Oct 24, 2013

ئالیس مۆنرۆ براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیی 2013

 ئالیس مۆنرۆ له‌ دیدارێکی وال ئیستریت ژورناڵدا: 
نازانم ڕۆمان بنووسم

و. له‌ فارسییه‌وه‌: عەدنان هونەروەر


مۆنرۆ قەد نایهەوێ بیرەوەرییەکانی بڵاوبکاتەوە. دەڵێت: له بیرەوەرییەکاندا باسی زۆر کەس دەبێ رووماڵ بێت، ئیتر چۆن دەبێ راستییەکان سەبارەت بەو کەسانه بنووسرێت؟ مۆنرۆ که به دەستی نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەناڵێنێ، دەڵێت: هێشتا هەندێ رووداوم بۆ دێته پێش که ناچار به چیرۆک ئافراندنم دەکه‌ن. 
ئالیس مۆنرۆ، چیرۆكنووسی کەنەدی سەره‌ڕای ناوبانگه جیهانییەکەی، هێشتا به جوانی رێزی لێنەگیراوە. له رێچکەی ئەدەبیدا زیاتر خەڵاتەکان نەسیبی رۆماننووسەکان دەبن، ئەو هەر بەردەوام سووره له سەر نووسینی کورته چیرۆک. ئالیس مۆنرۆ تاکو ئێستا دوازدە کۆمەڵه چیرۆکی کورتی بڵاوکردوەتەوە، بەڵام یەک رۆمانی نه‌نووسیوە. هۆگرانی لەو بڕوایەدان له‌بەر ئەوەی تا ئێستا هەر کورته‌چیرۆکی نووسیوه، کۆمیتەی نۆبڵ بەردەوام پشتگوێیان خستوه. خانمی مۆنرۆ له ساڵی ٢٠٠٩دا توانی خەڵاتی نێونەتەوەیی (مەن بووکێر) بۆ یەکێک له کۆمەڵه چیرۆکەکانی وەربگرێت. 


رەخنەگران و نووسەران رێچکەی ساکار و سادە و هاوکات تێکەڵی له‌گەڵ پلانداڕشتنی رەنگەکان و کەسایەتییه سادە و دیالۆگە گونجاوەکانی وەک لایەنی پۆزه‌تیڤی مۆنرۆ ناو لێدەبەن. "جاناتان فرنزن" نووسەری هەڵکەوتووی ئەمریکی له وتارێکدا که له رۆژنامەی نیویورک تایمزدا بڵاوبووەتەوە، دەنووسێ: "خانمی مۆنرۆ شیاوی ئەوەیه که وەک باشترین چیرۆکنووسی ئەمریکای باکوور بناسرێت." 


کۆمەڵه‌چیرۆکه نوێیەکه‌ی خانمی مۆنرۆ به ناوی "خۆشیی له رادەبەدەر"ـه‌ و بەم زوانه بڵاوبوەتەوە. به نیسبەت باقی چیرۆکه سەرەتاییەکانی زیاتر تارمایی و دڵەڕاوکێهێنەرترە. چیرۆکه سەرەتاییەکانی ئەم نووسەرە، زیاتر له ئوتوبیوگرافی و بابەتی بنەماڵەیی وەک پێداویستی و کەرەسەی چیرۆکنووسین کەڵکیان وەرگرتووه‌. له کۆمەڵه‌چیرۆکه نوێیەکانیدا، چیرۆکگەلێک بەدی دەکرێت که تاکەکانی بنەماڵه یەکتر دەکوژن، دەسدرێژی به ماڵی بێوەژنێک دەکرێ و تەنانەت باس له کوڕێکی دێز دەکات که بۆ کچێک دەبێته خودایەک تا عاقیبەت خۆی بریندار دەکات. خانمی مۆنرۆ بۆ یەکەم جار له چیرۆکی ٥٧ لاپەڕەیی وەک کۆمەڵه‌چیرۆک، له کەسایەتیەکی مێژوویی به ناوی "سۆفیا کوڤالۆسکی" که هەم رۆماننووس و هەم مەتماتیکزانی رووسه، کەڵک وەردەگرێ. 


مۆنرۆ که ئێستا ٨٢ ساڵ تەمەنیەتی له شارێکی بچووکی هەڵکەوتوو له "ئونتاریو" ژیان دەباته سەر. هێشتا هەر کۆڵنەدەرانه دەنووسێ و وەک خۆی دەڵێت: لەم رووەوە سەرم سووڕماوە و به تەما بووم تاکو ئێستا خانه‌نشین بوایەتم.

وال ئیستریت ژۆرنال: له زۆرێک له چیرۆکەکانی کۆمەڵه‌چیرۆکی "خۆشیی له رادەبەدەر"، کەشوهەوایەک له توندوتیژی به‌دی دەکرێ. سەرچاوکەی ئەم توندوتیژییه بۆچی ئەگەڕێننەوە؟
ئالیس مۆنرۆ: خۆیشم تا کاتێ نووسینی ئەو دەفتەرە چیرۆکه تەواو نەبوو، هەستم پێ نەکرد. خۆم ئەمزانی له یەکەم چیرۆکی دەفتەرەکەدا، توندوتیژی زەقه، تا رادەیەک بۆ خۆیشم نەمتوانی دووپاتەی خوێندنەوەی بکەم، ئەم چیرۆکه زۆر دڵەڕاوکێهێنەرە. مەبەستی من ئەوە نەبوو که تۆوی زبری بچێنم. بەڵام به جۆرێک زبری به چیرۆکەکانی ئەم دەفتەرەوە دیاره. ئەم کەشوهەوایە ئۆتۆماتیک و ناهوشیارانه روو دەدەن... یەکەم چیرۆکی ئەم دەفتەره، دەقی روودانی هیچ رووداوێکی راستی نەبوو، بەڵام زۆر سەیره له ماوەی شەش مانگی رابردوودا قەتڵێکی وەها روودەدات که دەقاودەق وەک قەتڵی ناو چیرۆکەکەیه، ئەویش ئەوە بوو که باوکێک منداڵەکانی دەکوژێت له‌بەرئەوەی له شەڕی دونیا نەجاتیان بدات، له ئاکامدا دایکی مناڵەکان به تەنیا دەمێنێتەوە. 

وال ئیستریت ژۆرنال: وادیارە جەنابت له ئاستی مودێله ئەدەبییەکاندا که تاو نه تاوێ سەرهەڵدەدەن، پارێزراوی. ئایا تۆ به زانستەوە هەوڵ ئەدەیت چیرۆکنووسیی ساکار و گێڕانەوە له زمانی کەسایەتییەکانەوە، بمێنێتەوە؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: ئەوەی که دەڵێن من رێچکەیەکی سادە و ساکارم هەیه، من ئەمە لە خۆمدا به دی دەکەم، رێک وەک ئەوە وایه بڵێیت، جل و بەرگی سادە له بەر دەکەیت. بەڵام من سەبارەت به شێوازی نووسینم وەها بۆچوونێکم نییه. ئەم جۆرە شێوازه نووسینانه به ئەنقەست نییه. نووسەرانی وەک ناباکۆڤ، که بەرهەمەکانیم بەلاوە جوانن، ئەگەر به شێوازی ئەم کەسانه بمنووسیبایه، کەیفخۆش دەبووم، بەڵام ئەمه بڕیارێکی هونەرمەندانه نییه.

وال ئیستریت ژۆرنال: چەنێک لەسەر چیرۆکێک ئیش ئەکەیت؟ 
ئه‌لیس مۆنرۆ: ھەندێ لە چیرۆکەکان به‌بێ دابڕان بۆ ماوەی ساڵێک ئیشیان له‌سه‌ر دەکەم، کەمترین ماوە دوو مانگە.

وال ئیستریت ژۆرنال: دەسپێکی نووسینی چیرۆک چۆنه لای ئێوه؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: نووسینی چیرۆک سەرەتا به قەڵەمجاف لهنێو دەفتەرێکدا دەست پێ دەکەم. هەر له سەرتاوە تا کۆتایی چیرۆکەکه دەنووسم، بەڵام بەرهەمی ئەم دەستپێکه نابێته ئاکامی چیرۆک. دووبارە دەفتەرێکی دیکه دەگرمه دەست و هەر به قەڵەم دەست دەکەم به نووسین. ئەمجارەیان چیرۆکەکه خۆی له چیرۆکی دڵخوازم نزیک دەکاتەوە. دواتر ئەم دوو دەفتەره دەدڕێنم و تووڕیان ئەدەم و بێ ئەوەی چاو له شتێک بکەم، به کۆمپیوته‌ر چیرۆکێک دادەڕێژم. ئیتر لەم کاتەدایه که چیرۆکێکی ماقووڵم نووسیوه.

وال ئیستریت ژۆرنال: ئیش کردن به کۆمپیوته‌ر بۆتان ئاسانه؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: من له بەرانبەر کەلوپەلی کارەبایی تۆزێک کۆڵم! ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ به کۆمپیوته‌ر ئیش نەکەم، هەموو شتێکم له بیر ئەچێتەوە. ئیتر به ناچاری دەسودامێنی مێردەکەم دەبم و دەبێ ئەو بێت و هەموو شتێکم سەرله‌نوێ بۆ باس بکات. لەمانەش خراپتر ئەوەیه که بەم زوانه تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووم، دەرمانی سەرەتانیش به شێوەیەکه که هەندێ له خانەکانی مێشک له کار دەخات. ئیتر لە وەها بارودۆخێکدا، ئەو شتەی که فێریش دەبی له بیرت ئەچێتەوە. 

وال ئیستریت ژۆرنال: بۆ هێندە خۆت به کورته‌چیرۆکەوە بەستووەتەوە؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: کاتی خۆی هەوڵم ئەدا رۆمان بنووسم، بەڵام ناکام بووم. هەر کاتێک دەمهەویست چیرۆکێک بخەمە چوارچێوەی رۆمانەوە، له نیوەدا ئیشەکەم ئەشێوا و ئیتر منیش زەوقم بۆی نەئەما. ئێستاش وادەزانم ئەو چیرۆکانەی که نووسیومن شتێکن له نێوان کورته‌چیرۆک و رۆماندا، بەڵام خەڵکی هەر پێیان دەڵێن کورته‌چیرۆک. بەڵام چیرۆکەکانی من به دەگمەن کۆتا بن، هاوکاتی رۆمانیش نین. ئیتر نازانم بۆ ئەو چیرۆکانەی که قەبارەیان له نێوان کورتەچیرۆک و رۆماندایه، وشەیەکی شیاو هەبێ یان نا؟ ئەڵبەته شتێک به ناوی رۆمانی کۆتا بوونی هەیه، بەڵام هێشتا نەمزانیوه رۆمانی کۆتا به چ جۆرێک چیرۆکێک دەگوترێ؟ یان ئەوەی ئایا من تا ئێستا رۆمانی کۆتام نووسیوه یان نا؟

وال ئیستریت ژۆرنال: جەنابت له وتووێژ له‌گەڵ گۆڤاری "پاریس ریڤیو" وتووتانه وەک نووسەرێک بەردەوام نیگەرانی ئەوە هەن که هەندێ له وردە نووسراوە پەرژوبڵاوەکانت له بیر بچێ. ئایا ئێستاش هەر ئەم نیگەرانییه زاڵه بە سەرتاندا؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: نا. ئەم بارودۆخه له مندا گۆڕاوە. به تایبەت له کاتێکەوە که زانیومه تووشی شێرپەنجه بووم هەر ئەوەندە خۆشحاڵم که هێشتا ماوم. ئیتر نیگەرانی ئەوە نیم که شتێکم له بیر چوو بێت یان نا؟ مرۆڤ دەبێ زۆر خۆی به بەختەوەر بزانێت که هەندێ له شتەکان، بۆ نموونه چیرۆکێکی له بیر بچێ. بۆ نموونه "چیخۆف" ئەگەر تەنیا چیرۆکی "ژنێک له‌گەڵ سەگێکی بچووک"ی نووسیبایه، شیاوی ژیانێکی هەتایی بوو. من ئیتر زۆر رەخنەگرانه و پووشچنانه سەیری ئیشەکانم ناکەم.

وال ئیستریت ژۆرنال: گوایه جەنابت ساڵی ٢٠٠٩ داوات کردبوو له بەڕێوەبەرانی خەڵاتی ئەدەبی "گیلێر" که یەکێک له خەڵاته ئەدەبییه بەناوبانگەکانی کەنەدایه ئیتر ناوی جەنابت وەک پاڵێوراوی وەرگری ئەو خەڵاته تۆمار نەکەن تاکوو هەلێک بکەوێته دەستی نووسەرانی نوێکار. ئایا جەنابت نووسەرانی هەڵکەوتوو هان نادەیت بۆ ئەم جۆره هەڵوێستانه؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: نەخێر، ئەم هەڵوێستەی من په‌یوەندیی به خۆمەوە بوو. بریا قسەکەیشم وەها نەکردبایه، چونکه‌ مانای قسەکەم ئەوە دێنێت که من پێشتر ئەو خەڵاتەم وەرگرتوه. بۆ نموونه دەکرا بڵێم: ماندوو بووم، خەریکی دەرمانی سەرەتانم و له رووی جه‌سته‌یی و دەروونییەوە تووشی کێشه هاتووم. له‌بەرئەوەی نەمدەویست سەبارەت به کێشەکانی خۆم باس بکەم، هەر بۆیه وتم باشتره نووسەرانی لاو ئەم هەله بقۆزنەوە. بەڵام لەو بڕوایه‌دام که نووسەر دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک به سەر ئیشی بەردەوامی، ئیتر پێویستی بە خەڵات نییه. ئیتر خەڵاتوەرگرتن بۆی سەرنجڕاکێش نییه. له هەمان کاتیشدا هیچ ناڕه‌حەتی ئەوە نیم که له وەرگرتنی ئەو خەڵاته خۆم بوارد.

وال ئیستریت ژۆرنال: له کۆمەڵه‌چیرۆکی "خۆشیی له رادەبەدەر" چیرۆکێکتان هەیه سەبارەت به "سۆفیا کوڤالۆسکی" مەتماتیکزانی رووسی. جەنابت کەمتر سەبارەت به کەسایەتییه مێژووییەکان، چیرۆک ئەنووسیت. چی بووە هۆی ئەوەی سەبارەت بە کەسایەتیی ئەم خانمه چیرۆک بنووسیت؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: ئەم کەسه وەک کەسایەتیی چیرۆک سەرخۆشم ئەکات. جارێکیان له فەرهەنگۆکێکدا به دوای شتێکدا دەگەڕام که هەندێ زانیاریی سەرەتاییم لە بارەی ئەم کەسەوە دەسکەوت. من کەسێکم ناسی کە هەم مەتماتیکزانه و هەم رۆماننووسیشه، ئەمه له کاتێکدایه که ئەم دوو ئیشه شتێکی دەگمەن و نائاسایین.

وال ئیستریت ژۆرنال: چوارچێوه و پلانی چیرۆکەکانتان چۆن دادەڕێژن؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: پلانی چیرۆکەکانم هەندێ جار به‌ هۆی ڕوودانی ڕووداوەکانەوه خۆیان دەنوێنن و زۆرترینیشیان ڕووداوگەلێکن که له سەروبەندی ڕووداندا بوون، بەڵام به نەزۆکی ماونەتەوە. ئەمانەش هەر ئەو رووداوانەن کاتێ له ژیانمدا بیریان لێدەکەمەوە به خۆم دەڵێم ئەگەر فڵان شت و فیسار رووی بدایه، هەڵوێستی من چ دەبوو؟ ئەم چیرۆکانه به جۆرێک له جۆرەکان لێکدانەوەی ئەو چەمکانەن و پیشاندەری ئەو هەڵوێستانەن که ئینسانەکان له بارودۆخی جیاوازدا چ ئاکارێک له خۆیان ئەنوێنن. بەڵام شتەکه زۆر لەمانەش روونترێکه. من هەنووکه دەتوانم ئەم شتانە به دڵنیاییەوە بڵێم، چونکه‌ هەر ئەم سەرلەبەیانییه به شێوەیەکی چڕوپڕ لهسەر پلان و چوارچێوە سەرەتاییەکانی چیرۆکێک ئیشم دەکرد.

وال ئیستریت ژۆرنال: جەنابت بۆ ماوەیەکی کورت مامۆستای خولی فێرکاریی نووسین بوویت و دواتر وتت لەم ئیشه (بێزم هەڵدەستێ (هۆکارەکەی؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: به راستی هیچ بڕوایەکم به‌ خوێندنی فێرکاریی نووسینی چیرۆک نییه. لەو بڕوایه‌دام کەسێک بیهەوێ چیرۆک بنووسێت، ئەبێ دانیشێت و بەردەوام چیرۆک بنووسێت و هەر بنووسێت و ئیشەکانی لێک بداتەوە. کاتێ که ئێمه له‌گەڵ چین و توێژی جۆر به جۆری کۆمەڵگادا به‌رەو رووین، خەتەری گەورەتر ئەوەیه که ئێمه له‌گەڵ تاکه شێوازێک له چیرۆک دەستەویەخەین، جۆرێک له بەرهەمەکان که به تەواوی کاریگەرییشیان هەیه و باقی کەسەکانی دیکه شوێنی پێی ئەو رێچکەیه دەپێکن، چونکه‌ وەک کەسایەتییەکی زاڵ خۆی ئەسەپێنی. من به تەواوەتی هەست ئەکەم ئەم شێوازه چیرۆکانه هیچ کات نابنه گوڵ.

وال ئیستریت ژۆرنال: زۆرێک له کەسایه‌تییەکانی ناو دەفتەری "خۆشیی له رادەبەدەر" بیر له پیربوون دەکەنەوە. ئایا ئەمه هەر ئەوە نییه که هزری خۆیشتی داگیر کردووه، ئایا پیربوون به شێوەیەک له شێوەکان ئامبازی ناعیلاجی و چارەنووسی نەکردوویت؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: خۆم چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد که واز له ئیشی نووسین بێنم. هەمیشه وامدەزانی ئەگەر بگەمه تەمەنێکی تایبەت، دەگەم به ئاواتەکانم و واز دێنم و ئیتر چێژ له ژیانی تاک لایەنانەی خۆم وەردەگرم کاتێ ئیتر خۆت نەبەستووه‌تەوە به نووسینەوە، ئیتر پێویست ناکات بەیانی که له خەو هەڵسی خێرا بچیتەوە سەر نووسین. بەڵام ئەم شته هێشتا بۆ من رووی نەداوە و هەر ئەمەش زۆر سەرنجڕاکێشه بۆم. هەمیشه وامزانیوە که نووسەران یان لانیکەم هەندێ له نووسەران رۆژێک له رۆژان خانه‌نشین دەبن و وازی لێدێنن، بەڵام من بەردەوام رووداوگەلێکم بۆ دێته پێش که هانم دەدات چیرۆکێکی دیکه بنووسم و دوای ئەوەش به خۆم دەڵێم: "ئەمه ئیتر ئاخرین چیرۆکم دەبێت. کاتێ ئەم چیرۆکەم تەواو بکەم، ئیتر واز له نووسین دێنم و ئیستراحەت دەکەم". بەڵام تا ئێستا ئەم شته رووی نەداوە بۆم.

وال ئیستریت ژۆرنال: ناتانەوێ کتێبی بیرەوەرییەکانتان بنووسن؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: نەخێر. هەر نازانم کەسێک کتێبی بیرەوەرییەکانی دەنووسێت چۆن ئەم ئیشەی پێ دەکرێ. کاتێ بیرەوەری دەنووسیت ناچاری باسی هەندێ کەس بکەیت، ئیتر نازانم چۆن ئەکرێ باسی راستییەکانیان بکەیت؟ لەوانەیه ئەگەر ئەوەندە مامەوە و به تەواوی پیر و لاکەوته بووم و تەواوی ئاشنا و رۆشناکانم تا ئەو کات مردن، منیش بتوانم کتێبێکی بیرەوەری بنووسم!

وال ئیستریت ژۆرنال: کتێبی دواترتان چییه؟
ئه‌لیس مۆنرۆ: من ئێستا چەند چیرۆکی ئامادەم به دەستەوەیه. ئەم چیرۆکانه هی دەمێک ساڵی ژیانی منن. چەند چیرۆکی دیکەش هەن که خەریکی ئیشکردنم له‌سەر ئەوان.

......................................
تێبینی: ئەم بابەته پێشتر له پاشکۆی ژومارە ١٥ی رەخنەی چاودێر بڵاوبوەتەوە.