Jun 27, 2018

عه‌شقه كه‌مێڵه (كورته چیرۆك)

«ته‌نزی چڵمن»
مووسالووته خۆی به ده‌رچووی كۆلیژی چڵمۆلۆژی به‌شی ته‌كنیكی كه‌مێڵۆك ئه‌زانی. هه‌ر له مناڵییه‌وه‌ به‌هره‌ی یاری كردن به لووتی تێیدا به‌دی ده‌كرا، هه‌رچی گه‌وره‌تر ده‌بوو لووتیشی زیاتر ده‌بو به زوڕنا و ئه‌یتوانی به هه‌موو په‌نجه‌كانی به‌سته‌ و گۆرانی پێ بڵێ. فێریش ببو كه چه‌ند ده‌نگێكیش هه‌ر به لووتی ده‌ربێنێ یه‌عنی به ته‌واو مانا و فوول فوول ببوه‌ پڕۆفیسۆری لووتكرۆژی.
ژێر مێزه‌كه‌ی له قوتابخانه‌ به‌رده‌وام چڵم و كه‌مێڵه ره‌قه‌ڵه‌ی كردبوو تێیدا. ته‌نانه‌ت مووی لووتیشی ئارام و قه‌راریان نه‌بوو له ده‌ستی و به‌رده‌وام ئه‌وانیشی ده‌سكه‌نه‌ ده‌كرد.
هێنده‌شیان پێ وتبوو: كه‌م ده‌س بكه به لووتا، كه‌مێڵه ده‌رمه‌هێنه، ته‌له‌فون مه‌كه، زورنا لێ مه‌ده‌، ته‌واو تووشی دڵه‌ڕاوكێ ببوو. هه‌ر بۆیه ته‌نیا شوێنێك كه به ئاسووده‌یی ئه‌یتوانی ناو لووله زۆپاكانی لووتی خاوێن بكاته‌وه‌، كاتی چوونه ئاوده‌ست بوو كه كه‌س هیچی پێ نه‌ئه‌وت. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وێش زۆر تامی نه‌بوو بۆی له به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوای وا بوو كه‌سێكی بیرمه‌نده و به‌رده‌وام به گه‌ڕان به ناو لووتیا داهێنانێ دائه‌هێنێ، ئه‌وه‌ بوو حه‌زی ده‌كرد هه‌وا له لووله زۆپاكانی لووتییه‌وه‌ هات و چۆ بكات ئاوی لووتی له ناو لووتیدا بگرسێنێت و ببێته سه‌هۆڵ. له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌ستی ده‌كرد به‌رهه‌مه‌كه‌ی داهێنانێكی پێوه‌یه. جا داهێنانه‌كانیشی عه‌نتیكه بوون.
یه‌كیان كه هه‌میشه‌ باسی لێده‌كرد له ناو هاوڕێیانیدا، ئه‌وه‌ بووه كه كاتێ هاتوه‌ته‌وه‌ له سه‌ربازی و باوه‌شی كردوه‌ به دایكییدا توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو هه‌ست و خۆشه‌ویستییه‌ی بخاته ناو پارچه‌ كه‌مێڵه‌یه‌ك و بیساوێ به كه‌ڵه‌كه به‌رده‌كه‌ی سه‌ر بانیجه‌كه‌یاندا، ئه‌ڵبه‌ت زیاتر ئه‌وه‌ی به هونه‌ر ده‌زانی كه‌ گوایه كه‌مێڵه‌كه‌ی جوان نه‌گرسابوو كه‌چی له‌و كاته‌ هه‌ستیاره‌دا توانییویه‌تی وه‌ك له‌زگه بیساوی به‌و تڕه‌كه‌ڵه‌كه‌دا..
هه‌ر كاتێ دابنیشتایه‌ت و چاوی ببڕیاته‌ گوڵی قاڵییه‌كه‌یان و ده‌ستێكی بخستایه‌ته سه‌ر پشتییه‌كه‌یان، ئیتر دیار بوو شتێكی له بن سه‌ر دایه و هه‌ر كه ده‌رفه‌تی بۆ رێكه‌وتایه به‌ره‌به‌ره‌ ده‌چووه‌ ناو خانه‌كانی مێشكییه‌وه‌ و پارچه‌ بیرۆكه‌یه‌كی ده‌كرده‌ سه‌هۆڵێكی خڕ و ده‌ریده‌هێنا و ئه‌یساوی به پشتی پشتییه‌كه‌یاندا. هه‌میشه‌ش داهێنانی ئه‌و چركه‌ساتانه ئه‌وه‌ بوو كه وا به چ بیانوویه‌ك سویچی ماشینی باوكی ببات و ده‌ورێك لێدا و ژاكاویش ببینێ. به بیانووی ماشین شۆردن سه‌ره‌كیترین بیانوو بوو. چوونكا ژاكاویش به بیانووی ئاوهێنان ده‌به‌یه‌كی چوار لیتری ئه‌برد و هه‌ندێ یارمه‌تی ئه‌م حه‌زره‌تی لووته‌ی ئه‌دا. ژاكاو به‌رده‌وام چاوی له‌و لووت كۆڵینه‌ی مووسا بوو، وایده‌زانی ئه‌مه گڕوتینی عه‌شقه‌ كه ئاڵۆشی خستوه‌ته لووتیه‌وه‌. پێی وا بوو ئه‌گه‌ر بتوانێ ئه‌م گڕوتینه بباته ناوجێگای نووستنیان، ده‌گاته لووتكه‌ی چێژ و خۆشه‌ویستی، هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌شی بیستبوو كه لووتی زل به‌هره‌یه‌كه كه خوا به هه‌موو پیاوێكی نادا و ئه‌وه‌ش دێته‌وه‌ سه‌ر شانسی ژن كه لووت زلێك ببێ به تووشییه‌وه‌.
مووسالووته، هێنده‌ی ئه‌م ماشینه‌ی بردبوه‌ سه‌ر رۆبار و كه‌فه‌ساوی كرد بوو ره‌نگی له سه‌ر نه‌هێشتبوو.. به تایبه‌ت كه شان و باهۆ و هه‌ندێ قاچ و قولیشی ده‌رده‌خست وایئه‌زانی ژاكاو بیبینی دونیایان پێداوه‌. به‌ ده‌م كاره‌وه‌ هه‌ر كه ژاكاویی ئه‌بینی كه دێت بۆ ئاو، په‌ڕۆكه‌ی له سه‌ر به‌ردێ داده‌نا و خۆی ئه‌په‌ڕیه سه‌ر ماشینه‌كه‌. دڵی تووندتووند لێی ده‌دا، هه‌ندێ شپرزه‌ ده‌بوو، جا ده‌ستی ئه‌كرد به ناو سه‌تڵه كه‌فه‌كه‌دا و داوای له ژاكاو ئه‌كرد په‌ڕۆیه‌كه‌ی بداته‌وه‌ ده‌ستی و ئه‌میش به ده‌ستی كه‌فاوییه‌وه‌ ده‌سته سپی و نه‌رم و نۆڵ و خڕ و خۆڵه‌كه‌ی ژاكاوی ده‌گرت و هه‌ندێ كه‌فی پێیدا ده‌ساوی، ژاكاو هه‌ر چه‌نده‌ زۆریشی پێ خۆش بوو ئه‌و چركه‌ساتانه و به‌رده‌وام پێستی له‌شی هه‌ڵده‌ستا و گرنجگرج ده‌بوو، به‌ڵام ده‌ستی ده‌كشانده‌وه‌. خۆی شادمان و به ده‌ماخ ده‌بوو هه‌ستی ده‌كرد كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووه و ئه‌م سه‌ركه‌وتن و داهێنانه‌ی به ده‌رنجامی لووتكرۆژی و پسپۆڕیه‌كه‌ی له بواری كه‌مێڵه خڕكردنه‌وه‌ ده‌زانی.
رۆژێك له رۆژان هه‌تا دره‌نگ وه‌ختان هه‌ر نه‌ڕۆشتنه‌وه‌، ماڵی مووساكه‌مێڵه، هه‌ر چییان كرد كه بزانن سه‌رلووتی بۆ كوێ ڕه‌ش كردوه‌ و ماشینه‌كه‌ی چی به سه‌ر هێناوه‌، هیچیان مشت نه‌كه‌وت. به ناچاری خه‌ڵكی و خزم و كه‌س به چراقوه‌ و چرالامپاوه كه‌وتنه ناو رێگاكان بزانن ئه‌یدۆزنه‌وه‌ یان نا. شه‌و به‌ره‌و ئه‌نگووسته‌چاوی ده‌ڕۆیشت و ته‌نانه‌ت مانگیش خۆی كل كرد. بایه‌كی سارد ده‌هات، ئه‌و ئێواره‌یه له گه‌ل گه‌یشتنه‌وه‌ی به‌رغه‌ل و ساوا و جوانۆ بۆ ئامێزی دایكیان، ئاغای كه‌پۆیی هانی ژاكاوخانی دا كه بچن و ده‌ورێكیش لێده‌ن، ژاكاویش چوونكا هه‌موو شه‌وێك تا به‌ره‌به‌یان له بیری ئه‌و ده‌سگووشینانه‌دا بوو، ئاخری دڵی یه‌كلا كرده‌وه‌ و له گه‌ڵی رۆیشت. هه‌ر چه‌ند ئه‌یزانی ئه‌گه‌ر پێی بزانن كوشتنی مسۆگه‌ره‌.
به‌ڵام كاكی لووت كه ده‌رچووی كۆلیژی چڵمۆلۆژی بوو، ئه‌مجاره‌ پێی نابوه‌ قۆناغێك كه پێی ده‌كووت قۆناغی عه‌شق و بۆكڕووزكردن. ئه‌یویست پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك باوكی بكه‌وێته داوی كۆزێ خێزانه‌وه‌ تۆزێك رایبورێ. هه‌ر چی شێعری عاشقانه بوو له به‌ری بوو هه‌ر چی گۆرانی عه‌شقی بوو له به‌ر خۆیه‌وه‌ ئه‌یوته‌وه‌.
ئه‌و ئێواره‌یه ژاكاوی برده‌ سه‌ر هه‌وارێك كه حیله‌ی ئه‌سپه جوان و چاو قه‌شپه‌قه‌شپه‌كانی كۆڵبه‌رانیش له‌و لایانه‌وه‌ وه‌ها زێڵ و به‌مێكیان پێك هێنابوو كه سرووشتیان هێنابوه‌ له‌ره‌. ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێ كه تا هێنانی ژاكاو بۆ سه‌ر ئه‌م ژوانه تووره‌كه‌یه‌ك كه‌مێڵه‌ی هه‌ڵوه‌راند بوو.
ده‌سكووشین خۆی گواسته‌وه‌ بۆ ماچی كوڵم و لێو به‌ڵام ژاكاو خێرا خۆی كشانده‌وه‌. مووسا په‌نای برده‌وه‌ به‌ر لووتی كه بتوانێ به ده‌رهێنانی پارچه‌ بیرۆكه‌یه‌كی گرساو له كونه لووتیه‌وه‌ بیرێكی وه‌ها بدۆزێته‌وه‌ كه دڵی ژاكاوی پێ گه‌رم بكاته‌وه‌. به‌ڵام هه‌رچی گه‌ڕا به ناو لووتیا هیچی مشت نه‌كه‌وت، ناچار په‌نای برده‌ به‌ر مانگ و وتی ئه‌زانی چه‌ن له‌ مانگ ئه‌چی، ئه‌زانی لێوه‌كانت وه‌ك په‌ڕه‌ی گوڵ ناسك و نازدارن، به‌ره‌به‌ره‌ ژاكاو خه‌ریك بوو شل ده‌بوو ماچ كه هیچ به‌ڵكوو خۆی بخزێنێته باوشیشی، به‌لام گوێیان له ده‌نگی كه‌سێك بوو كه به ده‌نگی به‌رز له كۆڵبه‌رانی ده‌پرسی ئه‌رێ ماشێنێكتان نه‌بینیوه‌ كوڕ و كچێكی جه‌وانی تێیدا بن. به جارێ دڵیان داته‌پی، ویشوومه‌ رووی تێكردبوون و خۆیان ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بوون كه كات دره‌نگه و ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ت ژاكاو چه‌ند جار به دڵه‌ڕاوكێوه‌ وتبووی با بڕۆینه‌وه‌، به‌ڵام حه‌زره‌تی لووت بۆ مه‌گه‌ر مه‌جالی ئه‌دا.
به په‌له‌په‌ل ویستیان بگه‌ڕێنه‌وه‌. سوار ماشێن بوون، شوێنه‌كه‌یان هه‌وراز بوو و تاریكایی بوو و زۆریش ترسابوون، هه‌ر كه سوكانی سووڕاند به‌ردێیك له ژێر تایه‌ی پێشه‌وه‌ی ماشینه‌كه‌ ده‌رچوو و به جاری چه‌قڵێكی رۆیشت به حه‌وادا. به ناچار ستۆپی كرد و وه‌ستا و ئاده‌ی گریانی ژاكاو به كوڵ.. زاتیشیان نه‌بوو دابه‌زن نه‌كا ماشین بكه‌وێته‌ خوار. به ناچاری له جامی ماشینه‌كه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به هات و هاوار تا پێیان زانیین و هاتن به هانایانه‌وه‌. باوكی ژاكاو له دووره‌وه‌ سمێڵی ده‌كرۆشت بۆی به‌ڵام خۆ ده‌ستی پێی نه‌ده‌گه‌یشت تا كوو بیرازێكی پوختی بكات. خه‌ڵكی به گوریس ماشینیان كێشایه‌وه‌ دواوه‌. باوكی ژاكاو و باوكی مووسا هێنده‌ تووڕه‌ بوون نه‌یانده‌زانی چی بكه‌ن له خۆیان و ناو ئه‌و ئاپۆره‌ی خه‌ڵكه‌دا چی بكه‌ن له هه‌رزه‌كاره‌كانیان. هه‌ر بۆیه بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد. مامۆستای مزگه‌وت زمانی بێده‌نگی شكاند و وتی: ئێستا كه به هیمه‌تی خه‌ڵك و پشتیوانی خوای گه‌وره‌ له‌م كاره‌ساته رزگارمان بوه‌ جێگای شوكری هه‌یه و باشتره‌ ئه‌م كوڕ و كچه‌ش بنێرینه ماڵی به‌ختی خۆیان و با بۆ خۆیان ژیانێكی هاوبه‌ش پێك بێنن. پرسیان به باوكی ژاكاو كرد به‌ڵام ناقی به‌سرا بوو، هیچی بۆ نه‌ئه‌وترا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی وت با جارێ دوای خه‌ین. خه‌ڵكی ئه‌یانزانی كه‌تنێ به سه‌ر كچه‌كه‌ی دێنێ، هه‌ر بۆیه زیاتر روویان لێنا و ئه‌ویش رازی بوو. كه‌چی باوكی مووسا هه‌ر بۆی گرینگ نه‌بوو! له‌و شه‌وه‌ تاریكه‌دا به‌س سه‌یری ژێر ماشینه‌كه‌ی ئه‌كرد بزانێ چی به سه‌رهاتوه‌، به‌س ئه‌وه‌نده‌ی وت: مامۆستا گیان دوور بێ له رووی جه‌نابت و حاشا حازری له رووی جه‌ماعه‌تا، با بڕوات بۆ خۆی ژن بێنێ ملی بشكێنێ، خوا له منی بسێنێ، من كه فلسم نییه بۆی خه‌رج كه‌م.
هاتنه‌وه‌ بۆ ئاوایی حه‌زره‌تی لووت ئه‌مجاره‌ زیاتر له جاران پێویستی به لووتی بوو تا كوو پینه‌ی گووكارییه‌كه‌ی بكات، به‌ڵام باوكی ته‌ڵاقی لێخستبوو وتبووی ببینم جارێكتر ته‌نانه‌ت هه‌ر له دووریشه‌وه‌ بتبینم ده‌ست بۆ لووتت ببه‌ی ئه‌مه ته‌ڵاقی بێت لووتت ده‌بڕم. هه‌میشه‌ش چه‌قۆیه‌كی سێ ئه‌ڵماسیشی له گیرفاندا بوو، بۆ گۆشت توێكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌ چه‌قۆیان بوو تا ئه‌گه‌یشت به نینۆك كردنی ده‌ست و لاقی خۆی. ئه‌وا ئه‌مجاره‌ ئه‌ركی كه‌پۆبڕینیش كه‌وتبوه‌ ئه‌ستۆی.
جه‌نابی حه‌زره‌تی لووت هه‌میشه ئاواتێكی هه‌بوو ئه‌مجاره‌ ئیتر ئاواته‌كه‌ی ببوه‌ خه‌ون بۆی. به‌رده‌وام ئه‌یووت خۆزگا ئینسانه‌كان هێنده‌ ئاستی رۆشنبیری و یارمه‌تی دانیان بگه‌یشتایه‌ته ئه‌و راده‌یه كه ئه‌گه‌ر چڵمێكیان به ده‌سته‌وه‌ بوو و خۆیان دوور بوون له دیوار، ئه‌وان بتوانن ده‌س به ده‌س بیساون به دیواره‌كه‌دا بۆی.
ئێستا به ناچاری زیاتر نزیك به دیوار دائه‌نیشت و زیاتر پاڵی ئه‌دا به دیواره‌وه‌ تا كوو بتوانێ هه‌ر كاتێ كه‌مێڵه‌ی ده‌رهێنا خێرا بیساوێ پێیدا. ئه‌گه‌ر له دیواریش دوور بوایه‌ت مشتی نیوه‌ قونجاو ئه‌كرد و رایده‌گرت تا ئه‌گه‌یشته لای دیوارێك.
باوكی ژاكاو به هه‌زار داوا و به یه‌ك پله خاتر و خۆتر گرتن به بیرازكردنی سه‌ر و گوێلاكی ژاكاو وازی هێنا. كه‌چی ئه‌مجاره‌ زۆر به په‌له بوو كه بێنه داوای كچه‌كه‌ی، چوونكا خۆی دوو ساڵ بوو حه‌زی له پووری حه‌زره‌تی لووتی زاوای ده‌كرد كه بێوه‌ژن بوو و هه‌ر به ئاواته‌وه‌ بوو ده‌ستی پێی بگات، به‌ڵام هه‌ر نه‌یتوانی بوو له خشته‌ی به‌رێت، به‌ڵام ئه‌م خوازبێنی و لێك نزیك بوونه‌وه‌ی به هه‌لێك ده‌زانی كه ئه‌یتوانی بیقۆزێته‌وه‌ و ئه‌سپی خۆی تاو بدات.
ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌مێك ساڵه گه‌ردی لێنیشتبوو تا كوو له‌م رۆژانه‌دا حه‌زره‌تی لووت به بیرۆكه‌ی كه‌مێڵه‌دۆزی شوماره‌می چنگ كه‌وت و ئیتر دانیشتیین بۆ قسه‌ و بۆ ده‌مه‌ته‌قێ و تۆزی بیره‌وه‌رییه‌كانمان ته‌كاند. دوو منداڵی پێ بوو كه جه‌نابی ژاكاوخان به یه‌ك زك بوونیه‌تی. وتم ئه‌ی خه‌به‌رات لووته‌كه‌ت؟ وتی: ده‌ستت ماچ ئه‌كا! ئه‌وه‌تا ئه‌یبینی چه‌ن به ده‌ماخه. قه‌د ترشاوی به خۆیه‌وه‌ نابینی، قه‌دیش ناچێته سه‌ر داری به‌رز كه پێم بڵین لووت به‌رز، پێویستیشم به نه‌شته‌رگه‌ریی و قنج و قیت كردنه‌وه‌ش نییه. هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌ڵێن: حه‌زره‌تی لووت، كه‌پۆ شیرین ئه‌ویش هی ئه‌وه‌یه كه من زۆر بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆیه پێویستم پێی هه‌یه جا ئه‌ویش با هه‌ر بیڵێن.
وتم تۆ ئه‌گه‌ر له‌م وڵاته خارجییانه بواییت ئه‌بوایه فه‌یله‌سووف بواییت. ئه‌وه‌تا له‌م وڵاتانه‌دا خه‌ڵكی چڵم ئه‌سڕن به كه‌یفی خۆیان و په‌كیان به كه‌س نه‌كه‌وتوه‌ و كاتێ چڵمیان بێ هیچ نایشارنه‌وه‌ له سه‌ر نانخواردنیش بن وه‌ها فوو ئه‌كه‌ن به‌ لووله زۆپاكه‌یاندا ئه‌ڵێی ده‌سڕێژ ئه‌كه‌ن به ناو پووتا.
ژاكاو له‌و لاوه‌ هاواری به‌رز بویه‌وه‌ وتی: كوره‌ ئه‌مه‌ی نه‌زانیوه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك مشتێ كه‌مێڵه له پشت پشتییه‌كان كۆ ئه‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بزانێ تازه ده‌سماڵ و كلینیكسیش كه تا فێرم كرد قیر وتی چه‌ق، ئه‌نێته لاوه.
هه‌ر له پێش چاوی من كه‌وت به لادا و ده‌ستی خسته لووتی و لێم پرسی ئێستا له بیری چییدای: وتی ئه‌مه‌وێ ئه‌و گۆرانییه بڵێم بۆ عه‌شقه‌كه‌م، بۆ ژاكاوه‌كه‌م كه ئه‌ڵێ:
سه‌ر خه سه‌ر باڵم خه‌وت لێكه‌وێ
قه‌زای چاوی تۆ با له من كه‌وێ
من خۆم ئه‌زانم چه‌ن تۆم خۆشئه‌وێ
تۆ له ناو دڵمای چۆن دڵ بسره‌وێ
منیش ده‌لاقه‌ی گفت و لفته‌كه‌م به ئه‌سپایی پێوه‌دا لێیان و هاتمه‌وه‌ بۆ لای كۆمێنته‌كانتان.
.................
تێبینی:
١) به بێ قیزوبێز بیخوێننه‌وه‌، له به‌ر خۆتان ئه‌ڵێم ئه‌گینا.. .
٢)مافی نه‌قاشیی و نووسراوه‌كه پارێزراوه‌ بۆ خۆم و خه‌ڵكی ئاوایی قه‌شمه‌رئاوا.

No comments:

Post a Comment

په‌یڤێـک بپه‌یڤێنــه