May 27, 2006

ئه‌مه‌ش هاو خه‌مێک .

.

له وڵامی نامه‌ کراوه‌که‌ی " ژیلوان " دا ؛ مایلێکمان له وڵاتی "سویده‌وه‌ " بۆ هاتوه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌که‌یه . ‌ وێرای سوپاس بۆ ئه‌م هاو خه‌مه‌  . 
                                                         " په‌یـــڤ "

" په‌یـــڤ "
سڵاو " ژیلوان گیان "
 هه‌ر کاتێ که درد و داخه‌کانی وڵاته‌ شیرینه‌که‌مان " کوردستان " ده‌بیسم . داخ و په‌ژاره‌یه‌کی ‌ زۆر هه‌ناسه‌م سوار ده‌کات .  به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به منداڵان وه‌ بێت . که زۆرتر ده‌م هه‌ژێنێت  .

من کوردم و قه‌د کوردستانم نه‌دیوه‌ چوونکا له وڵاتی " سوید " له دایک بووم و گه‌شه‌م سه‌ندوه‌ و گه‌یشتوم به‌ ته‌مه‌نی پانزده‌ ساڵی . به‌ڵام توی خۆشه‌ویستی کوردستان له دڵی من دا باوک و دایک  چه‌قاندویانه‌ .
له‌م نامه‌یه‌دا من نامه‌وێت که داخ به دڵتا به‌رم  و پێت بڵێم که لێره‌ چه‌نده‌ ها ئامێری رابواردن بۆ منداڵان و ته‌نانه‌ت بۆ گه‌وره‌که‌نیش هه‌یه‌ . و شادی و خۆشیه‌کان سنوور به‌زێنن .

نامه‌که‌ت هه‌مووی بۆنی ناهۆمێدی لێوه‌ ده‌هات . ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێت ساڵانی ساڵ بژیت و به سه‌ر که‌ند و کۆسپه‌کانی ژیان دا سه‌رکه‌ویت  . ده‌بێ دڵێکی به قه‌ده‌ر کوردستان پان و به‌رینت بێت . رۆڵه‌ی کورد نابێ به‌ هه‌موو بایه‌ک بله‌رێته‌وه‌ . ده‌بێ وه‌ک کێوه‌کانی راوه‌ستاو و خۆ ڕاگر بێت . تۆ هیواداری گه‌لی . تۆ ده‌توانیت ئه‌و هه‌له‌ بۆ خۆت و بۆ هاوڕێکانت به‌ ده‌ست بهێنیت که کار به ده‌سته‌کانیش ناچار به خزمه‌ت پێکردنتان بن . ماڤی هه‌ر منداڵێکه‌ که هه‌موو پێداوستیه‌کی ژیانی بۆ دابین بکرێت . ئاگینا ئه‌و گوناهی چیه‌ که ده‌بێته‌ قووربانی باوک و دایکێک که ده‌ی هێنێته‌ دونیاوه‌ .

به‌و هیوایه‌ که منداڵانی کوردستانی ئازیزیش به مافی راسته‌قینه‌ی خۆیان بگه‌ن . هیوادارم قه‌د هیوا و بزه‌ له سه‌ر لێوانی تۆ و هاوڕێکانت دوور نه‌که‌ونه‌‌وه‌ .
هه‌ر وه‌ها زۆر به‌ داخه‌وه‌م بۆ نه‌بوونی ئامیری رابواردن و پیاسه‌ کردنتان .. ئه‌ها .. له بیریشم چوو که پێت بڵێم که ناویشم " شاسواره‌ " .


گه‌یشتنت به ئامانجت ئه‌و په‌ڕی ئاواتمه .
               وڵاتی سوید _ شاسوار
                         275/2006



May 21, 2006

نامه‌یه‌کی کراوه‌!!!

نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ شاره‌داری مه‌ریوان

دوو ساڵانم ، باوک و دایک و هاوڕێکانیان ناویان ناوم " ژیلوان " .
" ژیلوان " یانێ نه‌وه‌ستان ، ناوی شۆێنی ئاگر پرستان و ناوی کێو و ئاگردانێکی زه‌رده‌شتیانه‌ له کوردستانی باشوور ، هه‌روه‌ها به مانای ژیله‌مۆیه‌ .

ئێستا که ئه‌گه‌ر له‌م پێشه‌کی و پاشه‌کیه‌ واز بێنم..... ده‌مه‌وێ بڵێم که رۆژێک له رۆژان له گه‌ل باوکم رۆیشتین بۆ ئه‌م شۆێنه‌ . که پێی ده‌ڵێن " پارک ملت " .
                
باخچه‌یه‌کی ره‌ش و رووت دوور له هه‌ر چه‌شنه‌ ئامێری رابواردن . جا مه‌ڵێن ئه‌م کابرا شێت بوه‌ ، ده‌ستی ئاوه‌ها لێ کردوه‌ . جا شێتێش بم ناحه‌قمه‌ . له‌م دونیا پێشکه‌وتوه‌دا ، ئاخر منی کوردی بێ به‌ش له هه‌ر شتێک ئه‌بێ بۆ چی خه‌نده‌ و بزه‌ پژاندنمان هه‌ر له ئاسمانی خه‌یاڵات دا بێت . نازانم شاره‌دار  و شوورای شار خۆیان رۆژێک منداڵ نه‌بوون ؛ یان خۆیان منداڵیان نیه ؛ وا ئه‌وه‌نده‌ که‌مترخه‌‌من . من ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ پێی بڵێم که جه‌نابی شاره‌دار ! گوایه‌ که تۆ وا ده‌زانی که من منداڵم . و به قه‌ولی بازێک که‌س هیچ نافامم . و هێچم لێ حاڵی نیه‌ .  که تۆ و ئاغایانی شوورای شار ،  به جۆره‌ خۆتان داوه‌ له نه‌زان کاری و وه‌ک کورد ده‌ڵێ :" له گۆێی گادا خه‌وتون " .
ئه‌ی نه‌تان بیستوه‌ قسه‌ یان له شێت بژنه‌وه‌ یان له منداڵ . هه‌ر بۆیه‌ منیش به نۆێنه‌رایه‌تی منداڵانی بێ به‌شی ئه‌م شاره‌ وه‌ پێتان ده‌ڵێم که پۆست و مه‌قام به‌قای بۆ که‌س نیه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ باوه‌ش مه‌گرنه‌وه‌ بۆ ماڵی دونیا و باوش به مێزه‌کانتان دا مه‌گرن .
جه‌نابی شاره‌دار ! چه‌ن خۆشه‌ هه‌ر له‌ ئاسمانی خه‌یاڵات و خه‌ونه‌کانم دا شه‌وێک هه‌ستم له خه‌و له باغ پارک و له زرێباره‌ قوڕبه‌سه‌ره‌که‌دا ؟؟ چه‌نده‌ها ئامێری رابواردن و پیاسه‌ کردن و گه‌مه‌و شادی ببینم.  با ئیتر منداڵان به‌ جێگای ئه‌وه‌ په‌نا به‌رنه‌ ناو کۆڵان و سه‌ر خیابانه‌کان و خه‌ریکی یاری و تۆپ بازی بن ؛  بێنه‌ پارک و سه‌یرانگاکان  بۆ کایه‌ و خلیساکن و چه‌رخ و فه‌له‌ک و هه‌له‌ق مه‌له‌ق  و دیله‌کانێ و...... .

به‌ڵام به داخه‌وه‌ جه‌نابی شاره‌دار ؛ ئه‌ندامانی شوورا و سه‌ر جه‌م کار به‌ده‌ستان ؟؟؟؟؟؟ زۆر به‌داخه‌وه‌م بۆ ئێوه‌ و هه‌روه‌ها بۆ چاره‌نووسی منداڵانمان !!!!!!!!!!

ئه‌وا له پڕ دا هه‌نسکێک زۆر بۆ ناخم ده‌هێنێت و وه‌ بیری منداڵانی قه‌راخ خیابانه‌کان ده‌که‌ومه‌وه . ‌ که چلۆن دایکیان به‌ستونیانه‌وه‌ به ده‌ستیانه‌وه‌ له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌م لا و به‌و لا دا نه‌چن و له راستیدا چاره‌نوسیان به‌ستوونه‌ته‌وه‌ به سواڵ کردن و تێر کردنی زگێکی برسی ..... نازانم .... نازانم قه‌د به‌ نێو شاردا تێده په‌ڕی و ئه‌م دیمه‌نه‌ دڵ ته‌زێنانه‌ ئه‌ببینیت .
له وانه‌یه‌ به ناو شاردا بێت  . به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ دێت که بزانیت سپووره‌کان و ئاو دێره‌کان کار ده‌که‌ن یان ئه‌وی نه‌هێڵێت بخایه‌نه‌ته‌ سێ مانگی قه‌رارداده‌که‌یان و ده‌ریان که‌ی .   

به و هیوایه‌ که سه‌رجه‌م خه‌ڵکی و به‌تایبه‌ت کاربه‌ده‌ستان به چاوێکی مرۆڤایه‌تیانه و خۆشه‌ویستانه سه‌یری منداڵان بکه‌ن و بۆ باشتر به‌دی هێنانی خه‌و‌نه‌کانیان هه‌نگاوی شیاو هه‌ڵێنن .

ئیتر به سوپاسه‌وه‌
ژیلوان هونه‌روه‌ر 
1ی جۆزه‌ردانی 2706 ی کوردی
رێکه‌وتی 21 /5/2006 زایینی
     
           مه‌ریوان



May 15, 2006

چه‌ند به‌ندێک له سه‌ر بابه‌تێکی ئه‌حمه‌د شه‌ریفی له‌ سیروان دا


له‌ ژماره‌ی430ی رۆژنامه‌ی سیروان دا که‌ ئه‌م حه‌وته‌یه‌ ده‌ر چووه‌ ؛  بابه‌تێک به ناوی "که‌ناڵه‌ هه‌وایه‌‌کانی تلویزیۆن و به‌ره‌ی نۆی و داهاتووی کورد"  له‌ نووسینی "ئه‌حمه‌د شه‌ریفی" بڵاو کراه‌وته‌وه .‌
که گوایه‌ "ئه‌م کاناڵانه‌ له جیاتی فه‌رهه‌نگ سازی و په‌ره‌دان و راگرتن و رێز له فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و مۆسیقا،جلک و پۆشاک،داب و نه‌ریت و که‌له‌پووری کوردی،زۆرتر به داخه‌وه‌ روویان له لاسایی کردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ هه‌نده‌ری هه‌یه‌".

چه‌ند به‌ندێک وه‌ک تێبینی و ره‌خنه‌ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌نووسم :
  1. پێش هه‌موو شتێک حه‌وتوونامه‌ی "سیروان" که‌ 430 ژماره‌ی ده‌رچوه‌ وه‌ک سیروانی ساڵانی پێش نه‌ماوه‌‌ که‌ پڕ بوو له‌ بابه‌ت و نووسراوه‌ی باش باش. ته‌نانه‌ت بۆ یادی به‌رز و پیرۆزی ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی که 109 ساڵی تێپه‌ڕاندوه‌،پیرۆزباییه‌کی وشک و خاڵیشیان دانه‌ناوه‌ .
  2. نووسه‌ر له سه‌ره‌تای بابه‌ته‌که‌دا کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ناوه‌ته‌ ژێر چه‌پۆکی خێڵاتی بوون و ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که‌ ته‌نانه‌ت شاره‌کانی ‌ بێ سه‌وادن یان کوردی نه‌زانن. نازانم له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌،و ئه‌م ئامار و سه‌رژمێریانه‌ی که‌ ئاماژه‌ی پێ‌ داوه‌ له‌وانه‌یه‌ هی ساڵه‌کانی هه‌شتاکانی زایینی بێت که‌ ده‌ڵێت "وڵاتی ئامریکا 3 کاناڵی هه‌وایی هه‌یه‌ ". چوونکا ئه‌و کتێبه‌یی که‌ وه‌ک سه‌ر چاوه‌ی ئه‌م ئامارانه‌ که‌ڵکی لێ وه‌ر گرتووه‌ ؛ساڵی 78ی هه‌تاوی یانێ 8 ساڵ پێش ئیستا له چاپ دراوه‌.و که‌س نازانێت نووسه‌ره‌که‌ی چه‌ند ساڵ پێش ئه‌و ساڵه‌یی که‌ به فارسی له‌ چاپ دراوه‌‌، نووسیبێتی .
  3. نووسه‌ر خۆیی به‌ لایه‌نگری که‌له‌پوور و زمانی کوردی ده‌زانێت که‌چی له‌ نووسراوه‌که‌ی دا راسته‌وخۆ ده‌یان وشه‌ی بیانی و ده‌ره‌کی هێناوه‌. وه‌ک "رسانه،دیداری،شنیداری،فراگیر،برنامه‌ریزی،بی بندوباری، هدف،...... هتد".
  4. له به‌شێکی دیکه‌ی نووسراوه‌که‌دا ئه‌م ره‌سته‌یه‌ نووسراوه " ئه‌گه‌ر به‌شی خه‌به‌ر و ده‌نگووباس و وتووێژان له‌وان کاناڵان وه‌لانرێن ئایا چی یان ده‌مێنێته‌وه‌؟" .... ئه‌گه‌ر سه‌یری کاناڵه‌کان بکه‌ین بێجگه‌ له‌ کاناڵه‌ عه‌یب و شووره‌یه‌کان کام کاناڵ به‌شی هه‌واڵ و ده‌نگووباس و وتوووێژیان نیه‌ . ئیستا بڵێین ئه‌وانه‌ "ده‌ره‌کین و بێگانه‌ن" خۆ ئه‌م کاناڵانه‌ی ئێرانیش هه‌ر نیو کات ژمێر یان هه‌ر چه‌ند کاتژمێرێک ده‌نگ و باس و وتوێژ یان گریان فرمێسکێک ده‌که‌ن به‌ قوڕگی خه‌ڵکی دا. نازانم شین و گریان له که‌له‌پووری کام نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی دایه‌....
  5. به‌شێکی دیکه‌ی بابه‌ته‌که‌‌ باسی "فه‌رهه‌نگی خۆیان " ده‌کات و ده‌ڵێت "زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان به زۆربه‌ی زمانه‌کان به‌ سه‌رانسه‌ری دونیا راده‌گه‌یه‌نن و هه‌ر چی بڵاویده‌که‌نه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی فه‌رهه‌نگ و داب ونه‌ریتی خۆیانه و به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌ڕیزی تایبه‌ته‌".  ‌ من که تێناگه‌م ‌ مه‌به‌ستی له‌ "فه‌رهه‌نگی خۆیان" کام "خۆیانه‌". (له‌وانه‌یه‌ نووسه‌ر خۆیی به فارس بزانێت!!!!!!!!!!) یان ده‌ڵێت"زۆربه‌ی زمانه‌کان". بێجگه‌ له فارسی و عه‌ربی و توورکی که‌ زمانی داگیرکه‌رانی کوردستانن و دایان سه‌پاندووه‌ به سه‌رمان دا به کام زمانی تر به‌رنامه‌ یان هه‌واڵ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ .
6.     به‌شێکی دیکه‌ی بابه‌ته‌که‌ی ته‌رخانی کردوه‌ به ره‌خنه‌ له‌ کلیپه‌ کوردیه‌کان که گوایه‌ سینگ و مه‌مکی رووت و لاق و رانی قووت تێکه‌ل به گۆرانیه‌کان کراوه‌ و ئه‌مانه‌ به لاسایی کردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی بێ سه‌رو به‌ری بێ به‌ندووباری داده‌نێ !!!!!!!!!!!!! به‌ڵام ئه‌م ئازیزه‌ وا ده‌زانێ،کورد له باقی نه‌ته‌وه‌کانی دونیا جیاوازتره‌ و له به‌هه‌شته‌وه‌ هاتوه‌ و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ له جه‌هه‌نه‌مه‌وه‌ هاتوۆن !!!!!!!! جا خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ک له کلیپه‌کانیش دا نه‌بێ ئه‌وا لاوان په‌نا ده‌به‌نه‌ کاناڵه‌ عه‌ره‌بی و توورکیه‌کان و سه‌یری پاو پووزی رووت و کوڵمی نه‌خشاو ده‌که‌ن. ئه‌م جاره‌یان ئیتر وشه‌ کوردیه‌کان و سیا چه‌مانێ و لاوک و حه‌یرانه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌تیو تر ده‌بن.
7.     نووسه‌ر له په‌راوێزی بابه‌ته‌که‌ دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که "ناوی 1000ده‌سگاو مه‌قاماتی کوردی و... نزیک 200 به‌یت به زاراوه‌ گه‌لی جور به‌ جوری کوردی هه‌یه‌ ".  باشه‌ ئه‌ی جه‌نابی شه‌ریفی بۆ خۆتان ده‌ست به‌ بڵاوکردنی ئه‌م که‌له‌پووره‌ی کوردیه‌ ناکه‌ن و ئه‌م شتانه‌تان لای خۆتان به‌ند کردوه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌ ته‌مایی ته‌له‌فیزیۆنی سنه‌ یان کرماشان بیت که‌ پێشتر رادیۆکانی ئه‌م ناوه‌ندانه‌ ببوه‌ ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌ویی گۆرانیه‌کانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک . 

له ئاکام دا ده‌بێ بڵێم که هه‌ر چه‌نده‌ کاناڵه‌ئاسمانیه‌ کوردیه‌کان بی ره‌خنه‌ نین. و ئه‌وانیش زۆرتر له خزمه‌تی به‌ر‌ژه‌وه‌ندی حیزبی دان، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی کورد.
ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی وه‌لانێن کێ پاره‌ی ئه‌م کاناڵانه‌ دابین ده‌کات. له وانه‌یه‌ بڵێت خه‌ڵکی هه‌ژار و بێ ده‌ره‌تان و خێڵاتی .
جا ئه‌گه‌ر کورد حیزبایه‌تی نه‌کردایه‌ و ئیشی نه‌ته‌وه‌یی بکردایه‌ خۆ ئه‌مه‌ بار و دۆخی نه‌‌ئه‌بوو.  

May 9, 2006

داوای لێبوردن


 :
له ته‌واوی خوێنه‌رانی ئازیزی په‌یـڤ که له ماوه‌ی پشووی نه‌ورۆز دا ده‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌ ،و ده‌ست خاڵی ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ داوای لێبوردن ده‌که‌م .
بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ له‌ گه‌ل که‌ژان و ژیلوان خه‌ریکی پشوو و گه‌ڕان و سه‌فه‌ر بووین. ئه‌ڵبه‌ت له‌ بیرم نه‌چووه‌ که‌ پیرۆزبایی ساڵی نوێ بکه‌م له هه‌ڤاڵانی په‌یڤ . به‌ڵام چوونکا له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ پیرۆزبایی نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ !!!!!! ئیتر با له‌م دونیا جیاوازه‌دا ، که جیاوازیه‌کی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ل دونیای ده‌ره‌وه‌ . با لانی که‌م له‌گه‌ل خۆم و هاوڕێیانم درۆ نه‌که‌م و پیرۆزباییه‌کیان لێ بکه‌م ، که له ناخی دڵمه‌وه‌ نایه‌ت .

تاکوو ئه‌م کورده‌ ره‌نجه‌ڕۆیه‌ ژێر چه‌پۆک بێت و تاکاتێ نه‌زانم جیاوازی ئه‌مساڵ و پار و ساڵی داهاتوومان چیه‌ . قه‌د به مێشک و هه‌ستم دا نایه‌ت که پیرۆزباییه‌کی وشک و خاڵیش؛ ته‌نانه‌ت له‌ خۆیشم بکه‌م .