Apr 1, 2014

سەرە مەرگی کەرێک


نووسینی: سادق هیدایەت
وەرگێڕ: عەدنان هونەروەر

ئاخ ئاخ ئێشی لاشەم هێناومیەته لەرزه. ئەمه پاداشتی خزمەت به بوونەوەرێکی دوو پێیه. ئەمه ئاخرین رۆژی ژیانمه و هەر ئەمەش دڵم دائەمرکێنێ! دوای تێپەڕاندنی ژیانێکی پڕ هەوراز و نشێو و له کۆڵگرتنی باری تاقەت پڕووکێن، پیاکێشانی نەقیزە و دار و زەنجیر و جنێوه یەک له دوای یەکەکانی بەتاڵ پێکان، هەر جێگای شوکرێکیش ماوەتەوە بۆم  که ئیتر (ئەتوانم) ئەم ژیانه سامناکه به جێ بێڵم.
ئێره شەقامی “شەمێران”‌ه. ئەمڕۆ به هۆی کەمتەرخەمی خاوەنەکەمەوە ئۆتۆمبێلێک خۆی پیاکێشام و لاقی شکاندم و کەوتمه ئەمڕۆژەوه. دوای تێهەڵدانێکی باش، لاشەکەیان راکێشامه قەراخ جاده و بەرەڵایان کردم. بەڵام له بیریان چوو دەتوانن له ناڵ و چەرمەکەیشم کەڵک وەرگرن! وادیاره به تەواوەتی لێم ناهومێد بوون ئیتر نازانم به کاتی خۆی خواردنێکم بۆ دێنن؟ یان ئەشێ لەو ئەوپەڕی زەجر و ئیش‌دا سەر بنێمەوە.
ئاخ! ئێشی برینەکانم زیاتر بوه و بەردەوام خوێن ئەدەڵێنێ. ئەمه چۆن بوونەوەرێکه بەم شێوەیه زاڵ بوه به سەرمانا و ژیانی ئێمەی سیخناخ و پڕ له هەڵدێر و لیوانلێو له رەنج و چەرمەسەری کردوه. هەست و سرووشتی خاوێنمانی شەکەت کردوه، لاشەمانی بەردەوام زامدار و تەواو ژیانی تاڵ و ناخۆش کردوین؟
له ڕواڵەتا وێکچوونێکی تەواوی گەل ئێمه هەیه له ئاکام‌دا هەر وەک ئێمه دەمرێت. لەم بابەتەوە جیاوازییەکمان نییه. لەوانەیه لاشەی خۆی له بەرد و دار بێ، چوونکا کاتی قامچی لێدان وا گومان ئەکات هەستی پێ ناکەین. ئەگەر خۆی هەستی به ئێش بکردایەت، رەحمێکیشی بۆ ئێمه دەچوو. ئەو ئامێرانەی ئێمەی پێ دەکوتن سرووشتی نین و دەسکردی و تایبەتن. ماوەیەکه له ئورووپا و ئەمریکا بۆ پاراستنی مافی ژیانی ئاژەڵان، کۆڕبەندگەلێکیان به ناوی “مرۆڤایەتی” ساز کردوه. هەندێ یاسای تایبەتیان بۆ بەرگری له هەڵاواردن و زوڵم و زەجر داناوه بۆمان. نازانم ئەوانەش هەر له بەرەی ئەم بوونەوەرانەن؟ قەد قەد! ئەگەر ئەوان له بەرەی ئەم ئاژەڵانەش بن، حەتمەن دڵیان بەردینه نییه!
زانایانی زانسته سرووشتییەکان، جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەن له نێوان ئێمه و خۆیان. خۆیان به سەرکردەی ئاژەڵانی مەمکدار دێننه ئەژمار. یەکێک له بیرمەندانی ناودار _ دیکارت _ به واتای خۆی سەلماندویەتی که وا ئاژەڵان بێجگه له ئامێرێکی بزۆز هیچی دی نیین! بۆ بەدواداچوونی ئەم خەیاڵه پڕ و پووچه، کۆمەڵێک بیرمەندی دیکه به دژی راوەستان. لەوانه “شووپنهاوێر” لاینگری لێکردوین و دەڵێت: (بناغەی ئەخلاق رەحم و بەزەییه، ئەویش نەک به هاورەگەزەکانت، بەلکوو له ئاستی هەموو بوونەوەرێک.) تا ئەو رادەیه له کتێبەکەی خۆی‌دا باسی له هەست و زیرەکی ئێمەیشی کردوه. یەکی دیکەیان وتوویەتی: (ئەمه رابواردنێکه بۆ دایکان کاتێ سەیر ئەکەن مناڵەکەیان ملی پەلەوەرێک هەڵدەکێشێت یان هەر بۆ رابواردن سەگێک یان پشیلەیەک بریندار ئەکەن، ئەمانه بناغەی گەندەڵی و داڕێژەری دڵڕەقی و زوڵم و پیساییه.)
له راستی‌دا ئەم زوڵم و زۆرەش که له ئێمه کراوه و دەکرێ، هۆکاری سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوه بۆ بارهێنانی زاڵمانەی دایکانی مناڵان. به داخەوه ئێمه ناتوانین قسه بکەین و ئەمەش خۆی بۆ خۆی بەردی بناغەی چارەڕەشیمانه. بەس ئەرەستوو راستی ژیانی ئێمەی زانیوه و وتوویەتی: (مرۆڤ ئاژەڵێکی ئاخێوەره.) هەر به هۆی ئەم ئاخافتنەوەیه ئێمەش بووینەته سووتمانی هەوا و هەوەسی هەندێک بوونەوەری چاوبرسی و له خۆبایی. (نازانم) بۆچی خەڵکی شوێن پێی ئەم فەیەلەسووف و بیرمەندانەیان نەپێکاوه؟
..............
تێبینی:

٢-ئەم چیرۆکه له سایتی زاگرۆس پۆست دا بڵاو بوەتەوە.