Sep 27, 2016

جگەرە و شێعر


جاران ئەگەر لاوێک جگەرەی بکێشایه، بۆ دایک و باوکی جێگای پۆزلێدان بوو و تەنانەت خۆیشیان لێ دەکرد به کەڕ، خۆیان لێدەشاردەوە بۆنیان پێوە دەکرد له ناکاو باوک خۆی گرژ و مۆن دەکرد و دایکیش به ناچاری سووکه ماستاوێکی بۆ کابرای پیاو سارد دەکردەوە و پرۆسەکه به له ماڵ چوونەدەری کوڕە، دەچووە قۆناغێکی دیکەوە..
کاکی لاو ئیتر تا نیوە شەوان له بن پاسار و لادیواران هەڵدەترووشکا، یەعنی قینی کردوە، له گەل یەک دوو هاوڕێیدا بن چنارەکان و لای کانی ئاوایی دەکرد به بنکه و به دەم مژی جگەرەی سۆمەر و تیر و جاروباریش وێنستۆن، به دەم کزەی بای پاییزەوە و به دەم نەرمه گۆرانییەوە، ئاخێکی هەڵدەكێشا و هەر به نیوچه یادی لەنجه و لارەکەی مەحبووبەی گلێنەی، له ناکاو شێعر و هۆنراوە خۆیان له دەلاقەی دڵی دەدا و قافیە و رەدیفی چەند خشتەکی دادەڕشت.
ئێستا هەر ئەو لاوە که ئیتر بوە به پیرە شاعیر، دادەنیشێت پرۆفایلی عەنتیکه و فەمین هەڵدەداتەوە بەڵکوو شێعرێ هەڵکڕێنێت. به لای نیوە مێعرێکەوە پاکەتێ جگەرە دەکێشێت، کەچێ هاتنی مەسێجێک خۆری شێعرەکەی لێ ئاوا دەکات و رەدیف و قافیەکەی لێ دەکات به ماستاوێکی خەست بۆ مەحبووبەکەی گلێنەکەی جارانەکەی!
لەم قۆناغەدا، زیاتر به ناچاری هەوڵ ئەدا شێعرەکانی بخاتە دوو تووی کەمپینەکانی وەک کۆبانی و شەنگال و ئەو شتانه و پێی ناخۆش نییه کارەساتی وەهاش هەبن که هیچ نەبێ به ئاسانی بتوانێ هۆنراوەیەکانی بهۆنێ، ئەگینا قوڕگی ئەتەقێ..