Jun 23, 2013

گورچیلەمان ڕۆ!

له کۆنەوە تا ئەمڕۆ، تێر کردنی زگی ژن و منداڵ بوەتە گرفتی بەشێک له خەڵکی دانیشتووی ئێران.. بۆ ئەم تێر کردنەش، دەیان دیاردە سەری هەڵداوە و دەیان شتی ناخۆش بونەته دیاردە.. یەک لەوانە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلەیه. لەم ناوەشدا (بێ هیچ قسە و باسێک) دەوڵەت بەرپرسی سەرەکییه له پەرەپێدانی ئەم گەرمه بازاڕە تا رادەیەک نرخی هەر یەک گورچیله گەیشتوەته ٣٠ میلیون تمەن.

 ئەم بڕە زۆرە بەردانەی که دەیبینن، بەردی ناو گورچیلەی خاڵۆم بوە که توانیویانه به نەشتەرگەرییەک دەریان بهێنن.. تەنانەت بۆ منداڵەکەیشی له تەمەنی سێ ساڵیدا ناچار بوون نەشتەرگەری گورچیلەی بۆ بکەن و بەردی گورچیلەی ئەویش دەربێنن.. جا ئەگەر ئاو پاک بێت و به شێوەیەکی گونجاو زێرئابەکان تێکەڵی ئاوی خواردنەوە نەبن، ئەوا ئەم هەموو بەردەش له گورچیلەدا دروست نابێ و بازاڕی گورچیله کڕین و گورچیله فرۆشتن نابێته بازاڕی مریشک فرۆشتن.

بەرپرسانی دەوڵەت، کاتی هەڵبژاردن بۆ سواڵی دەنگ له تارانەوە خۆیان ئەگەیەنه شارە کوردیەکان، دەی فەرموون خزمەتگوزارییەکیش هەڵڕێژن؟ کەی ئەتانەوێ چاوێک بخشێنن به باری تەندرووستی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگا لێقۆماوە؟