌که‌م ئه‌کته‌ر ده‌رچوو، کێ به یه‌که‌م ده‌رهێنه‌ر ده‌رچووو هتـ..د..

ئه‌و شتانه‌ی به لامه‌وه‌ سه‌رنج راکێش بوون بۆتانی باس ده‌که‌م و به‌س:
ناو بژیوانان سێ که‌س بوون . دووانیان کرماشانی و یه‌کێکیان مه‌هابادی. دڵنیام ئه‌و ده‌قه‌ شانۆیانه که به سۆرانیه‌کی تۆخ و تا راده‌یه‌کیش موکری پێشکه‌ش ده‌کرا ئه‌و ناو بژیوانه کرماشانیانه لێی تێ نه‌گه‌شتوون .. چوونکا به‌رده‌وامیش به فارسی قسه‌یان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت دوو وشه‌ی زاراوه‌ی خۆیانم لێ نه‌بیستن..
 ......
ده‌قی شانۆی قووچان هه‌ر فارسی بوو.. ئیتر نازانم چۆن ده‌توانین بڵێین هاوزمانانمان له قووچان و خوراسان!!! له‌وانه‌یه‌ هاودڵمان بن به‌ڵام هاوزمان؛ چێ عه‌رز که‌م..
......
کابرایه‌کی مه‌ستیان دانا بوو بۆ وه‌ک پێی ده‌ڵێن 'ئینتزامات'ی ده‌رگای هات و چۆی ژنان که‌ بوو به بایس ئه‌وه‌ هه‌رایه‌ک و ته‌شقه‌ڵه‌یه‌ک ساز بکات..
......
له‌ رۆژی کۆتایی فستیواله‌که‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری فستیواله‌که‌ قسه‌یه‌کی دۆڕاند که‌ دڵنیام له‌ ده‌می هه‌ڵخزا!! کوتی جه‌نابی 'نه‌جار'پارێزگاری کوردستان 12 میلیون تمه‌نی خه‌ڵاتی فستیواله‌که‌ کردوه‌.. ئیتر له‌ بیری چووبوه‌وه‌‌ شوورای شار و فه‌رمانداری و ئیرشاد ئیسلامی چه‌نده‌ی دیکه‌یان پاره‌ داوه‌ به‌م فستیواله‌.. چوونکا له‌ ئێرانا ئه‌م جۆره‌ پووڵانه‌ هه‌ر له‌ ژێر لچه‌وه‌ ده‌خورێ و ئیتر که‌س به که‌س نیه‌.. ئه‌م هه‌موو پاره‌یانه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو له‌ قووتابخانه‌ی خۆڕایی ده‌یانخه‌واندین و له‌ ناحه‌زترین ریستوران دا خۆراکیان ده‌داینێ؟؟؟
......
'محمد علی کشاورز' ئه‌کته‌ری به‌ ناو بانگی سینه‌مای ئێران به‌شدار بوو به‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ زنجیره‌ی 'پدرسالار' به‌شداری کردبوو هه‌ر بانگیان لێ ده‌کرد 'پدرسالار عزیز'هه‌رچی وه‌ها بانگیان ده‌کرد ، وام ده‌زانی گه‌له‌ شه‌ق له‌ من ده‌که‌ن ..
......
ئه‌م سێ رۆژه‌ ده‌سکه‌وتی باشی بۆ من هه‌بوو ؛ زیاتر گه‌ل هونه‌ری شانۆ و سیناریو و ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنا‌ن دا ئاشنا بووم ..

Aug 12, 2008

سمیناری " فه‌رهه‌نگ نووسی له‌ زمانی كوردیدا"

                                                  سمیناری فه‌رهنگ نووسی       دوایین مۆڵه‌ت بۆ ناردنی وتار 24ی گه‌لاوێژی 1387ی هه‌تاوی (2008.08.15)ه‌. سمیناره‌كه‌ ڕۆژی 8ی خه‌رمانانی 1387 (2008.08.29) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت..
                 ناونیشانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سمینار
 - كوردستان، مه‌ریوان، كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی ـ هونه‌ری، ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی ـ ئه‌ده‌بیی مه‌ریوان.
   ته‌له‌فوون: +98 875 330 11 54  (كاتی پێوه‌ندیگرتن: هه‌موو ڕۆژ 4 تا 7ی پاش نیوه‌ڕۆ)
   فاكس:      +98 875 330 11 55
 - ناونیشانی پۆستی بۆ ناردنی وتاره‌كان: مه‌ریوان, سندوقی پۆستی 187 ، ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی ـ ئه‌ده‌بیی مه‌ریوان.
 - ناونیشانی وێبلاگی سمینار:    www.ferheng.blogfa.com
-  ناونیشانی پۆستی ئه‌لكترۆنی (ئیمه‌یل): ferheng.info@gmail.com                                                                                 
                                                                                              وێبلاگی سمینار

Apr 25, 2008

عه‌تا نه‌هایی: من چیرۆکنووسێکی کوردم.

 
عه‌تا نه‌هایی: من چیرۆکنووسێکی کوردم. ئه‌مه‌ له هه‌مان کاتدا که خۆناساندنێکی کورت و ساده‌یه‌، باری به‌رپرسیایه‌تییه‌کی قورس و گرانیشه‌، به‌رپرسیایه‌تییه‌کی به‌رامبه‌ر خۆم، وه‌ک مرۆڤێک که‌ قه‌راره‌ جاریک بژیم و حه‌زده‌که‌م له‌م ماوه‌ی کورته‌ی ژیانمدا به‌رامبه‌ر به بڕیاری سه‌خت و دژواری داهێنان و نووسین و گێڕانه‌وه‌، به‌رامبه‌ر به‌ بیر و ئه‌ندێشه‌ و خه‌م ، داڵغه‌  و پرسیاره‌کانم. به‌رامبه‌ر به خه‌ون و روئیا و فه‌نتازییه‌کانم وه‌فادار بم .

له‌هه‌مان کاتیشدا به‌رپرسیایه‌تییه‌ک به‌رامبه‌ر به‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیم . به‌رامبه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌ که کێشه‌ و گرفت ناته‌بایی و ناته‌واییه‌کانی، کێشه‌ و گرفتی منه . به‌رامبه‌ر به‌و مێژووه‌ که مێژووی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای باب و باپیرانی من و مێژووی هه‌وڵ و تێکۆشانی منه به‌رامبه‌ر به........ .

کاک عه‌تا له‌ ساڵی 1339ی هه‌تاوی له شاری بانه‌ له دایک بووه .
بنه‌ماڵه‌یان چوار که‌س بوون. دایکی کاک عه‌تا وه‌ک له نووسراوه‌کانی دا ده‌رده‌که‌وێت کاریگه‌ریه‌کی زۆری له سه‌ر داناوه‌، تا راده‌یه‌ک له رۆمانی "گوڵی شۆڕان" به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئاوڕی له ژیانی دایکی و فرمێسکه‌ شاراوه‌کانی داوه‌ته‌وه‌ .
کاک عه‌تا شانزه‌ ساڵان بووه‌، که وه‌رده‌گیرێ بۆ په‌یمانگای مامۆستایان (دانشسه‌رای سه‌ره‌تایی)به بڕوای خۆیی ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاو بوه‌ بۆ ده‌رچوون له جه‌غزی بازنه‌ی باوکی و نیزامی باوکایه‌تی..

وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێ داوه‌ :" من له خه‌ڵوه‌تی به ڕواڵه‌ت سارد و سڕی شه‌وان و رۆژانی ده‌هه‌ی سێیه‌می ته‌مه‌نم ، له ناو قه‌ره‌باڵغی ده‌یان و سه‌دان که‌سی زهنی که هه‌ر کامیان بۆ خۆیان که‌س یان کۆمه‌ڵه‌ که‌سێکی واقعی ده‌وروبه‌ریشم بوون و به‌رۆکیان ده‌گرتم که ژیان و سه‌ربوورده‌یان بگێڕمه‌وه‌، یه‌که‌م چیرۆکه‌کانم نووسی".
یه‌که‌م چیرۆکی به ناوی "دوو که‌ڕه‌ت دوو" بوه‌ که تا کوو ئێستا وه‌ک زۆر چیرۆکی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بڵاوی نکردوه‌ته‌وه‌ .

به‌رهه‌مه‌کانی کاک عه‌تا بریتین له‌مانه‌:
  1. به‌رهه‌مه‌ رۆمانه‌کان : گوڵی شۆڕان . باڵنده‌کانی ده‌م با
  2. به‌رهه‌مه‌ چیرۆکه‌کان : زریکه . ته‌نگانه . ئه‌و باڵنده‌ برینداره‌ که منم

به هۆی ئه‌و ناحه‌زی و ناته‌واوی و ره‌شاییانه‌ی ژیانی ده‌وروبه‌ری که‌ گه‌مه‌ی تێدا کردوه‌ و مه‌ینه‌ت و تاریکی له نووسراوه‌کانی به‌دی ده‌کرێ که وه‌ک خۆیی ده‌ڵێ به نووسه‌رێکی تاڵ و ره‌شبین و ته‌نانه‌ت نه‌یهیلستم تاوانبار کراوه‌!! وڵامی ئه‌م که‌سانه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ داوه‌ته‌وه‌" من نامهه‌وێ خه‌یانه‌ت له‌ خۆم و که‌سانی ده‌وروبه‌رم و مێژووی پڕ له‌نامورادی نه‌ته‌وه‌که‌م بکه‌م. ناتوانم و راستیه‌که‌شی بڵێم نازانم" .
دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێ:" چیرۆک نووس داهاته‌ی جیهانی ، چیرۆکه‌که‌یه‌تی. من وه‌ک ته‌جروبه و ئه‌زموونی خۆم ، چاک یان خراپ ، سه‌رکه‌وتوو یان تێکشکاو، به هۆی گێڕانه‌وه‌کانمه‌وه‌ خۆم ده‌ناسم و له خۆم و خه‌م و خۆزگه و داڵغه‌کانم ده‌گه‌م. من به هۆی چیرۆکه‌کانمه‌وه‌ خۆم و مرۆڤه‌کانی ده‌ور و به‌رم ، دۆخ و سه‌رده‌مه‌که‌م که‌شف ده‌که‌م . له زۆربه‌ی کاره‌که‌مه‌کانمدا که‌سێک له دووره‌وه‌ ، له شوێنێکی دیار و نه‌دیاره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، تا شوناسی پارچه‌ پارچه بووی خۆی کۆ بکاته‌وه‌ . کێم ؟ چیم به سه‌رهاتوه‌؟ به‌ره‌و کۆی ده‌چم؟خه‌م و داڵغه‌ی ده‌سته‌ به‌ر کردنی شووناس ، خه‌م و داڵغه‌ی درووست کردنی بوون. خه‌م و داڵغه‌ی دروست کردنی بوون ، خه‌م و داڵغه‌ی وڵام دانه‌وه‌ به‌و پرسیارانه قورس و گرانه.....".
کاک عه‌تا له‌ ئاخری نووسراوه‌که‌ی دا که بۆ به‌رنامه‌ی سۆمه‌ر پراترا (وته‌بێژی هاوینه‌)ی رادیوی ده‌وڵه‌تی سوید نووسیوه‌؛ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که پێی خۆشه‌ باس له زۆر بابه‌تی تر بکات که رۆژێک ده‌بێت بیانڵێته‌وه‌ . ئه‌ویش ئاوڕدانه‌وه‌ له خه‌مێکی قووڵی تر که خه‌می ژنانه...
 ئه‌م چه‌مکه‌ش به‌وه‌ ده‌زانێ که گه‌ڕان له شوین که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی قووڵایی خه‌م و ئازاره‌کانی ژن به به‌شێک ده‌زانێ له ته‌جره‌به‌ی گه‌ڕان له شوین که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆیی..
هه‌روه‌ها داستانی ئه‌و هه‌وڵه نه‌زۆکانه شه‌رمه‌زار ده‌کات که پیاوان زۆرترین هه‌وڵ بۆ سه‌رکوتکردنی لایه‌نی رۆح و ژنانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها زۆرترین هه‌وڵیش بۆ سه‌رکوتکردنی لایه‌نی پیاوانه‌ی ژنه‌کان ده‌ده‌ن. له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌ دا ، باس له‌ نگریسترین سیسته‌می که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌کات که ژنان تێیدا مل کز و شه‌رمن نین . و به‌ خۆسووتاندنێک ته‌سلیم نه‌بوونیان به راستیه‌ تاڵه‌کان ده‌بینێت و به هێمای راسان و به‌رخۆدان و به‌رگری ده‌زانێت .
.....................................
کورده گیان: هیوادارم که‌سانی وه‌کا کاک عه‌تای خاون بیر و قه‌ڵه‌م پانتایی ئه‌م کوردستانه ره‌نگینه‌ به‌ره‌و ، دونیایه‌کی پر له ئاشتی و ته‌بایی و خۆشه‌ویستی مرۆڤه‌کان به‌رن.


Apr 16, 2008

مامۆستا عه‌تا نه‌هایی

هەر چەند ئەمڕۆ بۆ ئەوە دەبێ بڵێت شاری بانه وەک شارێکی وڵاتی چینه‌. به رادەیەک‌ که‌ل و په‌لی چینی تێدایه‌ که‌ هه‌ست ده‌که‌یت وه‌کوو کوردێک نامۆ بویت له‌ ناو ئه‌م هه‌موو شت و مەکەی به‌سه‌رت‌دا رژاوه‌.. ئەڵبەت خۆ خراپیش نییه چونکا له لایه‌کیشه‌وه‌ گیرفانی خه‌ڵکی لیپاو لیپی پاره‌ کردوه‌!.
 بۆ من شاری بانه‌، به‌رده‌وام ده‌مخاته‌وه‌ بیری چیرۆک نووسی بانه‌یی کاک عه‌تا نه‌هایی و فستیوالی چیرۆک نووسان و کۆمه‌ڵێک دۆستانی زۆر به‌ئه‌مه‌گم..

کاک عه‌تا نه‌هایی پیاوێکی ره‌زاسووک و خوێنگه‌رم و قسه‌ خۆش هاته‌ به‌رچاوم به دونیایه‌ک نهێنی که‌ له‌ ناخیدا حه‌شاریدا بوو و په‌یتا په‌یتا جگه‌ریه‌کی ده‌کرد به‌ سه‌ریانا.. زۆر خۆماڵیانه و کۆردانه پێشوازیی لێ کردین.
سه‌باره‌ت به‌ ته‌نز لێم پرسی که بۆ چی کورد ته‌نز نووسی به توانای نیه‌؟ وتی:" ته‌نز له‌ خۆیا نووسراوه‌یه‌کی مودێڕنه‌ و هی کۆمه‌ڵگایه‌کی مودێڕنه‌. ئه‌ڵبه‌ت نکوولی ناکرێ له‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ی‌ کورد ده‌ست بکه‌یت به‌ بن باخه‌ڵی هه‌ر پیاو یان ژنێکی به‌ته‌مه‌ن ده‌یان به‌سه‌رهاتی ته‌نز و قسه‌ی نه‌سه‌ق دەدۆزیتەوە. به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت کورد هێشتا نه‌گەیشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ بتوانێ له‌ گه‌ل ته‌نزدا پێک بێت. جگه‌ له‌ "رشته‌ی مرواری" مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی و "چێشتی مجێور" ئه‌ویش تا راده‌یه‌ک ئەتوانی بڵێی تەنزن. ‌ ئیتر شتێکی وه‌هامان نیه‌ بتوانین په‌نجه‌ی بۆ درێژ بکه‌ین. ده‌بێ کورد ئاستی ره‌خنه‌ی بباته‌ سه‌ه‌روه‌ و به‌رده‌وام به چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ چاو له‌ ژیان بکات. ئیتر خۆیی له‌ خۆ ڕا ته‌نز و ته‌نزکار سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن."

ئه‌م به‌رکووڵه‌م دانا (ده‌متان نه‌سووتێ) هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ پۆسته‌کانی داهاتووم دا به تێر و ته‌سه‌لی ژیان نامه‌ی کاک عه‌تای نه‌هایی باس بکه‌م.
...................................................................

زانیاری زیاتر له سەر مامۆستا عەتا نەهایی لێـــرە ببینه.



Dec 26, 2007

من "شیلان"م که‌ روژێک ده‌بم به "دۆعا"

خۆ دۆعاتان له‌ بیر ماوه‌، دۆعایه‌ک که‌ بوو به قوربانی کلتووری کۆنه‌په‌رستانه‌ی کورد. کوردی خاوه‌ن ته‌کنه‌لۆجیای مه‌لا و شێخ و نووشته‌ و جنۆکه. کورد قه‌د واز له‌ خۆی ناهێنێ و به‌رده‌وام کاره‌سات به سه‌ر خۆیدا دێنێ. ئه‌م وێنانه‌ی رۆژنامه‌ی "واشنگتن پۆست"م که‌ بینی به‌ ته‌واوی بێزم له‌ خۆم و له‌ کورد ده‌هات و ئێستا که‌ خه‌ریکم ئه‌م دێڕانه به کوردی ده‌نووسم؛ شه‌رم ده‌مگرێ که‌ بڵێم منیش کوردم.. دڵته‌زێنه، دڵته‌زێن، شه‌رمه‌زاریه‌ شه‌رمه‌زاری...


به رۆژانه ده‌یان کاره‌ساتی له‌م چه‌شنه‌ ده‌بینین وه‌ک ئه‌یوب که به‌ده‌ستی باوک و باوه‌ژنه‌که‌ی بوه‌ قوربانی، دۆعا که‌ بوو به هێمای به‌رخۆدان و نه‌سره‌وتن بۆ سڕینه‌وه‌ی وشه‌ سیخناخه‌کانی شه‌ره‌ف و نامووس و غیره‌ت..  
هه‌روه‌ها مردن به شێوه‌ جیاوازه‌کانی به‌ردبارانکردنی ژنان، خۆسوتاندنی ژنان و خۆکوشتنیان. شووکردنی سیغه‌، قه‌یره مانه‌وه، له‌شفرۆشی یان شوو به‌سه‌ر هه‌وێدا کردن... ئه‌مانش خۆی بۆ خۆیی هەڵگری چیرۆکه دڵتەزێنەکانی کۆمه‌ڵگا که‌مانه..

ئه‌وا ئه‌مڕۆش شیلان له ته‌مه‌نی زۆر منداڵیه‌تی‌دا له بچووکترین و ناسکترین ئه‌ندامی له‌شیه‌وه‌ ده‌ست به‌ بڕینی ده‌که‌ن، تا کوو رۆژێک سه‌ریشی به سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه‌ لابه‌ن..

 قورئان و حه‌دیسه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژیانه دا که به ناوی "خه‌ته‌نه‌ کردن" ناو بانگی دەرکردوە، بێ ده‌نگ بوه‌ هەروەها که له‌ به‌رانبه‌ر کڕین و فرۆشتنی ژنان و بێ بایه‌خ کردنیان و دوانیان وه‌ک پیاوێک دابنرێ و چواریان به شاهید وه‌ر بگیرێ و تا ئه‌و راده‌یه‌ ئایەتەکانی قورئان وەک: "الرجال قوامون علی النساء" (پیاوان له ژنان مه‌زن تر و باشترن) کردوه به حوکمێک و به‌رده‌وام ده‌ستی داوه‌ته‌ کۆیله‌ کردنی ژنان.. جا ئه‌گه‌ر ئه‌م ئا‌یه‌ت و ده‌یان ئایه‌تی دیکه‌ که‌ به‌رده‌وام به گۆی ژندا خۆێندوویانه، به گۆی پیاودا بیانخوێندایه‌ و بۆ نمونه‌ بیانکوتایه‌ (النساء قوامون علی الرجال)، پیاو هه‌ست و بیر و بۆچوونی سه‌باره‌ت به ده‌قه‌ ئاسمانیه‌کان چ ده‌بوو؟؟

لەم رۆژانەش‌دا، ناپه‌رله‌مانی ناحکومه‌تی ناهه‌رێمی ناکوردوستان به داخه‌وه‌ له‌ ژێر نائالای نائیسلام ده‌ستی کرد به په‌سه‌ند کردنی نایاسایه‌ک که بوو به‌ هۆی شانازی موسڵمانه‌کان، ئه‌ویش په‌سه‌ند کردنی یاسای فره‌ ژنی...
ئه‌م یاسایه‌ هه‌رچه‌نده‌ به دڵی بازێک نه‌بوو. به‌ڵام به دڵی هه‌زاران پیاوسالار بوو، هه‌ر بۆیه‌ به‌ بزه‌وه‌ خه‌ریکن هێلکه‌ گوونیان ده‌ساون...
هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌ک بوو موسڵمانه‌کان له ده‌ستی ناحکومه‌تی ناهه‌رێمی ناکوردوستان دڵێکی خۆشیان نه‌بوو، و به‌رده‌وام ئاخیان بۆ به‌عسیه‌کان و سه‌دام حوسه‌ین هه‌ڵده‌کێشا!! ئه‌وا ئه‌م جاره‌ چاوی کوێریان به ناحکومه‌تی ناهه‌رێمی ناکوردوستاندا هه‌ڵات و ئه‌م مه‌سه‌له‌ی فره‌ژنیه‌ دڵخۆشی کردن که هێشتا ئیسلام نەمردوه‌!! هه‌ر بۆیه‌ مه‌لاکان به‌رده‌وام له‌ ماڵپه‌ره‌کان و له‌ میدیاکاندا ده‌ستیان داوه‌ته‌ پاساو دانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی فره‌ژنی..
ئه‌ی بوو ناپارله‌مانتاره‌کانی ناحکومه‌تی ناهه‌رێمی ناکوردوستان، دانانیشن و یاسایه‌ک ده‌ر ناکه‌ن دژی ئه‌م ده‌ستدرێژیانه که‌ به سه‌ر منداڵانی به‌سته‌زمانی کوردا دێت.. بۆ گۆی خۆیان لێخنیوه‌ و هه‌ست به‌م ئازاره‌ نامرۆڤایانه‌ ناکه‌ن؟؟ ئاخۆ ناڵه‌ و زریکه‌ی ده‌یان شیلان نه‌گه‌شتبیته‌ لای عه‌دنان موفتی؟؟

به‌ڵام وه‌رن با شیلان و سه‌دان شیلانی دیکه‌ له‌ بیر نه‌که‌ین.. وه‌رن با قۆڵی بۆ هه‌ڵماڵین بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌ک که‌ قوربانی ژنان و کچان رابگرین و وه‌ک ئینسانێک چاویان لێ بکه‌ین نه‌ک وه‌ک ئامێرێك بۆ رابواردن، یان وه‌ک نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تیه‌ک...

ئه‌م وێنه‌ی شیلانه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت:" که من شیلانم من ئه‌و حوریه‌م که‌ له‌ دویی ده‌گه‌ڕێن، من ئینسانم، من مافی ژیانم هه‌یه‌، چێژ وه‌ر گرتنم له‌ مه‌گرنه‌وه‌... با منیش نه‌بم به دۆعا.. ترس و دڵه‌راوکێ مه‌خه‌نه‌ دڵمه‌وه‌ . با هه‌ر له منداڵیه‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ نه‌که‌م که‌ ئاژه‌ڵێکم به ناوی نامووسی باوک و براکه‌م و ده‌بێ ئاگام له خۆم بێت ئه‌گینا ده‌بم به‌ دۆعا... ."

Dec 16, 2007

نازانم بۆ پڕ به دڵ پێم خۆشه‌ له‌و فه‌له‌ستینیانه ده‌کوژرێ!!

له ژیانم دا پێم خۆش نه‌بووه‌ چۆله‌که‌یه‌کیش بکوژرێ. به‌ڵام نازانم بۆ پڕ به دڵ پێم خۆشه‌ له‌و فه‌له‌ستینیانه ده‌کوژرێ!!
له‌وانه‌یه‌ پێوه‌ندی هه‌بێ به‌وه‌ که‌ ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ له‌ کاتی به ته‌عریب کردنی که‌رکووک، چۆن سه‌دام حوسه‌ین ده‌هات و ئه‌وانی ده‌هێنا وه‌ک عه‌ره‌بێک ده‌ستیان ده‌گرت به سه‌ر ماڵ و سامانی کوردان دا.
له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌، ئاخر خۆ نه‌ته‌وی ئیسراییلیش مافی خۆیه‌تی که‌ له‌ سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ شوێنێکی هه‌بێ بۆ ژیان کردن.. وه‌ک مێژوو ده‌ری ده‌خات ئه‌و وڵاته‌ی که‌ ئه‌مڕۆ فه‌له‌ستینیه‌کان و ئیسراییلیه‌کان له‌ سه‌ری مشت و مڕیانه هی هه‌ردووکیان بووه‌ و پێکه‌وه‌ ژیاون تا کوو ئیسلام هاته‌ نێویانه‌وه‌ و ئیتر ئه‌و جووله‌کانه‌ی که‌ نه‌یانویستوه‌ ئایینی ئیسلام قه‌بووڵ بکه‌ن، ده‌رکراون به‌ڵام دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و دیارده‌ی هولوکاست گه‌ڕانه‌وه‌ زێدی باب و باپیرانیان که ئاوه‌دانی بکه‌نه‌وه‌..
ئه‌وه‌تا له‌ ژێر سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی جیهانی دا ئه‌وا ئێرانیش خۆیی کردوه‌ به‌ برابه‌ش.. جا جه‌نابی برابه‌ش ئه‌گه‌ر پێت ناخۆشه‌ ئیسلام له ناو بچێت!! خۆ هاوسێکه‌یشت (باشووری کوردستان) موسڵمانن ده‌ی ئه‌وان بۆ تۆپ باران ده‌که‌یت و خه‌ڵکی بێ ده‌ره‌تانی ناوچه‌ سنووریه‌کان راو ده‌نێیت....
ئاخۆ داڵده‌یه‌ک هه‌بێ بۆ ده‌رباز بوون له‌م ئیسلام و له‌م برابه‌شانه‌...

Nov 16, 2007

رۆژی خوێندکار و هێزه‌ ئینتزامیه‌کان

دوێنێ رۆژی خوێندکاری زانکۆ بوو له‌ ئێران دا. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ "هێزه‌ ئینتزامیه‌کان"به هاوکاری بنکه‌ی په‌روه‌رده‌ کردنی مامۆستای شاری ورمێ به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ به‌ڕیوه‌ بردین!! له‌م رێو ره‌سمه‌ شکۆداره‌دا سه‌ردار "که‌ره‌می" ده‌ستی کرد به لێک دانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئامریکا هه‌ر له کۆنه‌وه‌ له‌و ده‌مانی که ئامریکا و شۆره‌وی وه‌ک دوو زل هێز نێره‌که‌رایه‌تیان ده‌کرد.... هێنای هێنای پێوه‌ندی دایه‌وه‌ به شۆڕشی گه‌لانی ئێران و که‌نداوی کورد(که چه‌واشه‌یان کردوه‌ به کنداوی فارس یان که‌نداوی عه‌ره‌ب) هه‌روه‌ها کێشه‌ی عیراق و ئه‌فغانستان و ... هتد .
 دواتر ئامه‌ژه‌ی به‌وه‌ دا ، له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو زل هیزی و سوپای ئه‌مریکی و دۆستانی؛ ئێمه‌ش چه‌نده‌ توانا و هێزمان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش جیا له نێره‌که‌رایه‌تی، که‌ڵه‌گایه‌تیشمان زیاتره‌...

جیا له‌مانه‌ش له راست و چه‌په‌وه‌ سه‌ربازه‌کانی ئیمامی زه‌مان  له جه‌نابی "سه‌ردار" وێنه‌یان هه‌ڵده‌گرت وئه‌ویش خۆیی قۆز ده‌کرد و به لاچاو سه‌یری له‌پ تابه‌که‌ی به‌رده‌می ده‌کرد...

به‌ڵام خۆزگا رۆژێک بۆم روون بوایه‌ته‌وه‌ که رۆژی خویندکار چ پێوه‌ندیه‌کی بوو به  "هێزه‌ ئینتزامیه‌کان"وه‌!!

Nov 7, 2007

پێگه‌ی قانونیانه‌ی زمانی کوردی له‌ عیراقدا

 
 زمان وه‌نه‌بێت هه‌ر به‌ته‌نها هۆیه‌کی له‌یه‌ک گه‌یشتن بێ، به‌ڵکو بۆ بواره‌ سیاسیه‌کانی نه‌ته‌وه‌، زمان ناسنامه‌یه‌. خۆ نابێ نکولی له‌وه‌ بکه‌ین که‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ هه‌ره‌ دیارو زه‌قه‌کان که‌ کوردی به‌ کورد هێشتۆته‌وه‌ زمانه‌که‌یه‌تی، بۆیه‌ له‌ به‌دیهێنانی داخوازیه‌ سیاسیه‌کانیش ده‌بێ پرسی زمان له‌ پێشه‌نگه‌وه‌ بێ. گه‌ر قوڵتریش بنواڕین؛ په‌نا بۆ پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ ببه‌ین ئه‌وا دیسان زمان پێکهاته‌یه‌کی هه‌ره ‌کارای پیناسه‌که‌ پێک ده‌هێنی و وه‌ک کۆڵه‌گه‌یه‌کی سه‌ره‌کی خۆی ده‌نوێنێ. سه‌باره‌ت به‌پرسی داکۆکیکردن له‌سه‌ر زمانی دایک به‌شێوه‌یه‌کی قانونیانه‌، سیاسه‌تمه‌دارانی کورد تائێستاکه‌مته‌رخه‌م بوون.


ده‌ستووره‌کانی پێشو
ده‌ستوری یه‌که‌می عێڕاق ١٩٢٥به‌ هه‌ر ١٢٣ مادده‌که‌یه‌وه‌ نه‌ک ددانی به‌زمانی کوردی نه‌ناوه‌ به‌ڵکو خۆی بواردوه‌ له‌ ناوهێنانی ئاخێوه‌ره‌کانی وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی عێڕاق. به‌ڵکو له‌جیاتی ئه‌وه‌ له‌ مادده‌ ١٧یدا هاتوه‌" عه‌ڕه‌بی زمانی فه‌رمییه‌ مه‌گه‌ر قانونێکی تایبه‌تی بۆ ده‌ربچێ" . هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستوره‌که‌ دوجار هه‌موار کرا: یه‌که‌میان دوای سێ مانگان له‌هه‌مان ساڵ‌ و دوهه‌میشیان له‌١٩٤٣، به‌ڵام هیچ کام له‌و دو هه‌موارکردنه‌ قانونیانه‌ مادده‌ی ناوبراویان نه‌گرته‌وه‌، یان مادده‌یه‌کیان له‌دوتوێی ده‌ستوردا زیاد نه‌کرد که‌سه‌لمێنه‌ری فه‌رمێتی زمانی کوردی بێ. هه‌رچه‌نده‌ پێش هه‌موارکردنی دوهه‌م ‌و له ‌١٩٣١ "قانونی زمانه‌ ناوچه‌ییه‌کان" ده‌رچو، که‌به‌پێیه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو ددانی به‌زمانی کوردی دادنا، به‌ڵام وه‌ک زمانێکی"سه‌ربه‌خۆ" سه‌یری نه‌کرا به‌ڵکو وه‌ک زمانێکی ناوچه‌یی. سه‌رنج لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ قانونی ناوبراو ئاماژه‌ بۆ مادده‌ی ١٧ی ده‌ستور وه‌ک بنه‌مای ره‌وایه‌تی ناکا، له‌هه‌مان کاتیشدا ده‌ستور له‌دوهه‌مین هه‌موارکردنیدا رێی به‌و ئاقاره‌دا نه‌بردوه‌. راسته‌ قانونی زمانه‌ ناوچه‌ییه‌کان هێزی فه‌رمانبه‌ردارێتی قانونی هه‌بووه‌ به‌ڵام هه‌موارکردن، تاگۆڕین‌ و لابردنیشی ئاسان بووه‌، ئه‌و هێزه‌ی نه‌بووه‌ که‌ مادده‌یه‌کی ده‌ستور هه‌یبووه‌.

له‌ده‌ستوری کاتی ١٩٥٨دا بێجگه‌ له‌ماده‌ی راڤه‌هه‌ڵگری ٣ له‌هیچ مادده‌ی دیکه‌یدا باس کورد و زمانه‌که‌ی نه‌هاتوه‌. مادده‌ی سێهه‌میشی که‌عه‌ڕه‌ب ‌و کورد به‌ هاوبه‌ش له‌نیشتمان داده‌نا، به‌ڵام به‌هۆی ناواخنی مادده‌ی پێشوی به‌وه‌ی "عێڕاق (وه‌ک گشت) به‌شێکه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب "هه‌رچی مافی نه‌ته‌وایه‌تی غه‌یره‌ عه‌ره‌به‌کانه‌ سڕیه‌وه‌. خۆ له‌ده‌ستوری ناوبراودا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماژه‌ به‌فه‌رمی بونی زمانی کوردی نه‌کراوه‌.

هه‌رچی ده‌ستوری ١٩٦٤یشه‌ ئه‌وا له‌مادده‌ ٣یدا هاتوه‌ "ئیسلام دینی ده‌وڵه‌ته‌ و رێسای سه‌ره‌کی ده‌ستوره‌که‌یه‌تی ‌و زمانی عه‌ڕه‌بیش زمانی فه‌رمیه‌که‌یه‌تی" به‌م مادده‌یه‌ رێگه‌ له‌ناسینی زمانی کوردی گرتوه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆره‌ ئاماژه‌پێکرنێکی سه‌رپێیش له‌مادده‌ی ١٩ هه‌بوه‌ که "‌ده‌ستور دان به‌مافه ‌نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کوردان له‌ بۆته‌ی گه‌لی عێڕاق له‌ یه‌کێیته‌کی نیشتمانیانه‌ی براتیانه ‌داده‌نێ".

ده‌ستوری کاتی ١٩٦٨یش به‌هه‌مان داڕشتن له‌مادده‌ چواریدا باس له‌فه‌رمیبونی زمانی عه‌ڕه‌بی به‌ته‌نها ده‌کا.

ده‌ستوری ساڵی حه‌فتاش هه‌مان ده‌ستوره‌که‌ی ساڵی 68ه‌ به‌ڵام به‌هه‌موار کردنه‌وه‌. له‌وده‌ستوره‌دا رێگه‌ به‌زمانی کوردی له‌ناوچه‌کانی حوکمی زاتی دراوه‌. حوکمی زاتیش بۆ ئه‌وشوێنانه‌ بوه‌ که‌زۆرینه‌ی کوردن. به‌ڵام رژێم له‌ڕێگه‌ی سیستمی به‌عه‌ڕه‌بکردن زۆر شوێنی کوردستانی به‌عه‌ڕه‌ب کردن، وله‌ حوکمه‌زاتیه‌که‌و ئازادی زمانیشی بێ به‌ری کردن.


ئایا زمانی کوردیی پێویست نییه‌؟
کاتێک قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێڕاق بۆقۆناخی گواستنه‌وه‌ش داڕێژرا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌ستورو قانونه‌کانی پێش‌خۆی جیاوازی‌ و گۆڕانکاری به‌رچاوی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. ده‌ستوری هه‌میشه‌یش هه‌مان مادده‌ی نۆهه‌می قانونی ناوبرای له‌دوتوێی ده‌قی خۆیدا داڕشتۆته‌وه‌. لێ ئه‌مجاره‌یان ژماره‌ چواری له‌ریزبه‌ندیکردنی مادده‌کانی وه‌رگرتوه‌ به‌لێزیادکردنی دوبڕگه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌زمانی تورکمانی ‌و سریانی ‌و زمانه‌ ناوچه‌ییه‌کانی دیکه‌.

دێڕی یه‌که‌می مادده‌ی چواره‌م که‌ڕێسایه‌کی گشتیه‌ زۆر قانونیانه‌ داڕێژراوه‌ که‌ ده‌ڵێ" اللغه‌ العربیه‌ واللغه‌ الکوردیه‌ هما اللغتان الرسمیتان للعراق" به‌ڵام له‌بڕگه‌ی دواتردا که‌ سیفه‌ته‌ فه‌رمییه‌که‌شی ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و تێبینییه‌ له‌خۆ هه‌ڵده‌گرێ که‌زمانی کوردی هاوشانێتی فه‌رمی بونی له‌هه‌مبه‌ر زمانی عه‌ڕه‌بیدا له‌ده‌ست ده‌دا، یان هه‌رهیچ نه‌بێ بازنه‌که‌ی ته‌سک ببێته‌وه‌. رسته‌ی سه‌رو به‌ڕه‌هایی هاتوه‌، خۆشی خۆی شیده‌کرده‌وه‌، چونکه‌ فه‌رمیتی بوون هه‌مو بواره‌کانی ژیانی دانیشتوانی عێڕاقی ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام کاتێک هه‌ر خودی مادده‌که‌ دێت‌ و خوردی ده‌کاته‌وه‌ له‌ خاڵی دوهه‌می بڕگه‌ی دوهه‌میدا به‌وه‌ی زمانی فه‌رمی ده‌زگا فه‌رمیه‌کان هه‌رکامێک له‌ دوزمانه‌کانه ‌"بأی من اللغتین". لێره‌دا داڕشتنه‌که‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ردارێتییه‌ زه‌قه‌ نادات به‌ده‌سته‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ بگوترابا به‌هه‌ردو زمانه‌کان ده‌بێ. ئه‌و بوارانه‌ی که‌ خاڵه‌که‌ باسی ده‌کا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌پێی رێژه‌ی ئه‌ندامانی که‌ عه‌ڕه‌بن و به‌ کرداریش هه‌روا بوه‌ زمانی عاڕه‌بی به‌کار هاتوه‌. چونکه‌ به‌پێی خاڵه‌که‌ هه‌ریه‌کێ له‌ زمانه‌کان ده‌ربه‌ستی ره‌وایه‌تی ده‌ستوریانه‌ وه‌رده‌گرێ. به‌ڵام گه‌ر هاتباو هه‌ردو زمانه‌که‌ی ئیلزام کردبا ئه‌وا کاره‌که‌که‌ به‌جۆرێکی دیکه‌ ده‌که‌وته‌وه‌. تێبینییه‌کی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڕگه‌که‌ راسته‌وخۆ جێبه‌جێ ناکرێ چونکه‌ ده‌بێ قانونێک ده‌ربچێ‌ و ئه‌و بوارانه‌ی بڕگه‌که‌ بۆی داناوه‌ له‌خۆیه‌وه‌ بگرێ. ئایا ئه‌و قانونه‌ که‌ی ده‌رده‌چێ؟


زمانی کوردی ته‌نیا له‌ کوردستان فه‌رمییه‌
خاڵی جیمی بڕگه‌ی دو ددان به‌هه‌مو به‌ڵگه‌نامه‌کان داده‌نێ که‌ به‌هه‌ردو زمانه‌که‌ نوسرابن. به‌ڵام هه‌رخۆی چ له‌ قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی پیشوو چ ئێستا دۆکیومه‌نته‌ قانونیه‌کان هه‌ر به‌زمانی عه‌ڕه‌بی ده‌رچون، دانه‌ی ره‌سه‌ن ‌و ئۆرژینال هه‌ر به‌و زمانه‌ چاپکراون ‌و به‌هه‌ند هه‌ڵگیراون. دواتر خه‌ڵکی دیکه‌ به‌ناڕه‌سمی کاری وه‌رگێڕانیان راپه‌ڕاندوه‌. ئاشکراشه‌ وه‌رگێڕان زۆر جیاوازه‌ له‌ دانه‌ی ره‌سه‌ن (ئۆرژینال). گه‌ر هه‌ر گرفتێک له‌سه‌ر ره‌وسه‌نێتی ئه‌و ده‌ستوره‌ بێته‌ پێش ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ په‌نا بۆ داڕێژراوه‌ عه‌ڕه‌بیه‌که‌ ده‌بردرێ، له‌کاتێکدا ده‌قی مادده‌که‌ شتێکی دیکه‌ ده‌ڵێ.

له‌و بواره‌دا ده‌کرێ نمونه‌ به‌ یه‌کێتی ئاوڕوپا بهێنینه‌وه‌ که‌ پێش فراوان بونه‌که‌ هه‌ر دوازده‌ زمانه‌کانی وڵاتانی ئه‌ندام زمانی فه‌رمی ‌و ئۆرژینال بون. زمانی فینله‌ندی که‌ ده‌وروبه‌ری 4 ملیۆن که‌س قسه‌ی پێ ده‌که‌ن هاوشانی زمانی ئینگلیزی بو. نوێنه‌رانیان له‌ په‌‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی وه‌ک زمانی دایکیان ده‌زانن به‌ڵام هه‌ر به‌زمانی زگماکیان قسه‌ ده‌که‌ن. ئا‌وڕوپایه‌ک که‌کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی تێدا نییه‌ ئاوا ده‌ست به‌زمانه‌کانی ده‌گرێ به‌ڵام لای ئێمه،‌ که‌زمانمان ناسنامه‌مانه‌ ئاوا سه‌ودای له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.

خاڵی (د) و(ه) دیسان به‌ ئاڵۆزاوی ‌و ته‌مومژاوی واژه‌ی فه‌رمیبوون شی ده‌که‌نه‌وه‌. چونکه‌ له‌یه‌که‌میاندا "الظوابط التربویه‌ " ده‌کاته‌ مه‌رجی کردنه‌وه‌ی فیرگه‌کان به‌ هه‌ردو زمانه‌کان له‌هی دوهه‌میشدا "ایه‌ مجالات اخرى یحتمها مبدأ المساواه‌" ده‌کاته‌ پێوه‌ر. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ کامه‌ بنه‌مای یه‌کسانی؟ باشه‌ بۆ مادده‌که‌ به‌شێوه‌یه‌ک دانه‌ڕێژرا، بڵێ ئه‌و باره‌ی ئێستا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌پاره‌و پول وپاسپۆرته‌کان به‌پێی فه‌رمیبونی هه‌ردو زمانه‌کان بگۆڕدرێ. ئایا ئه‌و بنه‌مای یه‌کسانێتیه‌ واده‌کا که‌ رویه‌کی پاره‌ و پوله‌کان ببێته‌ کوردی؟ یان هه‌ر به‌گوێره‌ی عورفی باوی زمانی سه‌رده‌ست ده‌ڕوا؟

بڕگه‌ی سێهه‌می مادده‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌شازه‌ که‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا زیاده ‌"تستعمل المؤسسات والاجهزه‌ الاتحادیه‌ فی اقلیم کوردستان اللغتین" چونکه‌ گه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و مادده‌یه‌ بێ ئه‌وا که‌ سیفه‌تی فه‌رمانبه‌ردارێتی هه‌یه‌ باقی سنوری عێڕاق ته‌نها زمانی عه‌ره‌بی به‌کار ده‌هێنێ، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌بێ له‌ کوردستان هه‌ردو زمانه‌که‌ هاوشان بن. ئه‌و ده‌قاوده‌قییه‌ی بڕگه‌که‌، بڕگه‌ی یه‌که‌م ده‌سڕێته‌وه‌. که‌واته‌ ئه‌و فه‌رمی بونه‌ سنوری له‌گه‌ڵ سنوری هه‌رێمی کوردستاندایه‌. سنوری هه‌رێمی کوردستانیش به‌پێی مادده‌ی 140 بێ تا کۆتایی ساڵی 2007 ده‌خایه‌نێ. که‌واته‌ به‌ گوێره‌ی جێبه‌جێکردنێکی ده‌قاوده‌قی بڕگه‌که‌ بێ زمانی کوردی له‌ به‌شه‌ کوردستانه‌ دابڕاوه‌که‌‌دا به‌که‌رکوکیشه‌وه ‌به‌ره‌سمی به‌کار ناهێنرێ.

مایه‌ی تێڕامانه‌ که‌ دادگای تاوانه‌کانی ئه‌نفال به‌گوێره‌ی بریاری ژماره‌ 10 ی ساڵی 2005 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێڕاق به‌ناوی قانونی دادگای تاوانی عێڕاقی باڵاوه‌ ده‌رچوه‌، پرسی زمانی به‌ئاراسته‌یه‌کی جیاواز له‌گیانی ده‌ستور چاره‌سه‌ر کردوه‌. قانونی دادگا له‌دوتوێی هه‌ر 40 مادده‌که‌یدا به‌لای ناوه‌ڕۆکی مادده‌ی چواری ده‌ستوردا ناچێ، به‌ڵکو به‌زه‌قی له‌ مادده‌ 32یدا هاتوه‌: تکون الغه‌ العربیه‌ هى اللغه‌ الرسمیه‌ فى المحکمه‌'. لێره‌دا ده‌کرێ ئه‌و پرسه‌ بکرێ؛ تاچه‌ند ئه‌و مادده‌یه‌ و کارپێکردنه‌کانی ره‌وایه؟ تاچه‌ند ده‌ستوریانه‌یه‌؟

گه‌ر بێت‌‌ و پرسی زمان وه‌ک بابه‌تێکی ناسنامه‌یی لێک نه‌درێته‌وه‌، به‌وه‌ی بگوترێ زمان ته‌نها ئامرازێکی ئاخاوتن‌ و له‌یه‌ک تێگه‌یشتنه‌، بۆیه‌ ئه‌و بایه‌خه‌ چاره‌نوسسازیه‌ی نیه‌ که‌ خۆی له‌قه‌ره‌ی ناسانامه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان گروپیکی کۆمه‌ڵایه‌تی بدا. بۆ بێ بنه‌ماکردنی ئه‌و گوته‌یه‌، ده‌ڵیین گه‌ربێت‌ و هه‌ندێ جار به‌ دابینبونی ده‌رفه‌تی ئازادی ‌و دیموکراسی‌ و په‌روه‌رده‌ی ته‌واو که‌له‌یه‌ک تتێگه‌یشتن‌ له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو ئازاد و یه‌کسان ‌و دیموکراتدا وابێ، به‌ڵام له‌زمانی قانون ‌و دادگادا وانیه‌. هه‌ر ڕسته‌ بگره‌ ده‌سته‌واژه‌ و وشه‌یه‌کی، ته‌نانه‌ت ئامرازیکی په‌یوه‌ندی زمان رۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌تێگه‌یشتن‌ و راڤه‌کردنی ده‌قێکی قانونی یان بریارێکی دادگایی ده‌بێنێ. گرنگیه‌که‌شی زیاتر له‌وه‌دا یه‌ که‌راسته‌وخۆ ژیانی تاکی په‌یوه‌ستیدار به‌ فڵانه‌ قانون ‌و بڕیاری دادگایی له‌سه‌ر به‌نده‌.

ئه‌و قانونانه‌ی سه‌رو له‌ حکومه‌تی فیدرالیه‌وه‌ ده‌رچوون، به‌ڵام کاتێک چاو به‌ قانونه‌کانی خودی هه‌رێمی کوردستانیشدا ده‌خشێنینه‌وه‌‌ ده‌بینین پرسی زمان تاڕادده‌یه‌کی زۆر فه‌رامۆش کراوه‌، چونکه‌ زۆر له‌ قانونه‌کانی هه‌رێم به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی ده‌رچون. له‌روی کرده‌ییه‌شه‌وه‌ دادگاکان تا ئێستا هه‌ر زمانی عه‌ڕه‌بی به‌کار ده‌هێنن. ئه‌مه‌ هه‌موی پرسی ته‌واو لیتێنه‌گه‌یشتن له‌ بابه‌تی زمان وه‌ک ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌که‌ی دێنێته‌ به‌ر باس.
ژێده‌ر:نیقــاش- شه‌فیقی حاجی خدر – 7/11/2007 -