Sep 11, 2005

کرماشان

کرماشان شارێکی مێژوویی؛ به‌ مێژوویه‌کی هه‌زاران ساڵه‌وه‌؛ به ئاسه‌وارێکی کۆن؛
شارێکی پڕ له فلکلووڕی کورده‌واری؛ شاری ئه‌وینداران؛ شاری شیرین و فه‌رهاد .
ئه‌مه‌ و ده‌یان شتی تر شانازیه‌کانی ئه‌م شاره‌ن. له سه‌ده‌کانی رابردوومان دا .
نه‌ته‌وە جۆر به جۆرەكانی ئه‌م شارە مێژوویه بریتین له كورد و توورك و فارس...
 كوردەكان بۆ خۆیان دابه‌ش دەكرین به مانه‌وه: كه‌ڵهوڕ، له‌ك، لوڕ، سۆران، گۆران، ئه‌ردەڵان، قه‌ڵخانی، سنجاوی، جاف و ....
ئایین و مه‌زهه‌ب: رێژەیه‌كی زۆر موسڵمان و هه‌ر وەها رێژەیه‌كی زۆر كه‌م! گاور و جووله‌كه ی تێدا دەژی .
موسڵمانه‌كان دابه‌ش دەكرێن به‌م مه‌زهه‌بانه‌وه: شێعه، سونی، یارسان .

كاتێ وای له كرماشان دا نازانی ئه‌م خه‌ڵكه كوردن یان فارس.. چوونكو نه كوردیه‌كه‌یان ته‌واوە و نه فارسیه‌كه‌شیان .
به‌ردەوام هه‌ست به ئازارێكی پڕ له قین دەكه‌یت. ئازارێكی دابڕان؛ ئازارێكی دۆڕان؛ ئازارێكی هه‌ر
كه‌س بۆ خۆیی .

به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ردانی شارەكانی تری ئه‌م پارێزگایه بكه‌ین ئه‌م ئازارانه زۆر كه‌مترن .
ئه‌م چه‌ند وێنه‌یه، به‌رهه‌می سه‌ردانی شاری كۆزەران و شاری كرماشانه .
به هۆی داخرانی ئه‌و مالپه‌ڕه‌ی وێنه‌کانم تێدا ئاپلۆد کردبوونوینه‌کانی زۆر به‌ی پۆسته‌کانم به ده‌ردی فه‌وتان رۆشتون..

Sep 10, 2005

هۆیی شپرزه‌ییم

زۆر به‌ دوایی ئه‌وه‌ دا بووم که له‌م ماوه‌یه‌ بۆ وا له‌ باری بیر و هزره‌وه‌ وا شپرزه‌ و شڵه ژ‌اوم ........هۆیه‌کانی ئابه‌مانه ده‌زانم :
یه‌ک له‌و هۆیانه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که له‌م ماوه‌دا ته‌سلیمی خواستی کۆمه‌ڵگای پیاو سالاری بووین و دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌رمان دا زاڵ بوو ؛ به‌ ناچار دووکانه‌که‌مان که که‌ژان له‌ سه‌ری کاری ده‌کرد پێچامانه‌وه‌ . که زۆر له سه‌ر بار و دۆخی بیر و بۆچوون و هه‌ستی ده‌روونیمه‌وه‌ کاری تێکردم .

یه‌کێک تر له‌و هۆیانه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م ماوه‌یه‌ زوو زوو سه‌ردانی شارێکم ده‌کرد که زۆر شارێکی شپرزه‌ و دوور له شارستانیه‌ت ، پڕ له دوو به‌ره‌کی و چه‌ند به‌ره‌کی ، پڕ له رقه‌ به‌رایه‌تی ئینسانه‌کان و شارێکی کوردی بێ کورد، شارێک که بێزیان له نه‌ته‌وه‌ی خۆیان دێت و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان پێان خۆشه‌ که فارس بوایه‌ن. ئه‌م شاره‌ شاری کرماشانه .
و هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ چاولێگه‌ری ئاکار و وته‌ی فارسه‌کان ده‌که‌ن که به‌ڵکو وه‌ک ئه‌وان ده‌رچن .
فارسه‌کان په‌ندێکی پێشینیانیان هه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ ماناکه‌یه‌تی " قشقه‌ڕه‌ ده‌یویست رێگه‌ رۆیشتنی که‌و فێر بێت رێگه‌ رۆیشتنی خۆشی له‌ بیر چوه‌وه‌ " .
باوه‌شێن که‌ری ئه‌م چه‌ند به‌ره‌کیانه‌ كێشه‌ی ئایین و مه‌زهه‌به .

له‌ پۆستی داهاتووم دا له باره‌ی ئه‌م شاره‌ وه‌ چه‌ند په‌یڤێک ده‌نووسم .

Sep 8, 2005

بزمارباران..!


بزماربارانی رۆح و جه‌سته‌م کرد زۆر له‌م کون و  قوژبنانه‌دا هه‌ڵتروشکام . به دوایی بیرێکی نۆێ و رێگایه‌کی نوێ دا گه‌ڕام .
جه‌سته‌م به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی دڵته‌ڕانه‌وه‌ خۆش کرد. له نێو خۆم دا پیشم خواردوه‌ته‌وه‌ ، وه‌ک ترێی شه‌رابم لێ هاتوه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆمم خواردوه‌ته‌وه‌ تووند بوم و سه‌رم ماسیوه‌ .

به‌ڵام نازانم بۆچی ............. بۆ حه‌ز ده‌که‌م بچمه‌ شۆێنێک که نه کوردی تیا بوایه‌ و نه‌ ئێرانیش .

شێواوم ؟؟؟؟؟؟؟؟؟!!!!!!!!!
به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ش بێت که ئه‌م " په‌یڤه‌ " بوه‌ته‌ چه‌قڵی سه‌ر چاوانی بازێک که‌س ؛ ئه‌م جاره‌یان پێنووسه‌که‌م به‌ تووندی ده‌گرم و به وره‌ و تینه‌که‌وه‌ ده‌نووسم ؛ که بزمار بارانی روح و جه‌سته‌یان بکه‌م .

Aug 28, 2005

هۆمه‌ر دزه‌یی



دیمانه‌: به‌رهه‌م شێخ عزه‌دین
هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ر دزه‌یی ده‌نگێكی كوردی و ڕه‌سه‌نی نێو هونه‌ری كوردیه‌ ، له‌ كاروانی گۆرانی و مۆزیكی كوردیدا توانیویه‌تی خزمه‌تێكی به‌رچاو به فه‌رهه‌نگی گۆرانی و مۆزیكی كوردی بگه‌یه‌نێت .
هونه‌رمه‌ند خه‌ڵكی سنووری شاری هه‌ولێره‌ ، له‌ ده‌شتی دزه‌ییاتی له‌ دایك بووه‌ ، ناوبراو له‌ زۆر وڵاتانی ڕۆژئاوا گه‌ڕاوه‌ ، هۆمه‌ر دزه‌یی له‌دیمانه‌یه‌كی كوردستان ئۆنلایندا به‌هۆی چه‌ند پرسیارێكه‌وه‌ چه‌ند نهێنیه‌كی ناخی خۆی بۆمان باسكرد.

Konline / بۆ ناگه‌ڕیته‌وه‌‌ له‌ هه‌ولێر دابنیشی؟
وه‌ڵام: كوردستان خۆت ده‌زانی بۆ هه‌موو كوردێك وه‌كو یه‌كه‌ ، به‌ڵام ڕاسته‌ ئینسان شار و مه‌مله‌كه‌تی خۆی هه‌یه‌ ، ڕاسته‌ كه‌ تۆ له‌ وڵاتی خۆت بووی ده‌بێ له‌ شاری خۆت یان له‌ گوندی خۆت بیت ، به‌ڵام هه‌ندێ جار كار و پیشه‌ وات لێ ده‌كات له‌وانه‌یه‌ نه‌توانی له‌ شاری خۆت دابنیشی به‌ ڕاستی من خه‌ڵكی گوندێكم، شارنشین نیم ، بۆ خوێندن چومه‌ته‌ هه‌ولێر گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ گونده‌كه‌ی خۆم ، واته‌ به‌ر له‌وه‌ی بڕۆم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ گوند دانیشتوم زۆر شانازیش به‌ گونده‌كه‌م ده‌كه‌م ، من كه‌ گه‌ڕاشمه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شوێنێك سه‌ردانی گونده‌كه‌م و گۆڕی دایكم وبراكه‌م كرد ، ... زوو زووش دێمه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ... بۆچیش له‌ سلێمانی دانیشتووم بڕوابكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هیچه‌وه‌ نیه‌ ، من كاری سیدی و كتێب و شتم هه‌بوو ، من له‌ واشنتۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م گروپه‌ ڕێك كه‌وتم كه‌ كارم بۆ بكه‌ن بۆیه‌ ده‌بێ له‌ سلێمانی بم و له‌گه‌ڵ ئه‌وان كاره‌كه‌م بكه‌م ، ئه‌مه‌ هۆیه‌كه‌یه‌تی .

Konline / حه‌زده‌كه‌ین كه‌مێك باسی ژیانی منداڵی خۆتمان بۆ بگێڕه‌وه‌ ؟
وه‌ڵام : ژیانی منداڵیم هه‌روه‌كو باسم كرد هه‌تا 20 ساڵ هه‌ر له‌ گونده‌كه‌ی خۆمان بووم ، پایزان و زستانان ده‌چوینه‌وه‌ هه‌ولێر بۆ خوێندن و هاوینان ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ گونده‌كه‌ی خۆمان ، به‌ڕاستی من ژیانی لادێیم پێ خۆشتره‌ له‌ شار ، چونكه‌ من ژیانم له‌ ناو بزن و مه‌ڕ و مانگاو گاڕان و باعه‌باعی مه‌ڕ و بۆڕه‌ بۆڕی مانگا و زه‌ڕه‌ی نێره‌ كه‌ر خوێندنی كه‌ڵه‌باب و ئیدی ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی بۆ من له‌ گوێمدا ده‌زرنگێنه‌وه‌ ، دواتر ده‌نگی سه‌پان و په‌ندی دروێنه‌وه‌ حه‌یرانی سه‌ر خه‌رمان ، ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ من زۆر گرنگ بوون ، به‌ڕاستی وه‌كو ووتم حه‌زم له‌ شار نه‌بوو ، ده‌توانم بڵێم كوڕه‌ كوردێكی جوتیار بووم .
له‌ منداڵیدا زۆر هار و عه‌جول بووم ، كه‌ شه‌ڕه‌ به‌رد و دار لاستیك و به‌رده‌قانی ڕویده‌دا له‌گه‌ڵ منداڵانی تر ، جارێك به‌ به‌رده‌قانی ناوچه‌وانم شكا و به‌ردێكی وێڵ هات و دوور به‌ دووری نه‌مزانی هی كێیه‌ ، ئیتر گونده‌كه‌شمان به‌راستی كچی جوانی تێدا بوو ، ئێمه‌ هه‌موومان گه‌نجه‌كانی گونده‌كه‌مان له‌ سه‌رده‌می نه‌وجه‌وان بوین ئیدی عاده‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ چاوت به‌ كچێك ده‌كه‌وێت حه‌ز حه‌زۆكێ و چاو چاوانێ ده‌كه‌ی ، له‌ هه‌ندێ بۆنه‌ی لادێ وه‌كو كاكێشان و چونه‌سه‌ر خه‌رمان ده‌سكه‌نه‌ی نۆك و یان به‌ر به‌خان و شوانی ( شوانیم نه‌كردووه‌ ) به‌ڵام ده‌چووم زۆر سه‌ردانم ده‌كرد ، ئیدی له‌م شوێنانه‌ كوڕ و كچ به‌یه‌كه‌وه‌ حه‌ز حه‌زۆكێ دروست ده‌بێت ، ژیانی لادێ هه‌روا بووه‌ ...

Konline / له‌ سه‌رده‌می لاویدا زۆربه‌ی كاته‌كانت له‌كوێ به‌سه‌ر ده‌برد ؟
وه‌ڵام : به‌ڕاستی خۆت ده‌زانی له‌ لادێ زۆربه‌ی هاوڕێكانت كوڕن و هاوڕێی كچت نیه‌ ، بۆیه‌ كه‌ ده‌چووم بۆ هه‌ولێر بۆ خوێندن خواخوام بوو زوو بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ یاری و لای هاوڕێكانم ئه‌وها بوو .

Konline / ده‌پرسین حه‌زت له‌و هه‌ره‌وه‌زه‌ نه‌بووه‌ كه‌ كچی تێدابووه‌ ؟
وه‌ڵام : با به‌رێ وه‌ڵا زۆرم حه‌ز ده‌كرد ، به‌ڵام دایكم زۆر نه‌ی ‌ده‌هێشت بچمه‌ زۆر شوێن ، بۆ نمونه‌ شه‌وان ساوار كوتانه‌وه‌ و ئه‌و شتانه‌ هه‌بوو كه‌ كارێكی هه‌ره‌وه‌زیه‌ و هه‌موو ئاوایی ده‌چن و كچی زۆر تێدا بوو ، من به‌ گشتی ده‌چووم بۆ ئه‌و شوێنانه‌ .
یان كا كێشان كه‌ شه‌و به‌ گوێدرێژ ئه‌و شتانه‌مان ده‌كێشاوه‌ بۆ ناو كادین ئیتر خۆش بوو له‌ ناوه‌وه‌ ده‌مان كرده‌ باز بازۆكێ و ده‌ست بازی كوڕ و كچ تێكه‌ڵ ده‌بووین به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌كه‌وتین زۆر خۆش بوو .. به‌ڵا م دایكم ڕێگرم بوو نه‌ی ده‌هێشت ده‌ی گووت كوڕم تۆ هه‌موو له‌شت ده‌بێ به‌ كا ، به‌م هه‌موو كایه‌وه‌ ده‌خه‌وی ، ده‌بوایه‌ هه‌موو شه‌وێك خۆت بشۆی ، خۆزگه‌ به‌و ساتانه‌وه‌ ده‌خوازم .

Konline / ده‌رباره‌ی ژیانی دڵداری چیده‌ڵێیت ؟
وه‌ڵام: به‌ڕاستی من هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ حه‌زم ده‌كرد له‌گه‌ڵ كچان دۆستایه‌تیم هه‌بێت ، كه‌ چوومه‌ كه‌ركوكیش بۆ خوێندن ئه‌و وه‌خته‌ ساڵی 1950_ 1951 كه‌ له‌ ناوه‌ندی بووم له‌و وه‌خته‌ دڵداری ده‌ست پێده‌كات ، ئه‌وكاته‌ حه‌زم له‌ كچێك كردووه‌ كه‌ ئاشوری بوو كه‌ ڕه‌شتاڵه‌یه‌كی 15 ساڵی بوو زۆر جوانیش بوو شیعرێكی خۆشم له‌سه‌ر نووسیبوو كه‌ ئێستاش ماومه‌ .

Konline / له‌ ئه‌وروپاش هه‌روه‌ك و كوردستان براده‌ری كچت هه‌بووه؟
وه‌ڵام :راستی من هه‌میشه‌ عاشق بووم و ئێستاش هه‌ر عاشقم دوای كه‌ركوك من چووم بۆ ده‌ره‌وه‌ ، له‌ وێش هه‌ر خولیای كچ بووم به‌ڕاستی هه‌موو كات دۆستم هه‌بووه‌ ،خۆت ده‌زانی له‌ ئه‌وروپا ئاساییه‌ ، وه‌كو ئێره‌ نیه‌ به‌ دزی بێت هه‌موو شتێك به‌ ئاشكرایه‌ ، له‌و ساڵانه‌ی كه‌ پێشی ژن بهێنم من له‌ ساڵی 1970 ژنم هێنا ، له‌ ساڵی 1955 چووم بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌ سه‌فه‌ر چووم ، له‌و وڵاتانه‌ هه‌میشه‌ به‌بێ دۆست نه‌بووم هه‌میشه‌ دۆستم هه‌بوو ، هه‌مووشیانم خۆشویستووه‌ ئه‌وه‌ی دۆستم بووه‌ ، ناتوانم له‌ بیریان بكه‌م ، ئه‌وه‌شم له‌ بیر ناچێته‌وه‌ كه‌ كچێكی نه‌مسایی كه‌ له‌ خۆمم خۆشتر ده‌ویست ڕه‌فزی كردم و وازی لێ هێنام بۆیه‌ گریاندمی ، به‌ڵام كچه‌كانی تر بێزار ده‌بووم لێیان وازم لێده‌هێنان ، به‌ڵام نه‌مساییه‌كه‌ عه‌یار بوو ، ئه‌و په‌یوه‌نیه‌ی له‌گه‌ڵ پچڕاندم و هه‌ستی بریندار كردم .

Konline / ده‌مانه‌وێت بڵێین كه‌ ئێستاكه‌ جگه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت دۆستی دیكه‌ت نییه‌ ؟
وه‌ڵام : نا دۆستم نیه‌ ، به‌ڵام بیری ڕابردووم ده‌كه‌مه‌وه‌ زۆرباسی ده‌كه‌م له‌لای خێزانه‌كه‌م ، ئه‌و وێنانه‌ی بڵاوم كردنه‌وه‌ له‌ كتێب به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بووه‌ ، ده‌زانێت كه شاعیر و هونه‌رمه‌ند وه‌كو من ناتوانێت رابردووی خۆی بسڕێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وانه‌ هه‌وێنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی من بوون خۆشبه‌ختانه‌ش ژن و منداڵه‌كانم تێده‌گه‌ن كه‌ ژیانی من ئه‌وهایه‌ .

Konline / دوای ئه‌م هه‌موو حه‌ز حه‌زۆكێیه‌ چۆن خێزانت پێكهێنا ؟
وه‌ڵام :به‌ڕاستی هاوسه‌ره‌كه‌م كه‌ ئامۆزای خۆمه‌ ، جارێك كه‌ هاتمه‌وه‌ كوردستان سه‌ردانی ئاموزاكانم كرد سه‌یرم كرد زۆر جوان بوو و منداڵیش بوو كه‌ ته‌مه‌ن14 - 15 ساڵ ده‌بوو ئیدی خۆشم ویست ، به‌ڕاستی بریارم دابوو كه‌ ده‌بێ ژنه‌كه‌م كورد بێت چونكه‌ زۆر جار دۆسته‌كانم داوایان لێكردووم كه‌ بیانهێنم به‌ڵام من ده‌مویست كورد بێت .

Konline / به‌ر له‌ ژیانی هاوسه‌رگیریت خێزانه‌كه‌ت به‌م نهێنیانه‌ی ده‌زانی ؟
وه‌ڵام : به‌ڵێ ئاموزای خۆمه‌ باش ده‌یزانی ناو ناوبانگی منی بیستبوو ، لای ئاسایی بوو ڕازی بوو پێم ، كه‌ شوم پێبكات .

Konline / وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ژیانی هه‌نه‌رمه‌ند دووبه‌ش بووه‌ به‌شێك بۆ گه‌ڕان ئه‌ویتر بۆ خۆشه‌ویستی ؟
وه‌ڵام : ئاخر گه‌ڕان و خۆشه‌ویستی تێكه‌ڵاوی ژیانی من بووم ، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌موو گه‌ڕانه‌ كچی جوان و تازه‌م ده‌ناسی .. و حه‌زحه‌زۆكێی تازه‌م ده‌كرد و دۆستی تازه‌م ده‌گرت له‌ ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا و سوێد و هه‌ركوێیه‌ك ده‌چووم دۆستم هه‌بوو ؟!! وه‌كو بڵێی ته‌واوكه‌ری یه‌ك بوون .

Konline / ئه‌گه‌ر هه‌نه‌رمه‌ند نه‌بوویتایه‌ چ پیشه‌یه‌كت هه‌ڵده‌بژارد؟
وه‌ڵام : به‌خوای ڕه‌نگه‌ دیپلۆمات ، حه‌زم له‌ دیپلوماتی بوو ، یه‌كێك له‌ دوای پزیشكی زانستی سیاسیم هه‌ڵبژاردبێ ببم به‌ دیپلومات .

Konline / كوڕێكت بینی له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ت ، چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئه‌م دیمه‌نه‌ ؟
وه‌ڵام : ئه‌گه‌ر بێت و به‌گشتی كومه‌ڵ قبوڵی كرد له‌لام ئاسیایی ده‌بێت و قبوڵی ده‌كه‌م ، به‌ڵام من خۆم ناكه‌م به‌ سه‌ر قافڵه‌ یان بڵێم من باوه‌ڕم به‌ ئازادی هه‌یه‌ قبوڵی ده‌كه‌م ، ئه‌گه‌ر منیش پێم ئاسایی بێت به‌گشتی قبوڵ ناكرێت ، به‌ڵام كه‌ بوو به‌ گشتی خۆی ڕێگای ئاسایی ده‌گرێت .

Konline / حه‌زده‌كه‌ین له‌سه‌ر پرۆژه‌ی داهاتووت بدوێیی له‌ كوردستان ؟
وه‌ڵام : وه‌ڵا دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ كوردستان كۆمه‌ڵێك كار و پڕۆژه‌م هه‌یه‌ ، یه‌كه‌م ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ له‌وێ له‌ ده‌نگی ئه‌مریكا هه‌م بوو هێناومه‌ بیكه‌م به‌ سیدی و كتێب پێشكه‌شی ده‌كه‌م به‌ فه‌رهه‌نگی كوردی ، دووه‌م چه‌ند لێكوڵینه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر حه‌یران و لاوك و به‌سته‌ هه‌یه‌ خه‌ریكم بیكه‌م به‌ سیدی و كتێب .
ئینجا ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر گۆرانیه‌كانی خۆم كه‌ ئه‌مانیشم كردووه‌ به‌ دوو به‌ش ، به‌شێكی ئه‌و گۆرانیانه‌ی تا ئێستا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و ده‌یكه‌م به‌ سیدی ؟، وه‌ ئه‌وانه‌ی بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌ هه‌ر یه‌كی له‌ شوێنێكه‌ ئه‌مانه‌ش ده‌كه‌م به‌ سیدی به‌م زوانه‌ .

Konline / زۆر سوپاست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و دیمانه‌یه‌
وه‌ڵام : زۆر سوپاس بۆ كوردستان ئۆنلاین هه‌ر سه‌ركه‌وتووبن ، ئه‌م قسانه‌م بۆ كه‌س نه‌كردووه‌ ئه‌وه‌ بۆ ئێوه‌م كرد ، شتی زۆرتان وه‌بیرهێنامه‌وه‌ سوپاستان ده‌كه‌م . ‌ ‌
سه‌رچاوه‌: www.kurdistanonline.net  

Aug 20, 2005

دڵشـاده‌ن هـه‌‌رکه‌‌س وه ‌زووانــه‌‌که‌ی وێـش


ئه‌م کورده‌ قووڕبه‌سه‌ره‌ كه زمانی زگماكیه‌كه‌یشی فێر نەبووه ؛ ماڤێک که به‌رده‌وام سه‌دان ساڵه لی زه‌وت کراوه‌ . ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی دونیا یه‌که‌م جار زمانی زگماکییان فێر ده‌بن و بیر و هه‌ستیان تێکه‌ڵ به‌و زمانه ده‌که‌ن . زۆریش شانازی پیوه‌ ده‌که‌ن ؛ و راسته‌و خۆ خۆشیان ده‌وێ .

که‌چی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ ، ئه‌وه‌ که هیچ شانازی پێوه‌ ناکه‌ن به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر که‌سانێک شۆێنی ئه‌م بیر و بۆچوونه بکه‌ون به مرۆڤێکی هیچ نه‌زان و دواکه‌وتووی ده‌زانن .

قه‌د له بیرم ناچی که له " کرماشان " شاری کوردان له‌ گه‌ل شۆفیری تاکسیه‌ک دا به قسه‌ هاتین . کووتی خه‌ڵکی سنه‌م و خێزانیشم خه‌ڵکی پاوه‌یه‌ . به‌ڵام ... به‌ڵام ؛ ناهیڵین منداڵه‌کانمان فێری کوردی بن و به‌رده‌وام من و ژنه‌که‌شم به‌ فارسی قسه‌ ده‌که‌ین نه‌وه‌ک ...........

پڕ به دڵ ئاخێک به‌ ناخم دا تێپه‌ڕی و هه‌ناسه‌می سووار کرد . گووتم که " حه‌سه‌ن زیره‌کی " خوالێخۆش بوو به‌مانه‌ی ده‌گووت کرماشان جێگای ئه‌جدادم ، جێگای شیرین جێی فه‌رهادم .............

به‌ڵام جار به جار ناو چینی ماڤ خوراو دا که‌سانێک وه‌ک ئه‌م شووتی فرۆشه‌ هه‌ڵده‌که‌ون که به‌ ته‌ق و له‌قه‌ی کوردیه‌کی ناته‌واو فێر بووه‌ ؛ حه‌زی پێدەكات که به زمانه‌که‌ی خۆیی هه‌ستی خۆی ده رببڕێت .

ئێوه‌ش لێی زیز مه‌بن . جارێک تر جوان تر و رێک و پێک تر ده‌ینووسێت . ئه‌گه‌ر تووی رق و دووبه‌ره‌کی ناو کۆمه‌ڵگا بهێلێت .

بۆیه‌ ده‌ڵێم تووی رق و دووبه‌ره‌کی ناو کۆمه‌ڵگا بهێلێت ؛ چوونکا ته‌نیا نه‌ته‌ه‌ویه‌کین که له به‌ینی خۆمان دا سنوور ده‌کێشین . ده‌ڵێن کورد ( سۆرانی ) و هه‌ورامی ، سۆرانی و بادینانی ، ئێرانی و عێراقی ( مه‌به‌ستم کوردی ئێرانی و کوردی عیراقیه‌ ) ، و............. هتد



" هه‌‌رچه‌ن مه‌‌واچان فارسی شـــــه‌‌که‌‌ره‌ن

كوردی جه‌‌لای من به‌‌س شيرين تـــــه‌‌ره‌ن

مه‌‌علوومه‌‌ن جه‌‌ده‌ور دنيای به‌‌د ئه‌‌ندَیش

دڵشـاده‌ن هـه‌‌رکه‌‌س وه ‌زووانــه‌‌که‌ی وێـش "

خانای قوبادی

Aug 15, 2005

له پەراوێزی سەردانی ئاغایانی بەرپرس دا ‌

هەر ئەوەی كه بەرپرسێك سەردانی ناو خەڵكی دەكات ؛ رێژەی گلەیی و گازەندەكان سەرەو خوار دەبێتەوه بۆ لایان . ئەوانەی دێن بۆ لایان که له دایرەكان دا وڵامیان نادەنەوه ، ‌ناو خەڵك پێیان دەڵێن ؛ بەڵكوو له روو دەربایسیش دا بووبێت وڵامیان بدەنەوه .
ئەوانیش سەرێكیان بۆ دەلەقێنن ، باشە بەسەر چاوێك دەڵێن ، دەڵێن سبەی وەرە بۆ لام ، ئەوا نامەكەشت هەڵدەگرم .
كابرا ! تا سبەی خەوی لێ ناكەوێت كه رۆژ دەبێتەوە به خۆشیەكەوه دەڕوات . بەڵام ... بەڵام ..... پێی دەڵین كه ئاغا رۆیشتوه . كۆبوونەوەیان هەیە ......
و هەر وەها هەر رۆژێك به بیانوویەكەوه دەس به سەر دەكرێت .
ئیتر ئاخۆ چینی دەس كوورت و چەوساوه و بێ پارتی و بێ بەرتیل قووڕیشی دەس كەوێت به سەری خۆیشی دابكات . 

Aug 12, 2005

یاده‌وه‌ری شه‌هیدان .

 
"شه‌هید ئاوه‌ تینوێتی زه‌وی ده‌شکێنێ
په‌نجه‌ و ده‌سته‌ ئازارای خاک راده‌ژێنێت  "

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 30/ 6/2006 کات ژمێر 8:30 سه‌رله‌به‌یانی بۆ یاده‌وه‌ری کیمیابارانی شاری مه‌ریوان و باقی شاره‌کانی وه‌ک بانه و سه‌رده‌شت و ئاوایه‌کانی قه‌ڵاجێ و و نژمار و ئالووت و...... مه‌راسمێک به‌ به‌شداری سه‌دان که‌س به‌ڕێوو چوو .

به‌شدار بووان له‌ وڵاتانی  یونان و ئوتریش و ئوسترالیا و شاره‌کانی هیرۆشیما و ناکازاکی و مه‌ریوان و بانه‌ و سه‌رده‌شت هاتبوون .
و هه‌روه‌ها رێژه‌یه‌کی زۆر له‌ کاربه‌ده‌ستان له ئوستاندار و نۆێنه‌ری مه‌ریوان له مه‌جلیسدا ، فه‌رمانداری مه‌ریوان و فه‌رمانداری سه‌وڵاوا و هه‌روه‌ها ئیداره‌کانی وه‌ک بنیاد شهید و جانبازان و هه‌روه‌ها هه‌واڵنێرانێکی زۆر به‌شدار بوون  .
جیا له مانه‌ خه‌ڵکێک زۆر له ئاوایه‌کانی نژمار و قه‌ڵاجێ و ئاڵووت و شاره‌کانی بانه و سه‌رده‌شت هاتبوون و یادی شه‌هیدانی به‌ ناحه‌ق کوژراوی قوربانی دیکتاتوریتیان به‌رزنرخاند و یادی ته‌واوی شه‌هیدانیان له هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رده‌شت بگره‌ تا هیروشیما و ناکازاکی کرده‌وه‌ و کرده‌وه‌ دژ به مرۆڤایه‌تیه‌کانیان مه‌حکووم کرد .