Nov 6, 2021

پیاوێک ژنێک دەنووسێتەوە (کورته پەیڤێک له سەر ڕۆمانی ژیلەمۆ)

ڕۆمانی «ژیلەمۆ» نووسینی مەنسوور سۆفی، یەک لەو ڕۆمانانەیه که ئەمڕۆژانه دەس به دەس له نێو زۆرێک له کتێبخوێنان و له نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا خۆیی دەنەخشێنێت.

ڕۆمان له بازنەی ژانری رئال، ژانی کۆمەڵگا و نەریتە سەقەتەکانی بزمارڕێژ دەکات. ئەم ڕۆمانه تایبەت به مێژوویەکی تایبەتی کوردستان نییه، بەڵکوو چیرۆکی ژانێکی بێ کۆتاییه. ژانێک که به درێژایی مێژوو، نیوەی کۆمەڵگای کوردی واته ژنان، شانیان داوەته ژێری. باسی شیکردنەوەی ئەو مژارە لێرەدا ناگونجێ. هەر بۆیه ئەپەرژێمه سەر ڕۆمانەکه.


ئەکرێ بڵێم که دەگمەنن ئەو نووسەرانەی که بتوانن هەست و خوستی ڕەگەزی جیاواز له خۆیان بگوازنەوە بۆ ناو نووسراوەکانیان. لەم ڕۆمانەدا نووسەر که پیاوه توانیوویەتی تا ڕادەیەکی بەرچاو هەستی ژنانەی «ترووسکه» که کاراکتێری سەرەکی ڕۆمانەکەیه بگوازێتەوە ناو وشە و ڕەستەکانی. تا ئەو ڕادەیە که بارتەقایی تاوەرێک وشەی بۆ ڕیز کردوە و خوێنەر له گەل ڕووداوەکان دەباته نێو قوڵایی ژانی جەرگبڕی ژنبوون.

نووسەر ئەگەرچی له سەرەتای ڕۆمانەکەوە به یەک ڕەسته ئاقاری تراژدیابوونی ڕۆمانەکه دەداته دەستی خوێنەر و گوایه ترووسکه له گەڵ باوکی بۆ چارەسەری نەخۆشی دایکی چووەته تاران و ئەم ڕۆشتنەی به سەرەتای دەسپێکی ڕۆژڕەشی خۆیی دەزانێ، بەڵام له ناکاو منی بردەوە بۆ لای شێرکۆ بێکەس که ئەڵێ: «تاران به دەم کەسەوە پێناکەنێ، بە دەم مەرگەوە نەبێ».
ئەم خێرا به دەستەوەدانی ڕەوتی ڕۆمان، خوێنەر ماندوو ناکات و خوێنەر سەرانسەر چاوەڕوانی تراژدیا یەک له دوا یەکەکانه. 
رۆمان پڕە له گیرۆدە بوون به دەس قەزا و قەدەر و تەسلیم بوون. کاراکتێری سەرەکی واته ترووسکه که سەرەتا زۆر ڕقی بوو له تاران و له مێردکردن به پیاوێک که هاوتەمەنی باوکیەتی، کەچی هەر به چەقەنەیەک و دوابەدوای گوێقوڵاخ وەستان له دیالۆگی باوکی و کاک برایم، دەبێته ژنی کاک برایم و واز له خۆشەویستەکەی دێنێ! گوایه ئەمه قەزا و قەدەریەتی.. یان هەر وەک دواتریش ئاماژەی پێی دەکرێ لەوانەیه مێردکردن له تاران خۆی بۆ خۆی جۆرێک پۆز و شانازی و کلاس بێ بۆ کچان

پێموایه ئەم ڕۆمانه هێشتا جێگای بیرازکردن و بژارکردنی زۆری ماوە و ئەکرێ دوای پێداچوونەوەیەکی گشتی و به پیاهەڵدان و وێناکردنی زیاتری ڕووداوەکان، ڕۆمانێکی باشتری لێدەر بچێ

له کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتنی زیاترم هەیه بۆ کاک مەنسوور سۆفی و هۆمیدەوارم خەرمانی دەغڵودانی وشەی هەمیشە هەر سوور و پڕ بەرەکەت بێ

عەدنان هونەروەر - فرانکفۆرت

No comments:

Post a Comment

په‌یڤێـک بپه‌یڤێنــه