Aug 20, 2013

حاجی موراد - (کورته چیرۆک)

نووسەر: سادق هیدایەت
 وەرگێڕ: عەدنان هونەروەر

حاجی موراد، هەر زۆر به رۆح سووکی له سەر سکۆی دوکانەکە، خۆی هاویشتە خوارەوە. دەستێکی هێنا به چینی عەباکەیدا. پشتوێنە زییوەکەی توند کردەوە. دەستێکی هێنا به ریشە خەنە تێگراوەکەی، بانگی له حەسەنی شاگردی کرد، پێکەوە دووکانەکەیان داخست، دواتر له گیرفانە پان و پۆڕەکەی چوار قرانی دەرهێنا و دای به حەسەن. حەسەن سوپاسی کرد و به هەنگاوە درێژەکانی، دەم به فیقە، له نێو ئەو خەڵکانەی که خەریکی هات و چۆ بوون، بزر بوو.
حاجی عەباکەی که له بن هەنگەڵی نا بوو، دای به سەر شانیا و سەیرێکی دەورووبەری خۆی کرد و له سەر خۆ ملی رێگای گرتە بەر. له هەر هەنگاوێکیدا، پێڵاوە تازەکانی دەنگی خز خزی لێ بەرز دەبوەوە. له رێگادا زۆربەی دووکاندارەکان سڵاویان لێدەکرد و خوڵکیان ئەکرد و دەیان گووت: "حاجی!  مەرحەبا حاجی، وەزعت چۆنه؟ حاجی! دیار نییت ."
حاجی گوێی لەم قسانه پڕ بوو، به پۆزێکەوە خۆی فش دەکردەوە کاتێ پێیان دەیانگووت: "حاجی". هەر به بزەیەکی پیاوانەوە وڵامی سڵاوەکانی دەدایەوە. ئەم وشەیە، بۆ ئەو وەک نازناویک بڕا بوو به باڵایا. خۆیشی چاکی دەزانی که مەکەی نەبینیوە! هەر ئەوە نەبێ که سەردەمی منداڵی، ئەو کاتەی که باوکی مرد، به پێی وەسیەتی باوکی، دایکی ماڵ و هەرچیان بوو، فرۆشتی و کردی به پارەی زێڕ و هەموویان رۆشتن بۆ کەربەلا. پاش یەک دوو ساڵان، پارەکەیان خەرج کرد و کەوتنه سواڵ کردن. بەس حاجی توانیبووی به هەزار زەحمەت خۆی بگەیەنێتەوە لای مامی له هەمەدان. هێندەی نەخایاند مامی مرد و چوونکا میراتبەرێکی دیکەی نەبوو، هەموو موڵک و ماڵی گەیشت بەم حاجیه حازرییه. هەر لە بەر ئەوەی که مامی له نێو بازاڕدا به حاجی ناسرابوو، ئەم نازناوەش له گەل دووکانەکە بڕا به باڵایا. ئەو لەم شارەدا خزم و کەسێکشی نەبوو. چەند جارێکیش گەڕا بوو به دوای دایک و خوشکەکەی که له کەربەلا سواڵیان دەکرد، بەڵام هیچ هەواڵێک و هیچ شوێن پێیەکیان لێنەدۆزرایەوە.
دوو ساڵێک دەبوو که حاجی ژنی هینا بوو. بەڵام له لایەن ژنەوە خۆش بەخت نەبوو. بە تایبەتی کە ماوەیەک بوو بەردەوام له گەل ژنەکەی شەڕ و مەرافێعەی بوو. حاجی هەموو شتێکی پێ تەحەموول دەکرا، بێجگه له تانه و تەشەرەی ژنەکەی. بۆ ئەوەی ژنەکەی بترسێنێت، عادەتی کردبوو به لێدانی! جار و بار خۆیشی لە ئیشەکەی پەشیمان دەبوەوە. هەر زۆر خێرا یەکتریان ماچ دەکرد و ئاشت دەبوونەوە. تووڕەیی و بەدرەوشتی حاجی، زیاتر هی ئەوە بوو که هێشتا مناڵی نەبوو بوو. چەند جارێک دۆستانی ئامۆژگاریان دەکرد که ژنێکی دیکه بخوازه، بەڵام حاجی ملی خوار نەدەکرد و ئەیزانی که هێنانی ژنێکی دیکه چارەرەشی به دواوەیە. هەر بەم بۆنەوە قسە و باسی خەڵکی لەم گوێ ئەهێنا و لەو گوێ ئەیبرد. له لایەکی دیکەش ژنی حاجی هێشتا جوان و تەڕلان بوو، تازە دوای چەند ساڵێک پێکەوە ساچا بوون و ئیتر باش و ناباشییەکانی ژیانیان تێدەپەڕاند. حاجی بۆ خۆیشی گەنج بوو، ئەگەر ویستی خوای له سەر بوایەت منداڵێشیان ئەبوو. ئەمانه هەمووی ببونه هۆی ئەوەی کە حاجی رازی نەبێت ژنەکەی تەڵاق بات. بەڵام ئەم عادەتەی پی تەرک نەدەدرا، ئەیدا له ژنەکەی و ژنەکەیشی هەر زیاتر لەنجی لە گەل دەکێشا، بە تایبەتی له دوێنێ شەوەوە، بینیان هەر زۆر پیس تێک چوو بوو.
حاجی بە دەم ناوکه شووتی ترووکاندن و تف کردن و تووڕدانی خەشەڵەکەی به دەم، له نێو بازار هاتە دەرەوە. هەوای بەهاری هەڵدەمژی. له ناکاو وە بیری هاتەوە که ئێستا دەچێتەوە بۆ ماڵ دیسانەوە چەلەحانێه. یەک ئەم بڵێ و دوان ئەو جواب باتەوە. له ئاکامیش دا، لێدان! دواتر پێکەوە شێۆ بخۆن و دیسانەوە سەیری نێو چاوانی یەکتر بکەن و دواتریش بخەون! شەوی هەینی بوو، ئەیزانی کە ژنەکەی ئەم شەو پڵاوی سەوزەی لێناوە. ئەم خەیاڵانه له مێشکیدا دەهاتن و دەڕۆشتن. سەیری ئەم لا و ئەو لای خۆی دەکرد. قسەکانی ژنەکەی دەهاتەوە یادی: "بڕۆ بڕۆ، حاجیه فشە! جا تۆ حاجیت؟! ئەی بۆ دایک و خوشکت بۆ سواڵ کردن هەڵگیراون؟! جا بڵێ من، من، چۆن میردم نەکرد به مەشدی حوسەینی زێڕنگەر؟ هاتم و شووم به تۆی بێ قابل کرد! حاجیه فشە!"
چەند جارێک لێوی خۆی گەزی له دڵ خۆیدا کوتی ئەگەر لەم کاتەدا ژنەکەی دیبایە، ورگی هەڵئەدڕی! لەم کاتەدا گەیشتە سەر شەقامی بین النهرین. چاوێکی کرد له شۆڕەبییە سەوز و جوانەکانی لێوار چۆمەکە! بیری کردەوە باشتر وایه سبەی که جومعەیە هەر لە سەر له بەیانی له گەل چەند هاوڕێیەکی به ساز و دەهۆڵەوە بچن بۆ دۆڵی مورادبەگ و تا ئێوارە لەوێ بن. لانیکەم له ماڵەوە نابێ که هەم تەڵخ له خۆی هەم له ژنەکەی بچێت!
حاجی گەیشتە کۆڵانێکی نزیک به ماڵی خۆیان. لە پڕ هەستی کرد ژنەکەی له پاڵیەوە تێپەڕی و هیچ خۆیشی نەبزواند. ئێ، ئاخۆ ئەمە ژنەکەی بێت؟ حاجی وەکوو زۆربەی پیاوانی دیکه له پشتی عەبا و چارشێویشەوە ژنیان دەناسی. ژنەکەی نیشانەیەکی تایبەتی هەبوو که له نێوان دەیان ژنی دیکه حاجی زۆر به ئاسانی ژنەکەی خۆی دەدۆزیەوە. له لێواری سپی عەباکەی ناسیەوە! جیگای دوو دڵی بۆ نەمایەوە، بەڵام چۆنه که دیسان و به بێ ئیزنی حاجی، ئەویش لەم دەمەو ئێوارەدا له ماڵ هاتبێتە دەر؟ بۆ دووکانیش نەهاتوە که بڵێم لای خۆم بوە، ئەی له کوێ ئەگەڕێتەوە؟!
حاجی هەوڵ بوو. دڵنیا بوو کە ئیتر ژنەکەی خۆیەتی و لە هەمووی خراپ تر ئەوەیە بۆ لای ماڵەوەش ناچێ! له پڕ تێک چوو. نەیدەتوانی هێمن بێت. دەیهەویست بیگرێت و بیخنکێنێت. له ناکاو قیراندی: "شەهربانوو!".
ژنەکە سەیرێکی کرد و وەک بڵێی ترسا بێ، کەوتە پەلە پەل. لەو لا حاجی خۆی شڵەژاند! ئاگری تێبەر بوو! ئێستا وای لێهاتوە ژنەکەی به بێ ئیزنی ئەو لە ماڵ هاتوەتە دەر، که چی بانگیشی ئەکات و لە هەمووی خراپ تر ئاوڕیشی لێناداتەوە! رەگی غیرەتی هەڵماسی! دیسانەوە قیڕاندی: "هۆی! لە گەل تۆمه! لەم تەنگەی مەغریبەدا لە کوێ بوویت؟! راوەستە با حاڵیت کەم!" ژنه راوەستا و به دەنگی بەرز وتی: "مەگەر فزوولی؟! به تۆ چی؟! هەتیوە ساختەچییه! ئاگات له دەمت بێ! چیتە به سەر ژنی خەڵکەوە؟! ئێستا چارت دەکەم! ئەی خەڵکینه! بگەن به فریاما، سەیر کەن ئەم ساختەچییه چۆن مەستی کردوە، نازانم چی له من دەوێ؟ (روویکردە حاجی) وادەزانی هەڕەمەکییه؟! ئێستا پۆلیست بۆ بانگ دەکەم! پۆلیس هاوار."
دەرکی ماڵەکان یەک به یەک کرانەوە! لەم لا و ئەو لا هەر خەڵک بوون که له دەوریان کۆ دەبوونەوە و به تەواوەتی شوێنەکە قەرەبالغ بوو. حاجی رەنگ به روویەوە نەما، رەگی لا مل و نێوچاوانی گرژ بوو بوون! ئەمەش حاجی بوو که له بازاڕدا ناوبانگێکی هەبوو. خەڵکی دوو چین وەستابوون، ژنەش توند سەر و رووی داپۆشیبوو، هەر هاواری دەکرد: "جەنابی پۆلیس!"
حاجی بەرچاوی تاریک بوو، خۆی کێشا دوا، هاته پێش و هەر له سەر چارشێو، شەقەزیلەیەکی چاکی سرەواندە ژنه و پێی وت: "له خۆ ڕا دەنگی خۆت مەگۆڕە لێم. من هەر به نیگای یەکەم ناسیتم. هەر سبەی سەر لە بەیانی تەڵاق ئەنێمه مشتت. ئێستا ئاوا بەرەڵا بوویت؟ دەتهەوێ ئابڕووی چەنای چەن ساڵەم بدەیت به با؟! قاحبەی بێ‌حەیا! قسەم پێ مەکه با قسە نەکەم لای خەڵکا. کورە خەڵکینه! ئێوە شایەد بن له بەیانی زووتر نییه ئەم کچەتیوە تەڵاقەوقن ئەکەم، ماوەیەک بوو هەر خانەوگمان بووم، هەر خۆمم راگرت، هەر دیانم نا به جەرگ خۆما، بەڵام ئەوا ئێستا ئیتر گەیشتوەتە گیانم! خەڵکینه! ئێوە بزانن ژنی من هەڵگیراوە! سبەی.. خەڵکینه! هەر سبەی..."
ژنەکە رووی کردە خەڵکی: "کورە بێ غیرەتەکان! بۆ هیچ ناڵێن؟! هەر وا سەیری ئەم هیچ و پووچە ئەکەن ئاوا له ناوەڕاستی کۆڵاندا دەسدرێژی له نامووسی خەڵک بکات؟! ئەگەر مەشدی حوسین زێڕینگەر ئێستا لێرە دەبوو، هەمووتانی حاڵی دەکرد. تەنانەت رۆژێک له تەمەنم مابێ تۆڵەی خۆم دەکەمەوە! حەیفی نان نییه سەگی وا بیخوات! خۆ کەس نییه لەم ئەزەلییه بپرسێت: "ئەرێ هەتیو کەرت به چەند؟” ئەمە کێیه خۆی تەپاندوەتە نێو ئادەمیزاد؟! بڕۆ.. بڕۆ.. موشتەری خۆت بناسە. ئێستا پەتپەتیەکت بە سەر دێنم خۆت کەیفی پێ بکەیت! کاکی پۆلیس... "
چەن کەسێک کەوتنە بەین. حاجیان کێشایە قەراخەوە. هەر لەم هان و هوونەدا، پۆلیسێکیش دەرکەوت. خەڵکی بڵاوەیان لێکرد و جەنابی حاجی و ژنی چارشێو قەراخ سپی لە گەل چەند کەس شایەد حاڵ و ناوجیکەر، بەرەو ئاسایش کەوتنه رێ. له رێدا هەر کامەیان قسەکانیان دووپات ئەکردەوە بۆ پۆلیسەکە! هەندێک له خەڵکی وەک گوریس به دوایانەوە شۆڕ بووبوونەوە، تا کوو بزانن ئاخری به چی دەبێت!
حاجی هەڵژنابوو له ئارەق. شان به شانی کاکی پۆلیس له پێش خەڵکەوە دەڕۆشت! ئەم جارەیان دوو دڵ کەوتبوو چوونکا به جوانی سەیری کرد زانی پێڵاوەکان و گۆرەویەکانی له هی ژنەکەی خۆی ناچێ. ئەو ناونیشانانەی که ژنکە دەیدا به پۆلیسەکە، هەموویان راست و دروست بوون. ئەوە ژنەکەی مشدی حوسێنی زێڕنگەر بوو که خۆیشی دەیناسی! زانی که تێکەوتووە. بەڵام درەنگ زانی. ئێستاش نەیدەزانی چ بکات؟! کاتێ گەیشتنه ناوەندی پۆلیس، خەڵکی له دەرەوە چاوەڕوان وەستان. پۆلیس حاجی و ژنەکەی بردە ژووری بەرپرسی پۆلیسخانەکه. پۆلیسەکە دەستی لای تەوێڵی راگرت و بەسەرهاتەکەی وەک راپۆرتێک گێڕایەوە و دواتر خۆی له لاخوارووی ژوورەکه راوەستا.
بەرپرس رووی کردە حاجی:
_
ناوت چییه؟
_
بەڕێز! نۆکەر و بچووکی جەنابت! ناوم حاجی مورادە، هەمووی بازاڕ ئەمناسن.
_
ئیشت چییه؟
_
برنج فرۆشم و خاوەن دووکانم. هەر فەرمایشێکتان بێ ئەینێمه سەرچاوانم.
_
راستە که جەنابت بێ حورمەتیت کردوە بەم خاتوونه و له نێو خەڵکدا لێت داوە؟
_
چیتان عەرز کەم؟! ئەمن وامزانی ژنەکەی خۆمه‌!
_
چۆن بوو واتزانی؟!
_
ئاخر قەراخ عەباکەی سپی بوو.
_
زۆر سەیرە! جا بۆ تۆ دەنگی ژنی خۆت ناناسی؟!
حاجی ئاخێکی هەڵکێشا: "ئاخر خۆ ئێوە نازانن ژنی من چ بەڵایەکە. ئەو ژنەی من دەنگی هەموو گیانلەبەرێک دەردێنێ! کاتێ له حەمام دێتە دەر، لاسایی هەموو ژنەکان ئەکاتەوە و وەک خۆیان قسان دەکات. من وامزانی (ئەمیش هەر ئەوە) و بەتەمایه فریوم بدات و دەنگی لێگۆڕیوم”.
ژنەکە: "چەنێ نانەجیبه! جەنابی پۆلیس! تۆ بۆ خۆت شایەد بوویت که له ناوەڕاستی کۆڵان و له بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە، شەقەزیلەی لێدام. ئێستا چۆن زمانی کەوتوەتە لای دەمی، نانەجیم! وا دەزانێ شار بێ قانوونه! ئەگەر مشدی حوسەین بزانێت تەمێت ئەکات! تۆ وا بکەی به ژنی ئەو؟! جەنابی بەرپرس!..."
بەرپرس: "ئادەی خانم! ئیشمان به جەنابت نەماوە، بچنه دەر تا کوو شەش و بشێک لە گەل مامه حاجی دا بکەین!"
حاجی: "کورە گووم خوارد! نەمزانیبوو. به هەڵه بینیبووم. کورە من لای خەڵکی ئابڕووم هەیە!"
بەرپرسەکە شتێکی نووسی و دایه دەستی پۆلیسەکە. حاجیان بردە پێش میزێکی دیکه تاکوو پارەی تاوانەکەی بدات. به دەسەلەرزە پارەکەی بژارد و وەک غەرامه نایه سەر میزەکە. دواتر بردیان بۆ بەر دەرگا. خەڵکی ریزیان لێگرتبوو و هەر پچە پچ باس و خواستەکانیان تاو توێ دەکرد. عەبای حاجیان به سەر شانیوە لا دا و قامچی بە دەستێک هات و لە تەنیشتی راوەستا. حاجی لە تاو شەرمان سەری داخست و هەر لە بەرچاو خەڵکەوە پەنجا قامچیان لێدا. بەڵام بە رووی خۆیدا نەهێنا!
کاتێ تەواو بوو، حاجی دەسەسڕە ئاورێشمیەکەی دەرهێنا و ئارەقەی نێوچاوانی پاک کردەوە. عابا زەردەکەی هەڵگرت و دایەوە به سەر شانیا. لایەکی له سەر عەرز دەخشا. سەری داخست و رۆیشتەوە بۆ ماڵ. هەوڵی دەدا، له سەرە خۆ هەنگاو هەڵێنێ تا کوو بتوانێ دەنگی خزەخزی کەوشەکانی داپۆشێ! دوو رۆژ دواتر حاجی ژنی تەڵاق‌دا!
..................................................... 
تێبینی: ئەم بابەته له ژومارەی ٥٦ی پاشکۆی هزر و هونەری رۆژنامەی خەبات دابەزیوه!
(له کتێبی: کۆیی چیرۆکەکانی زینه به گۆر)

Aug 2, 2013

چارەی "جبهة النصرة"

ئەمه چەند پات بوونەی مێژوومانه..
چـارە له ناو بردنی بەرەی "النصــرة" نییه!
.
چـارە، هەڵکەندنی کلتووری عەرەبی _ئیسلامه..
ئیتر نایخوات دایک چۆنه و بابت چۆنه و دانمان بدەنێ و سەرمان ببڕن..
ئیتر بەسمانه تێرمان خوارد له ئایەت و حەدیسە پیرۆزەکانتان..
کوردین، کافرین، بۆ ئەنفال و قڕ کردن و قەڵاچۆ کردن دەبین..
ئێمەش هەر به هەرەوەز دەرتان ئەکەین و ماڵ و حاڵ و نیشتمانمان ئەپارێزین..
ئیتر ماستاو نایخوات، کەر نابین ئەو ئایەتەمان باشه و ئەو سونەتەمان به کار دێت، بۆ خۆتان هەستن بار کەن بڕۆن..

حوشتر بێنن ئایەتەکانتان بار کەن، با لانیکەم گیانی منداڵانمان پارێزراو بێت..

http://peyvlog.blogspot.com