Nov 6, 2017

نیاز / مامۆستا گۆران

یه‌كێك له شێعره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كانی مامۆستا گۆران شێعری «نیاز»ه. كاك ناسر ره‌زازی زۆر به‌ جوانی به‌رگی ئاوازی به‌ به‌ردا دووراند‌ كه به ناوی «سه‌رده‌مێك بوو» ناسرا.. ئه‌مه‌ش ده‌قی ته‌واوی شێعره‌كه و گۆرانییه‌كه.



سه‌رده‌مێك بوو دنیای گیانم تاریك و چۆڵ بوو  
كام «به‌ڕۆچكه‌»ی گه‌رمه دڵم، چه‌شنی سه‌هۆڵ

قه‌ریحه‌م وشك، ته‌بیعه‌تم زه‌رد و ژاكاو بوو
زه‌رده‌خه‌نه‌م ئاخی سه‌ر لێو، فرمێسكی چاو بوو

به ئاسمانی هیوامه‌وه‌ ئه‌ستێره‌كانم
به هه‌زاران شا ئه‌ستێره‌ی گه‌ش گه‌ردشی جوانم

هه‌موو نوقمی ده‌ریای ته‌می ره‌ش و تاریك بوون
وه‌ك وه‌نه‌وشه‌ی چنراو له گه‌ڵ سیس بوون خه‌ریك بوون

سه‌رده‌مێك بوو بێ نه‌غمه بوو باغچه‌ی ژیانم
بێ ورته‌ بوو ناو هێلانه‌ی بولبوله‌كانم

له‌ره‌ی ده‌نگی شادمانی و نه‌شئه‌م خنكابوو
شه‌پۆلی بای به‌هره‌ و جۆشم مه‌نگ راوه‌ستابوو

ته‌لی عوود و كه‌مانم پس، كونی شمشاڵم 
به‌سرابوو وه‌ك گرێی دڵ و زمانی لاڵم

سه‌رده‌مێك بوو: نه‌ تریفه‌ی مانگی هاوینم
نه گزنگی هه‌تاوی سه‌ر لووتكه‌ی به‌فرینم

نه له‌رزینی چینی سه‌ر رووی گۆماوی شینم
نه بریقه‌ی دووری چه‌می پاش زۆر بارینم

نه ورشه‌ی گیای مێرگی سه‌وزی ده‌مه‌و به‌هارم
نه شنه‌ی بای دارستانی چڕی نزارم

چه‌شنی جاران دای ئه‌خورپان ناخی ده‌روونم
ئه‌یهێنایه سه‌ر هه‌ڵقوڵین سه‌رچاوه‌ی روونم

سه‌رده‌مێك بوو، سه‌رده‌مێكی دوور و درێژ
نوێنی ئارام بۆ من له سه‌ر چه‌رپایه‌ی لێژ بوو

نه خه‌وم خه‌و، نه خه‌یاڵم وه‌ك خه‌یاڵ وا بوو
هه‌ستیم وێنه‌ی ئۆقیانووسی ژێر ره‌شه‌با بوو

له‌شم بێ هێز، گیانم بێزار، دڵم غه‌مگین بوو
هیوام تاریك، مه‌یتی عه‌شقم تابووتی ژین بوو

ناهومێد بووم، وام ئه‌زانی ده‌ردێكه كاری
به‌روپیری چوون هێناویه دیاریی ئێجگاری

ئیتر ئه‌بێ كونجێ بگرم، دۆش دابمێنم
له سه‌ر مه‌رگی عومری جوانیم یاسین بخوێنم

چاوه‌نواڕ بم ساكه‌ی گه‌ردوون، گه‌ردوونی بێباك
جانه‌وه‌ری گۆڕ هان ئه‌دا بمكاته خۆراك

به‌ڵام ئه‌ی یار، یاری نازدار، شۆڕه‌ژنی شۆخ
به لێوی ئاڵ، به چاوی ره‌ش، چاوی ره‌شی تۆخ

به باڵای به‌رز، به ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان
ره‌وتی شیرین، عیشوه‌ و نازی گفت و گۆ و جووڵان

به‌م جوانیانه كه زینه‌تی به‌هه‌شتی دنیان
به‌م جوانیانه كه له تۆدا هه‌موویان په‌یدان

له‌و رۆژه‌وه‌ دیومه سیحری زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆ
دنیای ده‌روون مه‌له‌كانی هاتوونه‌وه‌ گۆ

سه‌رچاوی عومری جوانیم هاتوه‌ته‌وه‌ قوڵ
باغچه‌ی ژینم پڕ بۆته‌وه‌ له نه‌مامی گۆڵ

ئێستا ئه‌گه‌ر بێت هیچ نه‌بێ لوتفی تۆ جارجار،
بملاوێنێ ئه‌ی ژنی شۆخ، ئافره‌تی نازدار

قه‌سه‌م به تۆ، قه‌سه‌م به ناز، قه‌سه‌م به جوانی
هه‌موو هه‌ستییم ده‌چێته‌وه‌ دۆخی جارانی

قوڵپی گه‌شی خوێنی جوانی دێته‌وه‌ له‌شم
دیسان شه‌به‌ق ئه‌دا ئاسۆی ئاسمانی ره‌شم

ئیتر رابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ
یا بلووری شادمانیم هه‌رگیز گه‌رد بگرێ

ئه‌مجا ئه‌ی یار، ئه‌ی خواژنی عه‌شقم، ئه‌ی
ئه‌ی هه‌یكه‌لی به‌ده‌ن له عاج، توالێت ئابنووس

هیچ نه‌بێ تۆ بۆ خاتری جاهی ئه‌پۆلۆ
مه‌لی شێعرم مه‌یدان مه‌ده‌ بكه‌وێ له گۆ