Jun 4, 2017

پەنابەرێکی تێهەڵدراو


نیوە تەنزێکی تفت

عەدنان هونەروەر

به دەم بیرکردنەوە و وتوویرە و بۆڵەبۆڵەوە سەرم کاژی خستوە. هەر دەڵێم: باشە بۆ خۆم خستە گەل ئەو کابرایە و هاتمە ئێرە. نازانم بۆ لەو وڵاتە خۆشە دانەنیشتم؟ من وامزانی بۆ سەفەرێک دەچین و بە زووترین کات وەک باقی سەفەرەکانی دیکە دەگەڕێینەوە. کەچی سەفەر یەکجاری بوو. خۆ نەمزانی ئەم کابرایە ئاوای لێدێ و ئیتر نامناسێتەوە! شەوی پێش سەفەر گوێم لێی بوو کە لە گەل ژنە ئۆکراینییەکەی بە شەڕ هات و هەندێک قسە و مسەیان کرد. هەندێ تەلەفۆن و تەلەفوونکاری کرد و جانتای پێچایەوە و چەند ڕۆژ دواتر وێڕای دوو برادەری دیکەی هاتین بۆ سەفەر. من و هاوڕێیەکیشم هاتین لە گەلیان. لە فڕۆکەخانە لە یەکتر جیا بووینەوە به دەم ماڵئاواییەوە وتیان: دەی دواتر ئاگامان لە یەکتر دەبێت.

جەماعەتێک زۆر هاتبوون بۆ پێشوازیمان. بەڵام هەر لە فڕۆکەخانە هەستم کرد کە ئەم پێشوازیکەرانە بە چاوێکی زۆر سووک و سەلیم سەیری من ئەکەن. سرتە و پچەیان ئەکرد. وتم دەی هیچ نییە، سەفەرێکە و تەواو ئەبێ. باوەڕ ئەکەن بیکەن، نایکەن ئەوە ئاو چیاو! هەر لە هەفتەی یەکەم بە دەستی ئەم کابرا، ئەم هاوڕێ و هاوسەفەر و هاونەفەسەم به بەر چاو بنەماڵە و خزمانی، لێدانم خوارد. ئێستاشی لە گەل بێ ناچێتە مێشکمەوە که ئەو بوو بێ ئەو شەقانەی تێهەڵدام. ئەمه ئەو کابرا نەرم و نیانەکەی جاران بوو؟ بەلامەوە سەیر بوو. پێشتر لە لای خۆی ئەیخەواندم، خواردنی بۆ ئامادە ئەکردم. یاری و پیاسەکردنیش با بوەستێ، بەڵام ئێستا لێدان، شەق، ئاخر بۆ؟! پاشی شەقخواردن ناچار لە سووچێک بۆی دانیشتم و سەرم داخست و هیچم نەوت. دواتر هات و بۆق ملی گرتم و بە شەقێک تووڕی دامە دەرەوە. دیسان مێشوولەی پرسیار ویزەی کرد بۆ لام: ئاخر بۆ؟!

تۆزێک دڵخۆشی خۆمم دایەوە چی بکەم عادەتم کردبوو بەم پیاوە و هەر ئەویشم دەناسی لەم تاراوگەیەدا. ناچار لە نزیک ماڵیان لە سووچێک بۆی هەڵتروشکام بەڵکوو بەیانی بیبینم و بمباتەوە.

بەیانی بینیم.

وەستا.

وتم ئیتر تەواوە دڵم بە دەست هێنایەوە. چاوم بڕیە نێو چاوانی. خۆم ئامادە کرد بۆ ئامێز و دەست لە ملان و ئاشت بوونەوە. بەڵام نازانم چی به مێشکیدا هات که لە پڕ ڕووی وەرگەڕاندەوە وەک بڵێیت کەی تۆم دیوە کەی ئەتناسم کەی کەی کەی؟! ڕێگای خۆی گرتە بەر ئەمجارە بە هەنگاوی قایمتر و منیش به دواییدا و لە دڵمدا هەر دەمگوت حەی حەی حەی!

ئاغام ڕۆیشت و منیش دوای کەوتم. لە پڕ لە دەرگایەکی گەورە و ئاسنین خۆی کرد بە خانوویەکی گەورەدا. منیش سەرم داخست و چوومە ژوورەوە. جا هەر چوونە ژوورەوەم بینی بەڵام ئێستاش نازانم چۆناوچۆن دەرپەڕیمە دەرەوە. وامزانی ناو جەهەننەم کەوتووم. ئەو ڕۆژە بە تەواوی ڕۆژی ڕەشی من بوو. کاتی نوێژی جومعە بوو و ماڵەکەش مزگەوتیان پێ دەگوت. جا کاکە گیان وە دوام کەوتن وە دار، وە ئاسن، وە لەقە. منیش لە حەیبەتا خۆم گەیاندە لای ئاغام بەڵکوو ئەو بەرگرییەکم لێ بکات و لێم نەدەن کەچی ئەویش لە گەل جەماعەت شەقێکی چاکی تێ هەڵدام و ئیتر زانییم ئەم کابرایە منی وێڵ کردووە. خەڵکیش بە هات و هاوار بانگیان لە یەکتر دەکرد نەهێڵن بڕواتە ژوورەوە، تەواو مزگەوتەکەی گڵاو کرد. منیش کونە مشکم لێ بوو بە قەیسری و بۆ کونێک ئەگەڕام دەرچمە دەرەوە. دوای لێدانێکی باش و تف و لەعنەت کردنم بە سەر و گوێلاکی خوێناوییەوە، هاتمە دەرەوە. ئەو کەسانەی کە شەقیان تێ هەڵدا بووم و کوتەک بە دەس نەبوون، ئەوانم بێبەری کرد لە خێر و بێری ئەو جومعەیە. چونکا ناچار بوون بچنەوە و گڵاوی من لە خۆیان دەر بکەن.

ڕۆژێکی گەرمی هاوین به کۆڵێک خوری خەریک بوو ئەکووڵام. به ناچار پەنام بردە بەر سێبەری ماشینێک. ئێستا زستانه و خۆری تیژی هاوین ملی لار کردوە. بەڵام هێشتا جێگا پێ لاقەی ئەو شۆفێر ماشێنە کە لە سێبەری ماشینەکەیدا ڕاکشابووم بە لای ڕانمەوە دیارە. هەڵبەت نەک بڵێم ئەوە یەکەم جار بووە بەر پێ لاقە کەوتووم و باسی دەکەم. بە سەری ئێوە نەبێت بە سەری ئاوسی خۆم، دەیان جار ئەم لاشە ناسک و نازدارەم بۆەتە ئامانجی کاراتابازی و لە بریتی کیسە بۆکس بە کاریان هێناوم. چ بکەم وتم با تۆزێک خۆم لە هەتاو بشارمەوە. نەمزانی ئاوا بە دڵڕەقییەوە شەقتڕێن دەبم. تکایە هیچ دڵتان بۆم نەسووتێت و نەبێتە کەباب، خۆشتان لەوانەیە بە من یان بە یەکێ لە هاوڕەگەزەکانم خۆتان فێری کاراتا کرد بێ.

ئای..ی جا ناوی کەبابم هێنا ئێستا کە بۆی پاڵ کەوتووم ئەوا بە نێو خانەکانی مێشکمدا ناو و یاد و بۆنی دێت و دەڕوات و لەرزانه دەکات. هەتا ئەو ڕۆژەی کە گڵێک دێت بە سەرمدا یان دەبمە خۆراکی مار و مێرو، ئەو بۆنەم لە بیر ناچێت کە هەر تامم نەکرد. لەوەتەی هاتوومەتە ئەم جەحەندەمە دڵم وا بە کەبابێکەوە بەڵام هیچ کە دەستم ناکەوێت بەڵکوو هەر جارە لە بەر دەم کەبابخانەکانیشدا وەستابم و بۆنێکم کرد بێ بە دووکەڵەکەیەوە، یان شەقتڕێن کراوم، یان ڕەجم. هەر نازانم ئەو بەردانە چۆناوچۆن ئەیخەن؟ وەک تەرزە بە سەرمدا دەبارێ و تەزووی بە لەشمدا دەهێنا و جا نەمدەزانی هەڵبێم یان ئاوڕ بۆ دواوە بدەمەوە؟ وام لێ هاتووە بە تەواوەتی عادەتم کردوە بەم شەقستانە. تەواو ڕاهاتووم بەم شەق تێ هەڵدان و بەردباران کردنە. هیچم لە دەست نایە، تەواو تەواو بێ دەسەڵاتم. من ئەو خەڵکەم خۆش دەوێت ڕقم لە کەسیان نییە، بەڵام نازانم ئەوان بۆ هێندە لە ئاستی من دڵڕەقن. دەستیان دەشۆن، دەسنوێژ دەگرن، کەچی دەروونیان ناشۆن بەڵکوو تۆزێک مێهرەبان بن.

بەرەبەرە بۆم دەرکەوت کە یاسا و ڕێسای باوی ئەم وڵاتە وەهایە کە ئەبێ لە لاکۆڵانان بخەوم و ئیتر جێگام سەر مۆبیل و قەنەفەی گەرم و نەرم نییە. خواردن بە شەڕە سەگ پەیدا دەبێ. تازه ئەوە ڕۆیی پێیان دەکووتم ئەوە بخۆ، یان یانکرد بە دەمەوە، یادی ئەو ڕۆژگارە زێڕینانه ڕۆشتبوه مۆزەخانەی حەز و خولیاکانم. هەر سەگێ ئەگەر لە گەڕەکێکی ئەولاتر بڕۆیشتایەتە گەڕەکێکی دیکەی شار، ئەگەر خەڵکی کاریان پێی نەبووایە، لە دەستی سەگانی دیکە قوتاربوونی ئەستەم بوو. ئیتر ژیانمان دەفرۆشت بۆ کڕینی نانێ، ورکە نانێکی دەستی کەسێک. ڕەحم و بەزەیی بە مسقاڵ بوونی نەبوو بۆمان. سەگم دەبینی ئاوی کوڵاتوویان به سەریا کردبوو، دەیان سەگ و پشیله بەر ئوتومبیل دەکەوتن، به منداڵی گوێیان دەبڕن، ئەیانبەن بۆ شەڕە سەگ، نازانم ئێرە کوێیه. لە بیرمە ڕۆژێک منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان ویستی بۆ لام بێ، منیش زۆرم پێ خۆش بوو، کەچی هەر کە دایکی زانی، بەردێکی حەواڵە کردم و ئەویشی گرتە نێۆ باوەش و لە هەمان کاتیشدا زیلەیەکیشی لێ دا. ژیانێکی دڵڕەق و سیخناخ لەم وڵاته جمەی دێ. گەر ناوی بگۆڕدرێت بە شەقستان، هیچ نەبێ بۆ ئێمە پڕ بە پێستیەتی.

ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دوای پیاسە و گەڕان بە دوای شتێک کە بیخۆم و نەتۆپم لە برسا، بە ڕێکەوت چیکۆی هاوڕێم بینی. لە ناو فڕۆکە پێکەوە بووین. لە ماڵێکی خۆش و باڵابەرز و پڕ لە گوڵ و ڕێحان هاتە دەرەوە لە گەل خاوەنەکەی. زۆرم پێ خۆش بوو. لە پەنایەک خۆم مت کرد تا گەڕانەوە بۆ ماڵ. لە نێو باخەکەیاندا لە ناکاو چاوی بە من کەوت، سەرەتا نەیناسیم، بۆیە دەستی بە حەپەحەپ کرد. لە کونی دارتێلی ماڵە خۆشە ڤیلاییەکەیان بۆنی دەمی یەکترمان کرد. زۆر سەری سووڕ ما. وتی: ئەرێ باشە بۆ وات لێهاتووە، بۆ وا کز و لەڕ و لاواز و پڕ برینی؟ منیش دەستم بە گریان کرد و بۆم باس کرد کە حال وەها و وەزع ئاوەها. وتی خەمت نەبێ من لێرەم تۆش لە سووچێکی ئەو لای سەرەوە دانیشە و بۆ هیچ کوێ مەڕۆ، من هەر جارەو شتێک لە بەشەکەی خۆم لا دەدەم و لە کونی دارتێلەکەوە ئەیکەم بە دەمتەوە.

باش بوو ژیانێکی مەمرە و مەژی و کۆپینیم بەڕێ دەکرد. خۆراکی بۆ دەهێنام و تەنانەت کابرایەکی نیپاڵیش لەو ڤیلایە ئیشی دەکرد ئەویش پارتیبازییەکی بۆ دەکردم و ئاگای لێم بوو. هەرچەند بۆ من لە چاو جارانم ببووم بە پاشا، بەڵام چیکۆ هەر بۆڵەی دەهات و هەر دەیگوت: نازانم کەی دەڕۆینەوە کوڵام لە ناو ئەم تەپ‌وتۆز و گەرمایەدا. حەح‌ح

مانگ ڕابورد و گەرما خۆی لێژ کردەوە و ئەوانیش کەوتنە خۆیان کە بگەڕێنەوە بۆ فینلاند و منیش چاوەڕوانی ژیانی تەم گرتووم بووم. ڕۆژانە لە گەل هاوڕێکەم قسە و باسمان تاوتوێ دەکرد و هەواڵە گەرمەکانی بە پەلە بۆ دەگواستمەوە. ڕۆژێک باسی ئەوەی کرد گوایە خاوەنەکەی ئەو پەیوەندی کردووە بە بنەماڵەی خاوەنەکەی منەوە و ئەوانیش بە شانازییەوە پێیان وتوە کە ئاغاکەی من ڕۆیشتووە بۆ جیهاد. چیکۆ ڕێنوێنی دەکردم کە نەگەڕێمەوە بۆ شار. وتی: شارەوان و فەرمانبەرەکانی بە تەواوەتی کەوتوونەتە ناو شار هەر سەگێک ببینن ئەیکوژن و ئەیخەنە زبڵدانەوە. وتی: بچۆ بۆ لادێکان بیستوومە ئەوان بە ڕەحەم و بەزیی‌ترن. بەڵکوو لە گەل شوانێک ڕێکەوتی ئەو دەم پاسەوانی چاک بە بۆ مەڕ و ماڵاتیان. چەند ڕۆژ دواتر ئەوان ڕۆیشتنەوە و سەد خۆزگەم پێ خواست کە لەم کاولستانە، لەم شەقستانە نەجاتی دەبێت..

کەوتمە ڕێ بەرەو لادێکان. یەکەم ڕۆژی زستان بەفرێکی زۆر باریبوو. خەڵکێکی زۆر تەموورەیان بەستبوو بۆ خووگەراو. بەرازی داماو بە دەیان سەگ گەمارۆ درا و بە تاپڕ شوێنی کەوتن و دوای ماندوو کردنی، بە خاکەناز و کوتەک سەریان پان کردەوە. لە دڵ خۆمدا وتم، ئەمانە گوندنشینەکانن کە ڕەحم و بەزەیی لە دەروونیاندا گڕی بەستووە؟!

شەو خۆم کرد بە گوندێکدا و بەرەبەیان لە گەل قووقەی کەڵەشێر سەگانی دیکەی ئاوایی هرووژمیان هێنایە سەرم. چەند کەسێک لەوێدا بوون ئەوانیش بە بەرد و بە دار یارمەتی سەگەکانیان ئەدا بەڵکوو ڕێ و ڕەسمی کەوڵ کردنم تەواو بێ، بەڵام نازانم چۆن بوو سەگەکان وازیان لێ هێنام. لەو هێرشە دڕندانەیەدا لا گوێیەکەم شڕ بوو و قاچێکیشم شکا و ئیتر ئێستا بە تەواوەتی شەل و کەڕ لە سەر یەکێ لە سەلوێنکەکانی ئاوایی بۆی داکەوتووم. ئەوە دوو ڕۆژە تەنانەت ئاویشم نەخواردووەتەوە. تاجێک بەفر بە سەرمەوەیە و تەنانەت ناتوانم خۆیشم بتەکێنم، ئەوا بۆنی کەبابەکەش کە هەر نەمخوارد خرووکەی لووتم ئەدا.

پیاویان بە کرێ گرتە بە تاپڕ سەگ بکوژێ. هاتوون بۆ سەر ئەم سەلوێنکەی که منیش لێی پاڵ کەوتووم، لە جێگای خۆم ناجووڵێم. سەگانی هاوسێ و دراوسێ هەر کامیان ئەجووڵێن فیشەکێکی بەر دەکەوێ و بە دەم قرووسکە قرووسکەوە پەل کێشی ناو گەڵابەی تراکتۆریان دەکەن. بەردەوام هەر خۆزگە دەخوازم فیشەکێکم پێوە بنێن با هیچ نەبێ ببمە ڕسق و ڕۆزی بۆ منداڵانی ئەو پیاوەی کە ئەمکوژێ. لانیکەم حەسرەتی حەمام کردن و ڕێز و حورمەتێک و نان و خوان و کەبابێک و یاری تۆپانێ و دەستێکی مێهرەبانی بۆ هەمیشە لە سەرم دەڕەوێتەوە. چاوم نووقاندووە و دڵم توند توند لێ دەدات بەڵام ورەم بەرزە بۆ مەرگ و بۆ ڕزگاری.


فرانکفۆرت 2017-06-03