Sep 16, 2013

هنریک یوهان ئیبسێن

شاعیر و شانۆنامەنووس هنریک یوهان ئیبسێن (به نوروێژی: Henrik Johan Ibsen) له ٢٠ی مارسی ١٨٢٨ له شاری شییەن (Skein) له دایک بوو و له ساڵی ١٩٠٦ له ئۆسلۆ مردوە.
له بڕی ٢٤ بەرهەمی له چاپ دراوی، دووانیان به ناوەکانی "ماڵی بووکەڵه" و "دوژمنی گەل" وەکوو بەرچاوترین بەرهەمەکانی ئیبسێنن.
ئیبسێن کەسایەتی شانۆنامەکانی زیاتر هەڵقوڵاوی ژیانی خۆیەتی. له منداڵی حەزی له نیگار کێشان بوو. بەڵام به هۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست دەستی لەو خولیایه شوشتەوە. له گەل سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ١٨٤٨ له باکووری ئوورووپا، ئیبسێن دەستی دایه هۆنینەوەی شێعری ئازادیخوازانه. دوا به دوای ئەوەی له خویندنی پزیشکیدا سەرکەوتنی به دەست نەهێنا، دەستی دایه نووسین.
ژیانی له نوروێژ زۆر به چەرمەسەری تێدەپەڕی و هەر بۆیه دەستی دایه سەفەر کردن. ماوەی ٢٧ ساڵ وڵاتەکەی به جێهێشت و زیاتر له کۆپنهاگن مایەوە، دواتر رووی کردە ئیتالیا و فەرەنسا و ئاڵمان.
له "کۆمیدیای عەشق" هەوڵی داوە حورمەتی ژیانی ژن و مێردی بداته بەر رەخنه. دواتر به دەرکردنی شانۆی "پێرگنت" و هەروەها "براند" به قارەمانیەتی چیرۆکەکەی که هەموو شتێکی به فیدای بیر و بڕوا و ئیمانی کردوە، ناوازیەکی بۆ خۆی رەخساند.
له ١٨٧٠ توانی ٥٠ شێعر له هونراوەکانی به ناوی "ورچی ئەشکنجەدراو" بڵاو بکاتەوە. له سەر تئیوری میرادگری له ١٨٧٩ شانۆنامەیەکی بڵاوکردەوە به ناوی ماڵی بووکەڵه. بەڵام هێنده به رەش بینییەوە ژیان و داهاتووی تاکی ئوورووپی به هەوێنی دژایەتی کردن له گەل سونەت نەخشاند بوو، که زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی بە لایانەوە خۆش نەبوو.  
دواتر باشترین بەرهەمی خۆی به ناوی "دوژمنی گەل" بڵاو کردەوە که تێیدا بیرۆکەی زۆرینه دەداته بەر رەخنه و هەڵدەکوتێته سەر رۆژنامەکان. لەم شانۆنامەیه دوکتور ستۆکمان، له واقیع‌دا، خودی ئیبسێن‌ه که بەردەوام له هەوڵی بەربەرەکانێ له گەل زۆرینه و لاینگری له کەمینەیه.
ئیبسێن میتۆدی ریئالیستانەی درام نووسین له ژێر کاریگەری ئانتوان چیخۆف پەیرەو دەکرد. سەرەتای دەسپێکی نووسینەکانی ئیبسێن، هەڵقوڵاوی ئووستوورە و ئەفسانەکانی نوروێژیه و زیاتر به لەحنێکی شاعیرانه نووسراون. ئەم بەرهەمانه ئەگەرچی له فەزایەکی رۆمانسیانەدا نووسراون بەڵام تێکەڵاویەک به ئامیانی واقعیەت و رووماڵ. هەر بۆیه بوەته هۆی جیاوازی نیوان ئیبسێن و باقی درام نووسه رۆمانیسیەکانی وەک ویکتۆرهۆگۆ.
دوا به دوای گەشەی تەکنۆلۆژیا و گۆڕانی ئابووری سەدەی نۆزدە، رەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانه له شانۆنامەکانی ئیبسێن به جوانی دیارن و ئیتر ئووستوورە و ئەفسانەکان جێی خۆیان دەدەن به خەڵکی کۆڵان و بازاڕ.

جێگای ئامەژەیه هەموو حەوتوویەک لانیکەم له ١٣٠ هۆڵی شانۆی دونیا، دراماکانی ئیبسێن نمایش دەکرێت. به بۆنەی یەکسەدومین ساڵی مردنی ئیبسێن ساڵی ٢٠٠٦ به ناوی "ساڵی ئیبسێن" ناوزەد کرا.
.....................
منیش له ساڵی ٢٠١٣ رۆشتمه شارەکەی ئیبسێن و وێڕای دیدار له گەل هاوڕێیانم لەو شارە، چەند وێنەیەکم به دیاری هێنایەوە..