Nov 6, 2017

نیاز / مامۆستا گۆران

یه‌كێك له شێعره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كانی مامۆستا گۆران شێعری «نیاز»ه. كاك ناسر ره‌زازی زۆر به‌ جوانی به‌رگی ئاوازی به‌ به‌ردا دووراند‌ كه به ناوی «سه‌رده‌مێك بوو» ناسرا.. ئه‌مه‌ش ده‌قی ته‌واوی شێعره‌كه و گۆرانییه‌كه.



سه‌رده‌مێك بوو دنیای گیانم تاریك و چۆڵ بوو  
كام «به‌ڕۆچكه‌»ی گه‌رمه دڵم، چه‌شنی سه‌هۆڵ

قه‌ریحه‌م وشك، ته‌بیعه‌تم زه‌رد و ژاكاو بوو
زه‌رده‌خه‌نه‌م ئاخی سه‌ر لێو، فرمێسكی چاو بوو

به ئاسمانی هیوامه‌وه‌ ئه‌ستێره‌كانم
به هه‌زاران شا ئه‌ستێره‌ی گه‌ش گه‌ردشی جوانم

هه‌موو نوقمی ده‌ریای ته‌می ره‌ش و تاریك بوون
وه‌ك وه‌نه‌وشه‌ی چنراو له گه‌ڵ سیس بوون خه‌ریك بوون

سه‌رده‌مێك بوو بێ نه‌غمه بوو باغچه‌ی ژیانم
بێ ورته‌ بوو ناو هێلانه‌ی بولبوله‌كانم

له‌ره‌ی ده‌نگی شادمانی و نه‌شئه‌م خنكابوو
شه‌پۆلی بای به‌هره‌ و جۆشم مه‌نگ راوه‌ستابوو

ته‌لی عوود و كه‌مانم پس، كونی شمشاڵم 
به‌سرابوو وه‌ك گرێی دڵ و زمانی لاڵم

سه‌رده‌مێك بوو: نه‌ تریفه‌ی مانگی هاوینم
نه گزنگی هه‌تاوی سه‌ر لووتكه‌ی به‌فرینم

نه له‌رزینی چینی سه‌ر رووی گۆماوی شینم
نه بریقه‌ی دووری چه‌می پاش زۆر بارینم

نه ورشه‌ی گیای مێرگی سه‌وزی ده‌مه‌و به‌هارم
نه شنه‌ی بای دارستانی چڕی نزارم

چه‌شنی جاران دای ئه‌خورپان ناخی ده‌روونم
ئه‌یهێنایه سه‌ر هه‌ڵقوڵین سه‌رچاوه‌ی روونم

سه‌رده‌مێك بوو، سه‌رده‌مێكی دوور و درێژ
نوێنی ئارام بۆ من له سه‌ر چه‌رپایه‌ی لێژ بوو

نه خه‌وم خه‌و، نه خه‌یاڵم وه‌ك خه‌یاڵ وا بوو
هه‌ستیم وێنه‌ی ئۆقیانووسی ژێر ره‌شه‌با بوو

له‌شم بێ هێز، گیانم بێزار، دڵم غه‌مگین بوو
هیوام تاریك، مه‌یتی عه‌شقم تابووتی ژین بوو

ناهومێد بووم، وام ئه‌زانی ده‌ردێكه كاری
به‌روپیری چوون هێناویه دیاریی ئێجگاری

ئیتر ئه‌بێ كونجێ بگرم، دۆش دابمێنم
له سه‌ر مه‌رگی عومری جوانیم یاسین بخوێنم

چاوه‌نواڕ بم ساكه‌ی گه‌ردوون، گه‌ردوونی بێباك
جانه‌وه‌ری گۆڕ هان ئه‌دا بمكاته خۆراك

به‌ڵام ئه‌ی یار، یاری نازدار، شۆڕه‌ژنی شۆخ
به لێوی ئاڵ، به چاوی ره‌ش، چاوی ره‌شی تۆخ

به باڵای به‌رز، به ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان
ره‌وتی شیرین، عیشوه‌ و نازی گفت و گۆ و جووڵان

به‌م جوانیانه كه زینه‌تی به‌هه‌شتی دنیان
به‌م جوانیانه كه له تۆدا هه‌موویان په‌یدان

له‌و رۆژه‌وه‌ دیومه سیحری زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆ
دنیای ده‌روون مه‌له‌كانی هاتوونه‌وه‌ گۆ

سه‌رچاوی عومری جوانیم هاتوه‌ته‌وه‌ قوڵ
باغچه‌ی ژینم پڕ بۆته‌وه‌ له نه‌مامی گۆڵ

ئێستا ئه‌گه‌ر بێت هیچ نه‌بێ لوتفی تۆ جارجار،
بملاوێنێ ئه‌ی ژنی شۆخ، ئافره‌تی نازدار

قه‌سه‌م به تۆ، قه‌سه‌م به ناز، قه‌سه‌م به جوانی
هه‌موو هه‌ستییم ده‌چێته‌وه‌ دۆخی جارانی

قوڵپی گه‌شی خوێنی جوانی دێته‌وه‌ له‌شم
دیسان شه‌به‌ق ئه‌دا ئاسۆی ئاسمانی ره‌شم

ئیتر رابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ
یا بلووری شادمانیم هه‌رگیز گه‌رد بگرێ

ئه‌مجا ئه‌ی یار، ئه‌ی خواژنی عه‌شقم، ئه‌ی
ئه‌ی هه‌یكه‌لی به‌ده‌ن له عاج، توالێت ئابنووس

هیچ نه‌بێ تۆ بۆ خاتری جاهی ئه‌پۆلۆ
مه‌لی شێعرم مه‌یدان مه‌ده‌ بكه‌وێ له گۆ

Nov 3, 2017

لێمانخوڕن

ع . هونه‌روه‌ر
بێن لێمانخوڕن سه‌رمان شۆڕه‌ له بۆتان
لێمانخوڕن،
ڕامانكێشن،
هه‌ر هه‌وسار له ملین بۆتان
هه‌وراز ده‌بڕین 
هیچمان ناوێ بیخۆین
یه‌كتر ده‌خۆین بۆتان
         ***
ئه‌ی خاوه‌ن شكۆكان!

له هه‌واره‌ به‌رزه‌كان
هه‌ر له سه‌ر گازی پشت 
لێمانخوڕن،
به هه‌چه هه‌چ، 
به نه‌قیزه
گاز بنێرن، نه‌وتایه‌تی بكه‌ن بۆ خۆتان
به‌ڵێن بێ گاز نه‌گرین و 
كه‌ردایه‌تی بكه‌ین لۆ خۆمان        
           ***
ئێوه‌ و ئه‌و گوڵنگه‌ی له بابا گوڕگوڕ داتان له نێوچاوانمان
با جووت هه‌وساری ئێرانی له ملمان بێ و
قارداش‌ كورتانی توركی له سه‌ر پشتمان بێ و
دوو جووت ناڵیی عه‌ره‌بییش له ژێر پێمان 

         ***
وه‌رن سه‌رۆكه‌كان، ئه‌ی خاوه‌ن شكۆكان
به‌ڵێن بێ قه‌د نه‌بۆڕێنیین، نه‌سه‌ڕێنیین
كوا نه‌قییزه‌كانتان
هه‌ستن وه‌رن
لێمانخوڕن،
ڕامانكێشن له دووی خۆتان 


«٣ی نوڤمبێری ٢٠١٧/ فرانكفۆرت»

Sep 30, 2017

سروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب

سروودی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن یوونس ڕەئووف ناسراو بە دڵدار لە ساڵی ١٩٤٠ دانراوە، ئەو کاتی لە زیندان بوون ئەم ھۆنراوەیەی داناوە. ئەی ڕەقیب یەکەم جار لە سەردەمی کۆماری کوردستان بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستان. لە دوای پێکھاتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم ھۆنراوەیە بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستانی عێراق.


ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان
نایشکێنێ دانەریی تۆپی زەمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
لاوی کورد ھەستایە سەر پێ وەک دلێر
تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان
لاوی کورد ھەر حازر و ئامادەیە
گیان فیدایە، گیان فیدا، ھەر گیان فیدا
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

Sep 17, 2017

خه‌ونی رێ فڕان دۆم (ته‌نز)


خۆزگه‌م به ٢٦ی سپتێمبێر، ریفراندۆم ته‌واو بوه‌ و ئه‌وا ئه‌یبینین ئیتر نه‌جاتمان بوه‌ به ده‌س ژێر چه‌پۆكییه‌وه‌. یه‌ك به‌ش له چوار به‌شه‌كه‌مان سه‌ری به‌ خۆیه‌وه‌یه، خۆی كشت و كاڵ به‌رهه‌م دێنێ و ئیتر ده‌س درێژناكاته‌وه‌ بۆ ماستاوی ئێرانی و په‌نییری كییری توركی..
له‌ دوای ئه‌و رۆژه‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئاماده‌ن گه‌ڵا بكه‌ن به گه‌زۆ و له گه‌ل رۆنی خۆماڵی بیخۆن، چوونكا دڵخۆشن كه داگیركه‌ر نه‌ماوه‌.. خه‌ڵكی وه‌ها شه‌یدای حكومه‌ت و وڵاتن كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت كه‌وته ته‌نگه‌ژه‌ی ئابوورییه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و هه‌موو كیلۆ كیلۆ ئاڵتوونه‌ی كه هه‌یانه دوو ده‌ستی پێشكه‌شیی ده‌كه‌ن تا كوو دراوی كوردستان شان بدات له شانی دۆلار و یورۆ. هه‌ندێك له‌و كوردانه‌ی كه له ناوخۆ جاران شه‌ڕیان بوو له سه‌ر به‌شه بایه‌عییه‌كه‌یان و له یونان و ئه‌سپانیا دوورگه‌شیان كڕیبوو بۆ كه‌یف و خۆشی خۆیان، ئه‌وا حب الوطن وایان لێده‌كات بیفرۆشن و پاره‌كه‌یشی سه‌رفی بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاتی خۆیانی بكه‌ن.
له‌و رۆژه‌ به دواوه‌ ئیتر نه‌جاتمان بوه‌ به ده‌س چه‌له‌حانێی فه‌یس بووقی.. نه، پرۆفایلی به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌بینین نه‌، پرۆفایلی نه‌خێر له ئێستادا! ئه‌و رۆژه‌ ئه‌یبینن خه‌ڵكی نایه‌نه سه‌رشه‌قام كۆڵێك فیشه‌ك سه‌رف بكه‌ن به ناوی ته‌قه‌ی خۆشی. هه‌موو ده‌كه‌ونه شوێن عیلم و زانست و داهێنان و سه‌ره‌ی كتێب خوێنه‌كان له سه‌ره‌ی ئاوده‌ستی مزگه‌ووته‌كان زۆر زیاتر ده‌بێ.
ئه‌یبینین خه‌ڵكی ئۆتۆماتیك وایان لێ دێ گڵۆپی زیاده‌ ئه‌كوژێننه‌وه‌، ئاوی خواردنه‌وه‌ سه‌رف ناكه‌ن بۆ به‌رده‌گا و بۆ ماشین شۆردن. خه‌ڵكی ئاگایان له دار و دره‌ختی كوردستان ده‌بێ و ژینگه‌یان پیس و پۆخڵ ناكه‌ن. هه‌ر كه‌س هه‌ژده‌ سه‌عات ئیش ده‌كات و ئیتر كرێكارانی فلیپین و نیپال و به‌نگلادیش ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان و ده‌یبینین هه‌ر كورده خزمه‌ت به كورد ده‌كات.
ئه‌یبینن كه ژنانی بنێشت له‌ ده‌م كه جاران شه‌ڕه‌ گڵۆپییان به جاجكه ئه‌كرد ئیتر به‌ر ده‌رگاكان چۆڵ ئه‌كه‌ن و خه‌ریكی ئیش ده‌بن له كارگه‌كان و ئیتر ده‌س درێژ ناكه‌نه‌وه‌ بۆ مێرده‌كانیان كه به‌یانیان دوای كاری خێری كه كردبێتی تۆزێك پاره‌ی بۆ دانا بێ.
ئیتر به گشتی رۆژێكی نوێیه بۆ كوردان، چاك چاك ئه‌بیینن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاومان حوكمی مابێ!!

Sep 8, 2017

#هاتین_بۆ_خارج (2)

هاتین بۆ خارج
کەوتینه زەمی حیجاب و قەناعەتمان هێنا به 50 سانت قوماش. به‌ڵام هەر کەسیش بیکات به 40 سانتیم، زەمی ئەویش ئەکەین. 
(زمه‌كارییه، ئه‌م بەزمی زەمه!)
.............................
هاتین بۆ خارج

لێرە هەموو سڵاو و بژی و مژیمان بۆ کورده و بۆ کوردستان. ئەگەڕێنەوە بۆ سەردان، دیسان هەموو رەخنه و ریقنەمان بۆ کورده و بۆ کوردستان.
(ئەوە پێی دەڵێن: حب الوطن!)
.............................
هاتین بۆ خارج
ئەچینه مەلەوانگه تێکەڵ و فێکەڵەکان و سەیری بەژن و باڵای ژنه خارجییه پێست هێلکەییەکان دەکەین.. بەڵام ژنەکان خۆمان نابه‌ین چوونکا ئەوان ماقووڵی ماقووڵن.
(جا بزانه ماقوڵ بوونی ئه‌وان چه‌ن باشه‌!)
.............................
هاتین بۆ خارج
حەزمان لێیه بچینه دیسکۆ و کابارە و شوێنی لەشفرۆشتن. له بەر ماقووڵیمان ناچین، مەگەر به دزییەوە.
(جا له کۆنەوە وتویانه، ئیشی دزی و فزی زۆر به تامه)
.............................
هاتین بۆ خارج
جوان فێر بووگین که چ رۆژێک به رەش ئیش بکەین، چۆن به بەلاش سواری بووس و شەمەنەفەر بیین.
(به گشتی رەشكاری مزره!)
.............................
هاتین بۆ خارج
و کاتێ بزانیین ئەم ژنانەی ئێرە دەستیان بۆ براوە و ناشزانن جوان قوربانمان بن و له دەوری سەرمان گەڕێن، به ناچار مشوورێک ئەخۆین کەوا کیژۆڵەیەکی جوانی شۆخ و شەنگی کوردی رەسەن له ناوخۆ بدۆزینەوەوه! به تایبەت ئەگەر حۆل و گەمژەش بێ ئیتر لێنی کردنیشی ئاسانترە بۆمان تا چاو و دەم ئەکاتەوە ئەیکەین به خاوەن مناڵ و هه‌ر به منداڵەکە ئەیبەسینەوە.
(ئه‌ڵبه‌ت هەیشه لەو کچانەی که پەلکێشی خاریج کراون، کابرای نەدیوە، لێی جودا بوەتەوە! چوونکا پێویستی به پرد بوه نەک مێرد!)
.............................
هاتین بۆ خارج
نیشتمان پەروەریمان وەها پێشڕەفتی کردوە که قاپی گڵی نیشتمانمان هەڵگرتوە و ئەشێ کاتی ناشتنمان بەو خاکه، خۆڵ پرژێنمان بکەن.
 (فوول ئامادە باشین بۆ مردن)
.............................
هاتین بۆ خارج
و ئەمانتوانی له گەل چالاکانی ناوخۆ خۆمان رێک بخەین و ببینه دەنگی کپ کراوی ئەوانیش، بەڵام تا دەم ئەکەینەوە له سەر مژارێک، راستەوخۆ یان ناراستەخۆ عەرزمان دەکەن: ئەگەر عورزەتان هەیه خۆتان وەرنەوە خەباتگێڕی بکەن، خۆتان جێی قنتان گەرمه بۆیه شتی وا ئەڵێن. ئیتر ئیمەش وەک کیسەڵ ملمان ئەبینەوە بۆ ناو جێگا گەرمەکەمان.
(تاراوگه و ناوخۆ لێک دابڕاون، لەم سەردەمی عەنتەرنێتەدا!)
.............................
هاتین بۆ خارج
لێرە وا هەست ئەکەین ئەبێ ئەم خاوەن ماڵانه هیچ كه خزمەتمان بکەن، ئه‌بێ لێشمان بترسن.
(ماڵ له ساحێب ماڵ حەرامه!)
.............................
هاتین بۆ خارج
تا کوو خەڵکی ئەم وڵاتانه ئەگەر لار جووڵانەوە، خێرا مارکی راسیست و فاشیست بوون بدەین له نێۆ چاوانیان.
(بۆ راست كردنه‌وه‌ی ئه‌مانه هاتووین!)
.............................
هاتین بۆ خارج
به‌ڵام زۆر سه‌یره‌ به‌لامانه‌وه‌ ئه‌و خه‌لكه هه‌ر له سه‌ر جاده‌ ده‌م ده‌نێننه ده‌می یه‌كتر و ماچی خۆشه‌ویستانه ئه‌گۆڕنه‌وه‌! جا ئه‌گه‌ر دوو ژن ماچ ماچێن بكه‌ن یان پیاویك لێو بخاته سه‌ر لێوی پیاوێك، ئه‌وه‌ تا كاتی خه‌وتن مێشكمان یه‌ع یه‌عان و ئه‌خ ئه‌خان و پیف پیفانییه‌تی.!
.............................
هاتین بۆ خارج
کوردایەتیمان هیچ که لێۆڕێژ بوە، حیزبایەتی و کۆتله و کۆتلەکاریشمان تەواو خەرمانەی داوە.
(ئێوەش وەرن، خەبات لێرەیه!)
.............................
هاتین بۆ خارج
بەڵام کاتێ زانیمان ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی ئێره‌ خوێنیان گەرم نییه یان وه‌ك جاران ناتوانیین شه‌ق له تاوه‌ هێلكه‌ و ڕۆنه‌كه‌ی دایكمان هه‌ڵده‌ین، ئەگەڕێینەوە بۆ وه‌ته‌ن.
(جا بزانن خوێنی گەرم چەند گرینگه که پاش هاتنمان ئه‌چیین له ناوخۆ ئه‌یدۆزینه‌وه‌!)
.............................
هاتین بۆ خارج
لێره‌ بووین به نووسه‌ر له داخی هاوسه‌نگه‌ره‌كانمان و له‌م جێگا پته‌وه‌وه‌ نهێنی چه‌نده‌ها ساڵه‌ی پێشمه‌رگه‌كان له دوو تۆی كتێب یان له ئه‌نته‌رنێت له قاو ئه‌ده‌ین، تا سه‌ركرده‌كانیان هه‌ر وا به گه‌رمی نه‌یخۆن و فووی لێبكه‌ن له‌مه‌ به دوا..
(ئاوا ژه‌نگی ئاوێنه‌ی ڕق ئه‌كڕێنین بۆ به‌ره‌ى داهاتوومان)
.............................
هاتین بۆ خارج
ناوچه‌گه‌رایی و شارچییه‌تیشمان له گه‌ل خۆمان هێناوه‌. له سه‌ر شانازییه‌كانی شاره‌كه‌مان(!)، یان بن زاراوه‌ی ئه‌و شاره‌كه‌ی دی، یان رابردووی فڵانه عه‌شیره‌تی حه‌نێكی تر، به ده‌ستاوبرد و پێشمه‌رگه‌ ئاسا، كوته‌ك ئه‌وه‌شێنین و چه‌قۆ ئه‌خۆین..
.............................

درێژه‌ی ده‌بێ..


.............................

>>لینكی به‌شی هه‌وه‌ڵ لێره‌دایه>

Sep 4, 2017

#هاتین_بۆ_خارج (1)

هاتین بۆ خارج
خۆ هاتنەکەشمان وەک بەشەر نەبوو، به دزی و فزی و له سەد قوژبن هەڵتروشکاین تا خۆمان گەیاندە خاریج!
(ئێوە وەک بەشەر بێن)
.............................
هاتین بۆ خارج
هه‌ر كه هاتیین به ترس و له‌رزه‌وه‌ ژنانمان سه‌رپۆشیان فڕێ دا، كراسی بێ قۆڵ و داوێنی كورتیان له پێ كرد و پیاوانیش سێ چاره‌ك، به‌ڵام هه‌ر چاو ئه‌گێڕین نه‌كا كوردێك بمانبینێ.
(لێره‌ش بۆ خه‌ڵكی ئه‌ژیین!)
.............................
هاتین بۆ خارج
به‌ڵام ته‌پڵه‌كه‌ سه‌ره‌كه‌مان هه‌ر هێشتا وا له سووچی كۆڵانه‌كه‌ماندایه كه به پێی خۆمان جێمان هێشت و به‌رده‌وام له‌ ناو ئه‌م بیرۆكه‌یه‌شدا ئه‌خوڵێینه‌وه‌ كه ئاخۆ ببێ رۆژێك دوباره‌ پیاسه‌یه‌كی ئه‌و كۆڵانه بكه‌ین؟
(ده‌ی كۆڵانه‌كه‌یشت له گه‌ل خۆت بهێنایه، حه‌مه‌غه‌ریب!!)
.............................
هاتین بۆ خارج
به‌رده‌وام كۆڵێك پرسیار له دوای خۆمان كێش ئه‌كه‌ین كه ئه‌بێ وڵامده‌ریان بیین:
١.
+ چی بوو فڵانی نه‌گه‌یشتی؟
- جارێ نه‌ هێشتا.
+ ئه‌یخۆ عاله‌م گه‌یی، تۆ بۆ ناگه‌یت؟
(ئه‌وه‌ هێشتا وای له توركیه‌ ناشزانن پێش گه‌یشتن له‌وانه‌یه بۆگه‌نیش بكه‌ین!)
٢.
+ فڵانی چی بوو ئێنترڤیو نه‌كرای؟
- ده‌ی خۆ عاله‌م كران، تۆ بۆ وا دوا كه‌وتویت؟
(ئه‌وه‌ تازه گه‌یشتویت و هێشتا خۆت ته‌سلیم نه‌كردوه‌ و ده‌ی ئیتر بڕۆ مه‌ته‌قێوه‌)
٣.
+ فڵانی جوابه‌كه‌ت بوو به چی؟
- جارێ هیچ.
+ ده‌ی خۆ ئه‌وه‌ بۆ حه‌وت ساڵ ئه‌چێ، ئیتر كه‌ی؟
(ئه‌وه‌ هێشتا نیوساڵه، لای خه‌ڵكی حه‌وته)
دوای ئه‌و لێپێچینه‌وانه و زه‌خت كردنانه جۆره‌ هه‌ستێكت بۆ دێ كه رووی مه‌جلیسیان نییه!!
.............................
هاتین بۆ خارج
به باشی فێر بووین له سووچی کامه سەرشەقام عەکس بگرین که قاچ و قولی نیوە رووتی ژنان و کچانیش دەرکەوێ.
(بژی مەکتەبی وێنائیزم)
.............................
هاتین بۆ خارج
لەگرە ئاواتەخوازین یەکێ لێمان بپرسێ خەڵکی کوێیت؟ جا سینگی بۆ دەرئەپەڕێنین و گەروی بۆ ساف ئەکەین و بە چارەکە تۆنی دەنگ و بە دەم بزەیەکەوە ئەڵێین: کوردستان. ھەر چەند کابرا ئاگاداری ئەوە ھەیە كه لە فڵانە ئەشکەوتی ماداگاسکار کام ھۆز بە چ داب و نەریتێک تێیدا ئەژین. کەچی خۆی ئەکا بە گیل لە ئاستی بوونی ٤٠میلیون کورد! جا ئەوا ئێمەش گێژە گێژ بۆی دادەنیشین و تازە گەرەکمانە نەتەوەیەکی خاوەن شارستانییەتێی کۆن، بە سەرجەم پارچە و زاراوەکانییەوە بە په‌له‌پڕووزێ به کابرای ئورووپی بناسێنین!
.............................
هاتین بۆ خارج
له سه‌ر ئیمكاناتی شاری نیشته‌جێ بوونمان ئه‌یكه‌ین به چه‌له‌حانێ و شه‌ڕه‌ چه‌قه‌نه‌یه‌كی چڕ، وا ده‌زانیین خۆمان بناغه‌دانه‌ری ئه‌و شاره‌ بووگین كه وا شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین.
.............................
هاتین بۆ خارج
واماندەزانی ئەوانی هاتوون هەموو بیرمەند و چالاکانی مافەکانن. کەچی زۆر زوو زانیمان موعتاد و دز و چەقۆوەشێن چەن زۆرن له کەمپەکانا. دەمیش ئەکەنەوە ئەڵێن نووسه‌ر و چالاكی سیاسی بووین و ته‌واو گیانمان له مەترسیدایه.
.............................
هاتین بۆ خارج
چوونکا له ناوخۆ خێری کەمتر بوو رەمەزان. ئێستا لێرە له بریتی ٩ سەعات، ١٩ سەعات و بگرە زیاتریش بەڕۆژوین.
(ماشینه‌وه‌ی خێر و بێری لۆك، لێره‌یه)
.............................
هاتین بۆ خارج
جوان فێر بووین چۆناوچۆن پۆزلێدەین به سەر خەڵک دا!
(بولبول به چریکه و قاڵاو به بۆڵه.)
.............................
هاتین بۆ خارج
تا پاسپۆرتەکەمان گرت خۆمان ساوی به حیزبێکدا که پشتیوانیمان بکات. دواتر خۆمان گێل کرد لێیان و به ناوی بێ لایەن بۆ حەنێکی تر گۆڵی چالاکیمان پشکوت.
(هه‌ر رۆژه‌و ماڵێ و بنكه‌یه‌ك)
.............................
هاتین بۆ خارج
له‌گره‌ به عەنتەرنێتی فوول خێرا، له سەر و بنی ناوەکان و فەڕموودەکان زکر و تەلیله و عیبادەت ئەکەین!
(تقبل الله)
.............................
هاتین بۆ خارج
قەناعەتیشمان هەیه که خارج چەند وڵاتێکی ئووروپیه که خزمەتمان دەکەن، خۆ رۆمانی و چێک و کۆلۆمبیا یان سریلانکا به خاریج نازانیین. شۆێن پارەش نەکەوتین ئەگینا پارەی کویت گرانترین پارەی دونیایه.
(ئەوە پێی دەڵێن هەستی خارج دۆزی)
.............................
هاتین بۆ خارج
بە رێچکەی باپیرانمان خەریکی تووتن و بەرماخە جگەرەین و بە چەند شێوە جگەرە لوول ئەدەین.. یادی وێنستۆن و ماربرۆ چووەتە مۆزەخانەی حەزەکانمانه‌وه‌.
(ئەگەر ھاتن سەبیل و دەمنە لە گەل خۆتان بێنن)
.............................
هاتین بۆ خارج
لەگرە به ماشێن و به رێچکەی شەلم کوێرم ناپارێزم، خەڵک ئەکەین به ژێرەوە و حورالعین لەو دونیا ئەماشینەوە. 
(وای لێدێ ئیتر تەسێقی ماشین به موسڵمان نەدەن!)
.............................
هاتین بۆ خارج
کەچی گرفتیشمان هەیه له گەڵ ئاودەست کردن و قوون خاوێن کردنەوە به دەسماڵ و کلینیکس. هەر بۆیه قاپی بەتاڵی کۆکاکۆلا، ئێستا بوەته ئافتاوە بۆمان.
(تا ماوین مەسینه هەڵگرین!)
.............................
هاتین بۆ خارج
هەرچەند له ناوخۆ له سەر نووکی پەنجه ئەچووین بەڕێدا و به پڵتۆک خۆمان ئەتەکاند، ئیشی باش و ماشینمان هەبوو، وتمان با پەساپۆرتێکی خاریجیشمان هەبێ، ماشینمان فرۆشت و خانوومان دا به کرێ و ئەوا لێرە عەرز خاوێن دەکەینەوە، پاشەرۆی خەلکی ئەسڕین و هیچیش پێمان عەیب نییه.
(گرینگ ئەوەیه خاریج نشینین!)
.............................
هاتین بۆ خارج
تا له ناوخۆوه‌ لێمان بپرسن: ئێستا له‌وێ سه‌عات چه‌نه؟
(جێ نه‌مێنی غه‌زه‌ب!)
.............................
>> لینكی به‌شی دووهه‌م لێره‌دایه>

Sep 2, 2017

Facebook live

ئه‌وه‌ی كه دونیای ته‌كنۆلۆژیا وه‌ك بازنه‌یه‌ك ته‌نگی به خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵچنیوه‌، نكوولی لێناكرێ.. به‌ڵام رێژه‌ی كورد بۆ ئه‌م دوو پێداویستییه چه‌نده‌؟ یان كورد له كۆێی ئه‌م بازنه‌یه‌دا ده‌گرسێته‌وه‌؟
ئه‌وه‌ی راستی بێت كورد نه له دونیای ته‌كنۆلۆژیا داهێنانی هه‌یه و نه كتێبیش ئه‌خوێنێته‌وه‌ (له چاو باقی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه)! ته‌نانه‌ت رێژه‌ی كتێب خوێنیشمان پێش هاتنی ئه‌م ته‌كنۆلۆژیا هه‌وسار چڕاوه‌ هه‌ر زۆر لاواز بوه‌. 

هه‌ر بۆیه ئه‌كرێ بڵێم، له‌وانه‌یه ماوەیەکی تر کورد خوێندن و نووسینی له بیر بچێتەوە.. چوونكا رێژه‌یه‌كی كه‌م به فۆنتی كوردی و به رێزمانی دروستی كوردی ئه‌نووسن له هه‌مان كاتدا رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی كه‌سانی زمان له ده‌م، ده‌ستیان داوه‌ته كردنه‌وه‌ لایڤ له فه‌یس بووك و یوتیووب. 
لەم پرۆژه جوان و پیرۆزه(!) هەندێ کەسی شارەزای بواری قسە و خەتابه هەوڵی خۆیان خستوەته گەڕ و بە دەم گوڵەبەڕۆژه ترووکاندن و نێرگه‌له گه‌شاندنه‌وه‌، هێرش دەکەنه سەر هاوزمانەکەیان و بۆ نموونه ئەڵێن: ئیتر بەسی که با نەوکەمه پەندی زەمانه..
نیو سه‌عات دواتر ئەویش ئەڵیت : ئەگەر یەک قسەی تر بکەیت پەیجێکم کڕیوە به بیست هەزار دۆلار، لایڤێکی دیکەت پێوە ئەنێم رسوا و سووک و چرووکت ئەکەم که به ئوتوویش دەق نەگریتەوە..
(رۆژ رۆژی بۆقه بۆقی لایڤی فەیس بووقییه، نووسین و خوێندنەوە بۆ مۆزەخانه!)