Apr 30, 2013

ئەمڕۆی خورافـه / عەدنان هونەروەر


Adnan Honarvar

برادەرێکم بۆی باس دەکردم که گوایه له سەردانی بۆ لالەش وەک پەرستگای ئیزەدییەکان، شتێکی سەیری بۆ دەرکەوتوە، ئەویش ئەوەیه که خواردنی کاهوو لای ئەوان حەرامه. وتم ئەی جا بۆ؟ وتی ئەی له ئیسلام‌دا بەراز بۆ؟ بیرم لەوە دەکردەوە که هەموو ئایینێک خۆی بۆ خۆی هەندێک سنووری وەک خوورافه به دەر خۆیا کێشاوە و ئەوەی که خورافە له کەیەوە سەری هەڵداوە و وەک میرات بۆ مرۆڤی ئەم رۆژە ماوەتەوە، تەنیا دەکرێ بڵیم که وا لەو رۆژەوە ئینسان لەشی له سەر دوو لاقی بار کرد و هەستایەوە پێ و چەکەرەی مێشکی گرسا، مرۆڤ پەنای بردە میتافیزیک و بەر خورافات بۆ دۆزینەوەی هۆی روودانی کارەساتە سرووشتیەکان.

کۆمەڵگاکان هەر کام به جۆرێک گلاون به خورافەوە. هەر چەندە زۆربەی خورافەکان بنەمای مەزهەبیان نییه و هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو تەفسیرە نهێنیانەی که سەرچاوکەیان سرووشتن. هەر وەک "یوونگ" که قوتابی فرۆیده، لەو باوڕە دایه: "که هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ له نێوان بیر و بڕوا خورافی و بیر و بڕوا مەزهەبییەکان‌دا نییه". بەم پێیه هەم خورافه و هەم مەزهەبیش دەکرێ بخرێنە نێو بازنەی بیر و بڕوا شاراوەکان و مرۆڤی قائل بەم خورافانه پەنا بۆ هەموو شتێک تەنانەت بۆ سیحر و جادووش دەبەن.

پرسیار ئەوەیە چ شتێک ئەبێتە هۆی ئەوەی که خورافە دروست بێ؟ به بڕوای "فرۆید": "هەندێ کێشەی ئاخێنراوی دەروونی هەن که کار دەکاته سەر نەستی مرۆڤ و له جیهانی جیا له خۆی رەنگ دانەوەی دەبێ، بۆ کردنەوەی ئەو دەرگه داخراوانه مرۆڤ پەنا به خورافه دێنێ".

رێگە و رەوشی جادووگەری و دەس بە سەرداگرتنی رۆح له نێوان کۆنه نەتەوەکانی پێش زایین تا دەگات به ئایینەکان و به تایبەتی ئایینە ئیبراهیمیەکان، هەموویان رێچکەیەکیان له بەردەم دایه که هەندێکیان تێکەڵ به باری دەروونی دەبێت سەر له جەزبه لێهاتن و چیرۆکەکانی قەزا و قەدەر و جنۆکه و فریشتەش دەپێکێ و له راستی‌دا هەموویان له یەک قوماشن.

هەر چەندە نکوولی له وەش ناکرێ که وا کلتوور و فەرهەنگی لاوەکی ئەوانیش سەرچاوکەی خورافەن. چوونکا فەرهەنگ له داوێنی زانست و دەروونێکی پەروەردەکراو ناپشکوێت.

لە لایەکی دیکەش ئایینەکانیش رۆڵی سەرەکی دەبینن له پەرەپێدانی خورافە‌دا. له کۆمەڵگا ئایینییەکاندا، به میلیارد خەرجی درووست کردن و چاودێری کردن و کار و باری ئیداری بارەگا و مزگەوت و کلێسە و کنیسە دەکرێ. زێر و زیو و گرانترین بەردەکانی سرووشت خەرجی بارگاکان و پەرستگاکان دەکرێ. تەنیا له بەر ئەوەی که شوێنکەوتوانەکانی ئەو ئایینه یان ئەوە تەریقەتە، زیاتر و زیاتر هەست به دۆخی شکۆدارانەی مردووەکه بکەن و خۆیان به زەلیل بزانن له بەرانبەر شکۆمەندی مردوویەکی خاوەن شکۆ. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا چەکەرەی بیری دوا رۆژ خۆی له خۆیدا هەڵگری ئەو پەیامەیە که بە راستی قەبرپەرستی جێگای به هزرخوازی لێژ کردوە و مرۆڤەکان بەردەوام خەریکی کڕنۆش بردن و زەنجیرکردنی هەست و دەروون و فیکری خۆیانن به بارەگاکانەوە. هەر وەک لەم بارەوە "ڤولتێر" دەڵێت: "خورافە وەک مار به دەوری مەزهەب‌دا ئاڵاوە".

هەر چەندە خورافه و ئایین بیهەوێ خۆی به شتە لاواز و لاوەکیەکان تۆکمه بکات، بەڵام هیچ کات ناتوانی له ئاستی زانست و زانیاری رۆژدا، خۆی بسەپێنێ.. هەر بۆیه دوا به دوای دەرکەوتنی هەر ئایینێک، هەندێ پرسیارگەلێکی لۆژیکی ئاراستەی ئەو ئایینه دەبێتەوە، بەڵام دەقەکانی ئایینەکه وڵامێکی بۆی نییه و بەم پێیه کەسانێک دەس دەکەن به تەفسیر کردن و خوێندنەوەی نوێ بۆ بابەتەکان. لەم ناوەدا هەندی جار ئایین به ناچاری رەوتی خۆی دەگەوڕێ و چڵ و سەرچڵی گەورە گەورەی لێدەکەوێتەوە. وەک ئایینی مەسیحی.

ئەوەی راستی بێ دوای سەرهەڵدانی هزرخوازی و رێنێسانس، مرۆڤ به شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر کەوتە پێشکەوتن و گەشەسەندن. سەبارەت به ئایینی ئیسلام راستییەکی حاشا هەڵنەگر هەیە که ئایینی ئیسلام خۆی به سێ بنەمای سەرەکی (خوا و پێغەمبەر و قورئان) هەڵواسیوە و دەیان مەزهەبی جۆر به جۆر به دەیان خوێندنەوەی جۆر به جۆری لێکەوتوەتەوە و هیچ کامیان ئەوی دیکەیان به باش نازانێ و پێی وایه بێجگه له خۆیان و شوێنکەوتوانی مەزهەبی خۆیان کەسی دیکه ناچێتە بەهەشت!

کلتوور و مەزهەبی زاخاودراو به دۆعا و نووشتەکانی شێخ و مەلا و قورئان له سینگەکان به هەوێنی نەزانین و دواکەتووی ئاودێری دەکرێت و دەبێتە کۆڵەکەی دواکەوتوویی. مرۆڤی ئەم ئەم سەردەمه مودێرنه و عەقڵیەتی ئەوە هەڵناگرێ که پێی بڵێیت ژومارەی سێزدە نەحسه. یان کەڵەشێر به ناوەخت خوێن دەبێ سەری ببڕی یان قەبووڵ ناکات پێی بڵێیت مرۆڤ به هۆی بوونی بیر و بڕوای جیاواز یان ئایینی جیاوازەوە گڵاوه. ئیتر پشمین چارەنووسی بۆ دیاری ناکات و موفەڕک ناتوانێ نەخۆشینی بۆ چارەسەر کات.

...............................
لینکی ئەم بابەتە له ماڵپەڕی به بوێری