Nov 2, 2018

مناڵیمان و ئاواره‌ییمان

كات كاتی ئاواره‌یی و زه‌رم و كوتی لاپاڵم بوو. چوونه په‌ناگا له چوونه قوتابخانه گرینگ تر بوو، هه‌ر وه‌ك ماڵی دووهه‌مان بوو، ئاژیر خه‌ته‌ر مۆسیقای شه‌و و رۆژمان بوو.. ئه‌و كاته‌ ده‌ورانی فرۆ و كۆتی ئه‌مریكی و كه‌وش ئالیداس (ئادیداس) و كڵاش عه‌بووبه‌كری بوو ئه‌ڵبه‌ت بۆ پیاوانی گوێسه‌بانگیر. هێشتا كراس پیچسكه‌ن و گۆره‌وی ماتیگوڵ و كه‌وش قه‌یسه‌ری باو نه‌بوو..
ئێمه مناڵ بووین و هێشتا قاز بووین و ده‌نگیشمان شوختی نه‌بردبوو.. كه‌وشی قلووچ قلووچ بۆ فوتباڵ و كه‌وشی باته‌ی لووت درێژی ژێر ساف بۆ قنه‌خلیسكانێ پاپۆشمان بوو.. ژن و پیاو و مناڵیش ئه‌بوایه چیلكه‌یه‌ك به ده‌ستمانه‌وه‌ بێ قوڕی ژێر و ته‌نیشتی پێڵاوه‌كانمان خاوێن بكردایه‌ته‌وه‌ و شه‌په شه‌پی پانتۆڵه‌كانمان به گۆره‌وی كۆنتڕۆڵ بكردایه‌ت.. دایكان و باوكان هێنده‌ له بیری داهاتووی مناڵه‌كانیان دا بوون به‌س بۆ یه‌ك ساڵ جلیان بۆ نه‌ئه‌كڕین به‌ڵكوو كاتی جل كڕین حه‌تم ئه‌بوایه بۆ ساڵی داهاتوویشمان بشێ.. ساڵی هه‌وه‌ڵ قۆڵه‌كانیان بۆ دوو قه‌د ده‌كردین ساڵی دواتر بۆمان ده‌بوو.. هه‌ر بۆیه زۆر حه‌زمان ده‌كرد كه زوو گه‌وره‌ بیین و ببین به قه‌ده‌ر جله‌كانمان..
ئێمه به‌رهه‌می شه‌ڕی ماڵوێرانكه‌ری ئێران و ئێراق بووین.. چۆڵ بوونی شاره‌كان و په‌رته‌وازه‌ بوونی خه‌ڵكی بۆ لادێكان، لاره‌ملییه‌كی ته‌واوی به خه‌ڵكی شاره‌كان به‌خشیبوو..
هاوین بوایه‌ت ناو دێ چۆڵ ده‌بوو، خه‌ڵكی خه‌ریكی مووچه و مه‌زرا ده‌بوون، پاییز و زستانیش به هۆی خوێندنگه‌وه‌ هه‌ندێ تێكه‌ڵ منداڵه‌كان ده‌بووین، مناڵی دیهاتیش به دیتنی ئێمه وایانده‌زانی خاكیان لێ داگیر كراوه‌، هه‌ر بۆیه پێیان ڕاده‌بواردین، پێ ده‌كه‌نین به بن زاراوه‌ شارییه‌كه‌مانه‌وه‌.. ئێمه‌ش له‌گه‌ل ئه‌و یاریانه‌ی ئه‌وان ئه‌یانكرد نامۆ بووین ئه‌گه‌ر به واسیته و له ترسی قسه‌ی گه‌وره‌تر له خۆیان یارییان بكردایه له گه‌ڵمان، هه‌وڵیان ئه‌دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بیسه‌لمێنن كه ئه‌و یاریانه نازانین و به ناچار كۆڵمان ئه‌دا لێیان..
مناڵه شارییه‌كان پێیان خۆش بوو سواری به‌ران و حه‌چه‌ بن، سه‌ر رێگا بگرن به كاژه‌له و به‌رخه‌كان و ده‌ست بێنن به سه‌ر پشتیان دا، له گه‌ل جووكه و مریشكه‌كان یاری بكه‌ن، سوار كه‌ر بن، هه‌وڵیان ئه‌دا وه‌ك ئه‌وان بتوانن سنووقه فیشه‌ك بهێننه‌وه‌ بیكه‌ن به یه‌غانی جل و به‌رگ و خوارده‌مه‌نی ماڵ.. كه‌چی مناڵانی دێهات هیچ كه نه‌یانده‌هێشت به لای كاریله و جوانۆكان دا بچین، بۆ سنووقه‌ فیشه‌ك هێنانه‌وه‌ش به هه‌زار تڕ و بۆڵه فێری ته‌نگه به‌ستن و ته‌ناف قایم كردنیان ده‌كردین، به ناچار زیاتر خه‌رجمان له ناو گوله تۆپ ده‌رده‌هێنا و گڕمان ده‌دا و ئه‌وه‌ ببوه‌ یارییه‌كی خۆش بۆمان، ئێستا بیری لێ ده‌كه‌مه كه ئه‌و كات من مناڵێكی ١٠ ساڵ ته‌مه‌ن توانیوومه گوله‌ی تۆپ ده‌ربێنم و ته‌قه‌مه‌نی و بارووته‌كه‌ی ناو پووكه‌كه‌یم ده‌رهێناوه‌، ته‌واو سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ له خۆم و له سه‌رجه‌م مناڵانی شه‌ڕ..
........
وێنه‌كه: له گه‌ل خوشك و برام مریه‌م و ئه‌حمه‌و، ئه‌وان راوه‌ستاون.
شوێن: بیه‌كه‌ڕه‌، وێنه‌گری هه‌ورامان
له‌وانه‌یه ساڵی ١٣٦٤ هه‌تاوی / ١٩٨٥ زاینی بێت.

No comments:

Post a Comment

په‌یڤێـک بپه‌یڤێنــه