Mar 8, 2014

8ی مارس و کەشفیاتی من!

+ کەشفم کرد.. دۆزیمەوه..

- چیت کەشف کردوه؟ بەڵکوو بیرە نەوتێکی دیکەت کەشف کردبێ و مووچەخۆران رسقیان دوا نەکەوێت..
+ نه بابه گیان! من چیمه لەو بەزمه؟

- ئەی گۆڕی به کۆمەڵت دۆزیوەتەوه؟؟
+ جا وا ئەویش بوو.. به کار چی دێت خۆ کەس و کاری کۆمەڵ قڕاوان هەر ئەناڵێنن بۆ نەبوونی خزمەت گوزاری؟؟

- ئەی چیت کەشف کردوه؟ پێم بڵێ دڵم تۆقلەی کرد! 
+ ئەڵێم بۆ ئەوەی دەست بکەین به رێزلێنان له هەشتی مارس و پرۆسەی قڕ کردنی ژنان بگاته کۆتایی خۆیی، باشتر وایه کۆمەلگای نێرینه له کۆمەڵگای مێینه جیا بکەینەوه.. پیاوان به جیا بژین، ژنانیش به جیا.. 

- ئەی بۆ زاو زێ چی بکەین؟ ئەی چۆن ئاشقه و باشقه بخولقێن؟ ئەی چۆن چیرۆک و شێعر و هونەر و جوانی خۆی دەرخات؟ له هەمووی گرینگتر ئەی چی بکەین بۆ تۆزێ شەرەف و نامووس سوێندی پێ بخۆین؟؟ تەڵاق له کوێ بێنین بۆ خستن؟
+ عەلامه قسەکانت جوانن، بەڵام حەیف خۆت ناشیرینی.. بۆ ئەو شتانە دەیان رێگا چارە هەیه وەکوو ساز کردنی کۆنفرانسی ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان که ئەوه ئیشی رێکخراوەکان دەبێ.. باڵوێزخانه دەکەینەوە و یاسای بازرگانی دەڕێسین له ژێر چەتر و به ناوی کۆمپانیای پەپوولە زێڕینەکانی چەق چقان به دراوی مناڵ بوون.. هونەر و چیرۆک و شێعر و ئەو شتانەشمان پوولێکی قەڵب نایەنێت با هەر نەبن، یان ئەگەر زۆر پێویست بوو هی نەتەوەکانی دیکه ئەدوورین به باڵای خۆمانا..
ئەگەر ژنان ویستیان بگەڕێنەوە ژێر رکێفیشمان، له پێشا خۆمان ئەگرین و دواتر به ناوبژیوانی نەفسی ئەماره و له رێگای باڵوێزخانەی خەیانەتەوه، ئەو پرۆسەیه دەدەینه دەستی پیاوانی ئایینی، باسی چوار ئەفسانه و جنۆکەیان بۆ ئەکەن، ئیتر مرتقیان لێ ئەبڕیت..

- به شەرف شتی چاکت کەشف کردوه.. 
+ ئەی چۆن! وەهام چنیوه تاڵی به تاڵێکیەوه ناتەقێ..