Dec 27, 2013

:بیرەوەری رۆژێکی ناو کەمپ:

له هەندەران کەمپ شوێنێکه که پەنابەران بۆ یەکەم جار تێیدا هەڵدەترووشکێنن و زیاتر له گەڕۆڵخانه ئەچێ. بنکەی هەوەڵی پەنابەرانه به هەر بیر و بۆچوون و داب و نەریت و عادەتی خۆراک و هەر چەشنه نەخۆشینێک..
یەکێک لەو رۆژانەی که زۆربەی کەمپنشینان بۆ یەکمجار یەکتر به باشی دەبینن و لووتیان به لووتی یەکترەوە دەتەقێ، رۆژی رۆشتن بۆ خەستەخانە و تاقگەیه.

ئەو رۆژه ئێمەیان به دوو ئوتووبووس گوێزایەوە بۆ خەستەخانه. که سووار بووین، به رەسم و داب و نەریتی راسیستەکان هەر کام له پەنابەران هەوڵی دەدا لای هاوڕەگەز و هاوڕەنگ و هاوزمانیان دانیشن و هاوسەرەکانیش که دیسانەوە قوونیان به ‌قوونی یەکترەوە دەنا.
دیمەنه سەرنج راکێشەکانی ئەم شارە رۆژئاواییه، ملی گارەگارچییەکانی خستبوە ئەم لا و ئەو لا. ژنانی کۆرپه له باوەش، زیاتر و سەیر و سەمەرتر ملیان دەسووڕاند.

شاریش به نمەنمەی بارانی بەیانی و گڤەگڤی بای پاییزی و گەڵا سەراوبنەکان له لایەک و پاسکیل سواری کچان و کوڕان و هەڵات هەڵاتی لاوانی پەنجا ساڵ پێش ئێستا، هێندەی دیکه سەرنجی رۆژهەڵاتییەکان له هیندی و پاکستانی و ئەفغانی و عەرەب و ئێرانی و کورد بگرە تا ئاڵبانیایی و زەرد پێستەکانیشی بۆ لای خۆی رادەکێشا. 
چاوی پەنابەران بەرد و داری بینا لووت بەرزەکان تا ماڵه دیواره حەسار کورت و ماشینه لۆکسەکان و ژنه قژخورمایی و قژکاڵ و چاوشین و چاوسەوز و پێست هێلکەییەکانی دەلستەوە.

سەرنج راکێش ترین دیمەنی ناو ماشێنەکه، دیمەنی چاو چاوانێی کچێکی نۆ – ده ساڵان بوو له گەل کوڕێکی تۆزێک له خۆێ هەڵکشاو تر. کوڕە پەیتا پەیتا چاوێکی دەچەراند و چەخماخێکی دڵتەڕانەی له کچە رادەکێشا، دواتر زانیم ماڵی کورە خەڵکی وڵاتی مەقدونیا بوون و ماڵی کچەش خەلکی تاجیکستان. ئەمانه هەر به چاو و هەر به پەلەپیتکه یەکتریان حاڵی دەکرد و پێکەنیان دەگۆڕیەوە و کچە سەری دەخست به پشتا و پرچی دریژی پەخشان دەکرد و کوڕەش زیاتر و زیاتر دەنه دەکەوته ماسوولکەکانی و مێشکی زیاتر زاخاو و زووخاوی تێدەزا.

باوکی کچه بە دەم سمێڵ کرۆشتنەوە، لووتی ئارەقەی کردبوو، ئەگەر چی، چاوچاوان منداڵانه بوون و خۆیان باڕۆکه بوون بەڵام لاسایی قازیان دەکردەوە. کەسانی ناو پاسەکه بەم بەزمه خۆشەیان زانیبوو و هەندێکیان به وانی دیکەی پیشان دەدا و هەندێکی دیکەیان وەک بڵێی بۆمان گرینگ نییه، خۆیان لێدەبوارد.
دایکی کچه هەوڵی دەدا کچه بخافڵێنێ که بەڵکوو لێی بکاته عەشقێکی نەزۆک! بۆ نموونه بانگی دەکرد که وەرە سەیری دەرەوە بکه چەندە خۆشه و شتەکانی پیشان دەدا، له پڕ له سەر راوەستانی چرا سوورێکی سەرشەقام، دیمەنی دەس له گەردن و رامووسان و گەرمەی ماچ و مووچ و دەم و فلچ لێستنەوە و ددان له ددان گرتن و زمان مژینی کچ و کوڕێک، هەوڵی پیلانی دایکی کچەی پووچەڵ کردوە و ئیتر کچه به عەنعەنه و تەنتەنەوە ئاوڕێکی له کوڕە دایەوە و تەپ و تۆزێکی ئاشقانه کەوتبوە دڵی، دڵی کوڕەشی گڕ تێبەر دا.
خۆ ئەزانم ئەگەر وڵاتی خۆیان بوایه ئەگەر کوڕەکەیان مشت نەکەوتایه چوونکا دەڵێن نێرەکەر نابەسرێتەوە، کچە سەر و گۆێ لاکی بیراز دەکرا. بەڵام ئەوا ئێستا وڵات وڵاتێکی رۆژئاواییه و لێدانی منداڵان هیچ دەورێکی نییه.

له کاتی دابەزین دا، له کاتی رۆشتن بۆ ژووری چاوەڕوانی کوڕه و کچه گوێیان نەدایه فیل و رێک رۆشتن و له تەنیشت یەکتر دانیشتن. ئیتر باوک و دایکی کچه ناچار بوون به مناڵه بچووکەکەیان خۆیان دەخافڵاند و هەوڵیان دەدا خۆیان گێل کەن. 


دایکی کوڕه شەش منداڵی پێ بوو، من تا توانیم خۆم و گوێم بگەیەنمه ئەم تاراوگەیه، تووشی هەزار دەردیسەری و هەزار گێره و کێشه هاتم. بیرم لەوە دەکردەوە، ئەم دایکه چۆناوچۆن ئەم شەش منداڵەی هێناوه له گەل خۆی؟!
بیرم لەوە دەکردەوە دەی خۆ دەبێ دەوڵەتی ئاڵمان بینایەکی تۆخ بداته ئەم منداڵانه که یەکیان بەوی دیکەیانەوە نەتەقێ. بەڵام ئەم شەش منداڵه بە راستی سەر بزێو بوون و له رادەبەدەر وزەیان پێ بوو و ماندوو بوونیان نەدەناسی و ئیتر دایکیان به تەواوی دەستی لێشۆردبونەوە. ئەگەر له هەر کوێ بن، هیوادارم دەر و دراوسێکانیان بتوانن لە بەر ئەو منداڵانه چارەکه سەعاتێک بحەسێنەوە و منداڵەکانیش به جوانی پەڕهەڵخەن. 

دیمەنی ژنه ئیرانییەکان لایەنێکی دیکەی دیمەنی ناو ماشێنەکه بوون که زۆربەیان لووته خێل و خێچەکەیان دەسکاری کرد بوو و ئێستا له ژێر حیجابەوە سەریان جووقا بوو و پرچەکانیشیان پەخش و پەرێشان کرد بوو. جار و بار لاسیقی قژیان دەکردەوە و یاریان به بسکیان دەکرد و بە دەم خۆ فش کردنێکەوە چەند تاڵه موویەکیان دەخستە نێو ماشێنەکه! جا باسی وەرگرتنی پەساپۆرتەکەیان و سەردان کردنیان دەکرد بۆ مەکۆی سێدارە که خۆیان پێی دەڵێن وڵاتی گول و بولبول. منیش له دڵ خۆما دەموت: " هەی هەی.. نەڕێسیاگه و نەپێسیاگه شەقەی تێ، حای حای"

گەیشتینه بەردەم خەستەخانه. نەخۆشخانه له ماڵێکی چۆڵ و هۆڵ دەچوو. به بۆڵه بۆڵ و دەنگی گریانی منداڵان ئاوەدانی تێکەوت. 
نازانم ئەو کوڕ و کچه مێرمنداڵه پێشەنگ بوون و مێشکی مێشوولەی باقی کەسانی دیکەیان خستبوە جووڵه یان ئەوەی وەک بڵێی ئاڵ و گۆڕێکیان بە سەردا دەهات که هەر ژنێک یان هەر پیاوێک دەڕۆشته ژووری تیشک گرتن له سینگی، به نیوە ڕووتی دەهاته دەرەوە و به کلکیان گوێزیان دەشکاند. تەنانەت ژنێک هەر له پێش چاوی خەڵکی و پێش رۆشتنه ژوورەوه و به بیانووی شیردان به منداڵەکەی خۆی هەر لەوی نیوە رووت کردەوە و چاکەتەکەی له دەوری قوونی ئاڵاند و رۆشته ژوورەوە!

ئەمەش نەقڵی ئەم گەڕۆڵخانەیه!


راستکردنه‌وه‌ی چه‌واشه‌کاریه‌کی دیکه‌ی موسڵمانان

ماوەیەکه ئەم وێنانه له فەیس بووق دا دەسووڕێنەوە گوایه له وڵاتانی رۆژئاوا گۆشتی ئافرەت ئەفرۆشن و ئیسلامییەکان کردوویانه به هەڵا گوایه هەر ئیسلامه مافی ژنی به جوانی پاراستوه و وڵاته رۆژئاواییەکانیش ئاوەها پاراستوویانه که دەیبینن..

دەی خواتان بێ ئیتر ئەمانه کوا بۆ فرۆشن؟ ئەمه هەڵمەتێکه له ئیسپانیا به دژی سەربڕینی له رادەبەدەری ئاژەڵ و قوربانی کردنیان که ئیسلام بۆ خۆی سەرچاوکەی قوربانی کردنه، ئەنجام دراوە..
ئیسلام له بەرانبەر عیلم و زانیاری رۆژئاوادا به چۆک هاتوه و هەوڵ ئەدا به هەموو وێنەیەک خراپییەکی رۆژئاوا بچەسپێنێ..
پێویسته له پێشا چاو کەنەوە که ئەمانه: یەکەم: هەموویان ئافرەت نین. دووهەم: ئەگەر بۆ فرۆشن بۆ وەک ئاژەڵ سەریان نەبڕیون و له بەفرگردا نیین، مەگەر بۆگەن ناکەن؟؟ سێهەم: به دوای سەرچاوەی هەواڵەکەدا بەڕگەڕێن و بیرێکی هەر زۆر بچووک بکەنەوە پیش تف و لەعنەت کردن زەرەری نییه بۆ ئیمانەکەیشتان.
ئەمەش سەرچاوەی هەواڵەکه با بزانن ئەمه تەنیا چالاکییەکه بۆ رێزگرتنی زیاتری ئاژەڵان، بەر هەر زمانێک لێی تێدەگەن بیخوێننەوە:
.................................
http://www.anda.jor.br/31/10/2013/ativistas-trocam-lugar-animais-bandejas-carne-espanha
.............................
http://www.jornalfloripa.com.br/mundo/index1.php?pg=verjornalfloripa&id=3017
.......................
http://catracalivre.com.br/geral/sustentavel/indicacao/na-espanha-grupo-questiona-consumo-de-carne-com-performance
....................................................
تێبینی: ئەم بابەته پێشتر له سایتی خوداکان بڵاو بوەتەوە.